کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


حزبی شیوعی کوردستان ... سەرکردایەتییەکی خانەنشین = حزبێکی خانەنشین

Sunday, 24/10/2010, 12:00



لە ماوەی ئەم مانگەدا واتە ١٠-٢٠١٠ بە رەزامەندی دەربڕین لەسەر خانەنشین کردنی ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئێستا تەواوی ستافی سەرکردایەتی بە خوێندەوار و نەخوێندەوار و خاوەن بڕوانامە تەزویرەکان ستافێکی خانەنشینن بە پلەی راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی .
ئەمە بێجگە لەو هاوڕێیانەی لە خولەکانی رابردووی پەرلەمانی کوردستان و عیراق ئەندامبوونە یا لە حکومەتی هەرێم پۆستی وەزیریان هەبووە.
خانەنشین کێیە؟ خانەنشین ئەو کەسەیە واتە لەرووی جەستەیی و تەمەن و هێزی کار هەموو توانای خۆی بەخشیوە و گەیشتۆتە تەمەنی پیری و کاتی حەسانەوەی هاتووە و ناتوانێت بەردەوام بێت لە کارکردن و دەبێت مافەکانی بۆ دابینبکرێت لەرووی مووچە و خزمەتگوزاری تەندروستی .
دیارە بەشێک لەوانەی خانەنشین کراون مافی خۆیانە وەکو پێشمەرگە و تێكۆشەری دێرین خانەنشین بکرێن بەڵام مافی ئەوەیان نییە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی یا راوێژکار خانەنشین بکرێن چونکە ئەمە لەرووی یاسایی و ئەخلاقیەوە دروست نییە و گەندەڵیەکی ئاشکرا و زەقە ، پاشان بەگوێرەی یاسا کەسی خانەنشینکراو دەبێت دەستی لەکار هەڵگرتبێت و هیچ بەرپرسیاریەکی لە ئەستۆ نەمابێت .
شتێکی ئاشکرایە حزبێک کەسی خانەنشین سەرکردایەتی بکات رێک ئەو حزبەش دەبێتە حزبێکی خانەنشینی بێتوانا هەروەک ئەو رۆڵەی ئەمڕۆ حشک لە گۆڕەپانی عیراق و کوردستان هەیەتی لەژێر سایەی سەرکردایەتییەکی خانەنشیندا .
کاتێک باس لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی دەکرێت حزبی شیوعی کوردستان بەشێک لە تاوانی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی دەکەوێتە ئەستۆ ، چونکە کەسێک کە کاری حزبی دەکات دەبێت مووچەکەی یا یارمەتیەکەی لە دارایی حزب دابینبکرێت ، نەک لەسەر حسابی حکومەت چونکە ئاشکرایە حشک بوودجەیەکی قەبەی لەلایەن حکومەتەوە بۆ دابینکراوە و ساڵانە زیاتر لە نیو ملیار دینارە .
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە خانەنشینان بە چ ماف و پاساوێک دەستیان بەسەر سەرکردایەتی حزبدا گرتووە و کەوتونەتە پاکتاوکردنی دەنگی دڵسۆزان و ئەندامانی بە ئەمەک کە دەیانەوێت حزب لەو زەلکاوە دەربازبکەن کە بەدەستی ستافی خانەنشینان تێیکەوتووە؟
باشە ئەو کۆمەڵە خانەنشینەی بەناو سەرکردایەتی حشک کە بارەگای حزبیان کردووە بە شوێنی چا و قاوەخواردنەوە بۆ ناگوازنەوە بۆ مەچکۆ و چایخانەی شەعب ؟ بۆ رێگا بە دەنگی نوێ و خوێنی نوێ نادەن بەرە و هەرەمی سەرەوەی حزب هەڵکشێن و حزب سەرکردایەتیەکی نوێ و چالاکی هەبێت و بتوانێت ئەو رۆڵەی جاران هەیبوو لە گۆڕەپانی خەبات بەدەستی بینێتەوە ؟


 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە