کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چیمان ماوە، تا لە دەستى بدەین؟!

Wednesday, 01/04/2020, 9:47


پەتاى کۆرۆنا تەنگى بەجیهان هەڵچنیوە و کاریگەرى خراپى کردۆتە سەر رەوتى ژیان، هەموو جومگەکانى پەک خستوە، بۆتە ترسناکترین پەتا و بەڵاى سەردەم،و تا ئێستاش هیچ چارەسەر و پێکوتێکى بۆ نەدۆزراوەتەوە، کوردستانى خۆشمان لەو پەتایە بەدور نىیە و بۆتە بارگرانى و قورسىی و زەحمەتى بۆ میللەت، بەبێ ئەوەى دەسەڵاتى شکست خواردو تۆزقاڵێک لەخەمى گەلەکەیدا بێ، بیر لە رێگە چارە و بەهاناوە چوونى خەڵکى هەژار و کەم دەرامەت بکاتەوە. بەگشتى بۆ هەمووخەڵک و بەتایبەتیش بۆ ئەو کاسب و کەسانەى کە رۆژانە کاردەکەن، ئەگەر رۆژێک ئیش و کەسابەتیان نەبێت ژیانیان ناڕەحەت و زەحمە دەبێت، ئەوە کێشەى کرێیچێتى و نەخۆشى و پزیشک و خەرجى منداڵ و جل و بەرگ و خۆراک و پارەى کارەباى موەلیدەى ئەهلی و پێداویستى رۆژانە لەولاوە بوەستێت.
                  سەربارى ئەوەى دەسەڵات نزیکەى دووهەفتەیە خەڵکى لە ماڵەوە ناوە، رێگرى دەکات لە هەمووجموجوڵ و کارێک، و هیچ هاوکارى و دەستگیرۆى خەڵک ناکات، بەوەشەوە نەوەستاوە موچەى فەرمانبەرانیشى زەوت کردوە، وا  پەنجا رۆژە هێشتا مووچەى مانگى دوانزەى ساڵى پار نەدراوە، کە ئەمەش بارگرانى خستۆتە سەر شانى خەڵکى و دووچارى نارەحەتى و سەختى ژیانى کردون، کەچى لەبرى ئەوەى حکومەت لەم قەیرانە سەخت و ناخۆشەدا بیر لە رێگە چارە و و باشترکردنى گوزەرانیان بکاتەوە، جارێکى  دیکە دەسەڵاتى زاڵمى باشوور بە بیانوى قەیرانى ئابورى و کورتى بودجە، بیر لەوە دەکاتەوە کە وەک ساڵانى پێشوو دەست بەرێت بۆ دەستکارى کردنى موچە و کەمکردنەوەى، جارێکێتر سک هەڵگوشین و نەبوونى و گیرفان بەتاڵى بکات بە دیارى بۆ میللەت، لەولاشەوە دەسەڵاتداران و پەرلەمانتارە ترسنۆک و بێ هەڵوێستەکان هیچ ناڵێن و بێ خەمن.
          هەمووان ئەو چەند ساڵەمان لەبیرە کە حکومەت بەناوى پاشەکەوتى مووچەوە بە چ دەردێکى بردین، چ رەزاڵەت و نارەحەتى و نەبوونییەکمان چێشت، درۆى ئەوەى لەگەڵ کردین کە پاش باشبوونى رەوشى کوردستان  رەوینەوەى ترس و نائارامییەکان و شەڕى داعش ئەو پاشەکەوتە دەگێڕێتەوە بۆمان، کەچى جگە لە درۆیەکى زەق و بێ بنەما هیچى تر نەبوو، بۆیە ئێستا حکومەتەکەى مەسروریش لەبیرى ئەوەدایە کە جارێکى تر هەمان قەیران و زۆرى و زەحمەتى بکاتەوە بەدیارى بۆمان ، بۆخۆشیان لە کەیف و سەفا و دزى و راووروت ناکەون. تۆ سەیرى هەموو وڵاتان بکە چۆن لەپێناوى ئەوەى گەلەکەیان زیانمەند نەبێت بەبێ کێشەو بارگرانى ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت ،هەموو بودجە و داهاتێکى خستۆتە خزمەتى گەلەوە، چەندین کار ئاسانى و هاوکارى  بۆیان فەراهەم کردوە،کەچى  دەسەڵاتى دز ومافیاى خۆشمان جگە لەوەى پارەى نەوتى دزراو بۆخۆى هەڵدەگرێت، موچەى مانگانەى کەلەبەغداوە بۆمان دێت دەشارێتەوە، ئەو هاوکارى وکۆمەکانەى کە وڵاتانى دونیا پێمان دەبەخشن هەڵدەلوشێت، بەوەش تێرناخوات ئەخوازێت دەست بۆموچەى فەرمانبەران و کەم ئەندامان و شەهیدان و نەخۆشان بەرێت. بۆیە هەقى خۆیەتى کە ئیتر ئێمەش تۆزێک غیرەتمان هەبێت،بەبیانوى جیاجاوە فریو نەخۆین و قایل نەبین کە بەناوى گۆرۆناوە ئەو زوڵمەمان لێبکرێت، ئیدى کاتى ئەوەیە کە لەسەر مافى خوراوى چارەکە سەدەیەکمان بێینە دەنگ، کاتى ئەوەیە کەبتەکان بشکێنین و بێینە مەیدان، شتێک نەماوە بەناوى ژیان ومرۆڤایەتى، دەسەڵات وبەرپرسان هەمویان لێ بردین و زەوتى کردوە،لەداراى دونیا هیچ شک نابەین، لەولاشەوە کۆرۆنا لەبەردەرگاخۆى بۆمەڵاس داوین، ئیدى بەهەموو پێودانگ و مردنێک قەرزدارین،بەهۆى ناداوەرى ئەم دەسەڵاتە ملهوڕە ژیانمان رۆیشت، ناموسمان رۆیشت، داهاتو و سەروماڵمان رۆیشت،خێروخۆشى و بزە و خەندەمان رۆیشت،شتێک نەماوە کە دڵمان پێى خۆش بێت. ئیدى چى ماوە لەدەستى بدەین؟ جگە لەکۆیلایەتى و سەرشۆڕیمان؟ پێم وابێت کاتى ئەوە هاتوە برژێینە سەر جادە وراپەڕینێکى سەرانسەرى بەرپا بکەین،خۆ ئەگەر مردین و تیا چووین شتێکمان نابێت کەلەدەستى بدەین جگە لەگیان،کە ئەوەش ئێستا نرخ وقیمەتى نەماوە و زۆر هەرزانە ، هەموومان لێى بێزارین، ئەوا  خۆمان لەسایەى ئەم زاڵمانە تەمەن و ژیانمان بە هەدەر رۆیشت ، باهیچ  نەبێت بۆ ئەوەى نەکەویتە بەر تانە وتەشەر و جنێو قسەى نەوەکانمان و بەر نەفرەتى مێژوو نەکەوین و بەترسنۆک وبێ دەسەڵات وزەبوون ناومان نەچێتە مێژووە وە با ورەو غیرەت بەبەرمانا بکەینەوە و بێینە مەیدان بڕوا بکەن هەل و دەرفەت لەمە باشتر هەڵناکەوێت. خەڵک زۆرببێزارەو کورد واتەنى جامەکە تەواو پڕ بووە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە