هاتنی سوپای تورکیا
Wednesday, 09/12/2015, 17:47
هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی عراق، بێگومان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی .. ئەویش لە سنوردارکردنی دەسەلاتی شیعە دا خۆی ئەبینێتەوە ، لە ناوچە سونیەکان دا ، بە تایبەت پاش گرتنەوەی موسڵ لە لایەن حکومەتی بەغداوە (ڕەنگە نزیک بوبێتەوە) .. هەندێ لە سیاسی و قەڵەم بە دەستەکانی خۆمان ، بە مەترسیەکی زۆر گەورە و پێشێل کردنی سەروەری خاکی کوردستانی دائەنێن .. لە کاتێکا حکومەتی تورکیا و سوپاکەی ئەو مەترسیە گەورەیە نین لەسەر ئێمە ..
مەترسی گەورە بۆ ئێمە حکومەتی بەغدا و حشدی شەعبی یە .. (ڕاستە حکومەتی هەرێم خوێنی شیرین نیە لای تورکیا) بەڵام تورکیا ناتوانێ تا سەر لە باشوری کوردستان دا بمێنێتەوە ، ئەوە پێشێل کردنی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتوەکانە ، وڵاتانی عربی و ئیسلامیش دژایەتی ئەو کارە ئەکەن .. حکومەتی بەغداش ناتوانێ لێی بێدەنگ بێت ... تورکیاش ناتوانێ ماوەیەکی زۆر بەرەنگاری ئەو شەپۆلە نارەزایەتی و دژ بە خۆی بێتەوە .. تەنیا لە سنوری ئەو پەیماننامەی لە نێوان بەغدا و ئەنکەرە دا کاتی خۆی مۆرکرا ، کەهەر یەک لەو دو وڵاتە ئەتوانن دە کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی یەکەوە ، بۆ ڕاوەدونانی نەیارانی خۆیان .. ئەتوانن حیلە شەرعیەک بۆ ئەو لەشکر کێشیانە داتاشن .
ئەوەتا حلفی باکوری ئەتلەسی فشار ئەخاتە سەر تورکیا ، تا هێزەکەی بباتە دەرەوە لە عراق .. ژنراڵ (لوید ئۆستن) فەرماندەی هێزەکانی ناوەند لە سوپای ئەمریکا گەیشتە بەغدا ، بۆ تاوتوێ کردنی ئەو کێشەیە ، ئەسڵەن ئەوە کێشەی حکومەتی هەرێم نیە ، پێویست ناکا خۆی پێوە سەرقاڵ کات .. ئەوە کێشەی بەغدا و ئەنکەرەیە .. ئەوەتا بەغدا دەسی کردوە بە چالاکی دیپلۆماسی گەرم ، حکومەت و پەڕلەمان بەردەوام لە کۆبونەوەدان .. کتلە سیاسیەکان یەکتر تۆمەتبار ئەکەن .. ئەسیل نوجێفی ، نوری مالکی تۆمەتبار ئەکات ، گوایە ناوبراو پەیمانی لەگەڵ تورکیا واژۆ کردوە تا سوپاکەی بێتە ناو خاکی عراقەوە .. نوجێفی بەوە ناوەستێ ، ئەمجارەیان حیدر عبادی تۆمەتبار ئەکات گوایە ئەو لەگەڵ تورکیا ڕێ کەوتوە ئەم کارە بکات .
ئەگەر سیاسیەکانمان زیرەک بن ، ئەتوانن سود لەم ڕوداوە وەرگرن بە قازانجی هەرێم بشکێتەوە ، ئەویش بە سەرقاڵ کردنی بەغداوە ، دژایەتی کردنی کتلە سیاسیەکان لە ناو خۆیانا .. پێگەی کورد بەهێز ئەکات .
بەڵام حشدی شعبی (حکومەتی بەغدا) بە مافی خۆی ئەزانێ هەمو هەرێمی کوردستان بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە ئەگەر توانای هەبێت .. هەمیشە لە خەیاڵدانی خۆیا چاوەڕێی ڕۆژێکی وا ئەکات .. وەگەر ئەوەی بۆ لوا ، نە نەتەوە یەکگرتوەکان ، نە وڵاتانی عربی و ئیسلامی ، نە وڵاتانی ناوچەکە ، ناتوانن وشەیەک ناڕەزایی دەربڕن ..
لە ڕوی یاساییشەوە کەس ناتوانێ ڕێگری لێ بکات .. واتە هیچ لایەنێک ناتوانێ بەرگری لە ئێمە بکات بە ئاشکرا و بێ پەردە ..
ئەبێ هەمو سیاسی و قەڵەم بە دەستێک ئەوە بزانن .. مەترسی گەورە بۆ هەر پارچەیەک لە چوار پارچەکەی کوردستان ، حکومەتی ناوەندیی خۆیەتی ، تورکیا مەترسی گەورەیە بۆ کوردانی تورکیا ... بەغداش بۆ ئێمە .. ئەو هات و هاوارەی بەرپا کرا بە هاتنی سوپای تورکیا ، دنیا ژێرەو ژور بو .. کاڵفامی و شەڕی حزبایەتی یە ..بە هەڵەدا بردنی خەڵکە سادە و بێ ئاگاکەیە ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست