کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا ئه‌ستێره‌ی کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ڕووی له‌ داچوونه‌؟

Wednesday, 24/02/2010, 12:00


کۆسره‌ت ره‌سوڵ هه‌ندێک خه‌ڵک به‌ پیشمه‌رگه‌ی ڕۆژانی سه‌ختی داده‌نێن و هه‌ندێکی تر ده‌ڵێن که‌سێکه‌ که‌ هه‌میشه‌ ده‌رگای کراوه‌یه‌ بۆ هاوکاریکردنی خه‌ڵک و له‌وانه‌یه‌ ئه‌وانه‌‌ راستیه‌کی زۆریان تێدا بێت و ئه‌م که‌سایه‌تیه‌ پیاوێکی عه‌سکه‌ری ئازا بووه‌ و له‌ ڕۆژانی سه‌ختدا چۆنایه‌تی سه‌رکرده‌یه‌کی نه‌ڕوخاو و پته‌وی نیشان داوه‌. کۆسره‌ت که‌سایه‌تیه‌که‌ که‌ وه‌ک مرۆڤ خاوه‌ن خه‌سڵه‌تی کۆمه‌ڵێک پره‌نسیپ بووه‌ و هه‌تا ئێستا دوور بووه‌‌ له‌ خیانه‌تکردن له‌ میلله‌ت و به‌ گشتی مامه‌ حه‌مه‌یی بۆ سکرتێری حزیبه‌که‌ی نه‌کردووه‌ وه‌ک زۆر له‌ ئه‌ندامانی حیزبه‌که‌ی. که‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی سیفاتی چاکن له‌ سه‌رکرده‌دا بن و به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی له‌خۆی کۆکردۆته‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌و ئیمتیازتانه‌ی که‌ ده‌یداته‌ خه‌ڵک و له‌ ژیانیدا کابرایه‌کی به‌خشنده‌یه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌خشنده‌یی سیفه‌تێکی باشه‌، به‌ڵام خۆی له‌ خۆیدا ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات که‌ کۆسره‌ت هه‌ر به‌ شێوه‌ی عه‌شایرانه‌ سیستمی حوکم به‌ڕێوه‌ ده‌بات و هیشتا ئه‌و له‌ ڕێگای پاره‌ به‌خشینه‌وه‌ و چاکه‌ کردن، جمهور بۆ خۆی په‌یدا ده‌کات و هه‌ڵبه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پاره‌ و چاکه‌کردنانه‌ش شتێکی بێ گومانه‌ که‌ پاره‌ی میلله‌ته‌ و له‌سه‌ر حسابی میلله‌تیشه‌ و ئه‌مڕۆ به‌ هه‌مان شێوه‌ زۆربه‌ی سه‌رکرایه‌تی کورد پاره‌ به‌ شێوه‌ی (مه‌کره‌مه‌) ده‌به‌خشنه‌وه‌.

ئینکاری ناکرێت که‌ کۆسره‌ت خۆشه‌ویستی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ جه‌ماوه‌ری دروست کردووه‌ له‌ ناو کوردستاندا و شوێنیکی بۆ خۆی دروست کردووه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ ڕێبازێکی تایبه‌ت یان ئایدۆلۆژیایه‌کی ڕوون بخاته‌ ڕوو جگه‌ له‌و چاکه‌ و پاره‌ به‌خشینه‌وه‌ی ده‌یکات. مرۆڤ زۆر جار پرسیاری سه‌باره‌ت به‌و که‌سایه‌تیه‌ له‌لا که‌ڵه‌که‌ ده‌بێت، ئایا کۆسره‌ت بروای به‌چی هه‌یه‌؟ ئایا ده‌یه‌وێت داهاتووی کوردستان به‌ره‌و کوێ بروات؟

کۆسره‌ت جگه‌ له‌و سیفه‌تانه‌ی که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسکرا، هه‌میشه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی هێز و ده‌سه‌ڵات، سوودێکی زۆری له‌ کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتیمانی وه‌رگرتووه‌. له‌ کاتێکدا که‌ جه‌مسه‌ری مام جه‌لال و جه‌مسه‌ره‌که‌ی نه‌وشیروان دوو خه‌تن که‌ له‌ ڕۆژانی سه‌ره‌تای دروستبوونی یه‌کێتیه‌وه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تی داڕشتنی ئه‌و حیزبه‌دا به‌رجه‌سته‌ کراوه‌ و له‌ شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ و ئیداره‌ی حیزبدا دوو که‌سایه‌تی جیاواز بوون و ده‌توانرێت دوو ئایدۆلۆژیا و ڕێبازی جیاوازی حوکم به‌ ئاشکرا له‌و دوو که‌سه‌یه‌تیه‌دا ببینرێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا کۆسره‌ت ئایدۆلۆژیا و فکره‌یه‌کی ڕوون نیه‌ له‌ پشتیه‌وه‌ جگه‌ له‌ سوود وه‌رگرتن له‌و کێشه‌یه‌ی که‌ که‌وتۆته‌ نێوان ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌. ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌ش دوو قوتابخانه‌ن له‌ سه‌ره‌تاوه‌ جیاوازی له‌ نێوانیاندا هه‌ر هه‌بووه‌ و نوێنه‌ری هه‌ردوو حزیزبی کۆمه‌ڵه‌ و هێڵی گشتی بوون، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تاوه‌ و له‌و کاته‌ تایبه‌تیه‌دا کۆمه‌ڵێک خاڵی هاوبه‌شیش هه‌بووه‌ له‌ نێوانیاندا که‌ بووه هۆی دروستبوونی یه‌کێتی له‌ 1976.

له‌به‌ر چۆنایه‌تی بناغه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی کۆسره‌ت‌ ده‌بینیت هه‌میشه‌ که‌ کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی قووڵ بووه‌ته‌وه‌ و دوو جه‌مسه‌ره‌که‌ له‌یه‌ک دوور که‌وتوونه‌ته‌وه‌، کۆسره‌ت ئه‌و هه‌له‌ی قۆستۆته‌وه‌ و چه‌ند پله‌یه‌ک ده‌سه‌ڵاتی خۆی زیاد کردووه‌ و جێ پێی خۆی توند تر کردووه‌ و هه‌تا ئه‌م دواییه‌ش به‌ سوود وه‌رگرتنه‌ له‌و کێشه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی پێ زیادکردووه‌. جگه‌ له‌وه‌ش کۆسره‌ت که‌سێکی ستراتیجی و دووربین نیه‌، زیاتر پلانه‌کانی رۆژانه‌ن و نه‌یتوانیوه‌ جگه‌ له‌ به‌هێزکردنی پێگه‌ی ئابووری خۆی، بتوانێت کار بۆ داهاتووی پێگه‌ی سیاسی خۆی بکات و هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ کۆسره‌ت له‌ بنه‌ڕه‌تدا ته‌نها که‌سایه‌تیکه‌ و قوتابخانه‌یه‌ک یان جه‌مسه‌رێکی تایبه‌تی فکری نه‌بووه‌.

ئه‌وه‌بوو ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر پێش هه‌ڵبژاردنی پیشوو و سه‌ره‌تای دروستبوونی گۆران، ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی وازهێنانی کرد له‌ مام جه‌لال و ئه‌وه‌بوو مام جه‌لالیش چه‌ند ئیمتیازاتێکی دایه‌ و ئه‌ویش دیسان وه‌ک ویستی خۆی پێگه‌که‌ی خۆی به‌هێز کرد و به‌و جۆره‌ هه‌میشه‌ هه‌ره‌شه‌ی کۆسره‌ت پشتی به‌وه‌ به‌ستووه‌ که‌ ده‌توانێت جه‌مسه‌ری مام جه‌لال به‌جێبهێڵێت و بچێته‌ لای نه‌وشیروان. ئه‌مه‌ش هه‌تاوه‌کو ئه‌م نزیاکانه‌ کاری خۆی کردووه‌، به‌ڵام له‌م دواییه‌دا تۆزێک کێشه‌ که‌وته‌ نێوان کۆسره‌ت و نه‌وشیروان، له‌سه‌ر بابه‌تێک که‌ نه‌وشیروان بڵاوی کردبووه‌ و بۆ کۆسره‌ت وا ده‌رده‌که‌وت که‌ نه‌گونجاو بوو ده‌رهه‌قی. ئه‌وه‌بوو ئه‌ویش له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی یه‌کێتی وه‌ڵامێکی توندی نه‌وشیروانی دایه‌وه‌ به‌ڵام هه‌تاوه‌کو ئێستا نازانرێت ئایا نه‌وشیروان به‌ مه‌به‌ست ئه‌وه‌ی کرد و ویستی ئه‌و کارته‌ی ده‌ستی کۆسره‌ت بسووتێنێت و مه‌سه‌له‌که‌ یه‌کلایی بکاته‌وه‌ یان ئه‌و نووسینه‌ هه‌ر به‌شێک بوو له‌ ستایه‌ڵی نووسینی نه‌وشیروان که‌ هه‌ندێک که‌س ده‌رهه‌قی سه‌رکرده‌کان، به‌ زبری له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ بۆ هه‌موان ڕونه‌ کۆسره‌ت کارته‌که‌ی وه‌ک جاران ناتوانێت به‌کاربهێنێت و مام جه‌لال خۆی یه‌کلایی کردۆته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ نه‌وشیروان و ده‌زانێت نه‌وشیروان بۆ هه‌تایی یه‌کێتی به‌جێهیشت و مام جه‌لال بڕیاری خۆی داوه‌ که‌ ببێته‌ "سید الرئیس" و نایه‌وێت چیتر که‌س له‌ ناو یه‌کێتیدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک بتوانێت له‌ قسه‌ی ده‌ربچێت و حیزبه‌که‌ی ده‌کاته‌ حیزبی خۆی و کۆمه‌ڵێک براده‌ریشی له‌ سه‌رکردایه‌تی بۆ جوانی داناوه‌. چونکه‌ بۆ ئه‌و نه‌وشیروان یه‌کلابووه‌وته‌وه‌ و ده‌زانێت که‌ ئه‌مڕۆ هاوکێشه‌ی‌ یه‌کگرتنی کۆسره‌ت و نه‌وشیروان له‌ جاران زۆر زه‌حمه‌ت تره‌ و له‌و لاشه‌وه‌ پارتی گورزی خۆی وه‌شاند و پۆستی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆکی حکومه‌تی لێ وه‌رگرته‌وه‌ و مام جه‌لالیش بێ گومان ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی پارتی پێ خۆشه‌ و به‌وجۆره‌ش کۆسره‌ت له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌سه‌ڵاتی ڕووی له‌ کزی کردووه‌ و به‌ دڵنیایی له‌ مه‌ودای کورتدا ئه‌ستێره‌ی ڕووی له‌ داچوونه‌. کێشه‌که‌ش له‌وه‌دایه‌، هه‌موو سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی و پارتی ده‌زگای تایبه‌تی میدیان هه‌یه‌ که‌ داکۆکیان لێ بکات. بۆ نموونه‌ زۆربه‌ی ده‌زگاکانی میدیای یه‌کێتی بۆ مام جه‌لاله‌، خه‌ندان و رۆنامه‌ی ئاسۆ بۆ به‌رهه‌م ساڵحه‌، مه‌سعود و نێچیروانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌زگاکانی پارتیان به‌ش کردووه‌ و نه‌وشیروانیش هه‌موو ده‌زگای وشه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و ڕۆژ به‌ ڕۆژ به‌هێزتر ده‌بێت. به‌ڵام کێشه‌که‌ی کۆسره‌ت له‌وه‌دایه‌ که‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆ ده‌زگایه‌کی میدیایی نیه‌ که‌ داکۆکی لێ بکات و پێگه‌که‌ی به‌ پته‌وی بهێڵێته‌وه‌. به‌وجۆره‌ش ئه‌مڕۆ کزی و بێده‌نگیه‌ک له‌ کۆسره‌تدا به‌ ئاشکرا به‌رجه‌سته‌ ده‌کرێت، که‌ ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی باری ده‌روونی خۆیه‌تی و نازانێت له‌م هاوکێشه‌ نوێیه‌دا چۆن جارێکی تر خۆی به‌هێز بکاته‌وه‌ و کارته‌کانی وه‌ک جاران ناتوانێت به‌کاربهێنێت و له‌ چه‌ند لایه‌که‌وه‌ سیاسیانه‌ زامدار کراوه‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌م جه‌نگه‌ڵی سیاسه‌ته‌ی ئه‌مڕۆی کوردستاندا، کۆسره‌ت باری له‌ لێژیدایه‌ و ئه‌گه‌ر تا چه‌ند ساڵێکی تر ته‌ندروستی مام جه‌لال بواری ئه‌وه‌ بدات که‌ حوکم بکات و کۆسره‌ت له‌و باره‌ی ئه‌مڕۆدا بمێنێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتی زیاتر ڕوو له‌ کزبوون ده‌کات. هه‌رچه‌نده‌ سیاسه‌ت له‌ گۆڕانێکی هه‌میشه‌یدایه‌ و سیاسه‌تی کوردستان له‌ بارێکی ناجێگیریدایه،‌ به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان وا نیشان ده‌ده‌ن که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌لو مه‌رجه‌ی که‌ باسکرا به‌رده‌وام بێت ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ کۆسره‌ت به‌ ته‌واوی له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا پان بکرێته‌وه‌ و له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا ئه‌ویش به‌ وێنه‌ی حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمود کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی هه‌ر له‌ ده‌ور بمێنێت، به‌ڵام چیتر ناتوانێت کاریگه‌ریی جدی له‌سه‌ر ڕه‌وت و ئاڕاسته‌ی گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان هه‌بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە