ئایا که‌مال میراوده‌لی له کوردستان نووسه‌رێکی داهێنه‌ر و مرۆڤێکی به‌هه‌ڵوێست بووه؟
Sunday, 12/07/2009, 12:00
له‌وه‌ته‌ی که‌مال میراوده‌لی وه‌کو کاندیدێکی به‌هێزی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم ده‌رکه‌وتووه، له‌لایه‌ن لیستی کوردستانییه‌وه ترسێکی گه‌وره‌ی دروستکردووه. ده‌یانه‌وێت به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ بده‌ن له نرخی ئه‌و ڕۆشنبیره که‌م بکه‌نه‌وه. ده‌ڵێن له کوردستان نه‌ژیاوه. هه‌موومان ده‌زانین که‌مال میراوده‌لی کاتێ له کوردستان بووه، قه‌ڵه‌مه‌که‌ی به‌رده‌وام دژی داگیرکه‌ر بووه. شیعر و بابه‌ته ڕه‌خنه‌ییه‌کانی شایه‌تن. به‌ڵام که‌مال میراوده‌لی، چونکه نووسه‌رێکی هۆشیار بوو به‌زه‌قی شتی نه‌نووسیوه، نه‌وه‌ک له ترسان، به‌ڵکو ئه‌و لایه‌نی ئیستاتیکای ده‌قی به‌لاوه مه‌به‌ست بووه. مه‌گه‌ر ئه‌و نییه گرنگترین کتێبی له‌و باره‌یه‌وه نووسیوه؟ (فه‌لسه‌فه‌ی جوانی و هونه‌ر)، کتێبێکه ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مه له‌به‌رچاو بگرین، که تیایدا نووسراوه، ده‌زانین ئه‌و هه‌وڵه دابڕینێک بووه له کۆی ڕۆشنبیریی ئه‌وسا. کتێبه‌که ساڵی 1979 چاپ کراوه، که نه‌ک بۆ کوردی، به‌ڵکو بۆ عه‌ره‌بییش له‌و سه‌رده‌مه داهێنان بووه. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه به‌رده‌وام لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌ی شیعر و چیرۆکه گرنگه‌کانه‌وه نووسیوه و له گۆڤار و ڕۆژنامه‌کاندا بڵاوی کردوونه‌ته‌وه. من خۆم له زۆربه‌ی گفتوگۆکانی کاروان عومه‌ر کاکه‌سووری ڕۆماننووسدا ناوی که‌مال میراوده‌لیم وه‌کو ڕه‌خنه‌گرێکی گه‌وره به‌رچاو که‌وتووه. هه‌ر کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور له‌و وتاره ڕه‌خنه‌ییه‌ی به‌ناونیشانی (شێرزاد حه‌سه‌ن پێش راپه‌ڕێن و دوای ڕاپه‌ڕین) نووسیویه‌تی، که‌مال میراوده‌لی ده‌خاته ڕیزی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی که له به‌رامبه‌ر ڕژێمی به‌عسدا هه‌ڵوێستیان هه‌بووه. نکووڵی له نووسینی کاروان عومه‌ر کاکه‌سووردا ناکرێت، که له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه یه‌کێک بووه له ده‌نگه جدییه‌کان.
که‌مال میراوده‌لی وه‌کو چه‌ند نووسه‌رێکی دیکه‌ی به‌هه‌ڵوێست و داهێنه‌ر نه‌یتوانی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمێکی دیکتاتۆردا بمێنێته‌وه، بۆیه ناچار کوردستانی جێهێشت. له ده‌ره‌وه‌ش درێغی له خزمه‌تکردن به وشه و به نه‌ته‌وه‌که‌ی نه‌کردووه. جوانترین هه‌ڵویستی ئه‌م دواییه‌ی که‌مال میراوده‌لی ئه‌وه بوو، که به‌رگری له‌و مرۆڤه تێکۆشه‌ر و گۆڕانخوازانه کرد، که له پاداشتی ئازایه‌تی و مه‌ردایه‌تییان نان‌بڕاو کران و له پیشه‌کانیان دوور خرانه‌وه. هه‌ر که‌سێک ده‌توانێت یه‌ک خاڵی نێگه‌تیڤ له که‌مال میراودهلیدا بدۆزێته‌وه، با بێت له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه و گۆڤار و له که‌ناڵه‌کانی سه‌ته‌ڵایت نیشانمانی بدات.
مرۆڤێک ڕۆشنبیرێکی گه‌وره بێت. مێژوویه‌کی پاکی هه‌بێت. به بنه‌ماڵه و خزم و عه‌شیره‌ته‌وه نه‌نازێت. خاوه‌نی هه‌ڵوێست بێت چ له سه‌رده‌می به‌عس و چ له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا. بۆ شایانی ئه‌وه نییه بیکه‌ینه سه‌رۆکمان؟ راسته ئێمه زه‌نده‌قمان له وشه‌ی سه‌رۆک چووه، به‌ڵام ده‌بێت بزانین سه‌رۆکی ئه‌مجاره‌مان هه‌ر ئه‌و هاوڕێ ئێسکسووکهی خۆمانه، که به‌رده‌وام بزه‌ی له‌سه‌ر لێوه. ئه‌و مرۆڤه‌یه، که ئه‌گه‌ر کرا به سه‌رۆکیش ئێمه هه‌ر به که‌مال بانگی ده‌که‌ین، وه‌کو چۆن سه‌رۆکی وڵاته ئه‌وروپییه‌کان به ناوی خۆیانه‌وه بانگ ده‌کرێن. دڵنیام له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ده‌توانین قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ین. خۆ ئه‌گه‌ر ههڵوێستێکیمان به دڵ نه‌بوو، ته‌ماته‌ی تێده‌گرین. بۆچی ئێمه‌ش وه‌کو میلله‌تانی دیکه سه‌رۆک دانهگرینه ئاستی خۆمان و وه‌کو هاوڕی سه‌یری نه‌که‌ین. هه‌ندێک جار له‌گه‌ڵی ئاشت بین و هه‌ندێک جار ناکۆک. با به‌س بێت سه‌رده‌می ئه‌و سه‌رۆکانه‌ی، ته‌نیا ناوهێنانیان ترس ده‌خاته گیانی گه‌وره و بچووکه‌وه.
که‌مال له‌مڕۆوه تۆ سهرۆکمانی، تۆ هاوڕێمانی، تۆ چاومانی، به‌ڵام توو سه‌ری هاوڕێتهییمان که‌مال لێمان مه‌گره، ئه‌گه‌ر زۆر نازت به‌سه‌ردا ده‌که‌ین، چونکه خۆت ده‌زانی ئێمه چه‌ند تینووی ئه‌وه‌ین وه‌کو مرۆڤ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکدا بدوێین، نه‌وه‌ک وه‌کو ئه‌ژدیها. که‌مال دڵت له‌گه‌ڵمان فراوان بێت. لێمان مه‌گره ئه‌گه‌ر زوو زوو هاوارت به‌سه‌ردا ده‌که‌ین، چونکه له‌وه‌ته‌ی هه‌ین سێبه‌ری سه‌رۆک، تارمایی سه‌رۆک، ده‌نگی سه‌رۆک و نه‌ڕه‌ی سه‌رۆک راومان ده‌نێن. چییت بۆ باس بکه‌م که‌مال. ئه‌گه‌ر ده‌زانی چۆن سه‌رۆک هه‌ر شه‌وێ له شێوه‌ی خێوێک دێته خه‌ونمانه‌وه و چۆن له ترسان هاوار ده‌که‌ین، هیچ لێمان تووڕه نابیت که‌مال. که‌مال خۆ من بیرم چووه‌وه، که تۆ سهرۆکمانی. که‌مال ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده به‌هه‌ق و ناهه‌ق ناوت ده‌هێنم، ئه‌وه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه پێشتر نه‌موێراوه له دڵی خۆشمدا ناوی سه‌رۆک بهێنم، مه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێک وشه‌ی وه‌کو کاک و مام و قوربان و گه‌وره‌م و گیانه‌که‌م و شیرینه‌که‌م و دڵه‌که‌مم نه‌کردبێته پێشگری. که‌مال هیچ پێت ناخۆش نه‌بێت یه‌ک گۆرانیت پیادا ههڵناڵێین. یه‌ک سروودت له زمانی ئێمه‌وه گوێ لێ نابێت ناوی تۆی تیا بێت. یه‌ک برا و ئامۆزا و خاڵۆزات له ئۆفیسه‌که‌ت نابینی. که‌مال که‌ی بچینه ناو گازینۆی که‌وبازان؟ که‌مال له بازاڕی له‌نگه جلی جوان هاتووه، وه‌ره با بچین سه‌ر و چاکێت بکڕین. که‌مال شێلمفرۆشێکم له بازاڕی حه‌سیره‌که دۆزیوه‌ته‌وه، بڵێم چۆنه؟ نا، باس ناکرێت. وه‌ره ڕۆژێک ده‌چین لێی ده‌خۆێن و ئینجا ڕای خۆتم پێ بڵێ. براتم ده‌زانم حه‌زت له چییه. که‌مال براده‌رێکمان له قه‌ره‌جاوا زه‌ماوه‌ند ده‌کات، تۆشی بانگهێشت کردووه، سبه‌ی ئێواره لای داره سووتاوه‌کان چاوه‌ڕێم بکه، خۆم دێم به پایسکیل ده‌تبه‌م. که‌مال نوکته‌یه‌کی خۆشم بیستووه، ده‌مه‌وێ بۆ تۆشی بگێڕمه‌وه. ده‌ڵێن کاتی خۆی سه‌رۆکێک هه‌بووه خۆی لا پیرۆز بووه. به‌ڵێ زۆر خۆی لا پیرۆز بووه؟ ئه‌وه چییته که‌مال؟ خۆ من هێشتا نوکهتهکهم نه‌گێڕاوه‌ته‌وه، تۆ قاقا لێده‌ده‌یت. کوره، ئا ئا زۆر خۆی لا پیرۆز بووه. چ خۆی چ و داروده‌سته‌که‌شی هه‌موو دز بوون، که‌چی گوتوویه‌تی هه‌ڵمبژێرن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌تا ماوم هه‌ر سه‌رۆک بم. هه‌تا دنیا ماوه سه‌رۆکایه‌تی هه‌ر بۆ بنه‌ماڵه‌که‌ی من بێت. که‌مال ئه‌گه‌ر تۆ به‌رگه‌ی نوکته نه‌گریت، دیاره تۆ که‌سێکی خۆڕاگر نیت، شه‌رت بێ ئه‌مجاره ده‌نگت پێ ناده‌م که‌مال. که‌مال لێم مه‌گره، که ئه‌و قسه‌یه ده‌که‌م. خه‌تای خۆته که‌مال. له سه‌رده‌می تۆ فێری ئه‌وه بووین له‌به‌ر که‌مترین شت سه‌رۆکێک به یه‌کێکی دیکه بگۆڕین که‌مال. ئافه‌رین که‌مال بۆ ئه‌وه‌ی تۆش نه‌بیته نوکته، ده‌بێت ئاوا هه‌ڵسوکه‌وتمان له‌گه‌ڵدا بکه‌یت. کوره که‌مال خۆ من بیرم چوو، که تۆ سهرۆکمانی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست