کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕژێمی سەرمایە داری و ڕۆژهەڵاتی جاران - بەشی دوەم - کۆتایی

Sunday, 16/11/2014, 12:00





شارستانیەتی ڕۆژاوا لە زانست و تەکنەلۆژیادا دەوڵەمەندە ، بەڵام لە روی ڕۆحی و مرۆڤایەتیەوە هەژارە -
کۆلن وڵسن


وەک لە بەشی یەکەم دا باسمان کرد ، سەرکوت کردن لە ڕۆژهەڵات و رۆژاوا بەردەوامە ، هەریەک بە شێوەیەک ..لە ڕۆژاوا بە جل و بەرگێکی سەردەمەوە ..بە جۆرێک لەگەڵ بناغەی ڕێکخراوی کۆمەڵ دا بگونجێت ...ئەم دیاردەیە تەنیا روی دەرەوەی ژیان ، باری کار ، بەرهەم هێنان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ناگرێتەوە ..کاریگەری لەسەر باری دەرون ، بیروهۆش و هەستیش هەیە ..دەبێتە هۆی نامۆبونی ئەقڵ و ڕۆشنبیری ..بەندەگی بۆ نەریتێکی نەشیاو ، بە ناوی پێشکەوتنەوە ، دەرهاویشتەی شارستانێتی ڕۆژاوایە ..ئەو پێشکەوتنە ڕێکخەری بەرهەم هێنان و دابەشکردنە .. یەکەمجارە بەندەگی
پەسەندکراوی ئەقڵە و ئەوانەی بونەتە قوربانی ، خۆیان داکۆکی لێ ئەکەن ..بەوەی خۆیان دروست کەر و بەکاربەری بەرهەمی پیشەسازین ، بەم جۆرە بەردەوامی بە بازنەی بەرهەم هێنان و بەکاربردن دەبەخشن ..ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کار و باری ئابوری ، بۆتە باشترین هێزی دەست گرتن بەسەر ئازادی مرۆڤ دا .تا ئەو جێ یەی هەڵبژاردنی دەزگا دیموکراتیەکان و سەرکۆمار یا سەرۆک وەزیران ، سەرمایەداران ئاڕاستەی ئەکەن . باشترین بەڕێوەبردنی دەزگا ئابوریەکان وزیادکردنی بەرهەم ، چاکترین دەست بەسەراگرتنی ئازادی هەڵبژاردنی پێ زامن کراوە . بە ناوی ئەقڵ و ڕێکخستن و
زیادکردنی بەرهەم ، بۆ بەربەرەکانی بازاڕی یەکتر، سوپایەکی بێ شوماری بێکارانی دروست کردوە ..لەلایەکی ترەوە جیهانی سێیەمیان کردۆتە گۆڕەپانی شەڕ و خوێن ڕشتن . و گەلانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیان کردۆتە سوتەمەنی ئەو شەڕانە ....
ئەقڵ خۆی خۆی فریو داوە ، کەوتۆتە تەڵەیەکەوە خۆی بۆ خۆی داناوە ، بە جۆرێک چەوسانەوەی بە ڕێکخستنێکی پەسەند و ژیرانە ناساندوە ..قوربانیەکانی ناچار کردوە ئولفەت بەو نامۆییەوە بگرن ..بگرە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی ئەو بارە سەنگینتر بکەن ، بەزیاد کردنی بەرهەم و لە ئەنجام دا گەشەکردنی سەرمایە و بەهێزبونی ڕژێمەکەی ..
هەڕەشەی جەنگیئ ئەتۆمی بیانویەکی ترە بۆ کێشانەوەی سەرمایە لە وڵاتە دواکەوتوەکان ..فرۆشتنی تەکنەلۆژیای پێویست بۆ دامەزراندنی دەزگای ئەتۆمی ، بە مەرجێ لە ژێر ڕکێفی خۆیان دەرنەچێت ...پاشان دەست بە سەرا گرتنی بە ناوی چەک داماڵینەوە .. بەم جۆرە ڕوە دزێو و نامرۆڤانەکەی دەرئەکەوێت و ئابڕوی ئەو ئاشتیە ئەچێت کە هەڕەشەی بەردەوامی جەنگی پێ داپۆشراوە ..بە ئاشتی هەمو جۆرە چەکی کوشندە بەرهەم دێنن ..
ئاوا خەڵک توشی توشی شکستی دەرونی و بێ هیوایی ئەبن .. توانای جیاکردنەوەی درۆ و ڕاستیان نامێنێت ..چاودێری کۆمەڵگای پیشەسازی دەستی کێشاوەتە ناو کاتی بێ کاریش .. بە داهێنانی هۆکاری سەرگەرمی ، تا کۆمەڵ بە جۆرێکی (ئالی) کۆبکاتەوە ، دەزگاکانی ڕاگەیاندن مێشکی خەڵک بە پێی بەرنامەی بەرژەوەندی ڕابێنن .. جۆرە نەریتێک ئەچەسپێنێت ، بەرهەم هێنەر و بەکاربەر و کۆمەڵ پێکەوە گرێ دەدات ..بەرز بونەوەی ئاستی ژیان دەبێتە هۆی پەیوەند بونی زیاتری خەڵک بە ڕژێمە سەرمایەداریەکەوە ..ئەقڵ ڕۆڵی نێگەتیڤی خۆی ئەبینێت بە پاساو دانی پاشگری مرۆڤ بۆ ڕەوڕەوەی
شارستانیەت ..
مێژوی مرۆڤ ، مێژوی چەوسانەوەی دەرونی ، ئابوری ، کۆمەڵایەتی و سێکسی یە ..مرۆڤی ئێستا لە سیستمی هۆشمەندی بەرهەمهێنان و بەکاربردن دا داڕێژراوە ..
پێشبڕکێی داهێنان چەند بۆ ئامێری خزمەت گوزاریە ، هێندەش بۆ ئامێری کوشتن و وێرانکاری یە ..تاک لە بڕیاری شەڕ یا ئاشتی دا هیچ ڕۆڵی نیە ..لە هەردو شەڕی ڤێتنام و کەنداو دا ناڕەزاییەکی زۆر لە ناو گەلانی ئەوروپا و ئەمریکا دا هەبو ،نەیتوانی ڕێ لە بەرپابونی شەڕ بگرێت ....
پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا هەڕەشەی گەورە لە چارەنوسی مرۆڤ ئەکات ..
غەریزەی وێرانکاری ، کوشتن و بڕین و سەپاندنی دەسەڵات بە زۆر ، بونەتە بناغەی بەرنامەی پەروەردە و ئایدیای سوپەرمان ..مرۆڤی ئەو کۆمەڵگایە وا لێ ئەکەن بەختەوەری لەو دەسەڵاتە بێ سنورانەدا ببینن ..تاک ئەیەوێت تەعبیر لە سەربەخۆیی و دەسەڵاتی خۆی بکات ..ئوتومبیلەکەی بە خێراییەکی شێتانە لێ ئەخوڕێت ، یا کارێکی سەرکێشی ئەنجام ئەدات ، خۆی لە مەترسی مردن ئەدات ، تا بونی خۆی بسەلمێنێت ..تاک سەربە خۆنیە و هەست بە بونی ناکات ، سەربە کۆیە ...
غەریزەی دۆستی ، خۆشەویستی ، سۆز و بەزەیی ، یارمەتی .. کە سروشتی مرۆڤ خۆیەتی و هەوێنی پەیوەندی کۆمەڵایەتین ، شوێنی بۆ دڕندەیی و خۆسەپاندن چۆڵ کردوە ..ڕێگرتن لە پیادەکردنی ئارەزوەکانی مرۆڤ ، ئەبێتە هۆی توڕەیی و بێزاری و گۆشەگیری ...
تەنیا جیهانێک مرۆڤ ڕوی ڕاستی خۆی تیا ببینێت ، جیهانی ئەدەب و هونەرە .. لە ئەنجامی جەنجاڵی ، گرژی مێشک ، دودڵی ، ترس لە چارەنوس ، ماندویی ، بێزاری و بێهودەیی .. مرۆڤ تینوی کەمێک پشوە ..بۆیە پەنا ئەباتە بەر مۆسیقا ، یا هونەرێکی تر . . تا کەمێک بحەوێتەوە ...بۆیە گۆرانی بێژێک هێند ە نرخی بەرز ئەبێتەوە ..
سەرسوڕمانی منداڵ و گەورەش بۆ سوپەرمان و دەسەڵاتی بێ سنور ، ئەنجامەکەی داماو کردن و لاواز کردنی تاکە .. تاک بە جۆرێک لاواز کراوە ، هەست بە بونی خۆی ناکات ، هەست بە سەرکەوتن ناکات (هەست کردن بە سەرکەوتن لە بوارێک دا ، یا بەدەست هێنانی ئامانجێک) هەست کردنە بە بەختەوەری ...خودی بەختەوەریە ...بۆیە گەنج سەرکەوتنی یانەیەکی وەرزشی لە ئەوروپا ، لە یاریەک دا ، بە سەرکەوتنی خۆی ئەزانێت .. دۆڕانیشی بە دۆڕانی خۆی ئەزانێت ..
کە ئەم هیچ رۆڵێکی لەو یاریەدا نیە .. زۆر دورە لەمەوە ... محمد اقباڵ ئەڵێ : (بەهەشت و دۆزەخ هەست کردنە بە سەرکەوتن و شکست .) مرۆڤ لە کارێک دا سەرکەوتو بێ ، دەسکەوتێک بەدەس بێنێ ..هەستێکی خۆشی دایئەگرێ ، ئەو هەستە بەهەشتە .. گەر شکست بێنێ ، یا شتێکی لە کیس بچێ ، هەستێکی تاڵ و قورس دایئەگرێ ،، ئەو هەستە دۆزەخە .. گەنج لەم دو سیستمەدا .. ئەو هەستە نابینێ ..بۆیە سەرکەوتنی یانەیەکی وەرزشی بە سەرکەوتنی خۆی ئەزانێت ... بە بورج و هەندێ تێزی بێ مانا خەڵک سەرقاڵ ئەکەن ، هیوایەکی درۆزنانەی بۆ دروست ئەکەن ....
ڕژێمی سەرمایەداری لە شێوەی لیبڕاڵی بەرهەمهێنانەوە گۆڕاوە بۆ تۆتالیتاری (کۆنتڕۆڵی تەواو) ..کومپانیا گەورەکان دەسەڵاتیان بەسەر بواری بەرهەمهێنان و دابەشکردن دا گرتوە ..
لە ڕژێمی سەرمایەداری کۆن دا هەندێ ئازادی هەبون .. وەک ئازادیی دەربڕین و کۆبونەوە و دروست کردنی حزبە سیاسیەکان ، ئەم ئازادیانە لە قۆناغی دەرەبەگایەتی دا نەبو ...لە ڕژێمی کاپیتاڵی ئەمڕۆدا ئەم ئازادیانە خۆیان خۆیان هەڵوەشاندۆتەوە ..یەک ئایدۆلۆژی و بۆچونی سیاسی باڵی کێشاوە بەسەر ڕژێمەکە دا .. ئەوەتا لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا ، یا ئەمریکا ، تەنیا دو حیزب بەربەرەکانی هەڵبژاردن ئەکەن ، ئەوانیش هیچ دژایەتیەکی ئایدۆلۆژی و سیاسی لە نێوانیان دا نیە ..هەمو حیزبەکان بەرژەوەندی ڕژێمەکە ئەپارێزن ...ئۆپۆزسیۆن بونی نیە ...ئەتوانین بڵێین سیستمی
تاک حیزبیە . هەر حیزبێک سەرکەوێت هیچ لە سیستەمەکە ناگۆڕێت
لە ڕۆژهەڵاتیش دا جگە لە نەبونی هەمو ئازادیەکان ..مرۆڤ بە دەردی هەژاریەوە ژیان بەڕێ ئەکەن ..وەک نمونەیەک ..لە ڕوسیا ژنان ریز ئەبن ، نۆرەیان بێتە سەر ، تا ڕەحمی خۆیان بە کرێ بدەن ..واتە بەرامبەر بڕێک پارە، لە پیاوێک دوگیان ئەبن ..کە منداڵەکەی بو ڕادەستی کڕیارەکەی ئەکات ..ژنێک وتی (دو منداڵم فرۆشت ، خانویەکم پێ کڕی) ئەمە بۆتە دیاردەیەک ..وەک خۆیان ئەڵێن ،بونەتە ماکینەی مناڵ دروست کردن و فرۆشتنی ...
بەڵام مرۆڤ بێ دەنگ نابێت .. ڕەنگە فۆرمی تریش تاقی بکاتەوە .. هەنگاو بە هەنگاو بەرەو کەم کردنەوەی ستەم و بەدەست هێنانی ئازادی زیاتر ئەچێت .. ئازادی بارستەیەکی یەکپارچە نیە ، ڕێژەییە .. ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو باشتر ئەچێت .. ئەو ڕێژەی ئازادی و دادپەروەریەی مرۆڤ بە دەستی ئەهێنێ ، دیاری هیچ بیرمەند و حزب و دەسەڵاتێک نیە .. بۆ مرۆڤ .. بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی خۆی و گۆڕانی بەردەوامی ژیانە ... وەستانی نیە ....




عوسمان فەقێ
سلێمانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە