ڕژێمی سەرمایە داری و ڕۆژهەڵاتی جاران - بەشی یەکەم
Thursday, 23/10/2014, 12:00
لە وڵاتانی ڕۆژ ئاوا ، ئەڵێن مرۆڤ نرخی هەیە .. ڕاستە ، بەڵام سەرمایە نرخی زیاترە ...مرۆڤ ئامێری بەرهەمهێنانی سەرمایەیە ..لە ڕۆژگارانی زودا بە جۆرەها شێوە هەوڵی گەوجاندنی مرۆڤ دراوە ..بە پێی قۆناغە مێژوییەکان ..لە جیهانی سەرمایەداریش دا گەوجاندنی مرۆڤ بە شێوەیەکی مۆدێڕن بەڕێوە ئەچێ .. لەم جیهانەدا پاڵەوان دروست ئەکرێ .. خەڵک ئەبێ بیپەرستن ..مایکل جاکسن . تۆم کڕۆز ، ڕۆناڵدۆ ...ئەمانە ئەبنە ئۆلگۆی گەنجان ..ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری ، بیرکردنەوەی خەڵک وا پڕۆگرام ئەکەن ، بەختەوە ری تەنیا لە ژیانی ئەو کەسانەدا ببینن ...بۆیە هەمو هەوڵ
ئەدەن ببنە پاڵەوان .. دیارە لە ملیۆناهادا یەکێک ئەبێتە پاڵەوان ..بۆیە ڕەمەکی گەنجان توشی داڕوخان ئەبن ..نازانن ئەو پاڵەوانانەش بەختەوەر نین ..زۆربەیان ئالودەی مادە هۆشبەرەکان بون ..هەندێکیان خۆیان ئەکوژن ..مارلین مۆنڕۆ بۆ بەختەوەر نەبو ، خۆی کوشت ..فرانسس فارمەر تێک چو.. لە دادگا شەقی لە مێزی دادوەرەکە هەڵ ئەدا ..ڕۆبنس ولیام ، کێ لەو باوەڕەدا بو بێزار بێت لە ژیان .. لە هەمو فیلمەکانی دا دڵی بینەر پڕ ئەکات لە شادی ...لە هیچی کەم نەبو ..ناوبانگ ، سامان . خۆشەویستی خەڵک ، (لە هەموی گرنگترە) ..چەن کارەساتبار لە تەمەنی ٥٠ ساڵی دا کۆتایی بە
ژیانی خۆی هێنا ...مارلۆن بڕاندۆ بەرزترن نرخی هەبو ، لە کۆڵانێک دا بە بێ کەسی مرد بە هۆی قومار و مادەی هۆشبەرەوە خێزانەکەی دەریان کرد ...
لە سیستەمی بە ناو سۆشیالیزم ی یەکێتی سۆڤێتی جاران دا ، زۆربەی ئازادیەکان لە تاک سەنرابونەوە ..بەڵام پاڵەوان دروست نەئەبو ..پەروەردەی مناڵ پەروەردەیەکی نەرم و نیان و مرۆڤ دۆستانە بو، وەک لە فیلمە کارتۆنیاکانیان دا دەر ئەکەوێ ..
پێچەوانەی ئەوە ،لە سیستمی کاپیتاڵ دا ، پەروەردەی گراندایزەر و پیاوی ئاسنین و ..تێزی توند و تیژی ، دەرخواردی مناڵ ئەدرێ ...هەرچەن سیستمی دیموکراتی لیبراڵی ، پیادە ئەکرێت ، یاسا بە یەکسانی بەسەر تاکەکانی کۆمەڵ دا پیادە ئەکرێت ، خەڵکی توانای گۆڕینی ئەو سیستەمەی نیە .. هونەر و ڕاگەیاندن ، فەتازیایەکی ئەو سیستەمەیە ، بۆبەرگریکردن و وزە بەخشین بۆ بەردەوامی دان بە تەمەنی کاپیتالیزم و و تازە کردنەوەی بە پێی ئاڵ و گۆڕی قۆناغە مێژوییەکان ...
تەکنەلۆژیا و دەسەڵاتی بیرۆکراتی کاپیتالیزم ، ڕوە مرۆڤایەتیەکەی کۆمەڵ ئەخنکێنێت و ئەیکات بە گیاندارێکی نامۆ لە خۆی ، لە حەقیقەتی خۆی ، لە هۆشیاری خۆی ...ژیری دەسەڵاتی بیرۆکراتی ، ڕوی ژیانی ناماقوڵی مرۆڤ ئەشارێتەوە و هێزی شۆڕش و ڕاپەڕینی تیا ئەکوژێت ....
دەسەڵاتی سەرکوتکەر لە ڕابردودا دەسەڵاتێکی ناژیرانە بوە ، لە شێوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دا ...وەک دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەکی دکتاتۆر ...لابردنی پەردە لە ڕوی و بە گژا چونەوەی کارێکی ئاسان بوە ..دەسەڵاتی ئێستا شێوەیەکی ژیرانەی وەرگرتوە ، بە جۆرێک چەکی هەمو شۆڕش و ڕاپەڕینێک دائەماڵێ ..بگرە بە هۆی ئەو دەزگا زەبەلاحەی ڕاگەیاندن و فەنتازیای ڕۆشنبیری ، هەمو توانای لەش و گیان و هێزە کۆمەڵایەتیەکان ، بۆ بەرگری کردن لە خۆی بارئەهێنێت ....
تەکنەلۆژیا نەبۆتە هێزێکی بە کار لە بەرژەوەندی مرۆڤ ...بە پێچەوانەوە مرۆڤی کردوە بە بەشێک لە تەکنەلۆژیا ، بە هۆکار بۆ زیاد کردنی چەندایەتی و جۆرایەتی بەرهەم .. لە سیستەمی کاپیتاڵ دا مرۆڤ بۆتە ئامێرێکی بەرهەم هێن ، لە هەمان کات دا بەکاربەری بەرهەمە کەنی دەستی خۆی ...تا ببێتە کۆیلەی ئەو سیستەمە ...تا جۆری بەرهەم زۆر و ڕەنگاوڕەنگ بێت ، پێویستی مرۆڤ بۆ دابین کردنی ئەو بەرهەمانە زیاتر ئەبێت .. ئەمەش ناچاری ئەکات زیاتر خۆی ماندو کات ، تا بتوانێ ئەو خواستانەی و ئەو کاڵایانەی دێنە بازاڕەوە ، دابین کات ..بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت ئەوەی بەرهەمی
دێنێت دەگەڕێتوە و ئەبێتە دوژمنی ..ئەو کرێ یەی لە بەرهەم هێنانی ئەو کاڵایەدا دەستی کەوتوە ، ئەیداتەوە بە بەشێک لەو کاڵایە ...هێزی کاری ئەو ، ماندویی ئەو ، ئەبێتە هێز و سەرمایەی خاوەن کار ..دبێتە دەسەڵات و هۆی فریو دان و قوڵ بونەوەی پەیوەندی و دەست بە سەرا گرتنی خاوەن کار ...خۆی نامۆیە بە کار وبەرهەمەکەی ...تا زیاتر بەرهەم بێنێت سەرمایە زیاتر گەشە ئەکات و باری سیستمەکەی لەسەر سەنگینتر ئەبێت ..بەم جۆرە بێ ئاگا دەبێتە ئامێری دابین کردنی پێویستیەکانی ژیان ..پڕۆسێسی دابین کردن دەبێتە ئامانج و ژیان بە هۆکار ..بەم جۆرە ئازادی لە بیر ئەچێت و
واهیمەی ئازادی جێی ئەگرێتەوە ... ئەویش تەنیا وەزیفە زیندەوەریاکانی وەک خواردن و نوستن و زاوزێ کردن بەجێ دێنێت و لە بازنەیەکی بەتاڵ دا ئەسوڕێتەوە ..
کاپیتالیزم ناراستەوخۆ خەڵکی مۆنۆپۆلایز (احتکار) کردوە ، بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زیاد بونی بەرهەم و ڕوتانەوەی گەلانی جیهانی سێ وە .. ئاستی ژیانی کەمێک بەرزی بۆ کرێکاری خۆی فەراهەم و بیمەی بێکاری بۆ دابین کردوە ، بەم شێوەیە ڕۆحە شۆڕشگێڕیەکەی نامێنێت ...
سیستمی کاپیتالیزم ، ڕۆشنبیری و هونەری کردوە بە کاڵا ... ئەفرۆشرێن ..جیهانی ئەدەب و هونەر (کە جیهانێکی بڵندن و روە ستاتیکیەکەی شارستانیەتن ..تەنیا لەو جیهانەدا ڕوی دزێوی ئەم بارەی کە ئێستا هەیە و ئەو بارە شایستەی کە پێویستە هەبێت ، جودا دەکرێنەوە ..) بۆتە هەڵم ..هەر وەک سیستمی ڕۆژهەڵاتی جاران سەرکوت کەر بو ..بەرهەم هێنەرە راستیەکان دەسەڵاتی بەڕێوەبردن نەبون ..کۆمەڵێک بیرۆکراتی دەستیان بە دەسەڵاتەوە گرتبو(ئێستەش بەردەوامە) بیرێکی گرژی تەکنەلۆژی خۆی سەپاندبو ..پێویستی رۆژانەی خەڵکی بە پێی بەرنامەیەکی مەرکەزی دابین ئەکرد ..ئەو
بەرنامەیە دەستی بەسەر هەمو ڕوەکانی تری ژیانا گرتبو ..بیر ، زمان ، ئەدەب ، ڕۆشنبیری ..تا ڕەوشتیش ...
لە وڵاتانی ڕۆژاوا ،گەوجاندن و چەوسانەوەی مرۆڤ زانستی نوێ ی تیا بەکار ئەهێنرێ ..وەک پیشەسازی دەرون ناسی ، ماتماتیکی مێشکی ئەلکترۆنی ، لێکۆڵینەوەی بازاڕ ، زانستی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان ..ئەم شێوە گەوجاندن و چەوسانەوەیە ، جێی شێوە تۆقێنەرەکەی جارانی گرتۆتەوە ، کە لە وڵاتە دکتاتۆرە فەردیەکان دا پیادە ئەکرا ..بەم شێوەیە زیرەکانە هاوسەنگیەک لە نێوان خواستی تاکە کەس بۆ سەربەخۆیی و پێویستی سیستم بۆ ملکەچ کردنی تاک ، بە شێوەیەکی دیموکراتی لێبراڵی دابین کراوە ...
تاک بە دڵی خۆی پێویستیەکانی دیاری ناکات و ئارەزوەکانی پیادە ناکات... لە سەرەوە بە فەنتازیای ڕاگەیاندن بە سەریدا ئەسەپێنرێت ..بە وەهمی بەختەوەریەکی ڕوکەش دەمکوت ئەکرێ ..لەبەر ئەوەی لە ناخەوە هەست بە بەختیاری ناکات ..هەمیشە ترس و دودڵی و پوچیی ژیان ..بیری ئاڕاستە ئەکات ..هزری داهێنانی تیا ئەکوژێت ..هەست بەو بارە ناهەموارەی تێیدایە ناکات و وێنەی ئەو بارە شیاوەی کە ئەبێت هەبێت لە ژهنی دا نیە ...
دەزگا زەبەلاحەکانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ، لە هەردو سیستمی کاپیتالیزمی ڕۆژئاوا و یەکێتی سۆڤێتی جاران (ڕوسیای ئێستا) ..مێشک و هزری خەڵکیان وا حەشار داوە .. تەنیا ئەو دو فۆرمەی دەسەڵات و کۆمەڵگا ، لە دنیادا هەیە و هیچ ئەڵتەرناتیڤێک نیە ، بۆ ئەوانەی بە هیچ کام لەو دو سیستمە ڕازی نین و بە ناڕەوای ئەزانن ...
عوسمان فەقێ
سلێمانی
.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست