تكایه‌كی كراوه‌ بۆ به‌رێزان جه‌نابی مام جه‌لال جه‌نابی كاك نه‌وشیروان

Thursday, 07/01/2010, 12:00


برا خوشه‌ویسته‌كانی دوێنێ‌ ، شۆرشگێره‌ به‌ ئه‌مه‌ك و به‌ ئه‌زموون و خۆنه‌ویسته‌كانی دوێنێ ، ئێوه‌ هه‌رده‌م له‌ لووتكه‌ی به‌رزی خه‌باتدا بوون ، جا به‌ هه‌ر بیرو بۆچوونێك بووبێت مه‌به‌ستتان سه‌ركه‌وتنی میلله‌تی كورد بووه‌ ، پێشڕه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین شۆرشی گه‌له‌كه‌مانتان كردووه‌ كه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بووه‌ ، جێگه‌ی سه‌رنجی دۆست و دوژمنان ببونه‌و ده‌یان پیلانی نامه‌ردانه‌تان له‌ دژ داده‌نرا گه‌ر نه‌بووبان كه‌س له‌ بیری نه‌ده‌بوون پیلانتان له‌ دژ دابنێن و رۆژانی سه‌خت و دژوارتان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ڕێ كرد ، چه‌ندین درووشمی وه‌ك (كێتان ده‌وێ‌ له‌كوردان مام جه‌لال و نه‌وشیروان) تان به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌درا ، ئومێدی سه‌ركه‌وتن له‌ چاوی ئێوه‌ی به‌رێزو هاوڕێكانتان و شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كان ده‌بینراو گه‌ر په‌ره‌ی مێژووی كورد هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ سه‌یرده‌كه‌ین سه‌ره‌تا تۆكمه‌و له‌ كۆتاییشدا په‌رش و بڵاو و بێ هێزو زۆر كات گاڵته‌ به‌ رابردوومان ده‌كه‌ین ، كه‌چی دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌ .
كه‌ شۆرشی نوێ‌ ده‌ستی پێكرد نه‌ به‌رچاو روونی سه‌ركه‌وتن هه‌بوو نه‌ رۆشنبیری ئه‌وتۆ هه‌بوو كه‌چی رۆژ له‌ دوای رۆژ پیرۆزی شۆرشی نوێ و میلله‌ته‌كه‌مان له‌ دره‌وشانه‌وه‌دا بوو وه‌كو (ی ن ك) ره‌چه‌شكێنی تاكڕه‌وی بوو ئه‌م سێ هێزه‌ی كه‌ (ی ن ك) یان درووست كرد سێ بیرو بۆچوونی جیا له‌ یه‌كترو سێ شوناسنامه‌ی جیا كه‌چی یه‌كێك له‌ داهێنانه‌ جوانه‌كانی تری (ی ن ك) یه‌كتر قبوڵكردن بوو كه‌ له‌ مێژوودا گیرۆده‌ی یه‌كتر قبوڵنه‌كردن بووین !!؟
سه‌یره‌ له‌سه‌رده‌می گه‌نج و لاوی له‌ عه‌قڵی پڕ ته‌وژمی غه‌ریزه‌كان یه‌كتر قبوڵبكه‌ن و له‌سه‌رده‌می پیری نه‌ك په‌نجه‌كان یه‌كتر ده‌شكێنن ، به‌ڵكو خه‌ریكه‌ باسك و بازوه‌كان یه‌كتر وردو خاش ده‌كه‌ن و خه‌ریكه‌ عه‌قڵی كورد ده‌چێته‌ ده‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌ی عه‌قڵیان له‌سه‌ر په‌لاپیتكه‌ی تفه‌نگه‌كانه‌و عه‌قڵی دیبلۆماسی ده‌هاڕن .
من وه‌كو برا شه‌هێدێك له‌ خه‌یاڵی جوان و قه‌شه‌نگی پیرۆزی شۆرش و رابردوو ده‌ژیام و نوقمی پیرۆزییه‌كانی سه‌ركه‌وتنه‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانی (ی ن ك) بووم كه‌چی خه‌ریكه‌ هه‌رچی پیرۆزییه‌ له‌لام ناپیرۆز ده‌بن و هه‌رچی كه‌ گوتراوه‌ و كه‌ گوتومه‌ لێی په‌شیمان ببمه‌وه‌ ، چونكه‌ ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌رگاتان له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك ناحه‌ز كرده‌وه‌ كه‌ ته‌راتێن به‌ناو رابردووه‌كانماندا بكه‌ن و ئاوه‌ژووی بكه‌نه‌وه‌ و مه‌رامه‌ گڵاوه‌كانیان به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن و پێمان بڵێن نه‌مان ووت ئێوه‌ به‌دوای كڵاوی بابردوو كه‌وتبوون و خۆتان لێ ون بووه‌ ؟!!
ئه‌وه‌ی قبوڵمان كرد له‌ ژیانمان (زیاندان به‌خێزانه‌وه‌ ، ده‌ربه‌ده‌ری ، دڵه‌ راوكێ‌ ، تێهه‌ڵدان ، ماڵ داگیركردن ، شه‌هید به‌خشین ، هه‌ژاری) و چه‌ندین ئاخ و كه‌سه‌ری دیكه‌ ، به‌ڵام هه‌رگیز قبوڵمان نییه‌ رابردوه‌كانمان پێشێل بكه‌ن و وا هه‌ست بكه‌ین كه‌ ئێمه‌ گێل و خه‌ڵكانی دژ به‌ شۆرش راست !!
له‌ كۆتاییدا ، تكایه‌ ..تكایه‌ ..
داواكارم هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن راگرن و با ڕه‌وته‌كه‌ ناشرینتر نه‌بێت ، زیاتر زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بین و به‌چاوی پڕ فرمێسك و به‌به‌رگی خوێناوی شه‌هیده‌كانم دێمه‌ خزمه‌تتان و ده‌پارێمه‌وه‌ كه‌ په‌ڕه‌ی رابردوو هه‌ڵنه‌ده‌نه‌وه‌و كورد ووته‌نی (به‌دو چووان مه‌چۆ) با خه‌باتمان تۆزێك خه‌باتی مه‌ده‌نی بێت و چه‌واشه‌كاری له‌گه‌ڵا یه‌كتری نه‌كه‌ین و كێ كارده‌كات و خزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌ی ده‌كات ، با گه‌ل بڕیارده‌ربێ و ئاگامان له‌م هه‌موو پیلانانه‌ی ده‌رو دراوسێ و ناوه‌خۆ بێت كه‌ له‌ دژمان ده‌كرێن و به‌رێوه‌ن و (خۆخۆری مایه‌ی رزینه‌) .
له‌گه‌ڵ رێزو پارانه‌وه‌ ...

دیار ساڵح موفتی
برای شه‌هید شه‌هریار


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە