ریكلامی مەترسیەكانی سەركەركوك ڕاستە ؟!
Friday, 04/03/2011, 12:00
زۆر لە مێژە خەمخۆران ودڵسۆزانی كەركوك نوسەران رۆشنبیران رۆژمامەنوسان باسی مەترسیەكانی سەركەركوك دەكەن ، بەڵام هەمیشە سیاسیە دەسەڵاتدارەكان ئەوخەڵكە دڵسۆزەیان بەرەشبین ودەم بەهاوار پێناسە دەكرد،هەر ئەوشۆڤیەنی و بەعسی و میت و دار دە سانەی وڵاتانی دژە كورد بون خەڵكی كەركوك یان خەڵتانی خوێن دە كرد بە تەقینەوە و بە دەسڕێژی گولەی راستەوخۆ لە ناو بارە گا كانیانەوە خەڵكی خۆپیشاندەری ئەوشارەیان شەهید و بریندار دەكرد،كەچی خەمخۆرە سیاسیەكانی ئەمڕۆ هەمو ئەو كورد كوژانەیان رە وانەی دەرەوەی كوردستان دەكرد ، بەتایبەتی ئەندامانی بەرەی میت توركمانی كەبەئاشكرا دژایەتی گەلی كورد دەكەن و خواستە گەڵاوەكان كەمالیستە كان جێبەجێ دەكەن ،هەندێ لە وڵاتانی رەگەزپەرستی عەرەبی و توركیای دوژمنی سەرسەختی كوردو كوردستان هەموكاتێك دوژمنایەتی خۆیان لە هەمبەرگەلی كورد بەئاشكرا راگەیاندووە،بەڵام سەیرە بۆچی سیاسیەكانی حكومڕانی كوردستان ئەم راستییەیان لە خەڵك دەشاردەوە !!بەڵام ئێستا لەكاتێكدا خەڵكی كوردستان داوای ژیان گوزەرانێكی سادەوساكار دەكەن ولەچالاكی مەدەنیانەودیموكراتیدان راگەیاندنەكانی دەسەڵات كەوتونەتە ریكلامێكی درەنگ وەخت گوایە مەترسی لەسەركەركوك هەیە،ئاخربەرێزینە خۆ دڵسۆزانی كەركوك زۆرلەمێژە باسی ئەو مەترسیەدەكەن ،بەڵام ئێوە راستیەكانتان لەخەڵك دەشاردەوە ،ئێستاش من پێم وایە لەجیاتی ئەوەی خەڵكی كوردستان بەگشتی وكەركوك بەتایبەتی بخەنە دڵە راوكییەوە ئەگەر بەنیازن كەركوك بپارێزن ،ئەوا بەبێ دەنگی سنورەكانی حەمرین پڕبكەن لەپێشمەرگەو بەفەرمی رایبگەیەنن كەسنوری كوردستان ئێرەیە و چاوەروانی رەحم و بەزەیی مالكی مەكەن مادەی سەدوچل جێبەجێ بكات، لەراستیدا مەترسی سەركەركوك ئەوژمارە كەمەشۆڤێنی وبەعسییەنییە كەكراوە بەریكلامی كەناڵەكانی راگەیاندن ،مەترسی گەورە توركیایە كەلەتازەترین پەیامدا ئەحمەد داودئۆغڵو لەگەڵ هەندێ توركمانی تەلەعفەردا دەڵێت (كەكوك شارێكی توركمانییەو تەلەعفەریش قەڵاكەیەتی و هەرواش دەمێنێتەوە؟!!) ئەی با شەبۆ خەمخۆرێكی كەركوك نەك وڵامی ناداتەوە تەنانەت جارێكیش وەك ریكلامەكەی كابرای گەعال بەسەر باسی ناكرێت ،پڕبەدڵ حەز دەكەم ئەو خەم خۆرییە بۆ كەركوك راستی بێت ،بەڵام لە ساڵی دوو هەزارو شەشدا لە نائومێدیم بۆ گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان هۆنراوەیەكم لە رۆژنامەكاندا بەڵاوكردەوە حەزدەكەم ئێستاش بیخەمە پێش چاوی خوێنەران ، هیوادارم بەهەڵە دا چوبم لەوبۆچونە، ئەمەش دەقی هۆنراوەكەیە،
كەركوكی ئێستاو را بردوو
سەركردەیەك
پێناسەى كەركوكى كرد و
وتى دڵى كوردستانە!
ئەم وڵاتە بێ ئەوشارە
وێرانەیە..
وەك لاشەیەكى بێگیانە
* * *
زۆر لاوى كورد
لەپێناوى ئازادى دلأ
دڵى خۆی كرد بەقوربانى
بەڵام هەرگیز دڵی وڵات
نەیدى ساتێ
ئاسوودەیی و شادمانى
* * *
سەركردەیەكى تر وتى
كەركوك قودسی كوردستانە!
كەركوك نەبێ
گەل و وڵات بێ رووگەیە
دڵنیابن
چیا سەركەشەكەى حەمرین
سنورمانە
* * *
ئەمجارەش بۆ ئەو درووشمە
ژن و پیاو و گەورە و بچووك
گیانیان بەخشی
بۆ ئازادى شارى كەركوك
* * *
هەر دیلی بندەست جەلاد بوو
مەملەكەتى زێڕی رەش و
دەڤەرى گڕ ....
شارى ئارابخا ى دیرۆك و
تەئمیم ى بەعەرەبكراو
گڕ و كڵًپەى باباگوڕگور
ِ* * *
هێشتا كەڵبەى دێوەزمە
بەسەر قەڵادا رۆ دەچوو
بەنێو شەقامەكانى شاردا
بۆ رانك و چۆخە لەبەرێ
دەرفەتى پیاسەیەك نەبوو
* * *
ئەو كاتانە..
نەعل و كراس چەفە و عەگال
تەنیا وشەى ئیمشی و تەعال
لەناو شاردا
ئازاد و رێپێدراو بوو!
* * *
ئەو رۆژانە
هەموو جوانییەكانى ئەوێ
بەخاچی نا ئومێدییەوە
هەڵواسرابوو
* * *
تا ئەوكاتەى رووبارى خوێن
رەگو ریشەى دێوەزمەكەى
هەڵتەكاند ،
شار هەر دلأ بوو
هەر قورس بوو
بۆ كوردستان ...!
* * *
بەڵام دواى ئەوەى تارمایی
بەسەر روخسارى شارەوە
وەلا نرا...
كە دیمەنى وێرانەیەك بەدیكرا
دلأ و قودس باسی نەما
بڕیار درا.. هەر لەوێ دا...
كەركوك بكرێت بەقوربانى
بۆ ئەوەى بەڵا وەگێڕ بێت
بۆ هەولێر و سلێمانى
* * *
ئەمێستا دلأ و قودسەكە
ناوى نراوە "زبڵدان"
سنووریش لە حەمرینەوە
گوێزرایەوە بانی مەقان
***********
كوردۆشوانی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست