کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کانگای تیرۆر, دانیل شتاینڤورت

Monday, 07/08/2017, 0:50


مەترسی و هەڕەشە لە بیانانەوە هەڵدەکات، کاتێ بەهەزاران کەس، بە سواری ئەسپ و حوشترەوە شاڵاویان هێنا و هاتنە بەرەوە، بەدەم نەعرەتەی دڕندانەی شەڕەوە. گەشتنەجێ بە ڕاکێشانی تفەنگ و دەمانچە و، شمشێرەوە، ئامانجەکە کەربەلا بوو، شارە پیرۆزەکەی شیعەکان، کە ئیمڕۆ دەکەوێتە عێراقەوە. هیچ کەس، دانیشتوانی ئەم ناوەی پێشوەخت ئاگادار نەکردەوە، هیچ کەسێ شەڕی بە ڕوویاندا ڕانەگەیاند بوو. دانیشتوانەکە و ئەو حاجییانەی ڕوویان لەم شارە کرد بوو، لەو رۆژەدا سەرگەرمی ئاهەنگی پیرۆزکردنی، یادەوەری  شەهیدبوونی عەلی بوون. خۆیان وایان مەزەندە دەکرد، ئیدی لە سایە و سێبەری ئارامی و ئاسایشی خودا دان. ئەوان نەیان دەزانی کەوا گەشتەکەیان بە گۆلاوی خوێن کۆتایی دێت. بەپێی گێڕانەوەی  شایەتحاڵێک، کوشتارەکەی کەربەلا، لە ٢١/٤/١٨٠٢دا بووە. سەردارێک لە نەجدەوە لە ناوەوەی وڵاتی نیوە دوورگەی عەرەبەوە، سەرکردایەتی ئەو پەلاماردانە دەکات، ناوەکەی سعود کوڕی عەبدولعەزیز کوڕی محەمەد ئال سعودە. ئال سعود، دەسەڵاتداری ئەودەم تازە هەڵکەوتوو بوو، بەڵام زوو بە زوو پەلی هاویشتوو، بەسەر بیاباندا لە ـ یەکەم دەوڵەتی سعودیداـ، هەروەها ئەو لە مێژ بوو، چاوی بڕیبووە سەر کەربەلا. ئەو شارەی، بە ڕێژگەی ڕووبای دیجلەدا، کە قەڵای گەنجینەی خێروبەرەکەتێکی ئەفسانەییە.
شای ئێران و حاجییە شیعەکان خزمەتێکی گەورەیان، پێشکەشی ئەو ناوچەیە کردبوو. هەڵبەت مەسەلەکە بەلای ئال سعودەوە، هەر زێڕ و زیو و بەردی بە قیمەت/ مجەوهەرات نەبوو، بەڵکو پێوەندی بە پرسێکی ئاینیشەوە هەبوو. ئەو هەستی بە بەرپرسیارێتییەکی ئایدۆلۆژی دەکرد، کە ئیمڕۆ بە ناوی وەهابیزمەوە ناسراوە. شیعەکان لەچاوی ئەمدا، هێندە لە ڕێبازی ڕاستەقینەی ئیسلام لایان داوە، کە هەرگیز ناتوانرێ بە موسڵمان دابنرێن، بەڵکو وەک بێ ئەمەک و پەیمانشکێن و هەڵگەڕاوە تەماشا دەکران.
دامەزرێنەری رێبازی وەهابی ئامۆژگاریکەر/ واعیز بوو ناوی عەبدولوەهاب بوو، کە لەگەڵ ئەمدا، ئال سعود، نیو سەدە لەوەپێش هاوپەیمانێتییەکیان بەستووە. لەتەک هێرشە سوپاییەکانی دەسەڵاتداری بیابان دا، خۆ ئامادەکردن بۆ  بەرنامە توندوتیژی، پاکسازیی ئیسلام لەناوچەکەدا بڵاوبۆوە. میراتگرانی ئال سعود، کە ئیمڕۆ عەرەبی سعودی بەڕێوە دەبەن، لەوکاتەدا تەنانەت ئەوەیان بە ئەمسەرەوسەری جیهاندا بە پێڕەوکردنێکی ناهەموار دەناردە دەرەوە. پەلاماردانە خوێناوییەکە بۆ سەر کەربەلا لە ١٨٠٢ دا، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای فراوانبوونی وەهابییەکان. ئەو دابڕانێکی مێژوویی نەخشاند.
کەواتە ئیدی لەم چرکەساتەوە، پێوەندی نێوان شیعەکان،کە  تەوژم و ئاڕاستەیەکی گەورەی نێو ئیسلامن،و وەهابییەکان،کە  مافیان بە خۆیان دابوو، چاکسازیی بکەن لە نێو ئیسلامی سوننەی باووباپیرانیان، بە خانەگومانییەکی قووڵەوە شەقڵی گرت و کەندێکی قووڵ لە ناوخۆی ئیسلامدا دروست بوو، دوو سەدە دواتر، لە نێوان زۆرینەی شیعەی ئێران و عەرەبی سعودی وەهابیدا خۆی  دەردەخات و ڕەنگدەداتەوە.
 بە پێی قسەی ڕۆژهەڵاتناس Jean-Baptiste Rousseau، ١٢٠٠٠ شەڕکەری بەدەوی بوون،  گەڕان بەدوای نیشتمانی کەربەلادا و لە چاوتووکانێکدا، دەستیان کرد بە تێکدانی شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکان. دوای ئەوەی ئەوان، مەزاری نەوەی پێغەمبەر حوسەینیان لەگەڵ زەویدا تەخت کرد؟؟ دەستیان کرد بەتاڵان و بەناهەق کوشتنی ئەوانی تر،" خەڵکی پیر،ژن و منداڵ هەمووی بە شمشێری بەربەرییەکان کوژران".
رۆسۆ نووسیویەتی " تەنانەت ژنی سک پڕیش کەوڵکران.  کارە دڵڕەق و بێبەزییەکان، نەدەتوانرا ڕابگیرێن و دەستیان لە کوشتن و بڕین هەڵنەدەگرت". پیاوانی ئال سعود، تاڵانییان کرد، هەرچی بە خۆیان حوشترەکانیان کێش بکرایە، دەیان برد و دوایی لە کاتی کشانەوەیاندا لە شارەکە،هێشتا ٤٠٠٠ هەزار کوژراو کەوتبوو.
دوای کاولکردنی کەربەلا، هێزە سوارەکان لە ١٨٠٣ دا، دەستیان کرد بە داگیرکردنی، هەرێمی حیجازی عوسمانی، لە کەناری دەریای سوور و وەک خۆیان چۆنیان بینی ئەوێ ئەو دوو شارەی دەکەوێتە، ئەو دەڤەرەوە مەککە و مەدینە پاکسازی بکەن. لەمەشدا تەنیا ژمارەیەکی بێشوماری مۆنیمێنت و کێلی قەبر و کاری دارتاشی، هی سەردەمی کۆنی ئیسلامی لەو نێوەدا گۆرستانی مەدینە کە خەڵکی نزیکی پێغەمبەر محەمەد ئارامیان تێدا گرتبوو، دەیانوویست تەنانەت گۆڕی دامەزرێنەر و هەڵگیرسێنەری ئاینەکەش تەفروتوونا بکەن، بەڵام هەر زوو دەستبەرداری ئەوە بوون. دانیشتوانی ناوچەکە دەبوو لەلایەن  ئەم دەسەڵاتدارە نوێیەوە سەرلەنوێ پەروەردە بکرێنەوە و ڕژێمێکی دەسەڵاتداری تیرۆر لە ئەستۆ بگرن و قبول بکەن.
کێ جگەرەی بکێشایە،مۆسیقاژەنی بکردایە،گۆرانی بگووتایە و جلوبەرگی، ناجۆر و سەیری بپۆشایە، یاخود تەنیا نوێژەکانی بچوایە و فەرامۆشی بکات،  قامچی کاری دەکرێ و کۆڵەوار دەکرێ، یاخود لەناو دەبرێ. حاجییانی کافر بۆیان نەبوو، جارێکی دیکە بچنە مەککەوە، پەلاماری کاردانەوەکانیان دەدرا و شیعەکان، دەستبەجێ لەسێدارە دەدران. ئەم قاتووقڕییە بێ بەزەییانە بۆچی؟ ئەم هەڵپەی بەپەلەی وێنە لە دوای وێنەیە، کە بە ئاشکرا بیری ڕک و توڕەیی ناوبراو، بە دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا و عێراق، لە هەنووکەدا دێنێتە یاد؟.
 بۆ ئال سعود سوپا بەدەویەکەی، دانیشتوانە شیعەکەی کەربەلا خۆیان تاوانبار کرد بوو. ئەوانە "شرک"یان خستبووەگەڕ، بتپەرستی لەبەرئەوەی ئەوان پیرۆزییەکانیان دەپەرست و  یەکتاپەرستی ڕاستەقینەیان دەخستە بەردەم پرسیارەوە. خوا وا حوکمی ئامۆژگاریکەر عەبدولوەهابی دابوو، هیچ هەواڵهێنەر و هەواڵبەرێک نەخرێتە هاوشانیەوە واتە ئەوەی ئەو دەیڵێ هەر ئەوەیە. ڕێزگرتن لە پەرستگای شەهیدانی شیعە عەلی و حسین لێرەدا بوونە نیشاندانی نموونەی کفر و گوناهێکی ئاینی،کە سزاکەی کوشتن بوو.
دامەزرێنەری ڕێبازی وەهابی ناوی تەواوی محەمەد کوڕی عابد ئەلوەهابە، لە ساڵی ١٧٠٣ لە عەیینە هاتۆتە دنیاوە،باوکی حاکم بووە، عەیینە دەکەوێتە ناوچەی نەجد، وڵاتی خێڵە کۆچەرەکان و نیشتەجێکان.
وڵاتێکی دووری لەبیرکراو، پەڵەی کوێری لە شارستانێتی ئیسلام، دوور لە ناوەندەکانی کۆسمۆپۆلیتی، وەک ئەستەمبوڵ و قاهیرە و دیمەشق،  دەبێ پیاو بەم شێوەیە، ئەو ناوچەیەی جاران  بهێنێتە بەرچاوی خۆی.
زانایانی فەقیهی ـ ئایینی، لە نێو ئەو کەمینەیەدا بوون، کە بە توانایەکی دیاریکراو و دەسەڵاتی فەرمان دەرکردنی خوێندن و فێربوونیان هەبوو. ئەوان لەڕاستیدا، زانستەکەیان لە ڕێگای مانەوەیان لە مەککە و مەدینە و بەغدا و دیمەشق بەدەستهێنا بوو.
هەر بەم شێوەیە عەبدولوەهابیش،بە هۆی توانای خۆیەوە و لە ڕێگای زێدەکەی خۆیەوە،  بڕیاری زاناییبوونی درا، لە ڕێگەی چەندین ساڵی گەشتی خوێندن و بۆ شارە پیرۆزەکان و هەروەها بۆ بەسرە لە عێراق. هەر بە منداڵی، لە تەمەنی١٠ ساڵیدا سەرلەبەری قورئانی لەبەربوو.
دوو بیریار لەسەردەمی خوێندندا کاریگەریان لەسەری دروست کردوە، یەکێ لەوانە دامەزرینەری کۆنپارێزترین و بچوکترین مەزهەب و ڕێبازە، ابن حمبل ٧٨٠ـ٨٥٥ ئەو لەسەرمێکدا ژیاوە، کە چەند موسڵمان هەوڵیان داوە هەڵسەنگاندنی ڕاسیۆنالی/عەقلانی بۆ ئاین بکەن. بەو واتایەی لە نێوان خودا و گووتەکاندا جیاوازی بکرێ. دژ بەم  ڕۆشنبیرییە دوور لە میللەت و جەماوەرە، تەوژمی ابن حمبل کاری دە کرد. ئەو بێ ئەملاولاکردنێک، قەناعەتی بە ڕاستی و دروستی دروستی قورئان هێنابوو.
 لێکدانەوە و وەرگێڕانی میتافۆری، نەک  وشە بە وشەی نوسینە پیرۆزەکانی بەتوندی ڕەت دەکردەوە. لەنێو زانایانی نەجددا، ئەم رێبازە باڵادەستی وەرگرت، بە چاکی و  لەبەرئەوەی، ڕوانگەیەکی ڕوونیان لەسەر ئاین بەجێهێشت، کە لەگەڵ پێداویستییەکانی مرۆڤ دا، زۆر زووتر دەگونجا.
دووەم بیریار، ئەوەی عەبدولوەهاب نووسینەکانی دەخوێندەوە، ابن تمیمیة ١٣٢٨ـ١٢٦٨ بوو،  کە هەڵقوڵاوی و سەردەمە ئاڵۆزەکان بوو، داگیرکاری مەغۆلەکان. ڕۆژگاری داگیرکردنی بەغدا. ئەم پیاوە مڕوومۆچە، حسابی لەگەڵ هەمو تازەکارییەکاندا کرد، کە بە باوەڕی ئەو هەڕەشەیان لە ئیسلام دەکرد. ئاخر هەر بەتەنیا هەموو فەلەسەفەی یۆنانی  و هەموو فۆرمەکانی سۆفیزمی نائۆرتۆدۆکسی، وەک بتپەرستی نەبوون، تەنانەت سەردانی گۆڕی پێغەمبەر، یاخود یادکردنەوەی ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەندی لێکرا و قەدەغە کران. ئیدی تەنها گەڕانەوە بۆ ئیسلامی سەرەتایی، هەروەک ئەوەی پێغەمبەر و هاوەڵەکانی  تێیدا دەژییان، دەتوانرێ ئاین " پاککرێتەوە" . لەپێناوی گەیشتن بەم ئامانجەدا، نابێ موسوڵمان سڵ لەوە بکەنەوە، بەشمشێرەوە دژ بە دوژمنەکانیان بچنە شەڕەوە.
ابن تمیمە، باوکی جیهادی مۆدێرن، حەزی دەکرد لەسەردەمی خۆیدا کەنارگیر و نامۆ بوایە، وەلێ تۆوە  ژەهراویەکەی چاند، لەژێر ڕووبەری ئیسلام دا. نووسەری ئەمەریکی ئەفغانیAnsary  Tamim دەنووسێ: پێویست  بوو تەنیا چاوەڕێ بکەن، تاوەکو " خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکەدا رێكبخەن، بۆ ئەوەی هەڵبێن و دەرکەون" بۆ عەبدولوەهابی گەنجی توڕە و گڕگرتوو، ئاشکرا دیار بوو، کە خەڵکی وڵاتەکەی خۆیشی، ناپاکییان لە ئیسلام کردووە.
پیاو باوەر بکات  بە مێژوونووسانی وەهابیەکان، کەوا باوەڕ بە پڕوپوچی لەو سەرمەدا، زۆر پەرەی سەند بوو، بەدەوی و شار نشینەکان، هەر  بەتەنیا مردوویان نەدەپەرست، کەسە پیرۆزەکان و فریشتە و بەڵکو تەنانەت درەخت و بەردەکانیش دەپەستران.  لە کتێبی التوحیدی عبدالوەهاب دا، نەفرەت لەم دابوونەریتانەی مردووپەرستن دەکات، هەروەها هەرکەسێ لەمە خانەگومان بێ: شایستەی کوشتنە". بیرۆکەی "تفکیر" واتە دەرچوون لە خەتی هاوڕێ ئیماندارەکان،دروشمی سەرەکی فێرکاریی ئامۆژگارکەری وتاربێژ بوو. پێویستە بە شێوەیەکی حەتمی ئەوان،خۆیان بۆ بەرەنگاری هەموو نا وەهابییەکان  بەڕێوە بەرن.
لەوەتەی دووبەرەکی و دابڕانە گەورەکەی سەدەی حەوتەم، کە موسوڵمانانی لەسەر شەڕی میراتی دوای مردنی پێغەمبەرەکەیان دابەشکرد بۆ سووننی و شیعی و خەواریج. مشتومڕ و بیروڕای جیاواز، لە نێو ئاینزانەکان/ تیۆلۆگ زۆر بەدەگمەن،بە شێوەی سەربازی یەکلایی کراوەتەوە. عەبدولوەهاب و لایەنگرەکانی، کەوا بە خۆیان دەگووت "مووەحدین" ئێستا ڕایانگەیاند، هەرکەسێ لە نەیارانیان، دەسەڵاتی ئەوان بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە کافر.
١٧٤٤ ئەم ئامۆژگاریکەرە/ واعیزە، لە شارەکەی خۆی دوورخرایەوە، پێش ئەوە، مەزارگایەکی بایەخداری تێکشکاند و ڕێگەی دا، ژنێکیش بەردباران بکرێ،ـ سزایەکی کە لەو سەردەمەدا زۆر پێڕەو نەدەکراـ. عەبدولوەهاب هەڵات بۆ مێرگێکی بەشی خواروو، بەرەو درییە، لێرە لە لایەن سەرەک هۆزی محەمەد سعودەوە داڵدە درا. ئەمیش وەک دەسەڵاتدارێکی تەماعکاری بێ ویژدان، ئیمارەتێکی بچووکی، تا ئەو کاتە، نەناسراوی بەرێوە دەبرد و هەر زوو ویستی هێزی تەقاندنەوەی بیروڕا نائاساییەکانی عەبدولوەهاب بۆ ئامانجە سەربازییەکانی خۆی بەکاربهێنێ.
بنەماکانی تەکفیر ڕێگەیان بەو دا، بێ سڵەمینەوە دژی  دوژمنەکانی بکەوێتە کار، لێیان بدات و پەلاماری گوندە خۆشەویستەکانی دراوسێیان بدات، هەموو ئەمانەش بەردەوام لەژێر ئاڵای جیهاد دا ئەنجام بدات.
ابن سعود و عەبدلوەهاب، هەروەها لە هەمان ساڵدا، پەیمانێکیان بەست، کە هێندە سادە بوو، هەروەک   بلیمەتی وابوو : لە کاتێکدا ئەمیر ئامادەیی خۆی دەربڕی، ئەم دەستوور و رێبازە، لە ناوچەی قەڵەمڕەوی خۆیدا، پێڕەو بکات، وا مامۆستا ئامۆژگاریکەرەکەی، زەمینەسازی دەکرد بۆ پێبەخشینی ڕەوایەتی ئاییینی.
خەڵکە ژێر چەپۆک خراوەکان، دەبوو بڕیار بدەن لە نێوان گەڕانەوە(واتە بۆ ئیسلامی پاک و سەرەتایی ـ و)، یاخود مەرگ، هەروەها ئەمیرە تازەکە لەسەروو ئەمەشەوە،گوێڕایەڵە کوێرەکانی سوێند بخۆن، ئەمەش هەروەها باوەڕ و پرنسیپێکی ئاینیی عەبدولوەهابە،کە تا ئیمڕۆ بەرگەی گرتووە و ڕوونی دەکاتەوە، بۆچی عەرەبی ـ سعودی تا کاتێکی نادیار، هەر بە شانشینییەکی ڕەها دەمێنێتەوە.
سەرەتا هێزەکانی ئیبن سعود، پەلاماری گوندەکانی دەوروبەری درییەیان دا. بەم شێوەیە وەچەکانی دواتری ئال سعود لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٨ دا، تەواوی نەجد و بەشێکی ناوچە دراوسێکانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. لە سەدەی ٧ تەوە، بۆ یەکەمجارە، بەشێکی زۆری  ناوەندیی عەرەبی، سەرلەنوێ دوای تاکە یەک حوکمداری و یەک لێکدەرەوەی ئیسلام دەکەون.
پێش مردنی لە ١٨٩٢ دا عەبدولوەهاب، خەمی ئەوەی بوو، کەوا نەوەکانی پاش خۆی، کە لەسەرەتادا بەناوی خێزانی شێخ ئال ئاش ـ شێخ  دەبوو ببنە، بڕیار بەدەست  لەمەڕ پرسە ئایینییەکان.


دەوڵەتی عوسمانی، هیچ پەرچەکردارێکی، بەرامبەر ئەم بارودۆخە نەبوو، کە بە درێژایی سنوورەکەی ئەنجام دەدرا، دواتر ئەم ناوچەیەی سەوزایی بیابان، لە ناوەوەی دورگەی عەرەب، بۆ عوسمانییەکان هیچ بایەخێکی نەما، لە ڕووی ئابووری ستراتیژییەوە، بەڵکو زیاتر ناوچەکانی کەناری دەریا، لە ڕۆژئاوا و رۆژهەڵات گرنگ بوو لایان: لە کەنداوی فارس لەبەرئەوەی نەیارە فارسەکان، پێویستە لە دۆخی  ترس و لەرزدا ڕابگیرێن. هەروەها لە دەریای سووردا، چونکە لەوێ شارە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینە هەن، کاتێ پاسەوانەکانی خۆیان وەک سوڵتان دەبینن. تا ئەوکاتەی خاوەن شارێک مشوری سەلامەتی ڕێگای هاتوچۆی حەج بخوا، بەلای باب و لعالی ڕژێمەوە لە ئەستەمبوڵ گرنگ نەبوو، سەرقاڵی ئەو خێڵە سەرەتاییە عەرەبییانە بێت. کاتێ وەهابییەکان نزیک کەوتنەوە لە داگیرکردنی  شاری هاتنە دنیای پێغەمبەر محەمەدەوە، ئنجا سوڵتان کەلەیی بوو.
پەیامەکانی  " ئیمامی" ئال سعود ١٨٠٣ ، هەر تەنیا ناوچەی دەسەڵاتییان فراوان نەکرد، بەڵکو لەمەشدا هێشتا کارێکی تێکدەرانەیان دامەزراند، لە ئاکامدا تەواوی جیهانی ئیسلامییان داچڵەکاند.  پەرچەکرداری عوسمانیەکان ئەوە بوو دەبێت یەکەم دەوڵەتی  سعودی کۆتایی پێ بێت.٧ ساڵ لە ١٨١١ وە تا ١٨١٨، پێویست بوو، ئەو هێزەی میسرییەی جێگری پاشا محەمەد عەلی پاشا  و کوڕەکەی ئیبراهیم پاشا، تا تارمایی هەڵکردوو لە بیابانەوە بوەستێنن.
زۆر لە دەستوپێوەندەکانی ئیبن سعود پێشوازییان کرد، لەپاشای میسری کراوە بە ڕووی جیهان دا،وەک رزگارکەرێک. سەربازەکان ئیمامیان گرت و تەخت و تاراجی درییەیان تێک دا. هەر دیوارە قوڕینەکانی مێرگەکە بەرگەی، تۆپەکانیان نەدەگرتن، هەروەک پسپۆڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست Guido Steinberg  دەنووسێ. میسرییەکان لەگەڵ دەستەبژێری ئاینی هەڵسوکەوتی تایبەتیان دەکرد: چونکە ئەوانە وەک بەرپرسیاری سەرەکی توندوتیژی وەهابییەکان  دادەنران، ئەم زانایانە پێش لەناوبردنیان بە چەندین کاتژمێر ئەشکەنجە دەدران ـ هاتنە دی  خەونێک بۆ مووەحدینەکان،  کە لەسەر تۆڵە کاریان دەکرد.
دووەم دەوڵەتی سعودی چووەوەیەک .لە ١٨٢٤ـ١٨٩١ دا ناتوانرێ ببەسترێتەوە بە ئاکامی ئەوەی یەکەمەوە. لەگەڵ ئەوەشدا،بیری چاکی وەهابییەکان، دەمێک بوو سنووری عەرەبەکانی بەزاند بوو و پەخش بوو بوو. سەرۆکی کۆمەڵەی بچوکی ئایینی لە هندستان ،لایەنگرەکانیان فێر کردبوو، دابوونەریتی سۆفی و نەک دواجار وەک هیندۆیزم، ڕقیان لە خەڵکانی خۆیان بێتەوە.
بەم شێوەیە لە دەڤەری ئیسلامی کۆنپارێزی پەڕگیر، گرووپی نابەخشندەی  وەک بزاڤی دیۆباندی/دارلعلوم.
ئا بەم شێوەیە لە جیهانی عەرەبیدا، لاپەڕەی دەمارگیری وەهابی دەستی پێکرد، سەرەتا لەسەدەی بیستەمدا بۆ هەڵدانەوە. ئەم بابەتەش ناوێکی درێژی لەخۆ گرتووە: شێخ عەبدولعەزیز کوڕی سعود. سەرهەڵدانی سەرۆکی سعودی، لەگەڵ هاتنەوەیدا دەستی پێکرد، بە گەڕانەوەی لە تاراوگەی کوێتەوە و داگیرکردنی ریاز لە ١٩٠٢ دا.
لەوکاتەدا دەبوو ئیبن سعود، وەک هەڵکەوتوویەک، ئەوە نیشان بدات کەوا، ململانێی نێوان دەسەڵاتی عوسمانی لاواز و پەککەوتە و هەژموونداری بەریتانیا بەباشی بقۆزیتەوە. کاتێ دەسەڵاتی عوسمانی، پاش جەنگی یەکەمی جیهانی، هەرەسی هێنا، بەمەش کوڕی سعود  توانی زاڵ بێت بەسەر نەیارە  کۆنەکەیدا، ئیبن رەشیدا، کە پشتیوانی لە تورک دەکرد. مەیدانەکە بۆ ئیبن سعود تەخت بوو.
ئەو هێزەکانی نارد بۆ ماوەی ١٠ مانگ، گەمارۆی مەککە و مەدینەیان دا و لە٥/١٢/١٩٢٥ دا داگیریان کرد. لەوکاتەوە هەتا ئیمرۆش وەهابییەکان نەخش دەگێرن  و فەرمان دەردەکەن.
مانگێ دواتر خۆی کرد بە پاشا و دەستبەجێ لەلایەن هێزە کۆلۆنییە ئەوروپاییەکانەوە، دانی پێدا نرا و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەی نیوەدوورگەی عەرەبیدا، فراوان کرد. تا ساڵی ١٩٣٢ توانی شانشینی عەرەبی سعودی یەکگرتووی بچەسپێنێ.
ئاین و بیروباوەڕی وەهابی، بۆ خۆ پاداشت کردن، بەرامبەر بە کارە ئەمەکدارەکانیی، ڕێگەی داوە بە خۆی، مشووریی ئەوە بخوات، کەوا وڵاتەکە بەشێوەیەکی فراوان دوور لە کاریگەری کولتووری بێگانە  دوور بگرێ و هەروەها زانستی سێکۆلار و هەموو ئەو شتانەی، کە قێزەونن و دژی جیهانی کۆن ـ و وێنەی مرۆڤ و زاناکانن.
 بەڵام دەبێت چی هێشتا کاریگەریی لە ڕەوتی میژوو  بەفراوانی بکات، ئەوەبوو بۆ یەکەمجار دۆزینەوەی نەوت لە کەنداوی فارسیدا، ساڵی ١٩٠٨. لە کاتێکدا سەرەتا بەریتانییەکان خاوەنی هەژموون بوون لە کەنداویدا و دەستییان بەسەر سەرچاوەکاندا گرتبوو، ئەمەریکا، سەرۆک رۆزلفت کەوتە مەراییکردن  بۆ سعودیە . بەڵێ پاشا ئیبن سعود خۆی ترساند،لەبەردەم ئارەزووی کۆلۆنییەکان و لەبەرئەوە دوودڵ بوو، ئیمتیازی هەڵکەندن  لەدەست بدات.
لە لایەکی ترەوە ئەو بە پەلە، پێویستی بە سەرچاوەی دیکەی داهات بوو، لەتەک داهاتی زیارەتکەرانی حەجدا. ئەوەبوو سەرئەنجام ساڵی ١٩٣٣ ڕێگەی دا، بە کۆمپانیای نەوت،  بەرامبەر بە ٢٥،٠٠٠ هەزار دۆلار کرێی ساڵانە،و نرخی یەک دۆلار بۆ هەڵکەندنی هەر تەنێ نەوت، لە کەنداوی فارسیدا. ئەمەش سەرەتای دەستپێکردنی دۆستایەتییەکی قازانبەخش و هاوکات گیروگرفتاوی بوو. 
لەسەردەمی شەڕی ساردا، ماڵی سعود، لە واشنتۆن وەک گرنگترین دەنگی سەر بە ئەمەریکا بوو، لە ناوچەیەکەدا،کە زیاتر دوژمنی ئەمەریکا بوون. 
بە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای داهاتی نەوت، بۆ ١٠٠هەزار ملیارد لە نێوان ١٩٧٥ـ١٩٨٠ دا، ریاز بووە مشتەرییەکی خاوەن هێزی گەورەی کڕینی چەکی ئەمەریکی. لەم ڕیگایەشەوە ساڵ بە ساڵ هاوپەیمانێتییەکە قایم تر دەبوو. ئەمەریکییەکان  سعودییەیان وەک قوللەیەک دەبینی بەرامبەر کۆمەنیزم.
سعودییە لەگەڵ پاکستان پێکەوە بۆ پشتیوانی موجاهیدین، شەڕکەرە پەڕگییرەکانیان، دەنارد بۆ ئەفغانستان،کە لە ١٩٨٠ وە لەلایەن هێزەکانی شورەوییەوە داگیرکرابوو. پلانەکەیان ئەوە بوو جەژنانەی "ڤێتنامی ئەفغانستان" پێشکەش بە  شورەوی بکەن، دەبوو جێبەجێ بکرایە. بۆ ڕاوێژکاری ئاسایشی کۆنی ئەمەریکی ز. برجینسکی،ئەو هەرەسهێنانی شورەوی بەڕێوە برد.
بەڵێ بە ڕوونی کەس نەیدەتوانی پێشبینی ئەوە بکات، ئەم سیاسەتە، چ ئاکامێکی ناهەمواری درێژخایەنی دەبێت، یانی پەروەردەکردنی ڕێکوپێکی هەزاران ئیسلامی ڕادیکال،لە نێو ئەواندا ئەوەی دواتر سەرۆکی ئەلقاعیدە، ئوسامە بن لادن، جگەرگۆشەیەکی سیاسەتی بیر و ئاین جیاوازی چینی سەرەوەی سعودییە. عەرەبی سعودی لەتەک پارەدا، بە ڕێگاوە چەک و کەلوپەلی ئایدۆلۆژی دا بە جیهادییەکان. بیری چاکی وەهابی، ڕەوایەتی دا بە شەڕی دژ بە کۆمۆنیزمی "بێ دین" و هەروەها بەڵێنی  گەردن لە گوناح پاککردنەوەی بە خۆکوژەکان دا.  بە زۆری مزگەوت و  ئامۆژگاریکەران، قوتابخانە و پەیمانگا، نەخۆشخانە و خانەی هەتیوان،  پێترۆکابیتالیزمی سعودی لە ١٩٦٠ وە، دەستی کرد بە ناردی مۆدێلە ئیسلامییەکەی بۆ هەموو کونوقوژبنێکی جیهان. سوپاس بۆ ساتەلیت و ئینتەرنێت، پەیامی وەهابیزم، ئیمڕۆ  ئاسانتر دەگات لە هەر وەختێکی دیکە.
مێژوونووسی ئەمەریکیBernard Lewis ، جارێک بەرواردێک دەکات. تێکەڵکردنی وەهابیزمی سعودی و پێترۆدۆلار، شتەکە بە نزیکەیی، هەروەکو ئەوەی  عەشیرەتی Ku-Klux-Klan , (ڕێکخراوێکی راسیستی زەبروەشێنە ـ وەرگێڕ)، دەسەڵاتی ڕەها لە تەکساس بگڕێتە دەست، لە ڕێگای پارەی نەوتەوە  ئاین بڵاو بکاتەوە لە تەواوی دنیادا، بەو پێی ماناکەی خۆی. رێکخراوی خێرخوازی وەهابی بۆ نموونە ئەوەی لە ١٩٧٢ دا دامەزراوە" کۆبەندی جیهانی بۆ گەنجانی موسوڵمان" ، بە پێی قسەی  کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکیی بۆ پەلامارەکەی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١، بە پشتیوانیکەری تیرۆری ئیسلامی دادەنرێ.
مەککە لەو کاتەدا  وەک لاس ڤیگاس دەبریسکایەوە، دەربارەی ریازی پایتەخت، جارێ هیچ قسەیەک نەبوو، بەڵێ سەڵتەنەتی مەزن و گەڕانی  بە فیرۆچووی  پاشای سعودی، وا دەردەکەوت پاسەوانانی بیروباوەڕی ئەوێی  کەمتر خەمبار کردبێ. هێشتا هاوژینی تەمەن ٢٧٠ ساڵەی نێوان مەزهەبی وەهابی و دەسەڵاتی سعودی کار دەکات. کەواتە زیاتر ئامۆژگاریکەری پێترۆدۆلار قازانج دەکات.
وەهابیزم قوتابخانەیەکە، لە مێژە هەر قوتابییەک بۆ زەبروزەنگ هان نادات، بەڵام بە قوڵی ئیسلامی نابەخشندە و تایەفەگەریی  بەرهەم هێناوە ـ زەویوزاری بە پیتی ڕۆحی، لەسەر ئەوە تیرۆریستەکانی " دەوڵەتی ئیسلام" (داعش ـ و) دەتوانن بگەشێنەوە و بپوژێنەوە.
 لەمەدا دەوڵەتەکەی ئیبن تمیمە هاتۆتە دی و هەڵهاتووە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرنج: ئەم بابەتە لە بۆ یەکەمجار لە نۆیە زوریخە تسایتوونگ NZZ ،دا بڵاوکراوەتەوە و لەبەر گرنگی بابەتەکە،رۆژنامەی دیاری ئەڵمانی دێر تاگەشپیگلی بەرلینی جارێکی تر بڵاوی کردۆتەوە و بەندەی خۆتانیش بۆی کردوون بە کوردی. تاکە سەرنجم لەسەر ئەم نووسینە ئەوەیە  ، نووسەر سەرلەبەری کەنداو، بە کەنداوی فارسی لەقەڵەم دەدات.
سەرنجێکی کورتیلەی بەندە لەم وتارە، ئاماژە نەدانە بە ڕۆڵی ئێران وەک هاوچەشنی سعودیە، لە مەڕ پرسی تیرۆرەوە. نموونەی تیرۆرکردنی د. قاسملۆ و د. شەرەفکەندی و هاوڕێکانیان و سەدانی دیکەش بەسە، بۆ دەرخستنی ڕۆڵی چالاکی ئێران لەم بوارەدا.
سەرچاوە: پاشکۆی رۆژانی یەکشەمە،ژمارە ٢٣١٧٥ی رۆژی ١٦/٧/٢٠١٧،دێر تاگە شپیگل


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە