سەردەمى غیابى ئەقڵ
Monday, 13/01/2020, 1:06
ئەم سەردمە سەردەمى بێ حورمەتى مرۆڤەکانە، سەردەمى شکاندنى بەهاو ئاکار و کەسایەتییەکانە، سەردەمى جڕو جانەوەرو و کەمتیارەکانە. سەردەمى نابووتى و بێ نرخ بوونى جوانیەکانە.سەردەمى قەوزە و لیخن و ژەنگ گرتووى هزرەکانە.
من،تۆ ، هەمووان بەئەندازەى گەردیلەیەک مافى ئەوەمان نییە بچوکترین رەخنە بگرین، بەئاستەم زار هەڵبێنین، پەنجەى تۆمەت بۆهیچ کەس و لایەنێک درێژ بکەین.ناتوانین لەژێر لێویشەوە جووکە و نووزە بکەین.،بڵێین دەسەڵات زاڵم و غەددارە، سەرسەرى و دز و خوێڕییە،مافمان دەخوات، مووچەمان پێ نادات، لە خزمەتگوزارى و پێداویستى ژیان مەحرومى کردوین.نەکەیت یەک ورتە و فززە بکەیت، چونکە وەک وتم من وتۆ، بووینەتە هەڵتۆقینى ئەو دەعبا و جڕ و جانەوەرانە. ئەو نەفامییەى ئێمە بوو، بووە هۆکارى تروکانى ئەو کرۆمکانە.وا ئێستا ریزى پێشەوەیان لێگرتوین و بونەتە ڤایرۆس و مۆرانە و کێچ وئەسپێ و بەربونەتە گیانمان .هەموویان لە هەرە سووکەکەیانە بۆ گەورەترین تەرەسیان دەست ودیارى خۆمانن، خۆمان کردمانن بە گەورە و هین خۆر.دەنا ئەوان هیچ کامیان نەهاتوون بڵێن دەنگمان بدەنێ،هیچ کات ئەوان داواى شەڕە پەڕۆ و ململانێى بێ قیمەتى حیزبایەتیان لێ نەکردوین،.نەخێر ئێمە بووین پشتماندانا و وتمان فەرموون بەسەریدا سەرکەون ،لەسەر سەرو پۆتەلاکمان میز و پیسایى بکەن.ئەوانمان بەخودا و خۆشمان بە کۆیلە و دیل ودەربار دەزانى، پێمان وابوو کە ئەگەر ئەوان نەبن ،ئێمە ناتوانین تەنانەت هەناسەش هەڵمژین، ئەگەر ئەوان نەبن ئێمە لەسفرى پاش فاریزەش بێ ئەرزش ترین.خۆبیرتانە عانى هەڵبژاردن و دەنگدان چ فەرتەنەو هاش و هوش و قیڕ و هورێکمان بۆدەکردن،؟خۆ دوێنێ مان لەیادە لەسەر رەنگى سەوز و زەردو مۆر و گواوى شارمان چەند پیس کردبوو، چۆن بۆخاترى ئەوان دڵى خواو پێغەمبەریشمان لەخۆمان رەنجاند، بۆسەرکەوتنیان زۆر گەمژە و بێ ئەقڵانە جۆرەها تەزویر و ساختە و فرو فێڵمان بۆکردن، ئەوا ئیمرۆش هەمووتان لەسایەى سەرى پەرلەمانى دیوەخانى نەخوێنەوار و تەمەبلەکان و ،ئەنجومەنى وەزیرانى بێ ئیش و گەندەڵخانەکان بەرى ئەو رەنجەمان چنییەوە.
تۆ کاکى بەناو مرۆڤ، ئەفەندى چاکەت پانتۆڵ لەبەر،کوردەى مشکى و جامانە بەسەر، تۆیەک خێر وسوودت بۆخۆت نەبێت،نەتوانیت بچووکترین خزمەت بەچوار دەورت بکەیت، بەئەندازەى مێش هەنگێک قازانج بەکۆمەڵگە نەگەیەنیت، خۆت لا پرۆفیسۆر و بیرمەند بێت،بەڵام ناوەرۆکت بۆش بێت.جگە لەخواردن و خەوتن و پیس کردنى ژینگە چیت بەم ژیان وکۆمەڵگایە بەخشیوە؟ بۆیە هیچ دەنگ مەکە و بێدەنگ ئەوە بەر ئەنجامى کەرێتى خۆتە... کە قابیلى ئەوەیت لەو دەسەڵاتە خراپتر فەرمانڕەوات بێت.
هۆ کاکى خۆ بەفیرعەون زان، تۆیەک بۆخاترى ئەوەى هەندێک دڵ و دروونت ئاسودە بکەیت، و چوار دەورت بخەیتە پێکەنین ،دێیت گاڵتە و رابواردن بە کەسێکى کەم ئەندام یان شێتێک بکەیت، ئەبێت سەنگ و بوون قورسایی و کەسایەتیت چەنێک سووک چروک بێ نرخ بێت؟ ترسنۆک و بودەڵە دەرەقەتى حکومەت نایەیت لەهەمبەر ئەو هەموو بێ حورمەتى وبێ رێزیەى بەرامبەرت ئەنجامى ئەدات ترسنۆکیت دێیت داخى دڵى خۆت بە کەم ئەندام و خاوەن پێداویستى ئەرژیت؟!
لەبرى چاندنى تۆوى و خۆشەویستى و تەبایى،بچیت پۆز بەسەر هاوڕێَ و دۆستەکانت لێ بدەیت کەئوتومبیلى تۆ لەوەى ئەوان گرانترە خانەوەکەت کەشخەترە ! ژمارە و جۆرى مۆبایلەکەت لەوەى ئەوان رەواجى زیاترە.ئەگەر ئەمە سەردەمى مایە پووت بوونى مرۆڤەکان و نغرۆبوونى عەقڵ و پاشەکشەى مەعریفە نەبێت چى یە؟ تۆ چ مرۆڤێکیت کاتێک ورگ و گیرفانت پڕە ،بەڵام هزر و مێشکت خاڵى خاڵییە؟ هێندە داماو وهەژار بیت پێت وابێت کە بە ئێکسسوارى ناو ماڵەکەت و ئەناقەتى جل و بەرگەکەت کەسایەتى ورێز بۆخۆت فەراهەم دەکەیت، تەواوى عەیب و ناتەواویەکانت بەوە دەشاریتەوە! هێندە بەسەزمان بیت بچیت بە بۆنێکى مارگەى گرانبەهاى فەرەنسى سەرو لەشت بۆن خۆش بکەیت،کەچى لەولاشەوە عەقل و بیرت بۆنى گواو تەوالێتى لێ بێت! گیرفان و قاسەت سیخناخى پارە بێت ،کەچى کەسایەتى و ئیدراکت لەژێر خاڵى سفردا بێت، بۆیەزۆرچاک لێت مەعلوم بێت تابەخۆتدا نەچیتەوە ،ئەو قرێژى و پۆخڵەواتەى ناو ناخت پاک نەکەیتەوە، تا شانازى بەو ئاکارە ساویلکە وکەرانەیت بکەیت، بێ گومان و دڵنیا بە،نەوەى نەوەى ئەو سەرکردانەى ئیمرۆ حوکمت دەکەن، تۆش هەر ئەبێت ئاخ هەڵگێشیت و بڵێت کەى رزگارمان ئەبێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست