کام تاوان گەورەترە ؟
Thursday, 26/02/2015, 12:00
هەمو ئەزانین ڕژێمی پێشوی عێراق و سەرکردە دکتاتۆرەکەی ، تاوانی گەورەیان بەرامبەر گەلی عێراق بە گشتی و میللەتی کورد بە تایبەتی ئەنجام دا .. هەمو ئازادیەک لە خەڵک زەوت کرابو ، جەنگە یەک لە دوای یەکە دۆڕاوەکانی ، کارێکی بە گەلی عێراق کرد ، سەرما بە هەتیو با بە دەواری شڕی نەکردبێ .. جگە لەو تاوانانەی بەرامبەر گەلی عێراق کردی ، تاوانی تری بەرامبەر گەلی کورد ئەنجام دا ، وەک ئەزانین ئەنفال و کیمیایی و، داگرتنی (چۆڵ کردنی) ٥٠٠٠ دێ ..ئەوەی ئەمەوێ لێرەدا باسی بکەم .. لای ئێمە تاوانی ئەنفال و کیمیایی ، زۆر باس ئەکرێ .. بەو ئەندازەیە باسی چۆڵ کردنی لادێکان ..ناکرێ ..ڕاستە کوشتنی ٥٠٠٠ کەسی سڤیل و بێ تاوانی هەڵەبجە ، ئەنفال کردنی (١٨٠٠٠٠) کەسی سڤیل و بێ تاوان ، کارەساتێکی گەورەیە و بە هەمو پێوەرێک جینۆساید کردنی میللەتێکە .. ئاسەواری گەورەی بە جێ هێشتوە .. هەزاران هەتیوی بێ ناز و بێوەژن و چەندەها کەسی بێ کەس ، کە لە خێزانەکەیان دا تەنیا یەکێک ماوە ..بە جێ هیشتوە ...
بەڵام ئەم تاوانانە لە مێژودا نمونەی زۆرە .. تەیموری لەنگ لە یەک رۆژ دا لە هەمەدان (١٢٠٠٠) کەسی کوشت .. هتلەر هەزاران جولەکەی لە فڕن دا سوتان ... کارەساتی سروشتی واش روی داوە ، وەک ئەم تاوانانە کارەسات بارو جەرگ بڕ بوە .. سۆنامی دای لە خواروی ئاسیا ، زیاتر لە سەد هازار کەسی لە ناو برد ، ئێستا ئەو ناوچەیە لە جاران باشتر ئاوەدان و خۆشتر بوە .. بومەلەرزەیەک دای لە شاری (بەم) لە ئێران (٤٠٠٠٠) کەسی کوشت .. شاری (بەم) لە جاران باشتر ئاوەدان بۆتەوە و خۆشتر بوە ...ئەم برینانە هەر جۆن بێت ساڕێژ ئەبێت ، پشتی میللەت ناشکێنێت ..
ئەو کارەساتەی بڕبڕەی پشتی میللەتێک ئەشکێنێت و بەردەوام دەرهاویشتەی نێگەتیڤ ونەسازی کۆتایی نایەت ، چۆڵکردنی (٥٠٠٠) دێیە ... پێش ئەم کارەساتە نیوەی زیاتری دانیشتوانی ئەم هەرێمە لە لادێکان ئەژیان .. پشتیان بە خۆیان بەستبو ، چاوەڕێی هیچیان لە حکومەت نەئەکرد .. لەسەر پێی خۆیان وەستابون ، خاوەن ئیرادەی بەهێز و کەسایەتیی خۆیان بون .. بەرهەم هێنەر و بەخشندە بون ، کۆڵەکەیەکی گەورەی ئابوری عێراق و کوردوستان بون ..
کاتێ داگیران و لە ئۆردوگا زۆرەملێکان دا کۆکرانەوە . وەک درەختێک لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵکەنران .. ئیتر ئەو میللەتە ، وەک باڵندەیەک بیکەیتە قەفەس ، ئیرادەی لێ زەوت کرا ، کەسایەتی تێک شکێنرا ، بڕوای بە خۆی نەما .. بۆ هەمو شتێک چاوی لە دەستی حکومەت بو .. لە دەستێکی بەرهەم هێنەرەوە ، بونە دەمێک بۆ خواردن ... دامەزراندنیان وەک موچە خۆری بێ کار (١٠- ١٢ کەس بۆ مجەوەری یەک مزگەوت ، ١٠ ١٢ ی تر بۆ بانگ بێژ ....هەر خوێندنگایەک ١٠ ١٢ پاکەرەوەی بۆ دامەزرا ..١٠ ١٢ پاسەوانی شەو بۆ یەک بینای فەرمانگەیەک ، یا خوێندنگایەک) ، هێز و توانای لێ بڕین .. وەک کەسانێکی لاواز و نەخۆش و بێ دەسەڵات ، مامەڵەیان لەگەڵ ئەکرا ...وایان لێ کرا باوەڕ بەوە بێنن (ئێوە ئەبێ چاوەڕێی حکومەت بن خواردن بکات بە دەمتانەوە ، ئێوە ناتوانن لەسەر پێی خۆتان بوەستن) ئەم کارەساتە وەک ئەنفال و کیمیایی نیە .. دەرهاویشتەی زۆر قورس و گرانی هەیە .. ئێستا ئەبینی هەمو دانیشتوانی ئەم هەرێمە رژاونەتە شارەکانەوە .. قەیرانێک دروست بوە ، لە توانای حکومەت دا نیە کۆنتڕۆڵی بکات ... هاوسەنگی کۆمەڵایەتی وا تێک چوە ، لە مێژودا هاوشێوەی نیە .. شارێکی وەک سلێمانی پێویستی بە (٣٠٠٠) تاکسی یە ، ئێستا بە دڵنیاییەوە (٣٠٠٠٠) تاکسی تێدایە .. پێویستی بە ١٠ کومپانیای بازرگانییە ، (٢٠٠٠) کوپانیای بازرگانی تیدایە ، (٥٠٠٠) کومپانیای بەڵێندەرایەتی لە هەرێم دا هەیە ..بێ گومان زۆربەی ئەم کومپانیایانە بێ کارن ..ئەوانی تر بە نرخێکی کەم ئیش ئەکەن .. سلێمانی پێویستی بە ٤ ئوتێلی باشە ، دەیان ئوتێلی گەشتیاری تێدایە ، لە کاتی جەژنەکان دا نەبێ ، زۆری بێکار ئەبن .. بارو دۆخی خواروی عێراق هەندێ برەوی بە ئوتێلەکان داوە .. بەڵام ئەمە کاتیە و بە بەرنامە نیە .. هەر وەها چێشتخانە و هەمو بوارێکی کار و بازرگانی دەیان هێندی خۆی دەستی کاری هەیە .. گەر لادێکان لە شوێنی خۆیان بونایە ..زۆربەی ئەو خاوەن تاکسی و کومپانیا و ئوتێلانە لە شوێنی خۆیان بە کاری کشت و کاڵ و ئاژەڵ داریەوە خەریک ئەبون ... شارەکانیش بە قەد پێویستی خۆیان دەستی کاری تێدا ئەبو ...
ئەم میللەتە وا تێک شکاوە ، سەدان هەزار گەنجی بێ کار لە شارەکان دایە ، هەمو چاویان لە دەستی حکومەتە ، دامەزرێن وموچە وەرگرن ..هیچی ئامادە نین بە دەست و بازوی خۆیان ئیش بکەن .. ئەبینین هەزاران گەنجی ئێرانی و بەنگلادشی و هیندی و .... لە شارەکانی هەرێم دا ئیش ئەکەن ، هەزاران کرێکاری عارەب ، لە پرۆژە و کاری بینا دا ئیش ئەکەن .. بە دەگمەن گەنجی خۆمان ئەو کارە ئەکات ... لە لایەکی ترەوە کە باسی دامەزراندن ئەکرێ ، سەدان هەزار گەنج کۆ ئەبنەوە ، بۆ وەرگرتنی فۆرمی دامەزراندن .. لە تەلەفزیۆنەکان دا داوای مافی دامەزراندن ئەکەن .. وا راهاتون ئەبێ هەمو کەسێ دابمەزرێ ...ئەبێ هەمو کەسێ موچەخۆر بێت ..سەیر ئەوەیە ، زۆربەی دام و دەزگاکان و حزبەکان پشتگیریان ئەکەن ..تاوانی حکومەت ئەوە نیە دایان نامەزرێنێت ... تاوانی حکومەت ئەوەیە ، لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە ، نەیتوانی بە پلانێکی زیرەکانە و زانستی ، کەسایەتی گەنجی کورد دروست کاتەوە و ئیرادە و باوەر بە خۆبونیان بۆ بگێڕێتەوە ...بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن ... سەیر ئەوەیە حکومەت ، ئەم باسە بە بچوک و بێ ئەهمیەت سەیر ئەکات ، لە کاتێک دا گەورەترین قەیرانە .. لە شەڕی داعش و کێشەی هەولێر و بەغدا گەورەترە ...شەڕی داعش و کێشەی هەولێر و بەغدا ، تێئەپەڕێ .. گەر حکومەت زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ بکات ، ئەتوانێ گرەوی مێژو بباتەوە .. بەڵام دروست کردنەوەی کاسایەتی مرۆڤی کورد و دروست کردنەوەی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی ، لە سەروی هەمو قەیرانەکانەوەیە و ، پێویستی بە پلانی زیرەکانە و هەوڵی دڵسۆزاانە هەیە ... ئەوەش بە حکومەتێک ئەکرێ ، بەرپرسانی بە پێی پسپۆڕی و شارەزایی دانرابن ، نەک لە لایەن حزبەکانەوە ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست