کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خیانەتی 31 ئاب بووە هۆی مانەوەی سەدام حوسێن لە حوكمدا؟!

Monday, 31/08/2009, 12:00


نووسینی: سەباح عەلی قارەمان
خیانەتی 31 ئابی ساڵی(1996) خانەوادەی مەسعود بارزانی. كە دەبابەكانی ڕژێمی بەعسی هێنا و خاكی پیرۆزی كوردستانی پێداگیركرد، كوشتن و زیندانی كردنی پێشمەرگە و لایەنگرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لێنەكەوتەوە بە تەنها، بەڵكو بوە هۆی كوشتن و زیندانی كردنی دەیان لایەنگرو دۆستی ویفاقی نیشتمان عیراقی لە سەرتا سەری عێراق. ئەو خیانەتەی مەسعود بارزانی ئەنجامی دا نەك مەسعود و حیزبەكەی لە مردن ڕزگار كرد، بەڵكو سەدامیشی لە مردن و لە ناوچون ڕزگاركرد، بەهۆی ئاشكرابونی ڕیكخستنە نهێنیەكانی ویفاقی نیشمانی عێراقی. بۆ ئەوەی بەڵگە بۆ ئەو چەند دێرەی سەرەوەمان بخەینە پێش چاوی خوێنەر بفەرمون ئەو بەڵگەیە بخوێننەوە.
لە كتێبی سەدام و ژیانی نهێنی كە لە نوسینی "كۆن گلن" لە وەرگێڕانی لوقمان باپیرە. لە لاپەڕەی 465 و 466 ئاماژە بە هێرشەكانی بەعسی سەدامی لە 31 ئابی ساڵی (1996) دەكا بۆ سەر كوردستان، پاش ئەوەی بزوتنەوەی ویفاقی نیشتمانی عیراقی لە هەوڵی كودەتایەكی سەربازی بۆسەر سەدام حوسێن شكستی خوارد و هەوڵەكەیان ئاشكرا بو بۆ ڕژێمی بەعس، ئەوانەی كە هەوڵیاندا كودەتاكە ئەنجام بدەن هەشت سەد كەسیان دەستگیركران و ئەشكەنجە دران و لە سێدارەدران.
دواتر لە ئۆگەستۆی، سەدام گورزێكی دیكەی ڕیسواكەری ئاراستەی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی كرد كاتێ هێزەكانی دوبارە هەرێمی كوردستانیان داگیركردەوە، كە ساڵی ڕابردو كۆنگرەی نیشتمانی عێراقی بۆ هێرشكردنە سەر موسڵ و كەركوك بەكاری هێنا. بارگرژیەكانی نیوان دەستەی كوردیە ڕكابەركان لە هەریەك لە یەكێتی نیشمانی كوردستان كە تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكردو، پارتی دیموكراتی كوردستان كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد لە وەتەی كە تاڵەبانی پشتیوانی هێرشەكەی كۆنگرەی نیشتمانی عیراقی كردبوو، توندترببو. لە هاوینی(1996) دا شەڕێكی نوێ لە نێوان ئەو دوو دەستەیەدا هەڵگیرسا. لە سەرەتادا باڵادەستی لە بەرژەوەندی هێزەكانی تاڵەبانی بوو، بارزانی داوای یارمەتی لە سەدامكرد. سەدامیش بە ڕەوانەكردنی چەند یەكەیەكی گاردی كۆماری و گاردی كۆماری تایبەت بە دەنگیەوەهات، كە هێرشێكی ناكاویان كردە سەر پێگەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هێزەكانی تاڵەبانیان تێكشكاند. ئەمەش بۆ سەدام گەڕانەوەیەكی سەركەوتوانە بوو، كارەساتێكی گەورەش بوو بۆ ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی و ئۆپۆزسیۆنی عیراقی كە بەتوندی هاوپەیمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو. هێزە عێراقیەكان دەیان كەسیان لە لایەنگرانی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقی بە دیل گرت، ئەوانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەخۆی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی كاریاندەكرد و هەزاران دیكۆمێنتیان كەوتە دەست كە پلانی هاوبەشەكانی هەردولای ئاشكرا دەكرد.سەدام فەرمانی لە سێدارەدانی ئەو عێراقیانەی دا كە لەگەڵ ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیدا كاریاندەكردو، ئەو لایەنگرانەی كۆنگرەی نیشتمانی عیراقیش كە لە مردن ڕزگاریان بوو خرانە بەندیخانەوە. ژێرخانی كۆنگرەی نیشتمانی عیراقی لە كوردستان بە تەواوی وێرانكراو، وڵاتەیەگرتوەكانیش دەبوایە بە سەروكاری خێرا هەڵسێ بۆ بردنە دەرەوەی پتر لە شەش هەزار عێراقی و، ئەو كوردانەی كە لە كردەكەی كۆنگرەی نیشتمانی عیراقیدا بەشداریان كردبوو. لە گەڵ ئەوەی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای پشتیوانی سەربازی كرد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێزەكانی سەدام، كەچی سەرۆك كلینتۆن تەنیا ڕێگەی بە زنجیرەیەك هێرشدا بۆ سەر بەغدا بە موشەكی سكۆد، كە هیچ كاریگەریەكی بەسەر توانا كردەیەكانی هێزەكانی سەدامەوەنەبوو لە كوردستان. ویلیەم پێری وەزیری بەرگری، هەڵوێستی حكومەتی كورتكردەوە و وتی: (من وای دەبینم كە پێویست نیە خۆمان لە شەڕێكی ناوخۆی باكوری عێراق بئاڵێنین).
خوشم پاش خوێندنەوەی ئەو چەند دێڕە لە كتێبەكەی نوسەر"كۆن گلن" چەند شتێكی گرنگم بۆ ئاشكرابوو.
دوای داگیركردنی پارێزگای هەولێر لە بەرەبەیانی 31 ئابی ساڵی (1996) لە لایەن هێزە داگیر كەرەكانی ڕژێم بەعسی سەدامی.چەند ڕۆژێكی كەمی دوای ئەو داگیركردنەی پارێزگای هەولێر، هێزەكانی یەكێتی بە تەواوەتی هورەیان بەرداو، لە شاروشارۆچكەكانی كوردستان كشانەوە بەرەوسنوری ئێران. لە گەڵ خۆیاندا بەدەیان ئەندام دۆست و لایەنگری یەكێتی ڕایانكرد بۆ سنوری ئێران و چونە نێو خاكی ئێرانەوە.
چەند ڕۆژێكی كەمی دوای داگیركردنی هەولێر ئێوارانێكی درەنگ ئەوەی خۆی بە یەكێتی نیشمانی كوردستان دەزانی شاری كفریان بەجێهێشت بەرەوە سنوری ئێران هەڵ هاتن، بۆ بەیانیەكەی هێزە سیخوڕەكانی بەعس لە ناحێی قەرەتەپەو جەلەولا و جبارە هاتنە نێو شاری كفریەوە، ئەو هێزەی ڕژێمی بەعس چونە ماڵی حاكم "نوری سەعید" و دەرگای مەڵەكەیان شكاند و ماڵیانیان پشكنی، دوو میسری هەبون لە كفری بە ناوەكانی (مامۆستا ڕەشاد، محمەد مسری) محەمەد مسریان لە گەڵ یەكێتی ڕایكردبوو، بەڵام مامۆستا ڕەشاد لە كفری مابویەوە. ئەو هێزەی ڕژێم دوای پشكنینی ئەو ماڵە مامۆستا ڕەشادیان قۆڵەبەستكرد و لەگەڵ خۆیان بردیان و، تاوەكو ئەم چركە ساتە كەس نازانێت چی بەسەرهات ئەو مامۆستایە. دیارە مامۆستا ڕەشاد خزمەتێكی زۆری كوردی كرد لە ڕێگای وانە وتنەوە بە خوێندكارانی شارەكە. دواتر هێزەكانی ڕژێم شارەكەیان بەجێ هێشت هەتا دوانیوەڕۆ هێزە جاشەكانی پارتی هەتنە نێو شارەكەوە.
لێرەدا نهێنی ئەوەم بۆ دەركەوت كە بۆ چی هێزەكانی ڕژێم تەنها مامۆستا ڕەشادیان بردو و ماڵی ئەو حاكەمەیان پشكنی، نهێنی ئەو كارە ئەوەیە كە لە كاتی گرتنی هەولێر كاتێك هێزەكانی بەعس دەستیان گرتوەتە سەر ئەو دیكۆمینتانەی كۆنگرەی نیشتمانی عیراقی ناوی مامۆستا ڕەشاد و حاكم نوریشی تێدابووە، دواتر حاكم نوری ئەمریكیەكان لە گەڵ ئەو شەش هەزار عیراقیەدا كە سەر بە كۆنگرەی نیشتمانی عیراقی بوون بردیان بۆ ئەمریكا و ئێستاش لە ئەمریكا دەژیت. بۆیە ئێستا بۆ بەندە و هەزاران كەسی تری شاری كفری ئاشكرابوكە بۆچی ئەو هێزەی ڕژێم، تەنها ماڵی حاكم نورییان پشكنی و مامۆستا ڕەشادیشیان قۆڵ بەست كرد وسەرنگومیان كرد.
پرسیارێك لێرەدا خۆی قوت دەكاتەوە ئەویش ئەوەیە، ئاخۆ ئەو دیكۆمینتانەی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقی كە هێزەكانی ڕژێمی بەعسی سەدامی لە 31 ئابدا دەستیان كەوت چەندین مرۆڤی وەك مامۆستا ڕەشادی لە گەڵ خۆیدا ئەنفال و بێسەروشوێن كردوە؟.
لە خوێندنەوەی ئەو چەند دێڕەی سەرەوە. ئەوەمان بۆ ڕون دەبێتەوە كە خیانەتی 31 ئاب چەترێك بوو بۆ درێژەدان بە مانەوەی سەدام حوسێن و مەسعود بارزانی لە سەر كورسی دەسەڵات، ئەوكارەش هەزاران مرۆڤی كورد و عێراقی لە گەڵ خۆیدا بردە ژێر گڵەوە.
لە كۆتایدا ڕسواو شەرمەزاری بۆ خیانەتكارانی 31 ئاب و جاش قەڵەمەكانیان كە 31 ئابیان لەلا پیرۆزە.
ئەم وتارەی سەرەوە پێشكەشە بە گیانی پاكی شەهیدی قەڵەمی ئازاد(سۆرانی مامە حمە) كە بەدەستی شەم شەمە كوێرەكانی خیانتكارانی 31 ئاب شەهیدكرا.

[email protected]
سەباح عەلی قارەمان: لە شاری كفری

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە