کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


با لێبگەڕێین بزانین گۆڕان چى دەكات ؟

Monday, 08/10/2012, 12:00


بەدرێژایى مێژوو گفتوگۆو لێكتێگەیشتن باشترین جۆرى سازشكردن بووە بۆ ڕێككەوتن لەسەر كێشەو بیرو بۆچوونە جیاوازەكان، ئیتر چ بەڕێككەوتن بێت لەسەر خاڵە جیاوازەكانى نێوان هەر دوو لایەنى ناكۆك بەڕازیكردنى هەر دوو لا بەشێوەیەكى یەكسان، یان لەكاتى هەستكردن بەشكست، لایەنى دۆڕاو ڕازى دەبێت بەهەموو مەرجەكانى لایەنى سەركەوتوو، ئەمانە هەر كامێكیان بن بەحاڵەتێكى ئاسایى دادەنرێت، چونكە ئەگەر تەنازوولیشى تێدا بێت، گرنگ ئەوەیە لەسەر مێزى گفتوگۆ لایەنە ناكۆكەكان گەیشتوونەتە ئەنجام.

دانیشتنەكانى ئەم دواییەى بزووتنەوەى گۆڕان لەگەلأ هەر یەك لە یەكێتى و پارتیش، سازشێك بوو كە هیچى كەمتر نەبوو لەو دوو حاڵەتى سەرەوە، چونكە بزووتنەوەى گۆڕان ئەگەر لەبازنەى حاڵەتى یەكەمیشدا بێت و نەدۆڕاو بێت نەبراوە، ئەوا لەحاڵەتى دووەمدا بزووتنەوەى گۆِران لایەنى براوە بووەو چونكە ئەو داواكاریانەى كە گۆڕان لەو دانیشتنانەدا باسیكردبوو بەتایبەتى لەگەلأ پارتى، داواكارى بەشێكى زۆرى میللەت و زۆربەى لایەنە سیاسییەكانیش بوون كە خۆیان نەیان دەوێرا هیچ بڵێن بەرامبەر بەپارتى، بەپێچەوانەوە ئەگەر گۆڕان داواكاریى بزووتنەوەكەى خۆى بخستایەتە بەردەمى پارتى و پارتیش پێى ڕازى نەبوایە، ئەوا ئەو كاتە گۆڕان دەبووە لایەنێكى دۆڕاو لەدانیشتنەكەدا، چونكە لایەنى بەرامبەر كە پارتییە بەداواكارییەكانى ڕازى نەدەبوو.

بەدرێژایى مێژوو سەركردەى هەموو شۆڕشەكانى كورد لەگەڵ دوژمنەكانیاندا دانوستان و گفتوگۆیان كردووە، نامەوێ لێرەدا باسى هەموو دانیشتنەكانى شێخ مەحمودو مەلا مستەفاو یەكێتى بكەم، تەنها دانیشتنەكانى نێوان بەرەى كوردستانى و رژێمى بەعستان بیردەخەمەوە كە لەساڵى 1991 دا بەڕەزامەندی هەموو لایەنەكانى كوردستان و بەسەرپەرشتى مام جەلال و مەسعود بارزانى و نەوشیروان مستەفاو نێچیرڤان بارزانى بەڕێوە دەچوون، لەكاتێكدا لەوانەیە ئەم سەركردانە زۆر باش لەوە تێگەیشتبێتن كە ڕژێمى بەعس هەرگیز ئامادە نەبووە بچووكترین مافى كورد بدات، بەڵام ئەمان لەبەر خاترى مییلەتى كورد هاتن دەستیان خستە ناو دەستى خوێنڕێژترین دەسەڵاتى عێڕاقەوە كە ڕژێمى بەعس بوو.

ئێستاش هەمووان باش ئەو ڕاستییە دەزانن كە مێزى گفتوگۆ باشترین و شەرەفمەندترین ڕێگاى یەكلایكردنەوەى كێشەكانە، ئێمە ئێستا ئەزانین كە تووشى دوو حیزبى خوێنمژ بووین كە بەدرێژایى (21) ساڵى حوكمڕانییان چ بەشەڕى ناوخۆ بێت چ بەگرتنەوەى قوتى دەمى خەڵك بێت، هەر لەمیللەتیان كردۆتەوە، خۆ هەمووشمان دەزانین كە قسەكردن و گفتوگۆ لەگەلأ ئەم دوو حیزبە ئاسنى سارد كوتانە، بەڵام ئێمە دەبێت ئومێدمان بەنەوشیروان مستەفا هەبێت، چونكە نە ئەو تەماعەى هەیە بۆ ماددە خەڵكانى دژ بەخۆى نانبڕاو بكات، نەحەزیشى لەپلەو پایەیە تا ملى خەڵكى ترى بۆ بشكێنێت، ئەو خۆى دەزانێت چى دەكات و چى دەڵێت لەگەلأ دەسەڵاتدارانى هەرێمدا، باوەڕناكەین كە هەرگیز سازش لەسەر داواكارییەكانى خەڵك بكات و ئومێد بڕاومان بكات.

ئێستا یەكێتى و پارتى ئەم حاڵەتەى دەوێ كە لایەنگرانى گۆڕان تێى كەوتوون، ئەوان باش دەزانن كە لایەنگرانى گۆڕان چەندێك توند دەستیان بەمەبدەئەكانى خۆیانەوە گرتووەو نایانەوێ لەهیچ كاتێكدا تەنەزولى لێ بكەن، زۆر بەباشى ئەو ڕاستییەش ئەزانن كە ئێوە وەك لایەنگرەكانى خۆیان كۆیلەو(ێم و بكم) و (سمعا وگاعە) نین، بۆیە بەم دوو بەرەكی و بیرورا جیاوازەى ئێوە لەسەر بزووتنەوەكەتان، ئێستا ئەوان شاگەشكەى خۆشى گرتوونى و چونكە ئێوە قسە بەبزووتنەوەكەى خۆتان ئەڵێن، ئێستا ئەڵێن ئەو شەڕى ڕاگەیاندنەى كە ئێمە دۆڕاین بەرامبەر بزووتنەوەى گۆڕان، ئەوا ئێستا لایەنگرانى گۆڕان خۆیان ڕووبەڕووى بزووتنەوەكەیان بوونەتەوە، جا لەبەرئەوە دان بەخۆتاندا بگرن و هیوادارم بەو نەفەسەوە ئارام بگرین و چاوەڕوان بین بزانین ئەنجامى كۆبوونەوەكان چ بەرهەمێكى دەبێت بۆ میللەت، ئەگەر كۆبوونەوەكانیش بەرهەمیان نەبوو، ئەوا خۆمان حوكم بدەین و ئۆباڵى شكستەكەى بخەینە ملى لایەنەكەى تر، نەك لەئێستاوە بكەوینە دژایەتى كردنى بزووتنەوەى گۆڕان، كە خۆى بۆ ئەوە دروستبووە ئەوبارو دۆخە بگۆڕێت كە ئێستا یەكێتى و پارتى خولقاندوویانە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە