کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بانگەوازێك لە چەتری ئازادی یەوە بۆ خۆپیشاندان لەبەردەم ئۆفیسی رێکخراوی سۆشیال ئینتەرناسیۆنال لە لەندەن!

Friday, 29/04/2011, 12:00




چەتری ئازادی بانگەوازی سەرجەم ئازادیخوازان‌و مرۆڤدۆستان‌و دڵسۆزانی ماف‌و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان نیشتەجێی‌ لەندەن‌و شارەکانی دیکەی بەریتانیا دەکات کە رۆژی {هه ینی } 6/5/2011  کاتژمێر 2 لەبەردەم ئۆفیسی سەرەکی رێکخراوی سۆشیال ئینتەناسیۆنال لە لەندەن ئامادەبن بۆ نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان‌و بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران‌و جەماوەری راپەڕیوی شاری سلێمانی‌و ناوچەکانی دەوروبەری.

جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی یەکێکە لە جێگرەکانی سەرۆکی رێکخراوی سۆشیال ئینتەرناسیۆنال‌و یەکێتی نیشتمانیش ئەندامی رێکخراوی ناوبراوە. ئەو رێکخراوە خۆی بە پارێزەری مافەکانی مرۆڤ‌و دیموکراسی‌و لایەنگری عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەزانێ، بەڵام کەسێكی وەکو تاڵەبانی جێگری سەرۆکی رێکخراوەکەیە کە بڕیاردەری سەرکوتی گەنجان‌و خەڵکی نارازیە کە بۆ ئازادی‌و مافی مرۆڤ‌و بۆ کۆتایی هێنان بە گەندەڵی‌و نایەکسانی‌و ناعەدالەتی هاتونەتە مەیدان‌و خۆپیشاندان دەکەن. هێزە ئەمنی‌و سەرکوتگەرەکانی یەکێتی کە ئەندامی ئەو رێکخراوەیە خۆپیشاندەران‌ بە فیشەك و چەقۆ و کەتەر دەکوژن‌و برینداریان دەکەن. جادەو کۆڵانەکانی شاری سلێمانی‌و شارۆچکەکانیان کردوە بە سەربازگە‌و وەکو سەردەمی بەعس دەدەن بەسەر زانکۆ، خوێندنگا‌، دائیرەو ماڵانداو تێکۆشەرانی سیاسی، رۆشنبیران‌و هەڵسوراوانی مەدەنی دەرفێنن‌، ئەشکەنجەیان دەکەن‌و سوکایەتیان پێدەکەن.

ئێمە بۆئەوە لەبەردەم رێکخراوی سۆشیال ئنیتەرناسیۆنال کۆدەبینەوە کە داوایان لێبکەین یەکێتی لە ریزی رێکخراوەکەیان بکەنە دەرەوە و تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆکی ریكخراوەکە دەربکەن، ئەگەر نایانەوێ وەکو هاورێ‌ی تاوانباران‌و مرۆڤکوژان لای خەڵکی کوردستان بناسرێن!

ئامادەبونتان لەم خۆپیشاندانەدا ئومێد بە گەنجان‌و خۆپیشاندەران‌ و جەماوەری خۆراگری کوردستان دەبەخشێ بۆ سووربون لەسەر داوا رەواکانیان‌و هاوکات دەستی دەسەڵاتداران شل دەکات لە ملهوری‌و سەرکوتکردن.

کاتی خۆپیشاندانەکە: ٢ بۆ ٤:٣٠ دوانیوەڕۆ
شوێنی خۆپیشاندانەکە : Socialist International
Maritime House
Old Town
Clapham
London SW4 0JW
[email protected]

چەتری ئازادی- لەندەن


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە