گەڕانەوە بۆ خاڵى سفر
Tuesday, 15/10/2019, 21:26
ئەوەى کەلەرۆژئاوا روویدا، ئەکرا پێشتر رێگرى لێ بکرایەو، نەهێڵرایە کارەساتێکى خوێناوى چەند بارە بێتەوە.چونکە پێشتر و بەر لەچەند مانگێک ئەمریکا سەرانى پەیەدەى لەو رووداوە ئاگادار کردبۆوە، کە ئەمریکا لەوناوچانە پاشەکشێ ئەکات. بەڵام سەرانى پەیەدە لەسەر سەرکێشى وخۆبەزل زانین خۆ مەزن بینین سووربون،تا دواجارئەوەى کە پێشبینى ئەکرا روویدا.
من ئەم گەمە سیاسییە چەشنى کارەساتى کیمیابارانى هەڵەبجە دێتە پێش چاوم،ئەو دەمەش کاتێک کارەساتەکە خوڵقا،سەرانى باشوور ئەیان ووت بریا یەک دوو هەڵەبجەى دیکەمان هەبووایە، تا سەرنج و سۆزى گێتى بەلاى خۆماندا راکێشین.ئەوەشى کەلە رۆژئاوا روویدا هاوشێوەى ئەو کارەساتەیە.هەقە لەسەرانى خۆبەڕێوەبەرى پەیەدە بپرسین بڵێن باشە ئێوە کە دەتانزانى ناتوانن لەهەمبەر سوپایەکى گەورە و پڕ چەکدا رووبەروو بوەستن. رێگرى لە هێرشى زەمینى وئاسمانى بگرن، بۆچى ئەو خەڵکەتان وا سەرگەردان و ئاوارە کرد و، سەدان کەستان بەکوشتن دا و چەندین خانوو وماڵتان بە خاپوورکردن دا؟ بۆچ هەر یەکەم جار و بەر لەدەستپێکى هێرش و پەلامارى هۆڤیەکانى تورک هەمان رێکەوتنتان لەگەڵ رژێمى ئەسەددا نەکرد؟؟خۆ گەر دەشڵێن رێکەوتن و دانوستاندنەکە ناچارى بووە، لەنێوان خراپ خراپتریندا خراپتان هەڵبژاردوە. ئەوە من دەڵێم سەرلەبەرى ئەو رێکەوتن بەهانەیە ناڕاستە. هەرگیز نە بەکردارى و نە بەزارەکى تا نها لەنێوان ئێوە و رژێمى ئەسەددا هیچ گرژى و ئالۆزى و پێکدادانێک نەبووە و روینەداوە.پێتان سەیر نەبێت تا ماوەیەى پێشووش پەیکەر و وێنەکانى ئەسەد و کوڕەکەى لەشارە کوردییەکان دەستیان لێ نەدرابوو، بۆ یەک جاریش پەیەدە وەک دوژمن وداگیرکار ناوى رژێمى سوریاى نەبردووە.لەگەڵ ئەو هەموو شەڕو پێکدادانەچەند ساڵیەى سوریا،کەمترین بەرکەوتن لەنێوان سوپاى سوریاو پەیەدادا روویداوە.لەوەش زیاتر بمانەوێت یان نا پەیەدە کۆرپەیەکى پەکەکەیە و بە فرمان و رێنمایى ئەوان هەڵسوکەوت دەکات،تەنانەت سەرکردایەتى و خۆبەڕێوەبەریان لەلایەن پەکەکەوە دیارى دەکرێت هاوسەرۆکایەتیان هەموویان کادر و کەسانى باڵادەستى پەکەکەن.
پەکەکە ورژێمى سوریا هاوپەیمانێکى دێرینن
من بۆخۆم ساڵانێکى زۆر لەسوریا و لەنێو پەکەکەدا کارم کردوە،جگە لەوەش زۆرێک لە هەڤاڵانى رۆژئاوام لە نێو پەکەکەدا ناسیوە ، بۆزانیاریشتان هێندەى کوڕو کچى رۆژءئاوا لەنێو ریزەکانى پەکەکەدان ،چارەکى ئەوە کوردانى باکوور بوونیان نییە. ئەتوانم بڵێم لەسەدا هەشتاى پەکەکە کوڕان و کچانى رۆژئاوان ،خاوەنى چەندین هەزار شەهیدن.لەگەڵ ئەوەى لە رۆژئاوا کورد بێ ناسنامەیە و هیچ پارتێکى ئۆپۆزسیۆن بوونى نى یە،کەچى پەکەکە لەو بەشە سەربەست بوو، بەئاشکراو بێ ترس کارو چالاکیان دەکرد و، سەردانى ماڵە کوردەکانیان دەکرد،پۆل پۆلیش خەڵکى ئەوێ تەڤلى پەکەکە دەبوون،حکومەتیش ئاگاداربوو کەچى هیچ وەڵامێکى نەبوو، رێگرى لەهیچ کەس نەدەکرد. لەوەش روونتر کاتێک ئێمە (کەریلا و کادیرانى پەکەکە )لەقامیشلۆ و عفریین و کۆپانێ یەوە دەچووین بۆ بیقاع( ئەکادیمیاى مەعسوم کورکوماز) بۆ دیدارى ئۆجەلان، بەئۆتۆمبیلى سەربازى و گوزەرنامەى رژێمى سوریا بەبازگەکاندا تێدەپەڕین ،کە بەشى زۆرى ئەو کەسانەش خەڵکى رۆژئاوا بوون. بەدەرش لەوەش کاتێک کوردێکى رۆژئاوا ناوى دەهاتەوە بۆ خزمەتى سەربازى،نەدەچوو رێک و راست تەڤلى پەکەکە دەبوون،کە رژێم و موخابەراتیش ئەوەى دەزانى، بەڵام هیچ کاتێک ئاستەنگ و رێگرى وبۆخێزانەکانیان دروست نەدەکرد،بگرە پێشى خۆش بوو،گەر کوردێک بچوایە بۆ فەرمانگەى ناونوسکردنى سەربازى،، ئەفسەران و کارمەندانى ئەوێ گاڵتەیان پێدەکرد و پێان دەوت دیارە تۆ ناتەواوییەکت هەیە یان ترسنۆک و پاشەڵ پیسیت بۆیە ناچیتە ناو پەکەکە و دەبیتە سەرباز ؟؟!( ئەمە وتەى بەشى زۆرى کوردانى رۆژئاوایە کە ئەوى رۆژَێ دەهاتنە ناو پەکەکەوە)
جا ئێستا پوختەو مەبەستى خۆم دەخەمە روو ،دەڵێم برایانى پەیەدە تۆ کە لەسەرەتاوە هیچ ناکۆکى وئاڵۆزیەکت لەگەڵ رژێمدا نەبوو،وەک رۆژى روون لێت مەعلوم بوو کە تورکیا و ئەمریکا و تەواوى وڵاتانى ناوچەکە وەک کارتى فشار بەکارت دێنن،بۆچى درکت بەوە نەکردو پێشت لەو رووداوە نەگرت؟
پەکەکەو هەڵوێستى تەمومژاوى لەو کارەساتەدا
هەقى خۆشمانە کەلەسەرانى پەکەکە بپرسین بۆچى لەهەمبەر ئەو کارەسات و پەلامارەداخۆتان نەکردە خاوەنى پەیەدەو کێشەکە و، بەهاناى رۆژئاواوە نەچوون؟ جگە لەبەیاننامە و هەندێک رێپێوان کە بەداخەوە وەک پێویست نەبوون،کە ئەمجارەش دەیڵێمەوە گەر خەڵکى رۆژئاوا لەپەکەکە ببێتەوە، پەکەکە هێندە بچووک دەبێتەوە وەک پارتەکانى کەمال بورکاى و حەمەرەش رەشۆى لێدێت.! پاساوەکەشتان کە ئەوەیەگەر بەئاشکرا و روونى پشتیوانى و پشتگیرى پەیەدەتان بکردایە بیانوەکەى تورکیا دەبووەئەمرى واقیعى، پەیەدە وەک کۆرپەلەى پەکەکە ئەبوو بە راستى. بۆ ئەوەش لەوەڵامدا دەڵێم خۆ لەمێژە تورکیا نەک پەکەکە بگرە هەموو کوردى بەتیرۆریست و دوژمن ناسیوە.، ئێوە دەتان توانى خاوەندارێتى لەو پەلامارە بکەن و لەتورکیا و شارەکانى دیکەدا چەندین چالاکى و فشارتان چ سیاسى چ سەربازى هەبوایە.
لەو برٍوایەدام ئەگەر پەیەدە بەئاشکرا بێ پەردە خۆى وەک باڵێکى پەکەکە نەناساندایە، لەهەموو بارەگاو شوێنەگشیەکاندا وێنەى ئۆجەلان و ئاڵاى پەکەکەى بەرزنەکردایەتەوە و نەکەوتایەتە ژێر رێنمایى و کاریگەریى پەکەکەو، خۆى نەخزاندایەتە ئامێزىیەوە، هەموو فەرمانێکى لەقەندیلەوە وەرنەگرتایە(گەر بەتاکتیکیش بوایە) دڵنیام باردۆخى باشتر دەبوو،ئەو کات بۆ پەکەکەش باشتر دەبوو،کە شوێن بنکە و پەناگەیەکى دەبوو. بەڵام خۆسەپاندن و دەستوەردان و ناچارکردنى سەرانى پەیەدە بە ملکەچ بوون بە وابەستەیى بەپەکەکە بەداخەوە ئەو ئاکامە نەخوازراوەى لێکەوتەوە.
تورکیا بەمەرامى خۆى گەیشت
راستە وەک ئیرادەو ورە و بەرخودان پەیەدە و کورد جوامێریان نواند،وەلێ بەداخەوە کە ئەگەر تورکیا براوەش نەبوبێت دیسان دۆڕاو نى یە، چونکە توانى لەگەڵ ئەمریکادا رێک بکەوێت و گۆرەپانەکە بە ئەمریکا چۆڵ بکات ،کە خەون و ئاواتى هەر یەک لەئێران وسوریا و روسیا تەواوى وڵاتانى نەیارى ئەمریکابوو. لەلایەکى دیکەوە توانى هەژموون وپێگەو دەسەڵاتى کورد لە رۆژئاوا تەواو کاڵ بکاتەوە و بێ کاریگەریى بکات. هەروەها ئارامى بۆ سنورەکانى بگێڕێتەوەو، لەمەترسى و هێرش و چالاکى پەکەکەدا خاتر جەم بێت. لەولاشەوە بۆى روون بۆوە کە لەکاتى ئەنجامدانى هێرش و پەلامار بۆ وڵاتانى دراوسێ ئەنجومەنى ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتى ئەوروپا و وڵاتانى زلهێز ،بێدەنگى هەڵدەبژێرن، کە ئەوەش بۆ تورکیا مایەى دڵخۆشییەو گڵۆپێکى سەوزە بۆى هەڵدەکرێت.ئەمەش رێگە خۆش دەکات و زیاتر دەستى تورکیا کراوە دەکات، کەسبەى رۆژ بەبیانوى بوونى بنکەو بارەگاى پەکەکە لە باشوور، بێ ترس و سڵەمینەوە هێرش بکاتە سەر قەندیل و تاقوڵایى بێتە ناوەوە، کە کوردى باشوریش ناتوانێت وبۆى ناکرێت بەر بەو هێرش و لەشکرکێشییە بگرێت، بۆیە بەدوورى مەزانن کە سبەى رۆژ، تورکیا بێ بەرەنگارى و رێگرى بێتە ناو قوڵایى خاکى هەرێم، ئەو دەمەش چ پەکەکەو و چ دەسەڵاتى باشوور بە مەمنوونیەوە داواى هاوکارى و بەهاناوە چوون لە دەسەڵاتى بەغدا بکەن.دووبارە باشوور دەکەوێتەوە بن دەستى بەغداو شتێک بەناوى هەرێمى دەسەڵاتى کوردى نامێنێت، ئەوەش بۆخۆى پلانێکى دیکەى تورکە و،ئەو دەمە تەواوى سنورەکانیش ئەکەونە ژێر کۆنترۆلى بەغداو تورکیا، چالاکى پەکەکە تەواو بەرتەسک دەبێتەوە. ئەمجارەش کورد دەدەنەوە لەمەنگەنە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست