هاوپەیمانی سەربازی ئیسلامی
Friday, 18/12/2015, 8:16
وەک ئەزانین ( ڕێخراوی داعش ) ی سونە بۆ سنوردارکردنی دەست تێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ی ئێران ( شیعە ) دروست کرا .. لە لایەن سعودیە و وڵاتانی عربی سونەی ناوچەکە ، بە چاودێری ئەمریکا ..
ئێران دەستی گەیاندە لبنان ، بەغدا ، سوریا و یەمەن .. ترسی ئەوەش ئەکەن بەوەوە نەوەستێ ، گەر سنوردار نەکرێ .. لە هەموی گرنگتر مەترسیی بۆ ئیسرائیل ..وەک احمدی نژاد چەند جار هەڕەشەی ئەکرد : " ئیسڕائیل لە سەر نەخشە ئەسڕێتەوە " ئەترسن دەستی بگاتە سعودیە ، ئیمارات و تا باکوری ئەفریکا بڕوات .. هەندێک زیادە ڕەوی لەو مەترسیەکەدا ئەکەن لەوەش گەورەتر ئەبینن ، ئیمپڕاتۆریی فارس وەک زەمانی ( کورش ) ی گەورە دروست بێتەوە ، کە تا مەکدۆنیا ( یۆنان ) ی بە دەستەوە بو ، لە زەمانی ( ئەرستۆ ) دا...
ئەم ناکۆکیە ناکۆکیی مەزهەبیی ڕوت نیە ، لە نێوان دو ئاینزای ئیسلامدا ، ناکۆکیی دەست بە سەرا گرتنی ناوچەکەیە ، بە ناوی مەزهەبەوە . لە سەردەمی شا دا ئیران ئەم کێبەرکێی دەسەڵاتەی هەبوە لە کەنداو دا..
داعش هەمو سنورێکی شکاند و بوە کێشەیەکی گەورە بۆ خۆراوا و ناوچەکە ، بە جۆرێک بەهانە بۆ مانەوەی نامێنێت .. لە تەقینەوەکانی پاریس ەوە ، خستنە خوارەوەی فڕۆکە ڕوسیە کە لە شرمشێخ و گەلێ کاری تری لەو جۆرە .. ئەم ڕێخراوە ئەوانەشی شەرمەزار کرد ، دەستیان هەبو لە دروست کردنی دا .. ئامریکا لەوە زیاتر ناتوانێ بە دوفاقی مامەڵەی لەگەڵ بکات .. هەم لێی بات و هەم لە ژێرەوە یارمەتی بات ..ئەبێ داعش لە کۆڵی خۆیان بکەنەوە ، گەر داعش نەمێنێت لە ناوچەکەدا ، دەستی ئێران واڵا ئەبێت و زیاتر درێژی ئەکات .. بۆیە ئەبێ بەدیلێک بۆ ئەو هێزە بدۆزرێتەوە ..ئەو بەدیلە ( هاوپەیمانێتی ئیسلامیی سەربازی ) یە بە چاودێری سعودیە دروست ئەکرێ .. ( ٣٤) وڵات لە خۆ ئەگرێت .. ژوری چالاکیە هاوبەشەکانی لە پایتەختی سعودیە ئەبێ .. هەر خۆشیان سعودیە و وڵاتانی کەنداو خەرجی ئەم هاوپەیمانێتیە لە ئەستۆ ئەگرن ..
ئەو ٣٤ وڵاتە ئەندامن لە ( ڕێخراوی هاریکاریی ئیسلامی ) ... ( منظمة التعاون الاسلامی ) هەرچەند عراق و ئێران هەر دو ئەندامن لەو ڕێخراوەدا ، بێگومان بەشداری ناکەن .. دو وڵاتی ئیئسلامیی سونیی گەورەش بەشداری ناکەن ، جزائر و اندونیسیا .. دەنگێک لە پەڕلەمانی بەغدا داوا ئەکات عراق بەشدار بێت ..
ئەم بڕیارە لە پڕ درا ، پێناچێ کۆبونەوەی نهێنی یا ئاشکرای بۆ کرابێ .. دو هەفتە پێش ئێستا ( جۆن مکین ) بەرپرسی لژنەی سەربازی لە کۆنگرێسی ئەمریکی ڕایگەیاند : پێویستە سەدهەزار سەرباز لە وڵاتانی ئیسلامی دروست بکرێت، وە دە هەزار سەربازی ئەمریکیش بەشداری تیدا بکەن ، بۆ جەنگی دەوڵەتی ئیسلامی ..
حنان فتلاوی سەرۆکی کتلەی ارادە لە پەرلەمانی عراق ئەڵێ : ئاگادارین هێزێکی سەد هەزار کەسی لە وڵاتانی عربی و ئەمریکا دروست ئەکرێ ، بۆ لابردنی داعش .. جۆن مکین بە حیدر عبادی ڕاگەیاندوە ، بڕیاری ناردنی هێز لە ئەمریکاوە دەر چوە ..
ڕەنگە دوای ئەوە جەنگێکی گەورە ڕو بدا ، ، کاتی ئەوە هاتبێ نەخشەی ناوچەکە بە جۆرێکی تر دابڕێژرێتەوە ..وەک ( جۆن بۆڵتن ) یەکێکە لە پارێزگارە توندڕەوەکان ، نوێنەری ئەمریکا بو لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە سەردەمی سەرۆکایەتی بۆش دا ، ئێستا لە پەیمانگای ( انتر پرایز ) گرنگترین ناوەندی لێکۆڵینەوەیە ، نزیکە لە حکومەتەوە ، کار ئەکات ..لە نوسینێک دا لە ( نیۆیۆرک تایمز ) بڵاوی کردەوە .. ئەڵێ : " عراق و سوریا کە ئێمە ئەیانناسین ، وەک دو وڵات کۆتاییان هاتوە " باس لە مسۆگەر بونی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سونی ئەکا ، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و باکوری خۆراوای عراق ، لە شوێنی دەوڵەتی ئیسلامی ، وە دەوڵەتێکی کوردی هاوسێی ئەو دەوڵەتە سونییە لە باکوری عراق .. هاتنی سوپای تورکیاش بەشێکە لەو نەخشەیە ..
پەیمانی سایکس پیکۆ سەد ساڵ لەمەو پێش دەوڵەتی عوسمانی دابەش کرد و کردیە ئەو وڵاتانەی ئێستا ، پێ ئەچی تەمەنی کۆتایی هاتبێ ، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بە تایبەت سوریا و عراق بە پێی نەخشەیەکی نوێ دابەش بکرێتەوە
توانای سیاسیەکانی کورد لێرەدا دەرئەکەوێ ، لەم نەخشە نوێیەدا ، لەم گۆڕانکاریەی هاتۆتە پێشەوە و کورد ناتوانێ پێشی لێ بگرێ ، ڕەنگە بەرژەوەندی ڕوسیاش لە پێش چاو بگیرێ .. بتوانن براوە بن .. خەونە دێرینەکە نەکەنە قوربانی شەڕی حزبایەتی و دەسکەوتی کەسیی خۆیان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست