کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌زمه‌ له‌ باشوور

Tuesday, 18/08/2020, 20:35


- خه‌ڵكانێك هه‌ن له‌خۆیانه‌وه‌ پرۆپاگەندە و قسه‌ى خراپ بۆحكومه‌تى هه‌رێم ئه‌كه‌ن  كه‌ گوایه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ به ‌قوڕ گیراوه‌، ئیش و كار و كاسپى تیا نه‌ماوه‌. خه‌ڵكى موحتاجه‌ ،نه‌ئیش هه‌یه‌ نه‌ كار، حكومه‌تیش بێ خه‌مه‌ هیچ هه‌لێكى كارى بۆگه‌نجان ناره‌خسێنێ، له‌به‌رامبه‌ردا منیش بۆیه‌كه‌م جار دیفاع له‌حكومه‌ت و حزب ئه‌كه‌م و ئه‌ڵێم ئه‌و قسه‌یه‌ راست نى یه‌ و سه‌د له‌ سه‌د درۆیه‌،هه‌لى كار زۆر زۆره‌ ـ ئه‌وه‌تا ته‌ماشا قوباد تاڵه‌بانى له‌ئه‌وروپا فیته‌ر بوو، كه‌چى ئێستا ئه‌و له‌شه‌ى ساغ بێت بۆته‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، لاهورى ئامۆزاشى له‌ به‌رتیانیا له‌فه‌ى ده‌فرۆشت كه‌چى ئه‌لعان هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى یه‌.
- رۆژانه‌ حكومه‌تى توركیا و ئێران به‌تۆپ و فڕۆكه‌ بۆردومانى هه‌رێم ئه‌كه‌ن و خه‌ڵك ئه‌كوژن خانوو, نه‌خۆشخانه‌ و پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریى خاپور ئه‌كه‌ن,ره‌زو باخى هاوڵاتیان كه‌ ره‌نج و داهاتى ساڵێكیانه‌ ئه‌سوتێنن ،حكومه‌ته‌ ساواكه‌شمان یه‌ك زه‌رڕِه‌ به‌خه‌یاڵیا نایه‌ت، بۆیه‌ك چركه‌ش نه‌ئیدانه‌ى ئه‌كات نه‌كۆبونه‌وه‌ یه‌كى بۆ ئه‌به‌ستێ،كه‌چى بۆ مووچه‌ چونكه‌ دزى و گه‌نده‌ڵى و لێبڕین و خواردنى تیایه‌، له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا مه‌سروربارزانى  دوودانه‌ جار له‌ پشت لاپتۆپه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌ى كردووه‌.
- زه‌مانى سه‌دام و به‌عسى گۆڕ به‌گۆڕ كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌بوون كه‌ له‌سه‌رو یاساو ده‌سه‌ڵات و هه‌موو شتێكه‌وه‌ بوون، ئه‌و كه‌سانه‌ پیاوكوژ و دز و جه‌رده‌ و گه‌وادى و،هه‌موشتێكیان ده‌كرد و ده‌سه‌ڵاتیش لێى نه‌ده‌پرسینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ریه‌كێكیان به‌ناوى(اصدقا سید الرئیس) ناسنامه‌یه‌كیان پێ بوو،كه‌س نه‌یده‌وێرا ده‌ست بهێنێته‌ ڕێیان، ئێستاش له‌سایه‌ى سه‌رى لاهوره‌وه‌ هه‌مان باند و پیاو كوژ و مافیا دروست بوون و ناسنامه‌ى ئه‌ویان له‌باخه‌ڵایه‌ و كه‌س ناوێرێت هیچیان پێ بڵێت،بۆزانیاریتان ماوه‌ى پێشوو ئه‌و بانده‌ به‌سه‌رخۆشى له‌ پاركى هه‌وارى شار به‌چه‌ند ئوتومبیلێكى ره‌شى ژماره‌ دژه‌ تیرۆر، به‌سه‌رخۆشى ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا كردبوو،خه‌ڵكیان ترساندبوو، خه‌ڵكیش ته‌له‌فۆنى بۆ پۆلیس وئاسایش كردبوو به‌ڵام كه‌سیان نه‌یانووێرابوو بێن. هه‌روابێته‌وه‌ له‌سه‌ر قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گومرگى باشماخ ئه‌و بانده‌ شه‌وان شتى قاچاخ و ماوه‌به‌سه‌رچوو داخڵى هه‌رێم ئه‌كه‌ن ،یه‌ك كه‌سیش ناوێرێت هیچ بڵێت یان رێگریان لێ بكات یان شته‌كانیان بپشكنێت و گومرگیان بكات.
 
 
- پارتى له‌ئێستاوه‌ راهێنان و داراداره‌ به‌ فڕوجه‌كانى بنه‌ماڵه‌و كوڕانى مه‌سعود بارزانى ئه‌كات، ئه‌مساڵ  له‌یادى ساڵانه‌ى پارتیدا ده‌مووچاوێكى تازه‌ى بۆفۆكس كردین و خستیه‌ به‌ردیده‌مان، بۆ ئه‌وه‌ى سبه‌ى رۆژ كه‌ بووبه‌ شت  لامان سه‌یر نه‌بێت. ئه‌ویش مه‌لا مسته‌فاى كورى مه‌سعود بارزانى یه‌(خێرمان زۆر له‌ مه‌لا مچه‌كه‌ى باپیرى بینى جا نۆره‌ى ئه‌وه‌) له‌ده‌ركه‌وتنێكی مچه‌ى بچكۆله‌ كه‌ هیچ سیفه‌تێكى حزبى و حكومى نى یه‌، كه‌چى هه‌ستاوه‌ به‌كردنه‌وه‌ى وێستگه‌یه‌كى كاره‌با له‌ ناوچه‌ى بارزان، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ تا رۆژى قالو به‌لا ده‌سه‌ڵاتى حزبى و حكومى هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى بنه‌ماڵه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌.
 
 
- له‌وڵاتان په‌رله‌مانتار كه‌سێكه‌ كه‌ لێهاتوو لێوه‌شاوه‌ و خاوه‌ن رۆشنبیرى و بڕوانامه‌بێت، كه‌له‌گه‌ڵ سروشتى كاره‌كه‌یدا بگونجێت, لێره‌ش له‌سایه‌ى حزبه‌كانه‌وه‌ ،لوقمه‌قازى فرۆش( له‌گه‌ڵ رێزم بۆ ئه‌و پیشه‌یه‌) لۆتى،نه‌خوێنه‌وار،دۆم،كۆنه‌ هین، ده‌كرێته‌ په‌رله‌مانتار، جا له‌وه‌ش گه‌ڕێ له‌سه‌رو به‌ندى (رێكخستنى میدیاى ئه‌لكترۆنی) دا كه‌ پتر له‌په‌نجا په‌رله‌مانتار واژۆیان كردوه‌، له‌نێویاندا كه‌سى تیایه‌ كه‌ مێرده‌كه‌ى له‌سه‌ر ره‌خنه‌ وهه‌ڵماڵینى گه‌نده‌ڵى تیرۆر كراوه‌، په‌رله‌مانتار هه‌یه‌ باپیرى یه‌كێك بووه‌ له‌وانه‌ى هه‌میشه‌ هه‌ق بێژ و دژى سته‌مى ده‌سه‌ڵات بووه‌،به‌رده‌وام شوێنى  زیندان بووه‌،كه‌چى زۆر نامه‌ردانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سنوورى ئازادى به‌رته‌سك بكه‌نه‌وه‌ هاتوون ئه‌و پێشنیازه‌یان داڕشتوه‌، جا هه‌نێكیان ئه‌وه‌نه‌ گه‌مژه‌ و غه‌شیمن ئه‌ڵێن  ناوه‌رۆكو پێشنیازى یاساكه‌مان نه‌خوێندۆته‌وه‌ هه‌روا واژۆمان كردوه‌، هه‌نێكى تریشیان پاش ئه‌وه‌ى ئه‌و یاسایه‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆكراوه‌، ئه‌ڵێن واژۆكه‌مان ده‌كشێنینه‌وه‌،كه‌شتى وا له‌ یاساى په‌رله‌ماندا نى یه‌ به‌ڵكو ته‌نها پاساو هێنانه‌وه‌یه‌ بۆكاره‌ شه‌رم ئامێزه‌كه‌یان.
- خێرى نه‌نوسێ یاخوا ئه‌م مانگه‌ش كازمى بڕێك پاره‌ى بۆمووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نارد،كه‌پێش گه‌یشتنه‌كه‌ى نیوه‌ى لێ حه‌په‌لووش كرا، سه‌یره‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ جه‌ماعه‌تى به‌رهه‌م ساڵح ئه‌ڵێن به‌ته‌كه‌لیفى ئه‌وبووه‌،ته‌كه‌توله‌كه‌ى بافڵ ئه‌ڵێن له‌سه‌ر داواكارى بافڵ ببووه‌،جه‌ماعه‌تى لاهوریش ئه‌ڵێن  هه‌موو كار و ئه‌رك و ماندوبونه‌كه‌ى به‌رهه‌مى ره‌نجى ئه‌وه‌، جه‌ماعه‌تى قوبادیش ئه‌ڵێن به‌تكاو رجاى  ئه‌و، ئه‌و پاره‌یه‌ نێردراوه‌،هه‌رچى جه‌ماعه‌تى پارتیشه‌ ئه‌ڵێن له‌رێگه‌ى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى مه‌سرور و كازمى  بووه‌ ئه‌و داواى لێكردوه‌،كۆنه‌ پارتى و مه‌سینه‌ هه‌ڵگره‌كانى مه‌سعودیش، بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ كازمى وه‌ك دیارى  ساڵرۆژى دامه‌زراندنى پارتى دیموكرات ئه‌و پاره‌یه‌ى ناردووه‌، له‌كۆتایا هه‌مووشى درۆیه‌ هیچ كام له‌وانه‌ نه‌یان توانیوه‌ هیچ بكه‌ن گه‌ر پیاون و راستگۆن ئه‌ى بۆبه‌رده‌وام ئه‌و كاره‌ ناكه‌ن؟میلله‌ت تووشى ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ ئه‌كه‌ن؟
- مه‌جید ساڵح كۆنه‌ به‌عسى و تازه‌ گۆڕان و ناسیاوى عه‌دنان عوسمانى به‌رپرسى گۆڕان، یه‌كێك بووه‌ له‌داڕێژه‌رانى (رێكخستنى میدیاى ئه‌لكترۆنی)ناوبراو بۆخۆى رۆژنامه‌ نووسه‌ و ساڵانێكى زۆر له‌رۆژنامه‌كانى به‌عس كاریكردوه‌،، ئێستاش له‌ په‌رله‌مان پۆستى هه‌یه‌،ئه‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى ئه‌و یاسایه‌وه‌ خه‌ڵك ده‌مكوت بكات و نه‌وێرێت باسى دزى و گه‌نده‌ڵى و كاره‌ قێزه‌ونه‌كانى حكومه‌ت وپه‌رله‌مان بكات، تومه‌ز كاكم پاشخانى پێشووترى هه‌یه‌ له‌سه‌رده‌مى به‌عسدا ئه‌و كاره‌ سوودى زۆرى هه‌بووه‌ بۆده‌سه‌ڵات بۆیه‌ ئێستاش جارێكى تر زیندوى ده‌كاته‌وه‌
ناسیاوێكم سێ به‌سێ ته‌ڵاقى خوارد وتى ئه‌و فیعل و تاكتیك و پیلانه‌ى گۆڕان فێرى پارتى كردووە ، پارتى به‌ سه‌د ساڵى تریش به‌خه‌یاڵیدا نه‌ئه‌هات و بیرى له‌شتى وا نه‌ئه‌كرده‌وه‌.
- خدر بێ گه‌لاسى كه‌سێكى كه‌م ئه‌قڵه‌ و به‌زۆر خۆى كردوه‌ به ‌گۆرانىبێژ، جا نه‌ گۆرانى ده‌زانێت، نه‌ده‌نگى خۆشه‌، نه‌ دوو هۆنراوه‌ى له‌به‌ره‌. ناوبراو خه‌ڵكى پشده‌ر ،خه‌ڵكى ئه‌و ناوچه‌یه‌ بۆ سه‌رگه‌رم كردن و پێرابواردن  ئه‌یبه‌ن گه‌عه‌ده‌ى پێده‌كه‌ن و له‌به‌رامبه‌رادا كه‌مێك پاره‌ى پێده‌ده‌ن، له ‌فه‌یسبوكیشدا بۆته‌ مه‌زه‌ و گاڵته‌جاڕى، له‌م رۆژانه‌دا ناوبراو بووه‌ به ‌پارتى، جا پارتى وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌نگوینى له‌ كلۆره‌دارا دۆزیبێته‌وه‌، له‌ په‌یجه‌كانى خۆیدا وێنه‌ى ناوبراوى به ‌ئاڵا و جامانه‌ى سوره‌وه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌، چى بكه‌ن داماوانه‌ كه‌سیان به ‌ده‌وره‌وه‌ نه‌ماوه‌ به‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ش ئه‌یژه‌نن
  
- له‌تازه‌ترین نوكته‌شدا كه‌ناڵێك پرسیارى له‌ ئاواتى شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى كردوه‌ كه‌ سبه‌ینێ مووچه‌ى چ وه‌زاره‌تێك دابه‌ش ده‌كرێت،؟ ئه‌ویش له‌وه‌ڵاما وتویه‌تى بوه‌ستن باسه‌یرێكى په‌یجه‌كانى فه‌یسبوك بكه‌م بزانم چ شوێنێكیان نووسیوه‌ ،پاشان وه‌ڵامتان ئه‌ده‌مه‌وه‌. باقى وه‌سه‌لام.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە