کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامۆیی

Saturday, 27/09/2014, 12:00


چەن پیاوێ بوین ..دوای نانی ئێوارە ..(.دڵمان زۆر خۆش بو ..کراوە بوین)..یەکێک لەوان هاوڕێی کۆنم بو وتی : ئەڵێی چی، بە پێ بە شەقامەکەدا سەرکەوین ..یەکسەر چوینە دەرەوە ..بە ژێر درەختە تازە سەوز بوەکانا ، بە وردی هەنگاومان ئەنا.. هەوایەکی پاک.. ئەستێرە بە ئاسمانەوە ئەدرەوشایەوە ...جگە لەو هەستە ئارامەی ئەم شارە ئەیڕێژێتە دڵەوە ، هیچ دەنگ و هەرایاک نەبو ..
هاوڕێکەم وتی : نازانم بۆ لە شەوی ئێرەدا، لە هەمو شوینێک باشتر هەناسە ئەدەم ..هەست ئەکەم بیرم فراوان ئەبێت و ئەدرەوشێتەوە ..وەک نهێنی خوایی ،لە درزێکەوە هەمو شتێکم بۆ دەرخات ..دوای ئەوەش خێرا ئەو درزە دائەخرێتەوە و هەمو شتێ کۆتایی دێ ..
جارجار خەڵکمان ئەبینی بە لامان دا تێ ئەپەڕین ..کورسیەکی درێژ دو کەسی لەسەر بو..وەک خاڵێکی رەش لە دورەوە دیار بون..هاوڕێ کەم لەبەر خۆیەوە وتی :ئەو بەستەزمانانە دڵم تێک ئەدەن ..بەڵام بەزەییەکی گەورەیە ..لە هەمو نهێنیە سەیرەکانی ژیانی مرۆڤا، تەنیا نهێنیەکم دۆزیوەتەوە ...سەرچاوەی قوڵترین ئازاری بونمان تەنیایی یە..تەنیایی یەکی هەمیشەیی ، هەمو هەوڵ و تەقەللامان بۆ رزگاربونە لەو تەنیایی یە ...ئەو دو ئاشقەش ، لەم هەوا ئازادەیا وەک ئێمە، وەک هەمو بونەوەر ، ئەیانەوێ لە تەنیایی دەرچن ،با بۆ چرکەیەکیش بێت ، بەڵام بێ سودە ..هەتا هەتایە هەر یەکەیان بە تەیا ئەمێنێتەوە ..ئێمەش هەروەها ..ماوەیەکە ئەو تەنیایی یە ترسناکەم دۆزیوەتەوە تیایا ئەژیم ..ئەزانم هیچ شتێک ناتوانێ دەرم بێنێ لێی ..هیچ شتێک ..لێم تێ ئەگەی ؟ هەرچەند هەوڵ بەین ، هەرچەن د دڵمان فراوان بێت ..چەن بە دەم هاوار بکەین و بە دەست باوەش بە یەکترا بکەین ، هەر تەنیاین ..هەمیشە تەنیاین ..بۆئەوەی خۆم لە ترس و وەحشەتی ماڵەوە دور بخەمەوە ، رام کێشای بۆ ئێرە ..ئێستا ترسی ماڵەوە دای گرتوم.. باشە بۆ ؟ ..من قسەت بۆ ئەکەم و تۆش گوێم لێ ئەگری ..هەردوکمان پێکەوەین ، بە تەنیشت یەکەوە ..کەچی هەردوکمان تەنیاین ..لێم تێ ئەگەی ؟ ئەوانەی بیریان تەسکە چەن بەختەوەرن !! ئینجیل ئەڵێ : ئەوانە لە وەهمی بەختەوەریدان ..ئەوانە هەست بە تەنیایی یە کوشندەکەی ئێمە ناکەن ..وەک من سەرگەردانی ژیان نابن ..نایانەوێ ئاگایان لە دابڕانە ئەبەدیەکەی ئێمە بێت و ئازاری پێ بچێژن ..رەنگە بە بێ ئەقڵم بزانی.. وانییە ؟! لەوەتەی هەست بە تەنیایی خۆم ئەکەم ،ئەڵێی رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بە تونێلێکی تاریکی بێ دیوار و کۆتایی دا ڕۆ ئەچم ..رەنگە کۆتایی هەر نەبێت ..نە هاورێیەکم لە گەڵە و نە کەسم لە دەورە ...کەس نیە ئەم ڕێگەیەم لێ بگرێ.. ئەم تونێلە ژیانە ... هەندێ جار گوێم لە دەنگێ ، ژاوە ژاوێ ، هاوارێ ئەبێ ..وەک کوێر بەرەو ئەو دەنگە نادیارانە ئەچم ..بەڵام نازانم لە کوێوە دێ ..لە ناو ئەو تاریکا یی یەی دە وری داوم دەستێک نادۆزمەوە ..لێم تێ ئەگەی ؟! کەم کەس دەرکی بەو ئازارە تۆقێنەرە کردوە ..ئەوە نیە (ئەڵفرێد دی مۆسێ ) هاوار ئەکات : کێ دێت ؟ کێ بانگم ئەکات ؟ کەس نیە ؟؟؟ خۆم تەنیام ...تەنیا کاژێرەکە لێ ئەدات ..ئای تەنیایی ..هەژاری ...بەڵام لای ئەو تەنیا گومانێکی تێپەڕبوە.. یەقینێکی تەواو نەبو ..ئەو شاعر بوو ..ژیانی تارمایی و خەو بو هەرگیز تەنیا نەبو ..بەڵام من بە راستی تەنیام ...(گوستاف فلۆبێر) یەکێکە لە بەدبەختە هەرە گەورەکانی ئەم جیهانە ..چونکە وردبینێکی گەورە بو ..ئەوە نیە بۆ کچە هاوڕێکەی ئەنوسێ :ئێمە هەمو لە دەس دەرچوین کەس لە کەس تێ ناگات ..کەس پەی بەوی تر نابات ..هەرچەن تێ بگەین ، هەر چەن بڵێین و هەوڵ بەین بێ سودە ..بۆ زەوی ئەزانێ چی لە ناو ئەستێرەکانا رو ئەدات ! ..ئەو ئەستیرانەی ئەڵێی دەنکە ئاگرن لە گەردونی بێ سنورا ، تەنیا پرشنگی هەندێکیان ئەبینین ...زۆربەی زۆریان لە بۆشایی دا ونن.. هێندەش پەیوەندن بە یەکەوە وەک خانەکانی لەش یەکەیەکیان پێک هێناوە ...ئاوا مرۆڤ لە مرۆڤی کەڕ و لاڵ ناگات ..وەک ئەستێرەی ئەم گەردونە دورین لە یەکەوە ..داابڕانێکی قوڵتر کە بیر کردنەوە هەڵناسەنگێنرێ .یا شتێک بزانی ترسناکتر لەو پێوەلکانە بەردەوامەی بەو شتانەی کە ئەتوانین بچینە ناخیەوە ..وەک زۆرمان لێکرابێ.. یەکترمان خۆش ئەوێ ...بە تەنیشت یەکەوەین ،دەستمان پێوەند کراوە ناگەینە یەک ..پێویستی بۆ یەکگرتنێکی ئازاراوی دەرونمان ئەخواو ، هەمو هەوڵێکمان لەبارئەچێ ..هەمو ئارەزوە شاراوەکانمان بێ ئەنجامە و هەمو لەیەک دانێکمان بەفیڕۆ ئەچێ ..کە ئەمانەوێ لە سێبەرەکەمان نزیک بینەوە لە یەک ئەکەوین و کە دەرونم بۆ هاوەڵێک ئەکەمەوە زیاتر هەست بە تەنیایی ئەکەم ...ئەو کاتە ئەزانم دیوارێک لەنێوانمانایە لاناچێت ...ئەو کەسە لێرەیە ، ئەوە چاوەکانیەتی بەدەورما ئەدرەوشێتەوە .....بەڵام چاوەکانی پشتەوەی داخراوە لێم ..ئەوەتا گوێی لێمە ... بیر لەچی ئەکاتەوە ؟! ..بەراست بیر لەچی ئەکاتەوە ؟! تۆلەم ئازارە ناگەی ؟ رەنگە رقی لێم بێت..یا بەسوکم بزانێت ؟ یا گاڵتەم پێ بکات ..بیر لە قسەکانم ئەکاتەوە ؟ ...دادگاییم ئەکات ؟ ...تاوانبارم ئەکات ؟..بەبێ ئەقڵ و نەفامم دائەنێت ؟ .. چۆن بزانم چیی لە مێشک دایە ؟ !چۆن بزانم بەراستی منی خۆش ئەوێ ؟ وەک من ئەوم خۆش ئەوێ ! ..ئاخۆ چی لەو سەرە خڕەدابێت ؟ .. چی لە بیر کردنەوەی یەکێکی بیر شاراوە و ئازاد سەیر ترە ؟!.. ئەوەی لە مێشکی ئەودایە، نە ئەتوانی بیناسی، نە زاڵ بی بەسەری دا و نە بەڕێوەی بەری ...ئەو شاراوە و ئازادە و تۆش بێ دەسەڵات بەرانبەری ..هەرچەن هەوڵی بێ هودەم دا دەرگای دەرونم بکەمەوە و ئاسۆی گیانم بەڕەڵا کەم ، بەڵام بێ سودە ، ناتوانم تەسلیم بم، قوڵ بڕوانم ..سەیری قوڵایی خۆم بکەم ..کە کەس پەی پێ نابات ، کەس نایگاتێ ..چونکە کەس لە من ناچێت ..کەس لە کەس ناگات ..تۆ لێم تێ ئەگەی ، هەر هیچ نەبێ لەم ساتەدا ؟! ..هەرگیز نەو.. ئەڵێی ئەو بێ ئەقڵە ، تاقیم ئەکەیتەوە و خۆتم لێ ئەپارێزی .. ئەڵێی ئەم ئێوارەیە بۆ وای بەسەر هاتوە ..ئەگەر رۆژێک گەشتی بەوەی دەرک بەم ئازارە ترسناکەم بکەی ، وەرە پێم بڵێ :(تێت گەیشتم) ..تەنیا بەوە بەختەوەرم ئەکەی ، رەنگە بۆ تەنیا چرکەیەک بێت ..
پاشان ئافرەت لەم تەنیایی یە دا زیاتر بەختەوەریان کردم .. بەڵام زۆرم چەشت بە دەستیانەوە ..لە پیاو زیاتر توشی ئەو وەهمەیان کردم ، کە تەنیا نیم
ئێمە کە ئەکەوینە خۆشەویستیەوە ، هەست ئەکەین دڵمان ئەکرێتەوە و شادیەک دامان ئەگرێ ..لەوەو پێش پێمان نەزانیوە ..باشە ئەزانی بۆ ؟ ..ئەزانی ئەم بەختەوەریە دڵگیرە لە کوێوە دێ ؟ تەنیا ئەوەیە هەست ئەکەین لە تەنیایی دەرچوین ...دابڕانەکە شکاوە و مرۆڤ دەستی لە خۆی بەرداوە ..ئەمە چ تێکەڵ کردنێکە ! ..ئافرەت زۆر زیاتر لە ئێمە لە ئازاری پێویستیەکی سەرمەدیان بۆ ئەو خۆشەویستیەی ، دڵە تەنیاکەمان ئەخوات ...ئافرەت وەهمە گەورەکەی خەو بینینە ..ئەزانی ئەو ساتانەی روبەروی ئافرەتێک بەسەری ئەبەی ، چەن دڵگیرە و چ زو تێ ئەپەرێ .. ئەو بە قژێکی خاوو رویەکی دڵگیرەوە ، بە نیگاکانی گێژمان ئەکات ..ئەکەوینە چ وەهم و تایەکەوە ..هەردوکمان هەست ئەکەین پاش ماوەیەک هەمو شتێ بۆ ئێمە ئەبێ ..بەڵام ئەو کاتە هەر ناگات و ئەو شتەش نایەت ..پاش چەن حەفتە چاوەڕوانی ، بە هیوا و خۆشیەکی فریو دەر.. زۆر قوڵتر لەوەو پێش ئەکەومەوە تەنیایی ..پاش هەمو ماچێک ، هەمو دەس لە مل کردنێک .. زیاتر لەیەک دائەبڕێین ..ئەوپەڕی ئەستەم و هیوا بڕاوی یە ..سۆلی برۆدۆ ئەڵێ : نەوازش کردن تەنیا هەوڵێکی بێ سودی خۆشەویستیەکی داماوە ، ئەیەوێ بە پێگەیشتنی لەش دو رۆح بکا بەیەک ..ئەوەش مەحاڵە ..ئیتر ماڵئاوا و هەمو شتێ کۆتایی دێ ..
ئەگەر ئەو ئافرەتەمان لە بیر بێت ، کەلە ساتێکی ژیانا ، وا ئەزانین هەمو جیهانە بۆ ئێمە ..بێ.گومان ئاگامان لە هەستی میهرەبانی و بیرکردنەوەی ئاسایی ی نیە .. لەو کاتەیا کە هەست ئەکەین لە هەمو ئارەزو و ئاواتێکا جوت بوین ، گونجانێکی ئەفسوناوی و ئەگەینە تێکەڵ بونی گیان ..بە تەنیا وشەیەک ئاگادار ئەبینەوە .. وەک پرشنگێک لە شەوێکی تاریک دا ، هەمو نهێنیەکمان بۆ دەر ئەخات و ئەزانین لەهەڵەداین ...بۆشاییە ڕەشەکە دەرئەکەوێتەوە لە نێوانمانا ..لەگەڵ هەمو ئەمانەش دا ..چاکترین شت لە ژیانا ئەوەیە ..شەوێک لەگەڵ ئەو ئافرەتە بەسەر بەین خۆشمان ئەوێ ....بێ ئەوەی وشەیەک لەدەممان دەرچێ ... تەنیا بە بونی ئەو بەختەوەرین..لەوە زیاتر نابێ بەتەمای هیچی تر بین.. هەرگیز دو کەس ناچنە ناو یەکەوە ..
من ئێستا گیانم کلیل داوەو بیرو ڕام بەکەس ناڵێم ..باکەس نەزانێ بیر لەچی ئەکەمەوە ؟ ..کێم خۆش ئەوێ ؟ .. ئەزانم بە تەنیایی یەکی کوشندە تاوانبار کراوم ..سەیری هەمو شتێ ئەکەم بێ ئەوەی رای خۆمی لەسەر بەم ..لەبەر ئەوەی ناتوانم شتەکان جیاکەمەوە ..گرنگی بە هیچ نادەم ..بیرکردنەوە شاراوەکەم بێ بەرهەمە ..بە وشەی سواو وەڵامی هەر پرسیارێک ئەدەمەوە ...بەزەردەخەنەیەک (بەڵێ) یەک، خۆم لە قسە ڕزگار ئەکەم ..لێم تێگەیشتی ؟!....
بەشەقامە درێژەکەدا سەرکەوتین تا گەشتینە (تاقی ئازادی) ، لەوێوە بەرەو خوار بوینەوە تا گۆڕەپانی (کۆنکۆرد ) ..ماوەیەکی درێژ بو ، زۆر بەخاوی قسەکانی ئەکرد و هەندێ شتی تری وت نایەتەوە بیرم ..لەپڕ دەستێکی بۆ پەیکەری ناو گۆڕەپانەکە درێژ کرد :(ئێمە هەمو وەک ئەو پەیکەرە واین) ئیتر هیچی نەوت و جێی هێشتم ..ئایا خەڵەفا بو ؟ شێت بو ؟ یا ژیر ؟ لە هیچی دڵنیا نیم .. هەندێ جار بەراستی ئەزانم ..هەندێ جاریش ئەڵێم : (تێک چوە )...

لە بیرەوەریەکانی مۆپاسان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە