بۆ ڕێباز فەتاح ئەندام پەرلەمانە كەى گۆڕان
Friday, 07/09/2012, 12:00
ڕۆژێك نەمان دى لەنەخۆشخانەیەك لەبنكەیەكى تەندروستى لەفریاگوزاریەك لەعیادەى دكتۆرێك لەشوێنێكى گشتى ، نەمان دى بێت و لەكۆنگرەیەكى ڕۆژنامەنووسى باسى ئەو هەموو كارەساتە و خراپى ڕەوشى تەندروستى و سەقەتى كەرتى تەندروستى بكات ، باسى نەبوونى كەمى بودجەو كارەساتەكانى ناو ئەو كەرتە بكەت كارەساتە ژوورى كارگێڕى بزوتنەوەى گۆڕان باسى خراپى ڕەوشى تەندروستى بەئامارو داتا بكات تۆش ئەندام لیژنەى تەندروستى پەرلەمان بیت ئاگادارى هیچ نەبیت ؟ كارەساتە هێزێكى گەورەى ئۆپۆزسیۆنى وەك گۆڕان تۆى ئەندام و خەمخۆر بێت لەلیژنەى تەندروستى پەرلەمان ؟ ئێستا وا بەبەرچاوى هەموو خەڵكى كوردستان كارەساتە تەندروستیەكان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان ئاشكرا دەبن و دەركەوت چەند ساڵە ئەم خواردنگە و كۆگاو دەرمانخانانە چیان دەرخواردى ئەو میللەتە داوە ؟ ئادەى پێمان بڵێ جەنابتان سێ ساڵە چیتان كردووە لەم بارەوە ، ئەمە كارى تۆ بوو لەگەڵ هاوكارەكانت ئەو هەموو كارەساتە تەندروستیەتان ئاشكرا بكردایە ، ئەو كاتەى كۆمپانیاكانى مەكتەبى سیاسى پارتى و یەكێتى ژەهرو خواردنى بەسەرچوو و دەرمانى ئێكسپایەریان دەهێنا لەجیاتى ئەوەى لەبازگەكان و مەرزەكان و بازاڕەكان بەدوایاندا وێڵ بایت و زانیارى و داتات كۆ بكردایەتەوە لەسەریان جەنابتان خەریكى وەرگرتنى پارەى سەیارەكە بوون لەپەرلەمان ؟ من ئەو كاتە حاشام لەتۆ كرد گووتم كارەساتە ئەمە دكتۆر بێت و لەسەر حسابى گۆڕان و دەنگدەرەكانى لەپەرلەمان و لیژنەى تەندروستى بێت ؟ تائێستا سەردانى چەند قەزاو ناحیە و گوندى دوورە دەستت كردوە لەبارودۆخى تەندروستى ناوچەكانت پرسیوە ؟ ئەوە دوو ڕۆژە دێیتە سەر شاشەكانى تەلەفزیۆن ئەمەشت هیچ نیە جگە لەنمایشێكى شەرمنانە جگە لەبزیەكى بێ موناسەبە كەخووتان پێوەگرتووەو لەخۆتانەوە پێ دەكەنن ، هەر ئامارو نووسین و ڕاپۆرتەكانى كوردستانپۆستت لەسەر ڕەوشى تەندروستى بكردایە بەكۆنگرەى ڕۆژنامەنووسى و سەردان و بەدواداچوون ئێستا زۆر بابەت و كارەسات لەسەر دەستى جەنابتان و فڕاكسیۆنەكەتان ئاشكرا دەبوو ، ئێستا دوایى ئاشكرابوونى ئەو هەموو كارەسات و ژەهر دەرخواردانەى میللەت ڕۆڵى تۆ وەك ئەندام پەرلەمانێكى ئۆپۆزسیۆن هیچ نیەو هیچ بایەخى نیە جگەلەنمایش و خۆدەرخستنى شەرمنانە نەبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست