بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلیمانى و دەسەڵاتى دارایى
Friday, 12/11/2010, 12:00
ناوەندى تەندروستى
بە پێى ئەو دەسەڵاتە نوێیەى كە لە رووى خەرج كردنى پارەوە دراوە بە بەرێوەبەرى گشتى ئێستاى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى لە تواناى دا هەیە بە یەك جار برى (50000000) پەنجا ملیۆن دینارى چاپى نوێ خەرج بكات .
ئەمە لە كاتێكدایە كە بەرێوەبەرى گشتى پێشوو ئەو دەسەڵاتەى نەبوو .
بوونى ئەم دەسەڵاتە لە خۆى دا كارێكى زۆر باشەو ئەتوانرێت بە هۆیەوە لە زۆر قەیرانى دارایى و بەرێوە نەچوونى كارەكان رزگار ببن و كار ئاسانییەكى زۆر باشە بۆ فەرمانگەكەى و پێویست ناكات بۆ پەسەندەى خەرج كردنى ئەو برە پارەیە بگەرێتەوە بۆ وەزارەتى تەندروستى و بەمەش رۆتینێكى بەردەم ئیشە ئیداریەكان كەم دەبێتەوە .
بەڵام لە لایەكى ترەوە لەبەر نیەت خراپى خودى بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى و نەزانینى بەكار هێنانەكە لە جێى خۆى ئەمەیشى بۆ خراپترین بار گواستۆتەوە .
بە هۆى بوونى ئەو دەسەڵاتەوە رووى كردۆتە زیادە رەوى لە بەكار هێنانى دەسەڵاتەكەى و بۆ هەر پرۆژەیەك كە خۆى مەبەستى بێت و پشكێكى تێیدا هەبێت چەند كەمى تێ بچێت ئەو بریار لەسەر نزیكترین رێژە لە سنوورى دەسەڵاتەكەى دەدات ، واتە لە (47 ملیون پێش 50 ملیون) دەیبرێنێتەوە بۆ نموونە .
1- برى 49 ملیون دینارى خەرج كردووە بۆ نۆژەن كردنەوەى چیشتخانەى نەخۆشخانەى مناڵان و خانەى پزیشكان لە كاتێكدا خەرج كردنى ئەو برە پارەیە هێندە زۆرە ئەگەر ئەو چیشتخانەیە سەر لە نوێ دروستیش بكرێت ئەو پارەیەى تێ ناچێت .
2- برى 48 ملیون دینارى خەرج كردووە بۆ دروست كردنى تەنها یەك ژوور لە نەخۆشخانەى فریاكەوتن كە هەموو لایەك ئەزانن بەو برە پارەیە خانوویەكى دوو قات دروست دەكرێت .
3- برى 47 ملیون دینارى تەرخان كردووە بۆ دروست كردنى سیاجی گەراجێكى ئوتوموبیل لە بەرامبەر نەخۆشخانەى فریاكەوتن و چەندین جار و بە چەندین شێوە دروستى دەكەن و تێكى دەدەنەوە و سەر لە نوێ دروستى دەكەنەوە هێشتا نازانن باقیاتەكەى چۆن و بە چى بیانوویەك حەپەلوش بكەن .
4- ئەمانە لە كاتێكدا كە مەبەستى بووە خەرج بكرێن ئەگینا پرۆژەى زۆر لەوانە گرنگ ترو زەروور تر هەیە و پێشكەش كراوە و زۆریش لەوە كەمترى تێ دەچێت و بەرێزیان هیچیان بۆ تەرخان نەكردووەو پشت گوێى خستووە چونكە بە دەردى ئەوان ناخوات .
بەرێزان : خوا رەحمى كردووە كە دەسەلاتى ئەم بەرێزە 200 ملیون نییە ئەگینا بۆ هەر یەك لەم پرۆژانە 199 ملیونى تەرخان دەكرد و باكى نەبوو چونكە لە خوار كۆتایى دەسەڵاتەكەى خۆیەوەیەتى و خۆ هەموان ئەزانین ئەمرۆ شكور كەسیش نییە لێپێچینەوەى لەگەڵ بكات .
بۆیە جارى وا هەیە بوونى دەسەڵات زیان بە كۆمەڵگا دەگەیەنێت و سوود بە چەند كەسێك .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست