(١٧ی شبات) بۆ شکستی هێنا
Tuesday, 13/10/2015, 23:08
وەک لە نوسینەکانی پێشتردا باسم کردوە، لە داگرتنی لادێکانەوە ئەم میللەتەی ئێمە فێری موچەی مفت و ژیانی تەمەڵی کراوە.. دوای ڕاپەڕینیش ، پارتی و یەکێتی بۆ کێبەرکێی حزبایەتی و بەدەست هێنانی لایەنگر بۆ خۆیان ، خەڵکێکی بێشوماریان کردە موچە خۆر .. زۆریی زانکۆ و پەیمانگاکانیش ، هاندەرێکی گەورە بو بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامە بە ئاسانی و دامەزراندنی دەرچوان .. ئیتر ئەم میللەتە بو بە ( ڕجب) ، دەمی ئەکاتەوە تا خواردنەکە بکەن بە دەمیەوە .. هێندە موچە خۆر خرانە فەرمانگەکانەوە ، چەند بەرابەری پێویستی فەرمانگەکان بون .. زۆربەی فەرمانبەران کارێکی ئەوتۆ ناکەن ، ماندو نابن ، سەری مانگ موچەیەکی مفت وەرئەگرن ، بەباشی پێی ئەژین و پاش ساڵێک ئوتومبیلی پێ ئەکڕن .. ئەو خێزانانەش لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگا بون ، بونە خاوەنی ئوتومبیل ،.. هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە ، لە ماوەی دە ساڵ دا لە ( ٢٠٠٣) تا ( ٢٠١٣ ) ژیانێکی زۆر ڕەفاهیەت ئەژیان ، ئەتوانم بڵێم لە هاوڵاتیانی ئێران زۆر خۆشتر ئەژیان .. ڕەنگە هەندێ بڵێن : " لە ئێران چرکەیەک کارەبا ناکوژێتەوە ، بیست و چوار کاژێر ئاو هەیە ، بۆری غاز چۆتە هەمو ماڵێک ، بگرە هەمو ژورێکەوە .. ئەمانە ڕاستن ، بەڵام بژێوی ژیان لەمانە گرنگترە .. بۆ سەلماندنی ئەوە ، هاتنی ئەو هەمو ئێرانیە یە بۆ ئەمدیو بۆ ئیش و، سوپاسی خواش ئەکەن لەم دیو کارێکیان دەست کەوتوە و بژێوی ژیانیان دابین بوە .. ئیتر با ئەو هەمو بەنگلادشی و فلیپینی و هندی و ...... بوەستێ ، هەموی ئاماژەی ئەوەن کە ئاستی ژیان لەم هەرێمەدا بەرزە و ڕەفاهیەت هەیە ..
ئەتوانم بڵێم ژیان لەم هەرێمەدا لە ژیانی هەندەرانیەکانی ئەوروپاش ، لە ڕوی داراییەوە باشتر بوە . لە ئەوروپا یەکێک ئیش نەکات باش ناژی ، ئیش کردن لەوێ گاڵتە نیە ، جدییە ، ئەبێ تەواو ماندو بیت ، ڕۆژی هەشت کاژێر و هەفتەی پێنج ڕۆژ ، بێ وەستان ئیش بکەیت . یەکێک ئیش نەکات ، بە سۆشیال بژی ، ژیانێکی کەم و کورت ئەژی ، سەربەرزیش نیە .. ئەوەبو گەلێک لەوانەی هەندەرانیش گەڕانەوە .. چەند خوێندنگای ئەوروپی کرایەوە بۆ مناڵەکانیان ..
خۆپیشاندانەکەی ١٧ ی شوبات لە بارو دۆخێکی ئاوا ڕەفاهیەت و تێر و تۆخ دا دروست بو ، لە مێژوی مرۆڤایەتی دا ڕوی نەداوە ، گەلێک لە رەفاهیەت دا خۆپیشاندان بکات .. بۆیە شکستی هێنا .. لە ئەنجامی سەختی ژیان و برسێتی و تەنگ و چەڵەمەی واقعیەوە نەبو ، وەک شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕوسیا ، خەڵک ڕۆژانە چەند کاژێر لەبەر سەمونخانەیەک دا ئەوەستان تا دو سەمونیان دەست ئەکەوت ، یا لە شۆڕشی فڕنسا دا خەلک لە برسان چونە بەردەمی کۆشکی پاشا هەمو ئەو قسەیەمان بیستوە ، ( ماری انتوانێت ) وتی : " ئەو خەڵکە داوای چیی ئەکەن ؟ " وتیان : برسیانە ، نان نیە بیخۆن وتی : " ئێ نان نیە ، با کێک بخۆن "
لە هەرێمێک دا هەمو ماڵێک ئوتومبیلی هەبێت ، هەندێ ماڵ دوان سیانێکی هەبێت ، زۆربەی خێزان ئیشکەرێکی بنگلادشی یا فلپینیی هەبێت ، لە شارەکانیا نرخی زەوی و خانو ،لە شارەکانی ئەوروپا گرانتر بێت .. ئیتر خەڵک بۆچی ڕائەپەڕێت ؟!
ڕاستە گەندەڵی هەیە ، نادادپەروەری هەیە ، ژیانی سیاسیەکان و ژیانی خەڵک زۆر جیاوازە .. ئەوان لە دنیایەکی مادی ی بەرز و خەڵک لە دنیایەکی تردا ئەژین .. خەڵک ناڕازین لە دەسەڵات .. بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ڕاپەڕین و شۆڕش کردن و خۆ بە کوشت دان .. هەر گۆڕانکاریەکیش لە سیستەمی سیاسی دا بکرێت ، چارەسەری ئەو گەندەڵی و نادادپەروەریە ناکات .. نادادپەروەری دیاردەیەکی جیهانیە .. لە ئەمریکا ئەکتەرەکانی هۆلیود چۆن ئەژین و کرێکاری کارگەکان چۆن ئەژین ؟! ( هینری فۆرد ) داهێنەری ئوتومبیل و خاوەنی کومپانیای فۆرد ، لە ویژدانی زیندوی خۆیەوە ئەڵێ : " ئەبێ موچەی بەڕێوەبەری کومپانیایەک ، لە ٢٥ هێندی موچەی کرێکارێکی کومپانیاکە زیاتر نەبێت .. " بەڵام موچەی بەڕێوەبەری کومپانیا لە ( ٢٠٠٠ ) هێندی موچەی کرێکارەکە زیاترە ..
خۆپیشاندانی ١٧ شوبات ڕاپەڕینی جەماوەری نەبو .. نەخشەی حزبی بو .. ململانێی کورسی و دەسەڵات بو ، پاڵنەرێکی تری ئەوە بو ، مێرد منداڵ ( مراهق ) ڕۆحی موغامەرەی تیایە ، ئەیەوێ بونی خۆی بسەلمێنێ ، ئەوە پاڵی پێوە ئەنێ بۆ خۆپیشاندان ، چێژ لە خۆدەرخستن و پیا هەڵپژان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیسدا ئەبینێ . لێرەدا دەروێشەکانی حزب بونە قوربانی ..
ئەم لێشاوی دامەزراندن و موچەی مفت و ڕەفاهیەتە ، بێ بەرنامە بو ، حاڵەتێکی نادروست و نەشاز بو ، ئەبو کۆتایی بێت .. لەبەر ئەوەی هیچ حکومەتێک لە دنیادا ناتوانێ هەمو هاوڵاتیانی بکاتە موچەخۆر ، بەتایبەت سەرچاوەی دارایی هەرێم بەشە بوجەی بەغدا بو ، ئەویش بە فرۆشتنی نەوت دابین ئەکرا .. لەگەڵ دروست بونی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا و بڕینی بوجە ، قەیرانی دارایی دەستی پێکرد . شەڕی داعشیش هێندەی تر بارەکەی گران کرد . دابەزینی نرخی نەوت و کێشەی فرۆشتنی ، سەربارێکی تر بون لەم قەیرانەدا .. ئێستا نە حکومەت ئەتوانێ ئەو ژیانە دابین کات بۆ خەڵک ، نە خەڵکیش تازە ئەتوانن لە دەمێکی بخۆرەوە ببن بە دەستێکی بەرهەمهێنەر .. بێگومان سەرجەم حکومەت تاوانبارە ، لە سەرەتاوە بیری لەم ئەنجامە نەکردبوەوە ..
لە هەموی کارەساتبارتر ، زۆربەی ڕۆشنبیران و میدیاکاران و نوسەران هەریەک سەر بە حزبێکن ، ڕادیۆی حزبەکانیانن ، بە خواستی حزب قسە ئەکەن .. خوێندنەوەیەکی واقعیانەیان نیە بۆ ئەم بارودۆخە .. تلڤزیۆنەکانیان قۆرخ کردوە بۆ لێڵ کردنی واقعەکە و تێکدانی تێروانینی خەڵک بۆ قەیرانەکان .. فەلسەفە لێئەدەن و قسەی کتێب و دور لە واقع ئەڵێنەوە ، واقعی هیچ وڵاتێک لە کتێب دا نەنوسراوە ، دوای ڕوداوەکان و تێپەڕینی کات ئەبێ بە مێژو و ئەنوسرێتەوە ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست