دۆخێکی نوێ ..
Thursday, 10/09/2015, 19:31
" عسی ان تکرهوا شیئا فهو خیر لکم " .....
ئەم دەقە قورعانیە ڕێک لەگەل ئەم بارو دۆخە نوێیەی ئابوری هەرێمی تێکەوتوە ( بە بێ شەڕی داعش ) ئەگونجێ .. " شەڕی داعش بەڵایەکی گەورەیە یەخەی هەرێمی گرتوە ، دڕەنگ یا زو ئەبێ کۆتایی بێ " .. بەڵام ئەم دۆخە ئابوریەی پێی ئەڵێن : دۆخێکی ناهەمواری ئابوری و گران بونی باری گوزەرانی خەڵک ، سەرەتایەکە بۆ دروست بونەوەی قۆناغێکی دروست و گونجاوی ئابوری کە لە هەمو سیستمە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی وڵاتانی جیهان بچێ ..
لە ڕاستیا ، لە داگرتنی لادێکانەوە تا ئێستا ، بارو دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێم ، دۆخێکی نەگونجا و سەقەت بوە ، کە لە جیهانا وێنەی نەبوە لە نەشازی دا .. لەو کاتەوە گوند نشینەکان لە ئۆردوگا زۆرەملێکان دا دانران ، هەر یەک بە ناوێکەوە کرایە موچە خۆری دەوڵەت .. ( بۆ وەبیر هێنانەوە ) ئەوە بو خوێندنگایەک ١٠ – ١٢ پاکەرەوە .. ١٠ – ١٢ پاسەوانی شەو ..... ی بۆ دائەنرا ، بەم پێیە بۆ ئەوەی خەڵک هەست بە بۆشایی و بێ ئیشی نەکەن و بژێویەکیان بۆ دابین بکرێ ... ئیرادەی خەڵک ڕوخێنرا و فێری تەمەڵی و دەست پان کردنەوە لە حکومەت بون ، ئەم بارە تا ئێستەش بەردەوامە .. بە تایبەت لە ٢٠٠٣ وە ، کە ڕژێمی بەغدا روخا و ، بریمەر بوە فەرمانرەوای مەدەنی عراق و سیستمی موچەی نوێی دانا و دراوی عراقی گۆڕا .. خەڵک کەوتنە رەفاهیەتێکی باش و هەمو کەس ژیانێکی موفت ئەژیا .. دەرگای دامەزراندن لەسەر پشت بو بۆ هەمو کەس ، دەرامەتی خەڵک هێندە زۆر بو ، زەوی و خانو ڕۆژ بە ڕۆژ گران ئەبو ، بە جۆرێک لە سلێمانی و هەولێر لە زۆربەی شارەکانی ئەوروپاش گرانتر بو ..بەم شێوەیە خەڵک بە تایبەت گەنجان ئیش کردنیان لە بیر چوەوە ، ئێستاش کەس نایەوێ خۆی ماندو کات ، کەس نایەوێ هەوڵ بات ، هەموی ئەیەوێ ، یەکسەر دامەزرێ .. ئەمەش بۆ هیچ حکومەتێک دەست نادات هەمو میلەتەکەی بکاتە موچەخۆر و موچەی موفت وەرگرێ ، هۆی ئەمەیە ، شەپۆلی کۆچی گەنجان دەستی پێکرد .. ئیتر ژیانی موفت کۆتایی هات و وەک هەمو وڵاتێکی تر خەڵک ئیش نەکات ناژی .. ئەمەش ئەبێتە هۆی دروست بونەوەی لادێکان و بوژانەوەی کشت و کاڵ و ئاژەڵ داری .. ئەبێتە هۆی وەگەڕ خستنەوەی ژیان و کۆتایی هاتنی ژیانی تەمەڵی و دەست پان کردنەوە لە حکومەت .. خەڵک ئەناسم دوکانی هەبوە لە ناو شار .. لەم بارودۆخە بێ ئیشیەدا کار و کاسبی نەبوە ، ناچار ماڵەکەی بارکردوە و چۆتەوە بۆ دێکەی خۆی ، دەسی کردۆتەوە بە ئاژەڵ داری و کشت و کاڵ کردن ، حکومەت بە هەمو توانای خۆی هەوڵی دا ، نەیتوانی لادێکان دروست بکاتەوە ، بەڵام ئەم قەیرانە ئابوریە ، بە ئاسانی دروستی ئەکاتەوە .. ئەو ڕەفاهیەتەی ئەم هەرێمەی تێدا بو ، هەرچەند بۆ خەڵک زۆر خۆش بو ، بەڵام ناتەندروست بو ، هەر ئەبو تەواو بێ و ، لە کام وڵات دا هەیە و کەی تەندروستە ، هەر ماڵێک سێ ، چوار ئوتومبیلی هەبێ .. لە هەر خوێندکارێکی زانکۆ ، بە ئوتومبیل نەبێ ناچێ بۆ زانکۆ .. هەمو گەنجێک بڕوانامەی زانکۆ یا پەیمانگای هەیە .. هەمو خاوەن بڕوانامەیەک بە زەروری ئەزانێ دامەزرێ و بێتە کارمەندی حکومەت .. بەڵام ئەم هەرێمە بچوکە پڕە لە کرێکاری عەرەب ، ئێرانی ، هندی ، بنگلادشی .......تاد ، گەنجانی خۆشمان هاواری بێ ئیشی ئەکەن ، قۆناغی داهاتو قۆناغی دروست کردنەوەی ژێرخانی ئابوریی و خستنەوە کاری ئەو هەمو زەوی و زارە بە پیتەیە، بەلایەنی کەمەوە دە ملیۆن کەسی پێ ئەژی .. گەر بە باشی بەرهەم بهێنرێ .. قۆناغی داهاتو قۆناغی کارکردن و خۆماندو کردنە ،قۆناغی ئەوەیە هەمو شتێ بچێتەوە جێی خۆی و هاوسەنگی کۆمەڵایەتی دروست بێتەوە ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست