بنەماڵەى بارزانى لە 12ى ئابەوە بۆ 31 ئاب
Monday, 31/08/2009, 12:00
خێڵان بەختیار لەباتى شەهید سۆرانى مامە حەمە ساڵى 1969 شەڕى نێوان باڵى جەلالى و باڵى مەلایى لە سنوورى هەڵەبجە رۆژ لە دواى رۆژ لە تەشەنە سەندندا بوو، هەریەك لەو دوو هێزە بۆ خۆ بەهێز كردن و یەكلاكردنەوە و نەهێشتنى یەكترى پەنایان بۆ دوژمنەكانى خۆشیان و نەتەوەكانیان برد، باڵى جەلالى بۆ حكومەتى عێراق و باڵى مەلایى بۆ ئێران. لە رۆژى 12ى ئابى ساڵى 1969 مەلاییەكان هێزێكى 200 كەسى چریكى (شا)ى ئێرانیان هێنایە ناوچەى نەورۆڵى نزیك هەڵەبجە بۆ لێدانى جەلالیەكان، لێ بە تێكشكانێكى گەورە كە گورزێكى كەمەرشكێنیان بەركەوت، جەماعەتى مەلایى بە سەرشۆڕى بۆ لاى ئاغاكانیان گەڕانەوە.
دەتوانین بڵێن لە مێژووى دروستبوونى پارتى دیموكراتى كوردستان ئەوە یەكەم خیانەت بوو كە وەك دڕك چەقاندیانە مێژووى خۆیان، ئەویش بە هێنانى هێزى بێگانە بۆ سەر برا كوردەكانیان، لێ ئەو بابەتەم بە راپۆرتێكى تایبەت بۆ سایتى كوردستان پۆست كرد و ئەوانەى كە ئەو بابەتەیان دیبێت بە باشى دەزانن ئەو رووداوە چۆن بووە، چونكە رووداوەكەم لە دەمى ئەو كەسانەوە گێڕاوەتەوە كە راستەوخۆ بەشدارى ئەو خیانەتەیان كردبوو، هەر خوێنەرێكیش بیەوێت چۆنیەتى رووداوەكە بزانێت دەتوانێت بچێتە ئەرشیفەكەم و بیخوێنێتەوە، چونكە تا ئیستا ئەو خیانەتە هیچ كەسێك لە بیرەوەریەكانیدا ئەوەى من خوێندبێتمەوە نەنووسراوە و باسى لێوە نەكراوە.
بنەماڵەى بارزانى وەك خێلێكى دیار و بەرچاوى كوردستان كە توانیویانە زۆرێك لەم میللەتە بەرچاو لێڵ بكەن، دەستیان لە هێنانى هێزى بێگانە بۆ سەر میللەتەكەى خۆیان نەپاراستووە، هەمیشە بۆ مانەوەى خۆیان لە ساحەى سیاسەت و ئیدارەى هەرێمى كوردستان و بۆ كردن بە موڵكى خۆیان، پەنایان بۆ جۆرەها خیانەتى نەتەوەیى بردووە كە مێژوو ناشاردرێتەوە و دواجار رۆژانە لاپەڕە بە لاپەڕە بۆ نەوەى نوێ دەخرێنە روو.
پاش راپەڕین و ساڵى 1992 پارتى بە بڕیارى وڵاتێكى وەك توركیا كەوتە وێزەى هێزەكانى pkk ئەو بە تەنها ئەو خیانەتەى نەكرد، لێ توانى زۆر لێهاتووانە یەكێتیى نیشتیمانی لەو شەڕەى كە بۆ بیگانەى كرد بگەوزێنێت، بۆ ئەوەى لە دوارۆژدا پشكێكى ئەو خیانەتەش بەر یەكێتیى بكەوێت، كەوتیش! تاكە حیزب كە هەڵوێستى هەبوو حیزبى سۆسیالیست بوو.
دواى ئەوەى كە یەكێتى زۆرى بۆ پارتى هێنابوو، بنەماڵەى بارزانى لە پێناو مانەوەى خۆیان، كە بۆتە عادەتى هەمیشەییان بێباكانە ئەو تانك و زرێپۆشانەی كە بست بە بستى خاكى كوردستانیان كاولكردبوو هێنایەوە ناو خاكى پیرۆزى كوردستان و شارى هەولێر بە تایبەت، كە هەولێریان كردە زۆنگاوى خوێن، تا دەستیان چووە بڕینى زمانى كەسانى راگەیاندن كار، ئا لێرەدا ئەوەم وەبیر دێتەوە كە زۆر ئاساییە لاى ئەوان دەستیان بچێتە خوێنى (كاكە سۆران)، كە دنیایەك خەون و حەزى بۆ دواڕۆژ هەبووە، لێ بكوژەكانى بنەماڵە نەك بۆ (كاكە سۆران) بەڵكو خەون و ئارەزووى زۆرێك لە كۆمەڵگایان زیندە بە چاڵ كردووە و دەیكەن، مانى ئەوان واتە نەمانى جوانى و مەعریفە و خۆشەویستى و دیالۆگ و لێكگەیشتن.
ساڵى 1997 و لە گەرمەى شەڕى ناوخۆى نێوان یەكێتى و پارتى و pkk، بۆ جارى چەندەهاجار پارتى دەستى بێگانەى گرتەوە و هێنانیەوە ناو خاكى كوردستان بۆ لێدان و تەسفیەكردنى بەرامبەركانى، ئەوەبوو چەندین دەبابەى توركی و تەیارەى توركى بۆ ئەو شەڕە هاتنە ناو خاكى كوردستان و بۆ چەندەمین جار پارتى دەستى بێگانەى هێنایەوە بۆ ئەتككردنى خاك و نیشتیمانى كوردستان، ئەویش لە پێناو مانەوەى خۆى، وەك پێشەمەرگەیەكى خۆیان بۆى باسكردم، دەیوت ئەوكات وێنەمان لەگەڵ سەربازە توركەكان دەگرت لاى دەبابەكان، بەڵام دواتر لە لایەن بەرپرسەكانمانەوە فلیمەكانیان لە كامێراكان دەردەهێنا! سەیرە خۆشیان زانیویانە كە ئەوە خیانەتە و مێژوو باسى دەكات!
دواجار دەگەینە ئەو ئەنجامەى كە بنەماڵەى بارزانى بۆ مانەوەى خۆى بە كەڵەگایى و خۆ سەپاندنیان بەسەر كۆمەڵگاى كوردیدا، سیاسەتى ماكیاڤیللى پیادە دەكەن، كە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان هیچ ئەخلاق و دین و دابونەریتێك نابێتە رێگریان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست