عێراق ووڵاتى قەیرانەكان ؟!
Thursday, 25/11/2010, 12:00
لەسەرەتاى رووخانى رژێمى بەعس و داگیر كردنى ئەو ووڵاتە لەلایەن ئەمریكا، ژێر خانى ئابورى ئەو ووڵاتە وتێكچونى سەرتاپاى ژیانى خەڵكەكەى بەرەو قەیرانێك برد كە بەتەواوەتى ئاسایشى هاوڵاتیان كەوتە ژێر هەرەشەى تیرۆر و تەسفیە كردنى كێشەكانى ووڵاتانى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى ،كاتێك بۆ هەستانەوەى ئەو ووڵاتە هەنگاوە سیسایەكان دەستیان پێكرد ،بەهۆى كێشەكانى تائیفى و نەتەوەیى و پشتگیرى كردن یاخود دەستێوەردانى هەندێك ووڵاتان و كاریگەریەكانى ئەمریكا بەسەر حزب ولایەنە سیاسیەكانى ئێراق قەیرانەكانى قوڵتركردنەوە،هەڵگیرساندنى جەنگى سوننەو شیعە لەلایەك و تەقینەوەكانى رۆژانەى عێراقیش لەلایەن قاعیدەو دەوڵەتى ئیسلامى لەلایەكى تر بوارەكانى خۆش گوزەرانى و ئاسودەیى خەڵكى عێراقى بۆ چەندین ساڵى تر بردە پشتەوە ،بانگەشە گردنى ئازادى و دروست كردنى دەوڵەتى دیموكراسى لەشوێنى حوكمڕانى بەعسى دیكتاتۆر بوو بە خەونێك كە عێراقیەكان خەونیان پێوە دەبینى ،ڕاستر بلێین قەیرانێكى تر لەم وڵاتەسەرى هەڵدا ئەویش هەڵبژاردن بوو ،كاتێ كە بانگەشەى هەڵبژاردن عێراقى لە قەیرانى هەڵبژاردنەكانى پێشووترى تەمەنى خۆیدا بەدى هێنا ئەوە بوو لەسەردەمى ێەدام حوسێن هەموو عێراق دەبوایە بە بەلێ !بەلێ! بۆ فەرماندە دەنگى بدابایە ؟ !بەڵام لەو هەڵبژاردنانەى كە ئێمە دیتمان جۆرێك هەڵبژاردنى تائیفى و نەتەوەیى پێوە دیار بوو شیعەكان بۆ شیعەكان و كوردەكانیش بۆ كورد سونەكانیش بۆ عەرەبى سونەو هتد هاتە بوون ،ئەمەش واى كرد كە عێراق توشى قەیرانێك بێتەوە كە لەبروایى هیچ كەسێك نەبوو لەماوەى هەشت مانگدا نەتوانن بگەنە رێكەوتنى پێك هێنانى حكومەت.
كاتێ لیستى عیراقیە خۆى بە براوەى هەلبژاردن دەزانى و لیستەكانى ترى شیعەش هەرگیز بواریان نەدا جارێكى تر بوار بدەن سونیەكان بگەرێنەوە سەر دەستەڵات ،جارێكى تر لەو ووڵاتە ئەوەمان بینیەوە كە هەڵبژاردن و دیموكراسى و حكومەت بۆ بەرژەوەندى خەڵك لەلاى لایەنە سیاسیە عێراقیەكان بایەخى نى یە ،ئەوان حكومەتێك پێك ناهێنن كە بەرژەوەندى خەڵك لەبەر چاوبگرێت ،ئەگەر بەرژەوەندى سیاسى خۆیان و ئەو ووڵاتانەى كە پشتگیریان دەكەن لە سەرووى هەموو شتێك نەبینن ئامادەن ووڵات توشى قەیرانێك بكەنەوە كە چى روودەدات لاى ئەوان بەهاى نى یە .
دەستپێشخەریەكەى سەرۆكى هەرێم و گرد بونەوەى سەرجەم لیستە عێراقیەكان دەرچونى عێراق بوو لە قەیران ؟یان دروست بونى قەیرانێكى تر بوو ؟ ڕەنگە وەڵامەكان بە دوو ئاراستە بن كاتێ كە عێراق لە قەیرانى بێ پەرلەمانى دەرچوو ئەمەیان كارێكى باش بوو ،بەڵام كاتێ كە كێشەكان لەیەكەم دانیشتنەوە بۆچونى جیاوازى هێنایە بوون لیستى عێراقیە دەنگیان بۆ سەرۆكى كۆمار نەداو هۆڵەكەیان جێهێشت ئەمەیان قەیرانێكى ترى عێراق بوو لەورۆژەوە تا ئێستاقوڵتر دەبێتەوە .
خەڵك مافى خۆیەتى پرسیار بكات ئایا دەنگیان بە لیستە كانى تائیفى و نەتەویى ئاینى خۆیان دا بۆ ئەوەى گۆرانێك لە حكومەتى داهاتوو دروست بكرێت یان هەمان سیناریۆى پێشووتر دوبار بێتەوە ،ئێمە دەزانین حكومەتى هەر ووڵاتێك بەر لەهەموو شتێك پێویستیەتى پارێزگارى لە سەروەرى خۆى و پاراستنى سنورەكانى و دەستێوەردانى دەرەكى بپارێزێت ، بەڵام لە حكومەتى پێشووتر و داهاتوشدا بەم شێوەیەى ئێستانزیكە لەمەحاڵ ،چونكە بە بەرچاوى هەموو گەلى عێراقەوە هەموو ووڵاتانى دراوسێ ى عێراق ئەجێنداو بەرنامەى خۆیان بەسەر لیستەكانى نزیك لە خۆیان دەچەسپاند و هەریەكەیان لەلایەن ووڵاتێكى دیاریكراو تۆمەتبار دەكران .بۆیە لەئێستادا ئەو وڵاتە لەقەیرانێكى بەهێزدایە ناكرێت وا بەئاسانى لەم كێشانە رزگارى بێت ، هێشتا دانیشتنەكانى پۆست دابەش كردن ئەنجام نەدراوە لیستى عێراقیە لە لێدوانە قەیراناویەكانیان پێشبینى توندوتیژى و تەقاندنەوە دەكەن ،بەراست ئەوە دەسەلمێنێ كە لیستەكان بۆ یەك لاى كردنەوەى كێشەكانیان لە جیاتى گفتۆگۆ سازش كردن بۆ یەكترى دێن و شەقامەكان خەلتانى خوێن دەكەن و خەڵكێك كە دەنگى پێداون بۆ ئەوەى شەقامەكان دەنگى خۆش و ئاسایى رۆژانەى خۆى ببینێت لیستەكان و حكومەت ناتوانن ئەو ژینگە لە بارەیان بۆ فەراهەم بكەن .
كەواتە دەگەینە ئەوراستەیەى كەعێراق لە قەیرانێ بۆ قەیرانێكى تر تەمەنى رۆڵەكانى كورت دەكاتەوە مناڵەكانیش لەسەر توندوتیژى و كوشتن و تەقینەوە رادەهێنێ،بەرپرسیش تەنیا ئەو بەرپرسانەى كە قەیرانەكان دروست دەكەن ...
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست