کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورتە وەڵامێک بۆ کاک تەها هەڵەدنى و گومانەکەى

Tuesday, 22/10/2019, 10:38


ئازیز و بەرێزم بەندە یەکێکم لەو کەسانەى کە زۆر تامەزرۆى نوسین و بابەت و شرۆڤەکانى بەڕێزتم و زۆر بەوردى  دیقەتەوە دەیانخوێنمەوە. بۆ ئەو رەخنەو سەرنج وگومانەشت سوپاست دەکەم. بەڵام وەک جەنابیشت باستکردوە کە وەخت و ساتى نوسینەکەم بۆئەم ساتە شتێکى باش نى یە. ئەوەیان دیدو بۆچونى خۆتانە(خۆ ئەگەر بە سیخوڕ یان دژ بە پەکەکە ) یان هەرچى تۆمەتبارم دەکەیت سەربەستیتت و گەردنت سەدان جار ئازاد بێت. بەڵام ئازیزم کێشەى ئێمە ئەوەیە کە هەمیشە بەعەتف  سۆز ودڵەوە لە پرس و کێشەکانمان روانیووە ،زۆرکەم بە دیدو ئەقڵ مامەڵەمان لەگەڵ روداوەکاندا کردوە،هەر بۆیەش هەمیشە لەشوێنى خۆمان فەنتەڕناشمان کردوە ،نەمانتوانیوە دەست بخەینە سەر برینەکانمان، لامان رەخنە گرتن و باسکردنى کەمایەسى لایەنێک کوفرى موتڵەقە، و قابیلى قبوڵکردن نى یە. من پێم خۆش بوو لەبرى بەڕێزتان بەرپرسێک یان کادرێکى پەکەکە وەڵامى بدامایەتەوە، بۆئەوەى سەرلەبەرى راسیتەکان و هۆکارى رەخنە گرتنەکەم بە روونى بۆباسبکردایە،(چونکە ئەوەى من لەنێو پەکەکە لە زۆرینەى بەرپرسانى بیستومە و گفتوگۆم لەسەرى کردوە سێ سەد و هەشتا پلە پێچەوانەیەى هەڵوێستى ئێستایەتى ) جوداى ئەوەش ئەى باشە کاک تەها ئێستا کە گەرمەى رووداوەکەیە ئەو پرسە بۆتە رۆژەڤ ،ئەگەر ئێستا رەخنە نەگرم و پەنجە نەخەمە سەر برینەکان ،کەنگێ باسى بکەم؟من لەبەڕێزتان ئەپرسم  ماناى چى یە لەرۆژئاوا یانزە هەزار شەهید بدرێت ئاکامەکەشى ئەوە بێت، ئایا ئەگەر ئەوە گەڕانەوە بۆخاڵى سفر وسەرەتاى دێڕ نەبێت چى یە؟ئایا بەڕێزتان لە هەڵوێستى پەکەکە و بێدەنگى  خۆدزینەوە لە ئەرکەکەى و تەنها کردنى رۆژئاوا بەگومان نین؟ئایا نەدەبوایە پەکەکە بەرسڤێکى شۆڕشگێڕانەى هەبوایە،؟بۆ پەیەدە کە دروستکراوى خۆیەتى ،نەیدەتوانى لەتورکیا وتەواوى جیهان  قیامەتى راکا؟( ئەوەتا بفەرموو تەماشایەکى لێدوانەکەى جەمیل بایک بکە، بزانە ئەویش هەمان بۆچونى منى نى یە کە دەڵێم پاش رۆژئاوا ئەوجا تورکیا گەڕ بەباشور دەگێڕێت) ئەدى باشە ئێستا کاتى ئەو گلەیى و رەخنەیە نییە و لێم بەگومانیت ئەدى کەنگێ کاتێتى؟!ئەو کاتەى کە هەمووشت گۆتایى هات ئادارى بەسەر پادارییەوە نەما.کورد واتەنى لەپاش باران فەرەنجیم بۆچى یە.
  تۆ بڕوانە ئێمەى کورد بەدرێژایى مێژوو، هێندەى خەریکى یەکتر کوشتن و دووبەرەکى و شەڕى ناوخۆ بووین ،نیو ئەوەندە بەدوژمنەوە سەرقاڵ نەبوین، بەشى دەیان دەوڵەتى سەربەخۆ و خوێنمان رژاندوە،کەچى هەرلەشوێنى خۆمانین،ئەدى ئەوە ئەرکى من و تۆ نییە کەبەهەموو توانامان هەوڵ و تەقەلا بدەین وتوانا و خامەمان بخەینە گەڕ بۆ هێنانە دى یەکێتى و یەک ریزى کوردان؟ کەگرفت و کەمایەستى گەورەمان نە تورکە نەفارسە نەعەرەبە بەڵکو خۆمانین کەبوینەتەلاوازترین خاڵ بۆدوژمن.
  باشە بەڕێزم،گەر جەنابت شارەزاى رەوشى رۆژئاوابیت،ئەزانیت کە پەیەدە چۆن وەک دیکتاتۆر فەرمانڕەوایى دەکرد و رێگرى لە جموجوڵ و چالاکى تەواوى پارتەکان دەگرت، ئەگەر بهاتایە لەگەڵ وان هاوپەیمانى دروستکردایە ئایا نەدەبووە هێزێکى پتەو و فراوان و زۆرینە. یان ئەگەر بیرت بێت ساڵانى نەوەدەکان پەکەکە بیرۆکەى یەکێتى نەتەوەیى گەڵاڵە کرد، هەرخۆشى تێکیدا،چونکە تەنها و تەنها دەیخواست کە سەرۆکایەتى و باڵادەستى کۆنگرە لەدەستى خۆیدابێت، باشە گەر ئەوى رۆژێ ئەوەى بکردایە ئێستا کورد هەموو یەک دەنگ ویەک هەڵوێست نەدەبوو، هەمووان بە رۆح و گیان نەدەبوینە قەڵغان بۆ پارێزگارى، بەڵام ئیدى ئەڵێى چى هەر پارتەو لەلایەک خۆدەسەپێنێت و، لە چەوتى وکارى ناڕەوا ناگەڕێتەوە،هیچ کامیان تەنازول بۆ ئەویتر ناکات، بەڵام بە سنگ فراوانى و شانازییەوە دەچێتەوە پاڵ دوژمن.کە بەداخەوە ئەوە مێژووەکەمانە
بۆ مەسەلەى چەپەکان و زەوتکردنى دەسەڵاتیان ، ئەوى تۆزێک ئاگادارى رەوشى باشوربێت ئەزانێت کە چەندە شیوعیەکان خۆشباوەڕ و متمانەداربوون بە رژێم لایان وابوو کە عەبدولکەریم و سەدام مارکس ولینین ، هەرشیوعیەکان بوون کە بوبونە هاوپەیمانى بەعس ودەهۆل کوتیان و،بەچەک و ئوتومبیلى بەعسەوە ماڵ بەماڵ بەدواى نەیارەکانیاندا دەگەڕان و، بۆ ئەوەش چەندین جار باوک وکەسو کاریان گرتوم(گەرحەزدەکەیت یەک یەک ناوى ئەوکەسانەت بۆ رەوانە دەکەم کە شیوعى تەرەق سوور بوون)، هەروابێتەوە ئەوەى کە سیاسەت و سۆسیالیزم کۆمۆنیزمى لە کوردستان قێزەون و ناشیرین کردوە چ رابردو چ ئێستا هەر چەپەکان بوون،هەمیشە رۆڵى سلبیان گێڕاوە، جگە لەقسە و دروشمى بریقەدار هیچ بەرهەمێکیان نەبووە،ئیدى باسى چى بکەم، بڕوابکە لام شەرمە کاتێک ئەو مێژوو روداوانە دەخوێنمەوە کەباسى چەپ وشویعیەت و کۆمۆنیزم دەکات.
بۆوەڵامى 700 هەزار بەرمیلە نەوت و بێدەنگیم،لەسەر ئەو پرسە ،ئەرک بکێشە تەماشایەکى نووسینەکانم بکە بزانە چەند جار لەسەر ئەوانە قسەم کردووە، چەند بابەتى هەستیار وزیندوم باسکردوە کە دووچارى چەندین نارەحەتى و هەڕەشە بوومەتەوە، خۆ ئەگەر هەرکێ بوایە لەبرى من تۆببەى دەکردو جارێکى دیکە توخنى نووسین و کوردستان پۆست  نەدەکەوت.
ئومێدەواریشم کە جەنابیشت و پارتە چەپەکەى کە تیایدا ئەندامیت بتوانن کارێک بکەن و فشارێکى نێو دەوڵەتى دروست بکەن، تا چیترخوێنى خەڵک نەڕێژێت و ،رێگرى بکەن لەو کوشتار و سەرگەردانیەى لە رۆژئاوا روودەدات، بەڕێزت کارێکى وا بکە ،تۆ ببە بە نیشتمان پەروەر و مرۆڤ دۆست و چەپڕەو ،منیش ناپاک وسیخوڕو گوماناویى. 
تێبینى: هەرچەندە پێویستیش ناکات بەڵام  بۆ ئەوەى دڵنیابیتەوە  لەمن ئەتوانیت سۆراغى من لە ستافە بەڕێزەکەى کوردستان پۆست بکەیت، تا تۆزێک گومانەکەت بڕەوێتەوە.  لەوەش زیاتر ئەو ئەرکە بکێشە سەرپێى تەماشایەکى ئەرشیفەکەم بکە.ئەو دەمە باشتر دەزانیت کەم لەبەرژەوەندى کێ کار دەکەم 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە