کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم (مه‌سعود بارزانی)

Tuesday, 14/07/2009, 12:00


خوشكی من (ناهیده ‌حمه ‌ساڵح ره‌حیم قه‌ره‌داغی) ده‌رچووی كۆلیژی كارگێریی و ئابووری، له ‌زانكۆی سه‌لاحه‌دین؛ كه ‌له ‌رۆژنامه‌ی و‌ڵات كاری ده‌كرد، له ‌رۆژی 16-5-1997به‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌كانی (سوپای رزگاری) و (سوپای دوو) كه‌ سه‌ر به ‌پارتی دیموكراتی كوردستانن له‌گه‌ل چه‌ند كه‌سێکی دی گیراون و ‌بێ سه‌رو شوێن كراون، به‌داخه‌وه ‌سه‌دان جار به‌دواداچوون و پرسیارمان كردوه، ‌به‌ڵام نه ‌ئاساییشی هه‌ولێر نه‌ئاسایشی گشتی و نه‌فه‌رمانده‌ی له‌شكری كوردستان و ‌نه‌هیچ لایه‌نێكی دی وه‌ڵامیان نه‌داوینه‌ته‌وه‌، بێ وه‌ڵامن!
ئێمه‌ جه‌نابت (مسعود بارزانی) به‌رپرسیار ده‌بینین له‌ به‌رئه‌وه‌ی تۆ فه‌رمانده‌یی ئه‌و له‌شكه‌رانه‌ت ده‌كرد له‌16-5-1997و ‌تاکو ئێستا، هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیت، ده‌بێ مافی هاوڵاتی بپارێزی، بۆ زانینی جه‌نابت و ‌هه‌موو هاوڵاتیانی كوردستان و ‌ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی مافی مرۆڤ و ‌دادگاكانی كوردستان ، ئێمه‌ خانه‌واده‌كانی به‌شێك له‌ بێسه‌ر و شوێنه‌كان له‌رۆژی 5-10-2008 به‌یاداشتێك چووین بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاگاداری رێكخراوه‌كان یاداشتێكمان دا به ‌پارلمان به‌داخه‌وه ‌تا ئێستا هیچ وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه ‌(ئه‌و یاداشته‌كه ‌ناوی 66 كه‌سی بێسه‌ر و شوێنی تیایه ‌له‌ ماڵپه‌ری چاك نیوز بڵاو كراوه‌ته‌وه) ، ئایا ئێمه‌ی جه‌رگ سوتاو ئه‌و مافه‌مان نییه‌‌ چاره‌نووسی رۆڵه ‌و خوشك و براكانمان بزانین؟ ئه‌گه‌ر كوژراون مه‌یته‌كانیان بده‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر له ‌زیندانه ‌نهێنیه‌كاندان بریار بده ‌با به‌ئاشكرا دادگایی بكرێن.
جه‌نابت  ‌‌داوا له‌خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌یت ده‌نگت پێ بده‌ن، ئاره‌زووی ئه‌وه‌ت هه‌یه، ‌كه ‌جارێكی تریش ببی به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، په‌یمان ده‌ده‌ی و ئاماده‌یی ئه‌وه‌ت ده‌ربریوه كه ‌چاكسازیی بكه‌ی و ‌كه‌موكوریه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ی .

ئێمه‌ خانه‌واده‌ی بێسه‌ر و شوێنه‌كان داوا ده‌كه‌ین وه‌ڵامی ئێمه ‌بده‌یته‌وه‌؛ چاره‌نووسی وونبوه‌كان دیار بكه‌یت و ‌تاوانباران دادگایی بكرێن و ‌سزا بدرێن، ئه‌گه‌ر جه‌نابت و ‌دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی ئێمه ‌نه‌ده‌نه‌وه، ئه‌و كاته ‌مه‌جبوورمان ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی وه‌ڵام داوا له‌دادگای فیدرالی عێراقی بكه‌ین.

هه‌روه‌ها داوا له‌ هه‌موو مرۆڤێكی به ‌ویژدانی كورد ده‌كه‌م پشتیوانی ئێمه‌بكه‌ن، دیسان داوا له‌ كه‌سوكاری بێ سه‌روشوێنه‌كانیش ده‌كه‌م، که‌ داوای مافی خۆیان بكه‌ن.

پارێزه‌ر: سمیره‌حمه‌ ساڵح ره‌حیم قه‌ره‌داغی


تكایه ‌بۆ زیاتر زانیاری وه‌رگرتن سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته ‌كلیكی ئه‌م لینكانه‌ی خواره‌وه‌بكه‌ن

http://www.sbeiy.com/ku/newsDetail.aspx?id=15135&cat=1

http://www.chaknews.com/kurdish/news.php?readmore=4583


تێبینی کوردستانپۆست بۆ سه‌میره‌ خان و ئه‌وانه‌یش که‌ که‌سوکاریان بێسه‌ر و شوێنه‌:
ئه‌گه‌ر به‌ڕیزتان  سه‌رنج له‌و ڕاگه‌یاندن و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ بده‌ن، که‌ پێش چه‌ند ڕۆژێک بڵاومان کرده‌وه‌ به‌ ناونیشانی (بۆ هه‌موو ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی، که‌ به‌هۆی خیانه‌تی نیشتمانی 31ی ئابه‌وه‌ زیانیان پێگه‌یشتووه‌) به‌ ئاشکرا دادگای باڵای تاواناکان له‌ به‌غدا داواتان لێده‌کات،‌ ده‌ڵی وه‌رن داوای یاسایی خۆتان پێشکه‌ش بکه‌ن.
 ئێوه‌ له‌ کۆتایی نامه‌که‌تاندا داوا له‌ مرۆڤی به‌ ویژدانی کورد ده‌که‌ن، که‌ پشتیوانیتان بکه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ش لێره‌دا ئه‌م سه‌رنجه‌مان بۆتان نووسی، تا ئه‌وه‌تان بۆ ڕوونبکه‌ینه‌وه‌، تا ئه‌وانه‌ی زیانیان لێکه‌وتووه‌، که‌سێکیان دیارنه‌ماوه‌، غیره‌ت بده‌نه‌ خۆیان و نه‌ترسن، داخوازییه‌کانی خۆیان ببه‌نه‌ به‌غدا، چاوه‌ڕێی چین؟ خزم و خوشک و مێرد و که‌سوکاره‌کانتان خۆ دوێنێ سه‌رنگوم نه‌کراون، وا بۆ سیانزده‌ ساڵ ده‌چێت و چاره‌نووسیان نادیاره‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌سێکیان له‌ ژیانیشدا مابێت، ئیتر ژیان چ خۆشییه‌کی تێدا ماوه‌ بۆ ئه‌وانه، پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌کی مه‌ده‌نی داوای یاساییان له‌ سه‌ر تۆمار بکه‌ن، کوشتن، تاوان ته‌نها کوشتنی به‌ده‌ن نییه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ش که‌ خه‌ڵک به‌بێ تاوان ده‌خه‌نه‌ زیندانه‌وه‌، ئه‌ویش تاوانێکی گه‌وره‌یه‌، ئێوه‌ش چ هیوایه‌کتان ماوه‌‌ تا چاوه‌ڕیی وه‌ڵامێکی سه‌رۆکی هه‌رێم بکه‌ن و دڵتان خۆش بکات. ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ته‌نگییه‌وه‌ نایه‌ت، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌ و سکاڵانامه‌یه‌ی ئێوه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌و ناتوانێت ڕاستییه‌ک هه‌یه‌ بۆتانی ئاشکرای بکات، که‌ نه‌مانی ئه‌وانه‌یه‌، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌وه‌تان بداته‌وه‌، کێشه‌ و کاره‌ساتیی به‌ دوادا دێت، ئه‌ویش حه‌زی له‌ گوێبیستی ئه‌و کێشه‌ و کاره‌ساتانه‌ نییه‌‌. ئه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشانه‌ نه‌هاتووه‌، به‌ڵکو بۆ دروستکردنی ئه‌و کێشانه‌ بوونی خۆی وه‌ک سه‌رۆکێک ده‌هێڵێته‌وه‌‌.


بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئاگادارییه‌که‌ی کوردستانپۆست، که‌ له‌ دادگای تاوانه‌کانی باڵای عێراق ه‌ به‌غداوه‌ بۆمان هاتووه‌، کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=b1a86f30

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە