هەڵوێستى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى (رێگا) سەبارەت بە ئەنجومەنى باڵاى ڕاگەیاندن
Tuesday, 17/05/2011, 12:00
لەپاش هاتنە ئاراى دەنگۆى ئەوەى لە هەرێمى كوردستان ئەنجومەنى باڵاى راگەیاندن درووستبكرێت، ئێمە وەكو ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى (رێگا) لەچاوەڕوانى ئەوەدا بووین كەسەرجەم دەزگا سەربەخۆكانى ڕاگەیاندن لە گۆڤار و ڕۆژنامەو تیڤى و رادیۆ، لەكۆبونەوەیەكى فراوان و لەدو توێى بەیاننمایەكى ناڕەزایەتیدا هەڵوێستێكى هاوڕاو تەبا بخەینە ڕوو، وە تیایدا بەتوندى دژى هەر كۆت و بەندێك بوەستینەوە كە بكرێتە دەست و پێى میدیاى ئازاد.
بەڵام بەداخەوە وەكو هەمیشە چەند بڵاوكراوەیەك كەبەردەوام بەدەستى ئەنقەست و بەبێ هۆ لەهەوڵى تەسك كردنەوەى ئەو مەودایەدان كە میدیاى ئەهلى و سەربەخۆ دەیەوێت كارى تیادا بكات، وەقۆرغ كردنى ئەو مەیدانە تەنها لەسێ كوچكەیەكى زۆر بچوك و بێ بنەمادا و لەخزمەتى چینێكى ترى دەسەڵاتدا كەدەكرێت لەسەبەینێیەكى نزیك یاخود دوردا خۆیان لەسەر كورسى دەسەڵات ببیننەوە كار دەكەن، هەڵوێستیان نواند.
كەبەدڵنیاییەوە ئەو هەڵوێستانەو هەموو ئەمانەى ئێمەش مادام بەجیاو هەریەكەو بۆ خۆیەتى، ئەو قورساییە لەسەر دەسەڵات دروستناكات كە وەكو دەستێكى پۆڵایینى میدیاى ئەهلى و سەربەخۆو زۆر ئازاد، بۆ شكاندنەوەى دەستێكى لەرزۆك بچینە ئەو مەیدانەى كە بەناوى ئەنجومەنێكەوە دەیانەوێت بەناوى داڕشتنى پرۆتۆكۆلێكەوە، سبەینێ چەند مەرجێكمان لەسەر بكەنە ماڵ كەهیچ كاممان قبوڵى ناكەین و بەتوندى دژى دەوەستینەوە.
بەهەرحاڵ مادام ئەو برادەرانە خۆیان وایان پێ باشەو پێدەچێت واش ئیشەكانیان باشتر بەڕێوە بچێت!
ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى رێگا بۆ هەموولایەكى دەخەینە روو، كە بەهەموو جۆرێك لەقاڵب دانى میدیاى ئەهلى و سەربەخۆ رەددەكەینەوە، وە دروستكردنى ئەنجومەنى باڵاى راگەیاندن و هەر گردبونەوەیەكى ترى هاوشێوەى ئەو بەنادروست و ناپەسەند دەزانین و بەهیچ شێوەیەك پابەندى هیچ بڕیارو خاڵێكى لەو شێوەیە نابین.
جارێكى ترو هەزارانى تر بژى میدیاى ئازاد و دەنگى سەربەخۆ و میدیاى ئەهلى.
ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى (رێگا)
17/5/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست