"دوای مامە چی روو دەدات"
Saturday, 03/03/2012, 12:00
سەركردە نامرێت، بە تایبەتیش سەرۆكەكانی عێراق، مێژووی عێراق پێماندەڵێت ئەوەی لەسەر كورسی فەرمانڕوایەتی بەغداد دانیشتووە تەنها مەرگ لە هەقیان هاتووە، ئەویش یان كوژراون یانیش لە سێدارە دەدرێن، مامە یەكێكە لەو سەركردانەی ئەگەر تەمەن بواری بدایە هەمان چارەنووس یەخەی دەگرت، ئەوە بە چاوی خۆمان رەوشی تاریق هاشمی دەبینین، ئەگەر هاوكێشەی سیاسی بواری بە مالیكی بدایە، ئەویش لە ماوەی بیست و چوار سەعاتدا لە قەنارە دەدرا، بەڵام لەبەر ئەوەی مامەی كورد خۆی لە خەتی سوور دەپارێزێ و بەردەوام كار بۆ رازیكردنی دڵی ئەم و ئەو دەكاو هیچ قەزیەیەك شك نابات تا خوێنی خۆی پێ تاڵ بكات، بۆیە وەكو ئەندیازیارێكی بێ ئەرزش تەنها بۆ پارەو میزانیە بواریان پێیداوە لەسەر كورسێكەی خەو بیباتەوە تا مەرگ لە كۆڵی دونیای دەكاتەوە.
مامە ئێستا باری دەروونی و تەندرووستی زۆر باش نیەو وەكو قسەی لێدەكەن زەینیشی نەماوە، ئەمەش وەكو نەریتێك بووە بە هۆكاری ئەوەی خێزانەكەی بە موافەقەی مامە كار بۆ داڕشتنی سیناریۆی دوای مامە بكەن، بۆیە بە پێی بەرنامەیەك سەرەتا ئیش بۆ دوور خستنەوەی ئەو كەسانە دەكەن وا لە ناو یەكێتی و شاری سلێمانیدا خاوەن نفوزن و پێگەیەكی بەهێزیان هەیە، دانانی كۆسرەت رەسول وەكو جێگری مەسعود بارزانی و ناردنی دكتۆر بەرهەم بۆ ئەوەی لە شاری هەولێر لە پاڵ كۆسرەتەوە كاری رێكخستن بۆ یەكێتی ئەنجام بدات، ئەمە جگە لەوەی لە پیلانێك زیاتر نیە بۆ ئەوەی ئەو دوو كاراكتەرە بە شتی لاوەكیەوە سەرقاڵ بكەن بۆ ئەوەی شتێكی وەهایان لە میراتیەكە بەر نەكەوێت، بەرنامەو پلانێكیشە لە پێناو ئەوەی گۆڕەپانەكە بۆ هیرۆو تاقمەكەی چۆڵ ببێ و ئەوانە فڕێ بدەنە دەرەوەی ساحەكە، چونكە ئەگەر ئێستا بەرنامەڕێژی بۆ كارێكی وەها نەكەن، ئەوا لە كاتی وەفاتی مامەدا ئەوانە پشكی شێریان بەردەكەوێ و دەتوانن كۆدێتایەك دژ بە بنەماڵەی هێرۆ خان ئەنجام بدەن، ئەوەی پێویستە لێرەدا قسەی لەسەر بكەین، ئەویش بێدەنگ بوونی ئەو شێرە بەفرینانەیە وا لە هەموان باشتر دڵەكان دەخوێننەوە بەڵام لە هەمان كاتیشدا ملكەچی بڕیارەكانی خاوەن شكۆن، هەر چەندە بە فیعلی هیرۆ خان خۆشی بەو كەسانەدا نایەتەوە وا مام جەلال درووستی كردوون، چونكە ئەو لە هەموان باشتر دەزانێت چۆن درووست كراون و لە پێناو چیشدا ئەو رۆڵەیان پێدراوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەوانیش باش ئەوە دەزانن كە هیرۆ خان باش لە ماهیەت و حەقیقەتی ئەوان گەیشتووە، بۆیە باشترین رێگا چارەیان هەڵبژاردووە ئەویش بێدەنگ بوونە لە ئاست كەشف بوونی حەقیقەتیان.
كەواتە رازیبوونی كۆسرەت رەسول بەو پۆستە تەشریفیەو رازیبوونی دكتۆر بەرهەم بە درووستنەكردنی حیزب لە شاری سلێمانی و چوونی بە ماڵەوە بۆ هەولێر، ئەوە دەگەیەنێت سەردەمی شەڕ كۆتایی هاتووەو هیرۆ خان باوەڕی بەو میكانیزمە نەماوە كە مێردەكەی لە رابردوودا دژ بە پارتی كاری پێدەكرد، ئەو بە چاوی خۆی دەبینێت ئەمانە لە ئاست پارتیدا لە شێرە بەفرینە دەچن و جگە لەوەی بە بان كۆڵی یەكێتیەوە بوونە بە بار، چاوەڕوانی هیچ شتێكی خێریان لێناكرێت، بەڵكو خەریكە دەبن بە حووت و لەوە دەترسێت لەگەڵ كۆچی دوایی مامەدا هەموویان حەپەلووش بكەن، یان هیرۆ خان گەیشتووە بەو قەناعەتەو ئەوەی بۆ روون بووەتەوە كە ئەو چاڵەی مامە بۆ پارتی هەڵیدەكەند، ئەگەر ئەمانە دوور نەخاتەوە خۆیانی تێ فڕێ دەدەن.
هەر چەندە هەندێك كۆڵكە شاعیرو بە ناو نووسەرو رۆژنامەنووس جار نا جارێك ماستاویان بۆ جەنابی كۆسرەت رەسول سارد دەكردەوەو ئەوەیان دووپاتدەكردەوە پێویستە یەكێتی سوور بێت لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە تەشریفاتیە بۆ كۆسرەت رەسول، ئاخیرەن خەونەكەیان هاتە دی، بەڵام كابووسە، چونكە نەك كۆسرەت پێی باڵا ناكات، بەڵكو ئەگەر پارتی بە كۆسرەت رازی بێت، دادە هیرۆ بێ بەرانبەر پێشكەشیانی دەكات، هەر وەكو ئەگەر ئارەزوویان لە دكتۆریش بێت، ئەوە بە سووپاسەوە دەیانەوێت ئەو دوو مۆتەكەیە لە كۆڵی خۆیان بكەنەوە، ئەگەر بپرسین ئایا مەلا بەختیار بۆ ئیستیقالەی لە سەرۆكایەتی ئۆڵۆمپیاتە فشەڵەكەی كرد، ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەبێت، بەو پێیەی ئەم كابرایە لە هەموو كەسێك نزیكترە لە هیرۆ خانەوە، رەنگە هەر ئەمیش بەرنامە رێژی بۆ ئەوە كردبێت ئەمانە لە خۆیان دوور بخەنەوە، ئەمما دەبێت لە سلێمانی كاری حیزبی یەكێتی چی ببێت بۆ ئەوەی مەلا خۆی بۆ تەكریس و تەرخان بكات، ئەگەر ئەم ماستە موویەكی تێدا نەبێت، ئەگەر ئەمانە ئاماژە نەبن بۆ خۆ ئامادەكردنی مەراسیمی دوای كۆچی دوایی سكرتێری یەكێتی و خۆ تەیار كردن نەبێت بۆ ئەوەی خاوەنی راستەقینەی یەكێتی و ئەتباعەكەی نەبن بە وارسی راستەقینەو خەڵكانی نا مەحرەم لە هەموو شتێك بێ بەش بكەن، ئەوان كاری خۆیان بە باشی ئەنجام دەدەن، چونكە دەزانن چۆن بەرگری لە بەرژەوەندیەكانیان دەكەن، كۆسرەت و دكتۆر بەرهەمیش باش دەزانن لە ئاست ئەوانەی وا حەقیقەتیان دەزانن هیچیان پێناكرێت، بۆیە السكوت علامە الریزایان هەڵبژاردوە، لەسەر ئێمەیش واجیبە دۆعای خێر بۆ ئەوە بكەین، خودا لەو دونیا بیانبەخشێت، چونكە ناویان شتێك بوو و ناوەڕۆكیان شتێك دیكە دەرچوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست