ئەمڕۆ لەناوجەرگەی ئازارەكانى مێژووى كورددا....
Thursday, 14/03/2013, 12:00
لهمانگى ئازارو پڕ لهئێش و ئازارو كارهسات بۆ گهلى كورد، من ئەمڕۆ (3/14) هەر وەكو ڕۆژێك لەڕۆژەكانی تری ساڵ دەیبینم و بەڕۆژێكی جیاوازی دانانێم لەڕۆژەكانی ترو هەر بەردەوامی ڕۆژەكانی تری ساڵە، هەڵبەتە مەبەستم یادی لەدایكبوونی (مەلا مستەفای بارزان)ە كە زیاد لەپێویست و قەبارەی خۆی گەورەیان كردووەو هیچ پێویست ناكات ئەمڕۆی بۆ بكەنە پشوو، لەكاتێكدا لەخولەكانی پێشووی پەرلەماندا ئەم یادە كراوەتە پشووی فەرمی و هیچ بیرو ڕاو كۆدەنگییەكی نوێنەری هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكانی ترى پەرلەمانی لەسەر نەبووە تا ئەمڕۆى بۆ بكەنە پشوو، دڵنیام ئەگەر بەرێزی خۆی بمایە لەژیاندا زۆری پێ ناخۆش بوو كە ئەم یادەی بۆ بكرێتەوە، ڕەنگە لەجیاتی یادی لەدایكبوونی، یادی دەسپێكردنی شۆڕشی ئەیلولی ساڵی (1961)ی بكردایەتەوە، یان یادی نەهامەتیەكانی نسكۆی ساڵی (1975)ی شۆڕشی میللەتەكەمانی بكردایەتەوە، یان هەر نەبوایە ئێمەی زیندوو ڕۆژی كۆچیدواییەكەیمان بەڕۆژێكی ناخۆش دابنایە لەمێژووی میللەتەكەماندا لەبری یادی لەدایكبوونەكەی، ئەم یادە وەك ئەوە وایە كە یەكێتییەكان و ئیسلامیەكان و گۆڕانەكان و حیزبەكانی تر، لەدوای نەمانی سەركردەكانیان، عیدالمیلادیان بۆ بكەن و ڕۆژی لەدایكبوونەكانیان بكەنە پشووی فەرمی، ها خەڵكینە تۆزێك بیری لێ بكەنەوە بزانن چەند عەیبە بۆ ئەم سەركردانە ئەو یادەیان بۆ بكرێتەوە نەك بۆشیان بكەن بەپشووی فەرمی. یان ئەم هەموو خەڵكە بەزۆر ببەن بۆ سەر گۆڕەكانیان و لەباتی داگیرساندنی مۆمی تەمەنیان، خەڵك خەفەت بخوات و بیكەنە ڕۆژی ماتەمینی لەجیاتی خۆشی، ئەی باشە كەوا بوو بۆچی یادی لە دایكبوونی شێخ محمودی حەفیدیش ناكەنە پشووی ڕەسمی و خۆ لەخەبات و بەرەنگاربوونەوەی ئینگلیزەكاندا نمونهی سهرکردهیهکی ئازا و خاوهن ههڵویست و بهوهفابوو بۆ گهلهکهی.
ئەگەر حاڵ بەم شێوەیە بڕوات و بۆ هەموو سەركردەیەك ڕۆژی لەدایكبوونیان بۆ بكەین بەپشووی فەڕمی، ئەوا ساڵ بەساڵ ژمارەی پشووەكانمان زیاددەكات و پشووی ئەم یادی لەدایكبوونانەش دەچێتە سەر ڕۆژانی تری پشووەكان و وای لێ دێت ڕۆژانی پشووەكانمان زۆر زیاتر دەبێت لەڕۆژانی دەوام.
من لێرەدا پرسیارێك دەكەم، باشە بۆچی هەر بەتەنیا ڕۆژی لەدایكبوونی ئەم بەڕێزە بكرێتە پشوو بۆ هەموومان، لەكاتێكدا ئەو بەتەنها موڵكی حیزبێكە، گریمان وامان دانا موڵكی هەموو كوردە، ئەی باشە ئەم سەركردانەی تری كوردستان موڵكی هەموو كورد نین، باشە مسعود بارزانی ڕازی ئەبێت دوای خۆی یادی لەدایكبوونی بكرێتە پشووی فەرمی و ڕۆژێكی تری پشوو بۆ پشووەكانی ساڵ زیادببێت، باشە تا ئێستا جگە لەڕۆژی لەسێدارەدانەكەی (1947/3/31)، كەس ئەزانێت قازی محمد كەی لەدایكبووە.
كەواتە ئەم یادی لەدایكبوونی (مەلا مستەفای بارزان)ەش بۆنەیەكی تایبەتی بنەماڵەی بارزانییە، یان بڵێین تەنها یادی پارتییەكانە، ئیتر چ پێویست ئەكات كاتی ئیش و كاری ولاتێك دوابكەوێت، بههۆى یادى لهدایكبوونى كهسێكهوه، لەكاتێكدا كات بەنرخترین و گرنگترین سەرمایەی مرۆڤە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست