کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سلێمانی یه‌كپارچه‌ سه‌وز بووه‌....

Thursday, 31/05/2012, 12:00





ئه‌م سه‌وزبوونه‌ی ئه‌مجاره‌ سه‌وزایی سه‌ره‌تای به‌هار نییه‌، به‌ڵكو له‌كۆتایی به‌هاردایه‌، ئه‌م سه‌وزبوونه‌ هیی سروشتی كردگار نییه‌، سه‌وزی دروستكراوی ده‌ستی مرۆڤه‌كانه‌، له‌جیاتی دارو دره‌خت و ده‌شته‌كان سه‌وز ببن، ئه‌مجاره‌ دیوارو عه‌موودو ئوتومبیله‌كان سه‌وز بوون به‌ڕه‌نگی په‌ڕۆ.

جاران ئێمه‌ به‌حه‌زی خۆمان یادی یه‌كێتیمان ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ڕێگای مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كانه‌وه‌ خه‌ڵك كۆده‌كه‌نه‌وه‌، جاران ئێمه‌ بیری حیزبمان ئه‌هێنایه‌وه‌ كه‌ یادی یه‌كێتی نزیكبۆته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا حیزب بیری خه‌ڵك ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ یادی یه‌كێتییه‌، جاران خه‌ڵك به‌پاره‌ی خۆی ئاڵای سه‌وزی دروستده‌كردو به‌ده‌ستمانه‌وه‌ ده‌مانگرت و یادی یه‌كێتیمان پێ ده‌كرده‌وه‌، ئێستا حیزب پاره‌ش و ئاڵاش ده‌دات به‌هه‌ر كه‌س و ئوتومبیلێك كه‌ ئاڵا سه‌وزه‌كه‌ی یه‌كێتی هه‌ڵبكات، جاران پێشمه‌رگه‌ دڵسۆزو گیان له‌سه‌رده‌سته‌كان پارێزه‌ری شه‌ره‌فی خه‌ڵك و خاكی كوردستان و له‌پاشاندا یه‌كێتی و سه‌روه‌ریه‌كانی یه‌كێتی بوون، به‌ڵام ئێستا چه‌كداره‌كانی یه‌كێتی پارێزه‌ری كۆمپانیاو سامانی دزراوی ئه‌م وڵاته‌و ده‌مكوتكردنی بیری ئازادیخوازانه‌، جاران خه‌ڵك و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان به‌پاره‌ی خۆیان خزمه‌تی یه‌كێتییان ده‌كردو بوونی یه‌كێتییان هێشتبۆوه‌، به‌ڵام ئێستا یه‌كێتی ده‌وڵه‌مه‌ندو له‌خۆباییه‌و بیری كه‌سی نه‌ماوه‌ جگه‌ له‌یه‌كێتییه‌كان، جاران گوندنشینه‌كان نانه‌ ڕه‌قه‌كه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا ده‌كرد به‌دووكه‌رته‌وه‌، كه‌چی ئێستا له‌سایه‌ی موچه‌ی چه‌كدارییه‌وه‌ گونده‌كان كه‌سیان تێدا نه‌ماوه‌و دووباره‌ ئه‌نفالكراونه‌ته‌وه‌.

به‌ڵام سه‌د حه‌یف بۆ جاران، ئه‌وه‌ جاران بوو كه‌ خه‌ڵك خۆی به‌خاوه‌ن ماڵ و سامان نه‌ده‌زانی له‌ئاستی یه‌كێتی، به‌ڵام ئێستا ئه‌وان به‌هۆی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ جۆربه‌جۆره‌كانیانه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و پێویستیان به‌كه‌سانی هه‌ژاری وه‌ك ئێمه‌ نه‌ماوه‌ ده‌ستمان بگرن، چونكه‌ شكور بۆ خوا ئێستا خاوه‌نه‌كانی یه‌كێتی كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر پێی خۆیان و قۆناغی داره‌داره‌یان تێپه‌ڕاندووه‌، ئێستا له‌بیری ئه‌وه‌دا نه‌ماون كه‌ هه‌ژاران بژێنن، ته‌نها بیریان لای سامان و تێركردنی ورگ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە