نەوت نەكرا بەچراى ماڵەكانمان، بەڵكو نییە چرایەكى پێ داگیرسێنین
Saturday, 09/01/2010, 12:00
ئیبراهیم گەلەژێرى
خۆش بەختى ئەو ووڵاتانەى كەنەوتیان لێ هەیە خەڵكەكەى بەشێوەیەكى زۆر بەرز سودى لێوەردەگرن ، ئەگەر سەیرێكى ووڵاتانى كەنداو بكەین سەڕەڕاى دەسەڵاتى خێڵ و بڕوا نەبون بە سیستەمى دیموكراسى بەڵام توانیویانە لەڕێگەى خۆش كردنى ژیانى تاكەكانى خۆیان، زۆرترین خۆش گوزەرانى بۆ هاووڵاتیانیان دابین بكەن ، لەلایەكى ترەوە درێژە بەمانەوەى خۆیان لەسەر دەسەڵات بدەن ،هەر نەوتە واى كردوە ئەو ووڵاتانە ببن بەپێشڕەو دەمڕاستى زۆرێك لەووڵاتانى عەرەب ، كاتێك ئەوبیابانە دەبینین لە بیابانەوە بۆتە شارێك بۆئێمە ئەگەر هەر لەخەون بچێت ، بۆیە خەڵكى ئەو ووڵاتانەش لەپێناو تێك نەچونى ژیانى خۆش گوزەرانى رۆژانەیان ئامادەى هێشتنەوەى دەسەڵاتى ئەو ووڵاتانەن ، ئەگەر سەیرى نەوتى ووڵاتى خۆمان بكەین تا ئێستاش ووڵاتەكەمان لە ڕووى قەبارەى نەوتى یەدەگ وبەرهەم هاتوو لە ڕیزى پێشەوەى ووڵاتانى بەرهەم هێنى نەوتە ، بەڵام بەپێچەوانەى بەرهەمەكەى ئەوەندەى نەوت نەهامەتى بووە بۆ ئێمە نیوەئەوەندە خۆش گوزەرانى بۆدابین نەكردوین ، هەر نەوت بوو واى لە رژێمى بەعس كرد كە بتوانێت خاپور كردن و لە ناوبردنى شۆرشى كورد بكاتە پاڵپشتیەكى گەورە بۆ خۆى ، هەرنەوت بوو واى لە حەزە شەرانگیزاكانى ئەو تاقمە كرد كە عێراقى بە دەردى ئیمرۆ بردوە ، بەهەر حاڵێك بێت ئێمەى میللەت لەسەردەمى عێراقى كۆن واتە بەر لە 2003 هیچ خۆشیەكمان لەنەوت نەدیت ، بەڵام دواى ڕوخانى رژێمى ێەدام و بەدامەزراوەیى كردنى حكومەتى عێراق وپەسند كردنى دەستور و پێدانى بڕێك ماف بۆ هەرێمى كوردستان ئیدى لە زەینى زۆرێك لەخەڵكى كوردستان وایان دانا ئیتر بەرهەمى فرۆشتنى نەوت لەخەڵك وخۆش گوزەرانیەكانى سەرف دەكرێت و هەرێمى كوردستان كەچى كەمتر نى یە لە ووڵاتانى كەنداو ،خەڵكەكەشى تا ئاستێكى بەرز قوربانى و خەباتێكى زۆریان كردوە ئیتر ئاسوددەبن و ئەوەندەى ژیانیان ماوە خێر لە بەرهەمەكە دەبینن ، بەڵام بەداخەوە دواى ئیمزا كردنى چەندین رێكەوتن و بادانى قفڵى رۆیشتنى نەوت لەلایەن دووسەرۆكەوە ، خەڵكەكەى كوردستان هیچ گۆرانكاریەكى باشیان بەسەر ژیان نەهاتووە تەنیا چینێك نەبێت كە ئەویش چینى بەرپرسانە ، چونكە ئەگەر بە ویژدانەوە بڕوانین تا ئێستا گوندەكان چۆڵ دەكرێن شارەكان لە بێ كارەبایى و كەمى ئاوى خواردنەوەو قوتابیان و گەنجان لەبێ كارى زۆرترین كێشەیان هەیە ، تا ئێستا كێشەى نیشتەجێبون بەقەیرە بونى كچان زۆرترین كێشەى كۆمەڵایەتین ،تا ئێستا ئەو پڕۆژانەى ئەنجام دەدرێن لەزۆرشوێن خەڵكەكەى لەبەر كەم تەرخەمى و ناڕێكى هەندێكیان نیگەرانن ، ئەگەر بەرهەمى نەوت لەم كێشانە سەرف نەكرێت و چارەسەر یان نەكات چ دڵێكمان بەو نەوتەى خۆمان خۆش بێت .
گشتمان نائومێد بوین گشتمان باسمان لە نەبونى سوتەمەنى دەكرد ، هەموومان رۆژانە خۆزگەمان دەخواست كە هیچ خۆش گوزەرانیمان ناوێت لەم بەرهەم تەنیا لەوەرزى زستان نەبێت كەحكومەتى هەرێم لەزستاندا دوو بەرمیل نەوتمان بۆ دابین بكات ، نەك لەبازارى ڕەش دابە 150000 دینار بیكرین كە دەكاتەنزیكەى دووئەوەندەى نرخى جیهانى ، ئەمانەهەمووى بەهاتنى پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنى بیست و پێنجى تەمموزى پەرلەمانى كوردستان بوون بە بلقى سەر ئاو،چونكە لەوكات لیستى كوردستانى لە پڕوپاگەندەكانى دا لە ووتەیەكدا دڵى هەزاران هەوادارى خۆى و هاووڵاتیانى كوردستانى خۆش كرد كە دەیان ووت نەوت دەكەین بەچراى ماڵەكانتان ، ئەمانە بۆ خەڵكێك كەتازە تەمەنى دەكەیشتە ئاستى دەنگ دان یاخود لە زستانى رابروودى وەك دەڤەرێكى باڵەكایەتى كە نزیكەى (5) مانگ دەخایەنێت ، خەڵكەكەى بەدەست نەبونى نەوت دەناڵێنێت جێگەى پێكەنین بوو ، چونكە لەو كاتەى كە پروپاگەندە دەكرا زۆرێك دەیانزانى كە ساڵى داهاتوو واتەئێستا زۆر لەزستانى پێشتر خراپتر دەبێت؟ كاتێك دەیان ووت "نەوت دەكەین بە چراى ماڵەكانتان " زۆرێك لەماڵەكانى ئەودەڤەرە قوربانى دەرە ئەوەندە نەوتیان نەبوو كە لە چراى ماڵەكانیان بكەن ، ئێستاكە وەرزى شەختە وبەندە لە سنورەكەى ئێمە ماوەى چوار مانگە هیچ دەنگ وباسى هاتنەوەى نەوت نى یە ئەمەش واى كردوە قورسایى ژیانى خەڵكەكە زۆر قورس بێت بەتایبەت ئەوانەى چینى فەرمانبەرن و موچەكەیان زۆر كەمە و تەنانەت كرێچیشن بۆیەخەڵك بە نیگەرانیەوە دەڕوانێتە ئەوبەرهەمەى كەلە ووڵاتەكەى خۆى بەرهەم دێت و ناتواندرێت بۆ زۆپاى زستانەكەیان بۆى دابین بكرێت ، بۆیە باڵەكایەتى و زۆرێك لە خەڵكى كوردستان چاوەڕێى هەڵبژاردنى
ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقین كەپێمان بلێن"نەوت بە لوولە كێش دەهێنینەماڵەكانتان "؟!!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست