کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پاش سیانزه‌ساڵ، له‌ 20 ی ئابدا هه‌ولێر جارێکی تر داگیرکرایه‌وه‌

Friday, 11/09/2009, 12:00


سیانزه‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ 31 ی ئابدا له‌سه‌ر داوای تێکۆشه‌ری دێرین مه‌سعود به‌رزانی و به‌ تانك و زرێپۆشی به‌عس هه‌ولێر داگیر کرا و ته‌سلیم به‌ بنه‌ماڵه‌ی به‌ر‌زانی کرا، له‌وکاته‌شه‌وه‌ تا ئێستا هیچ حزبێك و هیچ که‌سێك بۆی نیه‌ بڵێت من خاوه‌نی ئه‌م شاره‌م ته‌نها خۆیان‌و کاسه‌لێسه‌کانیان نه‌بێت! دوای ئه‌وه‌ش خه‌ڵکی ئه‌م شاره، ئه‌وانه‌ی ڕازی نه‌بوون ببنه‌ خزمه‌تکاری بنه‌ماڵه‌، بونه‌ هاووڵاتی ده‌ره‌جه‌ سێ! چونکه‌ له‌هه‌ولێر سێ جۆر هاووڵاتی هه‌یه.‌
ده‌ره‌جه‌ یه‌ك، ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ به‌ بادینی قسه‌ ده‌که‌ن، ئه‌مانه‌ گه‌ر جامانه‌ی سوریشیان له‌سه‌ردا نه‌بێت کار ئاسانیان له‌هه‌موو جێیه‌ك بۆ ده‌کرێت و بونه‌ته‌ خاوه‌نی کۆشك‌و ته‌لاره‌کان، گۆڕه‌پان و پارك و هۆڵه‌کان به‌ناوی شه‌هیده‌کانی ئه‌وانه‌وه‌یه‌.
ده‌ره‌جه‌ دوو، ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ پارتین، ئه‌مانه‌ش گه‌ر بتوانن ته‌زکیه‌ی بنه‌ماڵه‌یان هه‌بێت ئه‌وه‌ باشتر کاره‌کانیان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، گه‌ر ماستاوچی‌و کاسه‌لێسیش بن ئه‌وا کاریان ته‌واوه‌.
ده‌ره‌جه‌ سێش ئه‌و هاووڵاتیانه‌ن که‌ به‌ هه‌ولێری قسه‌ ده‌که‌ن، چ سه‌ر به‌حزبێكی جیاوازبن یان بێلایه‌نبن‌و ڕازی نه‌بن ته‌سلیمی بنه‌ماله‌ ببن، ئه‌مانه‌ تا کارێکیان بۆ جێبه‌جێ ده‌کرێت قیر ده‌ڵێ چه‌ق.
ئه‌مه‌ حاڵی هه‌ولێری چه‌ن ساڵی ڕابوردوو بوه‌
ئێسته‌ش
پاش سیانزه‌ ساڵ‌ بۆ جارێکی تر له‌ 20 ی ئابدا که‌ ته‌نها یانزه‌ ڕۆژی مابوو بۆ ئه‌و بیره‌وه‌ریه‌ تاڵه‌ بۆ جارێکی تر هه‌ولێر داگیرکرایه‌وه! له‌و ڕۆژه‌دا به‌به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌، سه‌رۆکی ته‌زویر مه‌سعود به‌رزانی سوێندی خوارد که‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌م شاره‌ نه‌بێت، له‌و ڕۆژه‌دا بۆ جارێکی تر به‌هه‌مان شێوه‌ی جاره‌کانی پێشو، به‌رهه‌م ساڵح قورمیشکرابوو که‌ سێ جار هه‌ستێته‌ سه‌رپیان و ناوی سێ گه‌نده‌ڵمان بۆ بخوێنێته‌وه‌ که‌ ببنه‌ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی په‌رله‌مانی کوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتو، جارێکی تر ووشه‌ی قێزه‌ونی ته‌زکیه‌ له‌ هۆڵی په‌رله‌ماندا یه‌که‌م ووشه‌بوو که‌ درا به‌ گوێی بینه‌راندا.
ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌کان له‌ناو زۆری ئامه‌ده‌بواندا وون بووبوون
سیناریۆکان دووباره‌کرانه‌وه‌
چه‌پڵه‌ڕێزان ده‌ست پێکرایه‌وه‌
میوانه‌ زۆره‌کان ده‌عوه‌ت کرانه‌وه‌
مێز و سفره‌ و خوان ئاماده‌کرانه‌وه‌
سکه‌کان تێرکرانه‌وه‌
گیرفانه‌کان ئاماده‌کرانه‌وه‌
بۆ چوار ساڵی ئاینده‌ هه‌مان ده‌سته‌و تاقم چونه‌وه‌ سه‌ر کورسیه‌کانیان
ئیراده‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ هه‌ڵبژێرراوه‌کانیش ژێر پێخرایه‌وه
هه‌ولێریش بۆ جارێکی تر داگیرکرایه‌وه‌

کاره‌سات له‌وه‌دایه‌ که‌ هه‌ولێر بێده‌نگه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م داگیر کردنه‌! تۆ بڵێی ڕوکه‌شی جوانکردنی پایته‌خت‌و دووسێ پارك و چه‌ندین باڵه‌ خانه‌ که‌ له‌ جێگای شوێنه‌واره‌ دێرینه‌کانی هه‌ولێر به‌رز بونه‌ته‌وه‌ خه‌ڵکی ئه‌م شاره‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندبێت؟ هه‌ولێر بۆچی پشتی سلێمانی نه‌گرت و کۆتایی به‌ داگیرکه‌رانی نه‌هێنا؟ شێره‌که‌ بۆ به‌و هه‌موو هاواره‌ له‌خه‌و ڕانه‌په‌ڕی؟ که‌ی له‌خه‌و خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه‌؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە