تیرۆر كردنى سەردەشت تیرۆرى هەموومانە

Wednesday, 12/05/2010, 12:00


تیرۆر كردنى سەردەشت تیرۆرى هەموومانە

لە درێژەى ئەو ناڕەزایەتیانەى دژى تیرۆركردنى خوێندكار و رۆژنامە نووس (سەدەشت عوسمان) ئەدرێت، زانكۆى سلێمانى ئەمڕۆ مەراسیمێكى گەورەى سازكرد.
ئەمڕۆ بەروارى 12-5-2010 لە زانكۆى سلێمانى لەبەردەم كۆلێژى زمان، خوێندكارانى زانكۆى سلێمانى مەراسمێكیان سازكردو بەیاننامەی خوێندكارانى زانكۆ لەلایەن خوێندكارو رۆژناممەنووس(كارزان ساڵەح) خوێندرایەوە، لەبەیاننامەكەدا هاتووە((ئێمە وەك خوێندكارانى زانكۆى سلێمانى تیرۆركردنى سەردەشت بە تیرۆركردنى خوێندكارانى زانكۆ دەزانین)) هەروەها لە بەشێكى ترى بەیاننامەكەدا رایاننگەیاندووە كە بێدونگ نابن تا دۆزینەوەى بكوژانى سەردەشت.
دەقى بەیاننامەكە لە خوارەوە بخوێنەوە.




تیرۆركردنى سەردەشت، تیرۆركردنى هەموومانە !!!

بەڕێزان
سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستان
سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستان
سەرۆكایەتى حكومەتى هەرێمى كوردستان
وەزارەتى ناوخۆ
وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى

لە كاتێكدا لە هەولێرى پایتەختى هەرێم بانگەشەى بەرەو دوبەى بون ئەكرێـت و تەلارەكانى بەرەو هەور ئەڕوات،هەروەها باسى دیموكراسى عەیارە هەژدەدەكرێت و وەك نمونە پیشانى هەموو لایەك ئەدەرێت، لە ژێر سێبەرى ئەو دییموكراسی و ئازادى رادەربڕینەدا. خوێندكارێك لە زانكۆوە دەڕفێندرێت و تیرۆر دەكرێت. بڕوانامەى كفنى ئەدەنێ و لە گۆڕدا دایئەمەزرێنن.
لە كاتێكدا بڕیارە لە پەرلەمانى كوردستان باس لە هەمواركردنەوەى یاساى گرنگیدان بە گەنجان بكرێت، لە كاتێكدا وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى باس لە دورخستنەوەى دەستى حزب دەكات لە زانكۆ. حەرەمى زانكۆ دەشكێت و خوێندكار (سەردەشت عوسمان) بە شەق و زلە ئەبرێت و وەك پیشەى دیكتاتۆرى بەعس دڕندانە فیشەك بە دەمى پیرۆزیەوە دەنرێت وەك ئاماژە كە زمانى ئازاد لەم وڵاتە قەدەغەیە،
ئێمە وەكو خوێندكارانى زانكۆى سلێمانى بە هەموو لایەكى رادەگەیەنین ، پێمان وایە تیرۆركردنى سەردەشت زەنگێكى ترسناكە بۆ هەموو گەنجان و خوێندكاران و رۆژنامەنووسان و كپ كردنى دەنگى گەنج و بیروڕاى ئازادە، بۆیە تیرۆركردنى سەردەشت بە تیرۆركدنى سەرجەم خوێندكارانى زانكۆی دەزانین.
بۆیە لەم بەیاننامەیەدا داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین لێدوانى فەرمى لە بارەى ئەم كارە قێزەوەنە بدەن. هەروەها لە وەزیرە بەڕێزەكەمان وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى داواكارین هەڵوێستى بوێرانەو مەردانەى هەبێت بەرامبەر رفاندن و تیرۆركردنى خوێندكارێكى هاوڕێمان لەزانكۆى ێەڵاحەدین.
ئێمە بە هەموو لایەكى رائەگەیەنین كەمپینێك دروست ئەكەین و بەڵێن ئەدەین بە ئەنجامدانى هەموو جۆرە چالاكییەكى مەدەنى و هەڵوێست وەرگرتن تا ئاشكرا كردن و بە سزا گەیاندنى بكوژانى رۆژنامە نووس و هاوِێمان (سەردەشت عوسمان).

خوێندكارانى زانكۆى سلێمانى
12-5-2010



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە