کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا به‌شداریکردنی لیستی گۆڕان به‌ جیا له‌به‌رژه‌وه‌ندی کێیه‌؟

Tuesday, 02/02/2010, 12:00


ماوه‌یه‌که‌ مه‌سه‌له‌ی به‌شداریکردنی لیستی گۆران به‌ لیستێکی ته‌نها بووه‌ته‌ مایه‌ی مشتومڕێکی زۆر و به‌تایبه‌تی دوو حیزبه ‌گه‌وره‌که‌ی کوردستان زۆر به‌ ترسناک له‌ قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی لاوازبوونی لیستی کوردستانی له‌ به‌غدا و ئه‌مه‌ش بێگومان مه‌ترسیه‌ و زۆرجار خه‌ڵکی خستۆته‌ حاڵه‌تێکی پرسیارکردن و زۆر که‌س دژیه‌تی و هه‌ندێکیش له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌وقیفه‌ی لیستی گۆراندایه‌. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌درێت بزانرێت ئایا زه‌ره‌ر و قازانجی به‌ جیا دابه‌زینی ئه‌و لیسته‌ چیه‌. جا پێش ئه‌وه‌ی که‌ تیشک بخرێته‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ با تۆزێک بگه‌ڕێینه‌وه‌ دواوه‌ و سه‌رنج له‌ چه‌ند شتێک بده‌ین.
یه‌کێک له‌ ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌کانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئیسرائیله‌، ئیسرائیلیش وڵاتێکی بچووکه‌، ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی له‌ ساڵی 2009 دا ته‌نها 7.4 ملیۆنه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش 20% ی عه‌ره‌به‌. ئه‌م وڵاته‌ بچووکه‌ گه‌وره‌ترین کاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی جیهان هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ کاتێکدا که‌ هه‌موو ڕۆژێک له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆ له‌ ژێر مه‌ترسی هێرشی ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌کاندا بووه‌، هه‌رگیز بنه‌ما دیموکراسیه‌کانی نه‌دۆراندووه‌. ئیسرائیل زۆر به‌ ئاسانی وه‌ک وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌کان که‌ زۆر جار میلله‌ته‌کانیان به‌ مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستینه‌وه‌ سه‌رقاڵ کردووه‌ و زۆر جار ئه‌وه‌ به‌ به‌هانه‌ی نه‌کدرنه‌وه‌ی دیموکراسی دادانێن، ئه‌ویش ده‌یتوانی ئه‌وه‌ی بکردایه‌، به‌ڵام نایکات. چونکه‌ بناغه‌ و به‌هێزی ئیسرائیل له‌ دیموکراسی بوونیدایه‌. دیموکراسی گه‌وره‌ترین سامانه‌ که‌ میلله‌ت ببێته‌ خاوه‌نی، چونکه‌ که‌ میلله‌ت په‌یڕه‌وی سیسته‌می دیموکراسی کرد، تواناکانی ده‌که‌ونه‌ ڕوو و خه‌ڵکی شیاو بۆ کاری شیاو دێته‌ پێشێ.
جا ئایا ئه‌گه‌ر کوردستان وڵاتێکی دیموکراسی بوایه‌، عومه‌ر فه‌تاحی قبوڵ ده‌کرد به‌ سه‌رۆک وه‌زیران؟ به‌مه‌رجێک عومه‌ر فه‌تاح نه‌ک حکومه‌ت به‌ڵکو توانای به‌ڕێوه‌بردنی نووسینه‌گه‌یه‌کی لاکۆلانیشی نیه،‌ ئه‌گه‌ر پشتگیری نه‌بێت. به‌ڵام که‌ دیموکراسیه‌ت به‌رپا بوو بێگومان هه‌ر پشتگیریکردن ڕۆڵی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام خه‌ڵک هێنده‌ توانای ده‌بێت که‌ عومه‌ر فه‌تاح قبوڵ ناکات. ئه‌وه‌تا له‌وه‌ته‌ی لیستی گۆران هاتۆته‌ کایه‌وه‌، حکومه‌ت سه‌ره‌رای ئه‌و که‌موکوڕیه‌ زۆره‌ی به‌ڵام که‌وتۆته‌ خۆی و چیتر نه‌یتوانی عومه‌ر فه‌تاح له‌و شوێنه‌دا بهێڵێته‌وه‌. لێره‌دا مه‌‌به‌ست له‌ هینانه‌وه‌ی عومه‌ر فه‌تاح وه‌ک نموونه‌، ته‌نها خستنه‌ ڕووی ناله‌باری سیستمی به‌حیزبیکردنی حکومه‌ت و نادیموکراسی بوونه‌، ده‌نا ئه‌مڕۆ له‌ کوردستاندا زۆر عومه‌ر فه‌تاحی تر هه‌ن و له‌ژیر باڵی حیزبه‌کاندا پاریزراون.
هاوکیشه‌که‌ زۆر روونه‌، له‌ ناو سیستمی دیموکراسیدا، مونافه‌سه‌ی سیاسی هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا و به‌وجۆره‌ له‌و مونافه‌سه‌یه‌دا خراپ و باش روونتر به‌رچاو ده‌که‌ون. جا دیموکراسی بوون له‌ سیستمی ئابووریشدا زۆر باش ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌، ئه‌و میلله‌تانه‌ی که‌ خاوه‌ن سیستمی دیموکراسین، به‌ گشتی ئابووریان زیاتر له‌ گه‌شه‌سه‌ندندایه‌ وه‌ک له‌ سیسته‌مه‌ دیکتاتۆره‌کان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ مونافه‌سه‌یه‌کی ئابووری روو ده‌دات له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا و به‌وجۆره‌ بازاڕ قۆرخ ناکرێت بۆ چه‌ند که‌سێک و به‌وشوه‌یه‌ی که‌ له‌ ئێستا له‌ کوردستاندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت که‌ زیاتر بازاڕ به‌ڕه‌ڵایه‌ وه‌ک له‌ وه‌ی بازاڕی ئازاد بێت. چونکه‌ بازاڕی ئازاد بازاڕێکه‌ له‌ چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵێک ڕێسادا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و مانای ئازادیه‌ک ناگه‌یه‌نێت که‌ به‌ره‌لا بکرێت و یاسایه‌کی ڕوون و ئاشکرا به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌ی تیدا نه‌پاریزێت ،وه‌ک کوردستان و سه‌رمایه‌کان ته‌نها له‌ ده‌ست چه‌ند که‌سانێکی سه‌ربه‌خۆیاندا بێت. جا با زیاتر له‌ بابه‌ته‌که‌ دوور نه‌که‌وینه‌وه‌ و با بێینه‌وه‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی لیسته‌کان.

باشه‌ لیستی کوردستانی بۆچی گرنگه‌ له‌ به‌غدا به‌هێز بێت؟
یه‌کێک له‌ مه‌سه‌له‌ گرنگه‌کان که‌ لیستی کوردستانی ده‌بێت زۆرترین هه‌وڵی بۆ بدات مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک و ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانه‌. ئه‌وا نزیکی چه‌ند ساڵێکه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ له‌ ناو میدیادا، به‌لام لیستی کوردستانی زۆر جار وه‌ک دوو لیست خۆی نیشان ده‌دات. بۆ نموونه‌، ئه‌وه‌ پێنج ساڵێکه‌ مام جه‌لال بانگهێشت بۆ به‌ برۆکسلکردنی سیستمی به‌ریوه‌بردنی که‌رکوک ده‌کات، بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لیست و گه‌ل و په‌رله‌مان و بێ ئه‌وه‌ی نه‌ خۆی نه‌ میلله‌ت بزانێت به‌برۆکسلکردنی که‌رکوک چیه‌، ئایا هه‌تاوه‌کو ئیستا ئه‌ندامانی حیزبه‌که‌ی، لیستی کوردستانی گه‌ڵی کوردستان ده‌زانێت به‌ برۆکسلکردنی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی که‌رکوک چۆنه‌؟ یان هه‌ندێک جار باس له‌ دانانی فیدراڵیه‌تێکی تایبه‌ت ده‌کات بۆ که‌رکوک، دیسان بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ گه‌ل، په‌رله‌مان، حیزب یان لیست. ئه‌مه‌ کێشه‌ی نا دیموکراسی بوون‌ و په‌یره‌ویکردنی دیکتاتۆریه‌ته‌. تاکه‌ زه‌لامێک مافی به‌خۆی داوه‌ که‌ به‌ ئاره‌زووی خۆی مامه‌ڵه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسه‌کانی میلله‌تێکه‌وه‌ بکات بێ گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌ بۆ‌ لیست، نه‌ حیزب، نه‌ په‌رله‌مان و نه‌ گه‌ل، به‌وجۆره‌ش ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی بێهێزبوونی میلله‌ته‌.
ئه‌مڕۆ دوو حیزبه‌که‌ ده‌یانه‌وێت دیسان خۆیان ببنه‌وه‌ به‌ تاقه‌ نوێنه‌ری کوردستان و به‌وجۆره‌ش ئه‌ندامانی لیستی گۆڕان ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کیشیان هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی چاره‌نووسانه‌ی گه‌له‌که‌مان، نه‌توانن باسی بکه‌ن چونکه‌ پاشاکان بڕیاریان لێداوه‌.

ده‌رئه‌نجام
هه‌ر وه‌ک له‌سه‌ره‌وه‌ باسکراوه‌ لیستی کوردستانی به‌هۆی بێ چاودێری و نادیموکراسی بوونی حکومه‌‌‌تی کوردستانه‌وه‌، لیستێکی ته‌مه‌ڵه‌ و زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌کانی هێنده‌ی سه‌رقاڵی گۆڕینی مۆدیلی ئۆتۆمبیله‌که‌یانن، نیوه‌ی ئه‌وه‌ بیر له‌ مه‌سه‌له‌ گرنگه‌که‌نای میلله‌ته‌که‌یان ناکه‌نه‌وه‌، به‌ شیوه‌یه‌ک لیستی کوردستانی له‌ خاوه‌ندارێتی حکومه‌تی عێراقه‌‌وه‌، ئیستاکه‌ بوو‌ته‌ تۆپێکی بچکۆله‌ که‌ مالیکی له‌ به‌غدا یاریان پی ده‌کات.
جا ئه‌گه‌ر لیستێکی کوردی هه‌بێت و عه‌یب و عار و راستیه‌کان بۆ میلله‌ت بخاته‌ روو، ئه‌و کاته‌ لیستی کوردستانی له‌ ژیر فشاردا له‌وانه‌یه‌ له‌و خه‌وه‌ قوڵه‌ی خه‌به‌ری بێته‌وه‌ و هه‌تاوه‌کو لیستی گۆرانیش له‌ به‌غدا بوونی هه‌بێت، جارێکی تر نه‌توانێت هێنده‌ به‌ قوڵی لێی بخه‌وێت و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی که‌ بۆی دانراوه‌ که‌ به‌ ئه‌نجامی بگه‌یه‌نێت پشت گوێی نه‌خات.
که‌واته‌ هه‌روه‌کو له‌ سه‌ره‌وه‌ روونکرایه‌وه‌، هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆ لیستی کوردستانی یه‌ک ڕیز نه‌بووه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسه‌کاندا و ئه‌مرۆش باسکردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌کان ته‌نها فێڵ و پاشقولێکی تره‌ که‌ ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر حیسابی که‌رکوک و خاکی کوردستان له‌ خه‌ڵکی بگرن

به‌ڵێ، هه‌موو لیکدانه‌وه‌ سیاسیه‌کان وای نیشان ده‌ده‌ن که‌ بوونی لیستێکی تری کوردی له‌ به‌غدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌که‌مانه‌ به‌مه‌رجێک که‌ ئه‌و لیسته‌ سازش له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسیه‌کانی میلله‌ته‌که‌مان‌ نه‌کات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی. هه‌رچه‌نده‌ سیاسه‌ت باری نیه‌ به‌لام لیستی گۆران وه‌ک لیستێک که‌ به‌ دڵ و ڕۆحی خه‌ڵک پێکهێنراوه‌ و پاره‌ داینه‌ڕشتووه‌، زۆر زه‌حمه‌ته‌و بگره‌ موسته‌حیلیشه‌ کاره‌کانی له‌به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌که‌ماندا نه‌بێت جگه‌ له‌وه‌ش مونافه‌سه‌ی نێوان دوو لیست بێگومان کورد به‌هێزتر ده‌کات له‌ به‌غدا. ده‌با ئیتر خۆمان یه‌کلا بکه‌ینه‌وه‌ و چیتر قسه‌ی زل و درۆی ئه‌و دوو حیزبه‌ سڕمان نه‌کات و به‌ڵگه‌کان زۆرن که‌ بۆمان ڕوون بکه‌نه‌وه‌ ئه‌وان تا ئێستا شایه‌نی نوێنه‌رایه‌تی میلله‌ت نین له‌ به‌غدا و چیتر گوێ له‌و سه‌ردێڕه‌ درۆو ده‌له‌سه‌یه‌ نه‌گرین که‌ ده‌ڵێت، دابه‌زینی کورد له‌ به‌غدا به‌ چه‌ند لیستێک له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد نیه‌.
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە