بۆ ئایلان
Sunday, 06/09/2015, 18:21
لە هەمو ئەم وشکاییەی سەر زەوی ، شوێنێکی بۆ خەوی تۆ تیا نەبو .. لە شەپۆلێکا نوستی .. هەمو ئەم وڵاتانەی ڕۆژهەڵات ، شوێنێکی گەمەیان پێ نەدای .. بۆ ( کانادا ) ئەچوی لەوێ گەمە بکەیت .. مەچۆ بەهەشتەوە ، داعشی لێیە ، شمشێرێک ئەدەن لە گەردنت ، دوبارە ئەتکوژنەوە .. بچۆ بۆ لای خوا ، لەگەڵ ئەو ، سەیری گاڵتەجاڕی ئەم دنیایە بکەن .. لێی بپرسە : " بۆ سەد دەروێش لە مزگەوتێک دا جێیان ئەبێتیەوە ، دو سیاسی لە وڵاتێک دا جییان نابێتەوە ، ئەبێ جەنگێ بەرپاکەن لە سەر شوێنی خەویان .. وڵاتێک بکەنە دەریای خوێن ؟ " تۆ فێری مەلە نەبویت ، خۆت دایە دەم شەپۆلی دەریا .. مناڵی سیاسیەکان ، دەریایان بۆ ئەبەنە ماڵەوە ، تا فێری مەلەیان کەن .. ئەوان شێخ و مەلاکانی دنیا ، نزایان بۆ ئەکەن ، تا بێوەی بن .. ئاخر تۆ شێخ و مەلاکان نزات بۆ ناکەن ، تا بێوەی بیت .. ئەوان پێویستە بمێنن ، تا کورسیەکەی باوکیان چۆڵ نەبێت دوای خۆیان .. ئاخر باوکی تۆ کورسیی نیە ، تا دوای خۆی لە سەری دابنیشی ..
تۆ نە ئەکتەرێکی هۆلیۆد بویت ، نە کوڕی سوڵتانێک .. چۆن لە نیوەشەوێک دا توانیت هەمو جیهان وە خەبەر بێنی .. چۆن توانیت لە ڕۆژێک دا شاشەی هەمو تەلەفزیۆنەکانی جیهان و لاپەڕەی ڕۆژنامەکان ، داگیر کەیت .. پەردە لە سەر دڵڕەقیی سروشت و ویژدانی مردوی مرۆڤ لابەیت .. بنی پێڵاوەکانت ڕوی کردۆتە دەمو چاوی سیاسیەکان و نەتەوە یەکگرتوەکان ، ئەدەوێ پێیان بڵێی : " ئیتر منەتتان بە ژێری پێڵاوەکانم " ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست