جیاوازیى بەعسییە سەدامییەكان، لەگەڵ بەعسیە نیشتمان وێران كەرەكان
Sunday, 24/01/2010, 12:00
ئەو دەمەى مناڵ بوین تازە تەمەنمان لەدوانزە ڕەت دەبوو ، بەهۆى بزێوى خۆمان لەبوارە هونەرى و چالاكیەكانى ترى جۆراو جۆر لەقوتابخانەكەمان سەرنجى مامۆستاكانمان بۆخۆمان راكێشابوو بۆیە لە ناكاو مامۆستیاكى كە ئێمە نەمان دەزانى ووشەى (رەفیق بەعسى) یانى چى، هات ووتى ئێوە دواى نیوەرۆ سەردانى (مركز شباب) بكەن كارم پێتانە. من لەو كات هەستێكى سەیرى مناڵانە دایگرتم وام هەست كرد لەو مەكرەزەوە دەتوانین شتى نوێتر فێر بین، وەك پیشەى هەمیشەیم كە چوومەوە بۆ ماڵمان باسى رووداوەكەم كرد دایك و باوكم خەفتیان خوارد و ووتیان بڕۆ، بەڵام نەكەى بمێنیتەوە چونكە ئەوانە (رفیق حزبین). من سەرم سورما لە ووشەى رەفیق حزبى هەرچونێك بێت لە باوكم پرسى ئەرێ رەفیق حزبى چییە؟ ئەى ئەوە مامۆستاى ئێمەش نییە ، باوكم بە نابەدڵى ووتى: برۆ بەدواى كارى خۆت كەمێك گەوەر بووى دەزانى چییە، بەهەر حاڵ لەكاتى دیارى كراو من و سێ هاورێى ترم كەپ ۆلى شەشى سەرەتایى بووین چوین لەوێ دواى بینینى چەندین رەسمى (سەدام) نیشان دانى چەندین خێوەتگا بۆ مناڵانى وەك ئێمە وتیان لەبەر ئەوەى ئێوە زۆر زیرەكن دەبێت رۆژانە پاش نیوەرۆ بێنە ئێرە و رۆژانى پێنچ شەمەش لەگەڵ مارشى (وتن المجدا) ئالا بەرز بكەنەوە ئێمەش هیچمان نەووت تەنیا نایلۆنى جل وبەرگەكانمان هەڵگرتوو چووینەوە بۆماڵ، بەڵام لەگەڵ چوونەوەمان بۆ ماڵ مامۆستایەكى زۆر خۆشەویستمان هەبوو كاتێك لە ڕێگەى بینیم بانگى ئێمەى كرد و ووتى ئەوانەچین ئێمەش وتمان خەڵاتیان كردوین ئیتر پێنچ شەمانیش بەدەم تەقەى كلاشینكۆف ئالاى عێراق هەڵدەكەین، مامۆستایەكەمان سڵاو لە گیانى كە لە پێناو ئازادى ئێمە شەهید بوو ، ووتى "نەكەى شتى وا ئەوانە داگیركەرن ، ئەو ئاڵایە هى ئێمە نییە هى داگیر كەرانە ، ئەوانە بەعسین رۆژانە سەدان رۆڵەى كورد توشى زیندان و مەرگ دەكەن ، ئەگەر ئەو كارەبكەن رۆژێك دێت پەشیمان دەبنەوە " بە چوونەوە ماڵیش توشى كێشەیەك بووم وەك زەنگێك بوو تا ئێستاش لە مێشكم دەخولێتەوە ئیتر راستەوخۆ بەرگەكانم تەسلیم كردوە، كە وەك جەنگێكى دەرونى رەفیق بەعسیەكە هەمیشە لەوانەكانى كێشەى بۆ دروست دەكردم.
دواى گەورە بوونمان خوێندنەوەمان بۆ كارى بەعسیەكان و تێگەیشتن لەسیاسەتەكانى وێران كاریەكانى ئەو رژێمە بەرامبەر بەگەڵەكەمان تێگەیشتم كە ئەو رژێمە چ بەڵایەكى بەسەر خەڵكەكەمان هێناوە ، ئەو رژێمە تاكە رژێم بووە لە كوشت وبرى خەڵكى هەژار و ، ئەو خەڵكانەى كە تەنیا گوناهیان كورد بون بووە ، پەلكێش بونى ئەورژێمە بۆ زیاتر روو رەش بونى مێژویى خۆى گەورەترین كارەساتى بەسەر گەلێك هێنا كە بە پرۆسەى بەدناوەكانى كیمیاوى ئەنفال كردنى خەڵك ودێهاتەكان ژێر خانى كوردستانى یەكسان بە سفركرد ، ِرەنگە بۆئێمەى ئەو كاتى تەمەن مناڵ جگەلە چەند دیمەنێكى ناشرینى بەعسیەكان كەرۆژانەدەیان كرد بەرامبەر بە پشكنینى ماڵەكانى گەرەكەكەمان وتێكدانى ئاگرى نەورۆزمان لەسەر گرد وتەپۆلكەكان هەستێكى دوژمن كاریمان پەى پێ بردبێ ، بەڵام كاتێ كە بەبینینى وێران كارى و كاول بونى شارەكان وئەنفالكردنى خەڵكمان زانى بۆ هەمیشە ئەو رژێمەمان لەبەر چاو بەد بوو ، دواى پەسند كردنى دەستورى عێراق و بریاردان بۆ نەگەرانەوەى بەعسیەكان بۆسەر گۆرەپانى سیاسى ئەو ووڵاتە ئیدى زۆرێكمان پێ ى دلشاد بوین وتمان ئیتر بۆجارێكى تر ئەوبەعسیانە زاتى ئەو ناكەن خۆیان رێك بخەنەوە ، هەر چەندە دەبوایە وە ك نازیەكانى ئەلمانیا و فاشیەكانى ئیتاڵیا هەموو جۆرە كارێكى سیاسیان لێ قەدەغەكرابایە ، بەڵام بەداخەوە بۆ جارێكى تر هەمان ئەو بەعسیانەى كەسى وپێنچ ساڵ عێراقیان خەڵتانى خوێن كرد بۆ جارێكى تر خەریكن پرۆسەى سیاسى ئەو ووڵاتە بەرەو ئاقارێكى مەترسى دار بەرن ، من تێنگام چ جیاوازیەك لەنێوان بەعسى ێەدامى و بەعسى عەفلەقى و بەعسى هتد هەبێت ، ئایا هەر ئەو بەعسیانە نەبوون كەلە بەرزترین لوتكەى دەسەڵاتیان تا كەمترین دەسەڵاتیان تەنیا خەڵكیان راپێچى مەرگ دەكرد ، ئەى ئەوە چ نهێنیەكەهەندێك لە سەركردە سیاسیەكانمان دەڵێن ئەوانە مافى خۆیانە بەشدارى پرۆسەى سیاسى بكەن ، چونكەئەوان بەعسى سەدامى نەبون ؟ئەگەر هەر كەسێك ئەم قسەیەى كردبا نەدبوو لەسەر زارى بەرپرسەكوردەكانمان دەرچێت ، چونكە بەر لە هاتنى دەسەڵاتى سەدام هەرئەوبەعسیانە بون كەئێستا بەنیشتمان پەروەریان دەناسێنن ، دەبوایە خەڵكى كوردستان كاتێ كەباس لەگەڕانەوەى بەعسیەكان دەكرا وسەركردەكانیان داوایان لە دەستەى لێپرسینەوە دەكرد كە ئەوانەى بەعسى سەدامى نین بگەرێنەوە بۆ خۆ پاڵاوتن ، هاتبانە سەر جادەو گەرانەوەى بەعسیەكانیان بە ئەنفال وجینۆسایدێكى تر پێناس كردبا ، ئەوانەى ئیمرۆ دەیانەوێ لە رێگەى دەنگ دان بگەرێنەوەسەر پرۆسەى سیاسى وگرتنى دەسەڵات جیاوازیەكى ئەوتۆیان لەگەڵ بەعسیەكانى دوێنێ نى یە چونكەئەگەر چاوێَك بەدیار و هەواڵەكانى ئەوكەسایەتیانە بخشێنینەوە تێدەگەین كە چۆن لەكورد دەسكەوتەكانى دەڕاونن ، هەر ئەوانە بون بەهاوكارى بەعسیەكان مەسیحیەكانیان لەموسڵ دەكوشت وئۆباڵى كوشتەنەكەشیان لەئەنجومەنى نوێنەران دەخستە ئەستۆى كورد ، هەر ئەوانەن ئێستا خەون بەوە دەبینن كەرۆژێك بێت بگەرێنەوەو بۆ جارێكى تر عێراق بكەنەوە بنكەى شەرو كاولكارى ، بەعسیەكان هەرچیەك بن لەمێژوى عێراق ومرۆڤایەتى بە كەسانى جینۆساید و رژێمى دیكتاتۆر دەناسرێن ، هەرگیز بڕواش ناكەم جارێكى تر بەخەونەكانیان ئاشنا ببنەوە ،بەڵام ئەوەى ئازارمان دەدا دەترسین رۆژێك بێت وەك ئەوەى ئێستا لەكوردستان دەبینین كە زۆرێك لەموستەشارو بەعسیە كۆنەكان زۆرترین سود مەندن لەدەسەڵاتى كوردى بەهەمان شێوە جارێكى تر دەسەڵاتى كوردیمان هەمووخەمەكان لەیاد بكات وخەمى گەرانەوەى بەعسیەكانى هەبێت بۆ بەشدارى كردنیان لە هەڵبژاردنى داهاتوو ، ئەگەر ئەو خەمەیان خوارد پێویستە خەڵكیش خەمێك لەو كەسانەبخوات كە بەناوى میللەتەوە كەبەدەنگى خەڵك پۆستى باڵایان وەرگرتووە جیاوازى لەنێو بەعسیەكان بكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست