کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لیستی گۆڕان و هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق

Sunday, 07/03/2010, 12:00


ڕۆژی 7/3 هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ست پێئه‌کات به‌به‌شداری 6172 پاڵێوراو كه‌ له‌لایه‌ن 165 قه‌واره‌و 12 هاوپه‌یمانێتیه‌وه‌ پاڵێوراون، وه‌ ئه‌م لایه‌ن و قه‌وارانه‌‌ پێشبرکێ ده‌که‌ن له‌سه‌ر 325 کورسی بۆ‌ په‌رله‌مانی عێراق. وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ عێراقدا 19ملیۆن كه‌س مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌یه، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ملیۆنێك ‌و 900 هه‌زار عێراقیی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات که‌ له‌ 16 وڵاتی‌ جیهاندا مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌یه.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵبژاردنه‌ له‌مێژووی‌ عێراقدا، وه‌ بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌تێیچووه‌‌ زیاتر له‌‌ دوو ملیار دۆلاره‌، وه‌ ئه‌مه‌ له‌دوای زیاتر له‌ حه‌وت ساڵ دێت به‌سه‌ ڕوخانی ڕژێمی سه‌دامدا، وه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ هێشتا ئه‌مه‌ریكا نزیکه‌ی 100 هه‌زار سه‌ربازی‌ هه‌یه له‌عێراقدا. ‌
لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌کان زیاتر دابه‌شبوون به‌سه‌ر دووبه‌ره‌دا به‌شێکیان‌ ئێران پشتیوانیان لێ‌ئه‌کات وه‌ به‌شێکی تریشیان ئه‌مه‌ریکا، وه‌هه‌ر به‌م پێ‌یه‌ش وڵاتانی عه‌ره‌بی و دراوسێ‌ی عێراق به‌پێی دوروی و نزیکیان له‌ ئه‌مه‌ریکا و ئێرانه‌وه‌ پشتگیری له‌و‌ قه‌وارانه ئه‌که‌ن که‌پێیان باشه‌، وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پاره‌یه‌کی زۆریان خستۆته‌ به‌رده‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ که‌ سه‌ربه‌خۆیانن. به‌پێی وته‌ی ستروان سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئه‌وروپی بۆ عێراق‌ بڕی ئه‌و پارانه‌ی که‌ ئێران داویه‌تی به‌لایه‌نگرانی خۆی ده‌گاته‌ ملوێنه‌ها دۆلار.
زۆرێک له‌ عێراقیه‌کان پێیان وایه‌ هه‌ڵبژاردن ته‌نها گه‌مه‌یه‌که‌ به‌ویستی ئه‌مه‌ریکا بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌ داگیرکردنه‌که‌ی، که‌ به‌ هۆی ئه‌م داگیرکردنه‌وه‌‌ عێراق بۆته‌ گۆڕه‌پانی گه‌وره‌ترین گه‌مه‌ی سیاسی وڵاتانی جیهان و ناوچه‌که‌ و زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌کیش تا ئێستا میلله‌تانی عێراق بوون‌.
لێره‌دا پێوویسته‌ ئه‌وه‌ بگوترێ که‌ له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری به‌عسه‌وه‌ حوکمڕانه‌ نوێیه‌کان نموونه‌یه‌کی باشی حوکمیان پێشکه‌ش نه‌کردووه‌، به‌درێژای ئه‌م ماوه‌یه‌ عێراق زیاتر به‌ره‌و سیستمی خێڵایه‌تی و مه‌زهه‌بی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، وه‌ به‌رپرسه‌ نوێیه‌کان زیاتر خه‌ریکی گیرفان پڕکردن بوون، وه‌ سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته‌ له‌لایه‌ن ئه‌مانه‌وه‌ تائێستا تاڵان ئه‌کرێت و به‌هۆیه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک سه‌رمایه‌داری سیاسی دروست بوون که‌ ته‌نانه‌ت ئاسه‌واره‌کانیشیان تاڵانکردوه‌ و فرۆشتویانه‌، له‌به‌رامبه‌ردا زۆربه‌ی خه‌ڵکی عێراق له‌ بارودۆخێکی هه‌ژاری وپڕ له‌ترس و دڵه‌ڕاوکێدا ئه‌ژین، ئه‌مه‌ و هێنانی خواردنی ئێکسپایه‌ر، نه‌بوونی خه‌سته‌خانه‌ و چاودێری ته‌ندروستی گونجاو وای کردووه‌ که‌ ڕێژه‌ی درێژی ته‌مه‌ن له‌ 68 ساڵه‌وه‌ دابه‌زێت بۆ 48 ساڵ(به‌پێ‌ی ڕاپۆرتی ڕێراوه‌ی ته‌ندروستی جیهانی). هه‌ر بۆیه‌ش زۆرێک له‌ عێراقیه‌کان دڵخۆش نین به‌م هه‌ڵبژاردنه‌و پێیان وایه‌ هه‌مان سیناریوی رابردوو دوباره‌ ئه‌بێته‌وه‌.

له‌ کوردوستاندا که‌ به‌ نموونه‌ی دیموکراسی دائه‌نرا له‌ناوچه‌که‌دا، بۆچوونی خه‌ڵک به‌رامبه‌ر هه‌ردوو پارتی حوکمڕان که‌ 19 ساڵه‌ له‌سه‌ر حوکمن به‌هه‌مان شێوه‌ گۆڕاوه‌‌، ئه‌مانه‌ دوای ئه‌وه‌ی سامانی میلله‌تیان که‌وته‌ ده‌ست، پشتیان کرده‌ میلله‌ت و بوونه‌ سه‌رمایه‌داری سیاسی؛ هه‌روه‌ها ده‌ستیان خسته‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیانه‌وه‌، هه‌رچی موئه‌سه‌ساتی مه‌ده‌نی هه‌یه‌ کردیان به‌حیزبی، هه‌رچی موڵکی گشتی‌یه‌ له‌سه‌ر خۆیانیان تاپۆکرد،‌ هه‌رچی که‌سوکاری نزیکی خۆیانه‌ له‌پۆسته‌ گرنگه‌کاندا دایان نان، سیستمی خوێندنیان تێکدا، ڕزگارکردنی ناوچه ناکۆکه‌کان ‌له‌بیر کردوو که‌وتنه‌ هه‌وڵی پارێزگاریکردن به کورسیه‌کانیانه‌وه،‌، سه‌رکردایه‌تی ئه‌م حیزبانه‌ زیاتر وه‌ک دوو سه‌رۆک خێڵ ته‌عامولیان له‌گه‌ڵ میلله‌تدا ‌کردووه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌درێژای ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ خه‌ڵکی کوردوستانی تووشی بێزاریه‌کی زۆرکردوه.
له‌سه‌ره‌تاوه‌ ڕۆشنبیران و نووسه‌ره‌ ئازاده‌کان له‌رێگای میدیاکانه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی توندیان له‌‌ سیاسه‌تی په‌نجا به‌په‌نجا و هه‌موو کاره‌ گه‌نده‌ڵێه‌کانی ئه‌م دوو حیزبه‌ حاکمه‌ ده‌گرت، به‌ڵام گوێیان به‌هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ک نه‌ئه‌دا. ساڵی پار نه‌وشیروان موسته‌فا که‌ بۆ ماوه‌یه‌کی دورودرێژ جێگری جه‌لال تاڵه‌بانی سکرتێری ینک و سه‌رۆکی ئێستای عێراق بوو، به‌م ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی رازی نه‌بوو وه ‌له‌ تاڵه‌بانی جیا بووه‌وه‌ و لیستێکی سه‌ربه‌خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردوستان له‌ ته‌موزی 2009 دا پێک هێنا و توانی 25 کورسی له‌ کۆی 111 کورسی له‌په‌رله‌مانی کوردوستاندا به‌ده‌ست بهێنێ. به‌دروستکردنی لیستی گۆڕان نه‌وشیروان توانی ببێته‌ سه‌نته‌رێک بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌کان له‌ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌م سه‌ری چه‌په‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌ڕی ڕاست. وه‌ ئه‌گه‌ر دروست بوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌بوایه‌ ئه‌وا‌ پێشوازیکردنی خه‌ڵک بۆ ‌هه‌ڵبژاردن له‌ کوردوستاندا له‌ خراپترین باروده‌خدا ئه‌بوو، به‌ڵام ئه‌م بزووتنه‌وه‌ نوێ‌یه‌ گوڕوتین و هیوایه‌کی نوێ‌ی دا به‌خه‌ڵک بۆ چوون بۆ به‌هه‌ڵبژاردن، هه‌ر بۆیه‌ش له‌ دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا پروپاگه‌نده‌کردن بۆ هه‌ڵبژاردنله‌وپه‌ڕی گه‌رمیدا بوو‌.
من پێم وایه‌ سه‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردوستان بۆ په‌رله‌مانی عێراق شتێکی وا ناگۆڕێت له‌ مه‌سه‌له‌ سه‌ره‌کیه‌کانی کورد له‌ به‌غداد، به‌ڵام هاوکێشه‌یه‌کی سیاسی تر ئه‌هێنێته‌ کایه‌وه‌ له‌ کوردوستاندا که‌ ڕه‌نگه‌ له‌ ئێستادا هه‌ندێک لایه‌نی وه‌ک (ینک) تیایدا زه‌ره‌رمه‌ندبن و وه ‌له‌ ئاینده‌دا پارتیش بگرێته‌وه.‌
گۆڕان‌ له‌ ئێستادا زیاتر له‌ناوچه‌کانی سلێمانی که‌رکوک و گه‌رمیاندا چالاکه‌ که به‌ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی (ینک) ناسراون، وه‌ زۆربه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ش که‌ به‌ده‌ستی هێناوه‌ ده‌نگی لایه‌نگره‌ کۆنه‌کانی (ینک)ن، وه ‌زۆرکه‌م توانیویه‌تی بچێته‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆکدا، ئه‌مه‌ش زیاتر به‌هۆی ئه‌و دیواره‌وه‌یه‌ که‌ پارتی دروستیکردووه له‌به‌رده‌م هه‌موو لایه‌نێکی نه‌یاری سیاسی خۆیدا. وه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان نه‌توانێت ته‌شه‌نه‌ بکات بۆ ناوچه‌کانی هه‌ولێر و دهۆک ئه‌وا ڕه‌نگه‌ بواری سه‌رکه‌وتنی زۆر دیاریکراو بێت له‌ ئاینده‌دا.
ئه‌م بارودوخه‌ی ناوچه‌کانی سلێمانی و که‌رکوک و گه‌رمیان بۆته‌ جێ‌ی سه‌رنج و نیگه‌رانی ئه‌مه‌ریکیه‌کان و هاوپه‌یمانه‌کانیان، ئه‌وان زۆر له‌وه‌ ئه‌ترسن بارودۆخه‌که‌ به‌ره‌و نائارامی بڕوات، هه‌ر بۆیه‌ش کریستۆفه‌ر هێلی باڵوێزی ئه‌مه‌ریکا له‌ به‌غداد له‌ناوه‌ڕاستی مانگی دوودا نیگه‌رانی حکومه‌ته‌که‌ی پیشاندا سه‌باره‌ت به‌ توندوتیژیه‌کانی سلێمانی له‌کاتی پروپاگه‌نده‌کانی هه‌ڵبژاردندا، و گووتی"کورده‌کان وه‌ک پێشتر یه‌کگرتوو نین به‌تایبه‌تی دوای دروست بوونی لیستی گۆڕان که‌ خۆی وه‌ک ئۆپۆزسیۆن پیشان ئه‌دات".
به‌ هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر گۆڕان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌وا شه‌راكه‌تی پارتی یه‌کێتیش ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌یه،‌ وه‌ ڕه‌نگه‌ دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ینک وه‌ک هێزێکی لاواز بمێنێته‌وه‌ و له‌ناو خۆشیدا جارێکی تر تووشی قه‌یران ببێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ش پێناچێت که‌ دۆڕان قبوڵ بکات و هه‌ر له‌ئێستاوه‌ بارودۆخه‌که‌ زۆر ڕوو له‌گرژی‌یه‌ و بۆنی شه‌ڕ لێ ده‌کرێت له‌دوای ده‌رکه‌وتنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن.

له‌ناوچه‌کانی تری عێراقیشدا وا چاوه‌ڕوان ئه‌کرێت که‌دوای هه‌ڵبژاردن توندوتیژیه‌کان ڕوو له‌زیادبوون بکات، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پێکهێنانی حکومه‌ت درێژه‌ بخایه‌نێت. که‌ئه‌مه‌ش زۆر ئیحتیمالی هه‌یه‌، چونکه‌ به‌پێ‌ی سیستمی عێراقی هه‌رلایه‌نێک بیه‌وێت حکومه‌ت پێک بهێنێت ئه‌بێت 163 کورسی به‌ده‌ست بهێنێت وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی بۆ نه‌کرا ئه‌بێت هاوپه‌یمانێتی ببه‌ستێت، که‌ ئه‌مه‌ش زۆر ئاسان نیه‌ و زۆرێک له‌چاودێره‌کان پێیان وایه‌ که‌تا مانگی ته‌موز ناتوانرێت حکومه‌ت پێک بهێنرێت، هه‌ر وه‌ک چۆن له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2005 سێ مانگی خایاند تا حکومه‌ت پێکهات،‌ که‌ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری خراپی ئه‌بێت له‌سه‌ر بارودۆخی ئاسایش له‌ عێراقدا.

[email protected]

2010-03-06





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە