باشترین تۆڵە لەدەسەڵات بایکۆتى دەنگدانە
Monday, 16/04/2018, 1:11
دیسان گەڕێکى ترى هەڵبژاردن هاتەوە.ئەمجارە بۆ پەرلەمانى عێراق، ئەو عێراقەى کە یەکێتى و پارتى بەدرۆى ریفراندۆم بەنیاز بوون لێى جیا ببنەوە بەقەولى خۆیان تەڵاقى بدەن.کەچى ئێستا زۆر چاو و روو قایمانە لیست و کاندیدیان هەیە.ئەو کاندیدانەى کە لەدرۆو قسەى زل بەولاوە هیچ کردەوەیەکیان نەبوە،کەچى وەک چەرخ و فەلەکى جەژن کۆمەڵێک دەموچاو ناشیرین و رەزا تاڵ و قێزەون ئەیانەوێت ئەمجارە تازەى کەنەوە.وەک ئەوەى زۆر ئیش و کارو خزمەتیان بۆخەڵک کردبێت وا ئێستا دووبارە تێ هەڵدەچنەوە.
بەهەرحاڵ ئەو حزب و کاندیدانە روو هەڵماڵراون و شەرم و حەیا لەهیچ شتێک ناکەن. هیچ بەها و نرخ و سەنگێیکان نە لاى کورد نەلاى عەرەب نەماوە، هەرچى سوکایەتى وبێ رێزى یە قبوڵى دەکەن، بەباى خەیاڵیاندا نایەت ،نەک کەرکوک بگرە سلێمانى و هەولێر و دهۆک و تەواوى کوردستانیش بچێتە ژێرباڵى عەبادى. بەس بەو مەرجەى لەوەڕەکەیان نەبڕێت و بێ ئالیک نەبن.گرفتیان نى یە.
ئەزمونى 27 ساڵى سیاسەتى باشور وپەرلەمانتارى ئێرەو بەغدا ئەوەى بۆسەلماندوین کەئەو بەناو حزب و دەسەڵاتە،هەموو خەم و هەوڵ و تێکۆشانێکى بۆ حزب بنەماڵەیە،ئەوەی دەیکات و خۆى بۆ ماندو دەکات بۆ گیرفان و خەزێنەى خۆیەتى.یەک تۆزقاڵ لەخەمى خەڵکیدا نییە،بگرەلاى زۆر کەم سووک بێ بایەخە.ئەوان یەک بەرمیل نەوت، یەک سەفتە دینار ئەکەن بەساقەى سەرى هەموو کورد، نەگۆڕان، نە شاسوار، نەبەرهەم، نەیەکێتى وپارتى نە حزبەکانى دى لەیەکتر باشتر نین، هەموویان دروستکراوى یەک کارگە و کارخانەن و بەئاوى ئەو زێرابە گۆشکراون. ئەوان بۆ مانەوەیان لەسەر کورسى ودرێژەدان بە دەسەڵات و دزى وفزیەکانیان، هەمو شتێک دەکەن و لاشیان زۆر رەواو شەرعى یە. بەڵام ئەى تۆ ئەى هاوڵاتى هەش بەسەر، تاکەى عاقڵ نابیت؟ تاکەى پەند و ئەزمون لەو رابردووە تاریکە وەرناگریت؟!کەى دێیتەوە هۆش خۆت؟ کوێڕا بێ مووچەیى و بێ کارەبایى و بێ سوتەمەنیت بیرچۆوە؟کوێرا شەق و تێهەڵدان و سوکایەتیت لەسەرمافى رەواى خۆت بیر کرد؟ کوێڕا زوڵم وناهەقى و کوشتن و بێ سەروشوێنکردن و بێ حورمەتیت لەبیرکرد؟کوێڕا درۆو فشەى کاندیدەکانى پێشترت لەبیرکرد کە بەپێڕ ئەهاتن و بۆخاترى ئەوەى دەنگیان پێ بدەیت ئەچەمانەوە سوجدەیان بۆ پێڵاوەکانت ئەبرد،کەچى ئەوانیش زۆر دڵیرانە قووتت ئەبڕن و موچەت کەم ئەکەنەوە،ژیانى کولە مەرگیت بەباڵا دەبڕن. مانگێک لەمەو پێش کاتێک عەبادى بڕیاریدا مووچەى تەندروستى وپەروەردە بنێرێت،تەواوى ئەولیست و پەرلەمانتارانەى بەغدا کەئێستا سواڵى دەنگ دەکەن و بوونەتە خەمخۆر و دڵسۆزى خەڵک، هیچیان ئەمادە نەبوون بچنە ژێر بارى ئەو کارە، ئەو موچەیە بهێننەوە بۆتان.ئەى ئێستا تۆى دەنگدەر، تۆى چەندین جار لەخشتە براو چۆن متمانە دەکەیت بەدرۆزن و ساختەچى ودۆڕاو ونابوت،ئەیان کەیتە نوێنەرى خۆت.؟!
ئەوان لەواقیعدا هیچ نین ونرخێکیان نى یە، ئەوەى کەدەیانکات بەپەرلەمانتار و نوێنەرلە بەغدا، دەنگى من وتۆیە،گەرئێمە نەبین،کێ بێزى دێت چڵم بەوانە بسڕێت ،کێ نرخ و رێزیان بۆدادەنێت گەر دەنگى من و تۆ نەبێت،؟! ئاخر ئەو چڵیت و نەخۆش و نەفام و گێلانە هى ئەوەن ببنە نوێنەرى ئێمە ، داکۆکى لەداواو خواستمان بکەن ،کەبەشى زۆریان ناتوانن خێزانەکەى خۆیان بەڕێوەبەرن،لەنێو دەیان و سەدان کێشەدا نغرۆ بوون، چەندین ناو ناتۆرەو تۆمەتیان پێوەیە،کەچى ئێمەش خۆش باوەڕین و وادەزانین ئەمان لەکاندیدەکانى پێشوو باشترن وشتێکمان دەکەن. بۆیە داواکارم لەو خەڵکە خۆشباوەڕەى کە خۆیان بێ دەماغ کردوە پۆستەرو لافیتە هەڵدەواسن، ئەوانەى کە نەفامانە دواى بەرپرس ئەکەون و، پەیجى بۆدروست دەکەن و پشتگیرى دەکەن،ئەوانەى کە لێرەو لەوێ بانگەشەیان بۆدەکەن، بێنەوە هۆش خۆیان چیدى نەبنە کرێگرتەو پیاو و غولامیان، تۆزێک رێزو حورمەت بۆخۆیان دابنێن و بەژیانى سوکایەتى وزەلیلى قایل نەبن . بۆخاترى چەند سەد دۆلارێک خۆیان هەراج نەکەن. چونکە حزب باکى نى یە وسپڵەو بێ سفەتە، ئەوەى کەئیمڕۆ بۆى دەکەن لەشەڕە پەڕۆو خراپە و زوڵم ،ئەو لێى بێ منەتە وپێى نازانێت،تۆ وەک بەکرێگیراو جاش و کۆیلە تەماشا دەکات،کە کارى پێت نەما یان زانى ئەبیتە مایەى سەرئێشەو بەڵا بۆى، بەشێوەیەک لەشێوەکان لەناوت ئەبات(لە مێژووى تەواوى حزبەکان ئەوە بەروونى دیارە) بۆیە تا دەرفەت هەیە و کات ماوە بەژیرى بیرێک بکەنەوە،بزانین بەدرێژایى مێژووى حزب و کاندید وپەرلەمان چیان بۆمان کردوە؟چەند توانیویانە ئاستى ژیان وبژێوى من و تۆ باش بکەن. خۆ بەچاوى خۆت رۆژانە دەبینیت چەند سەد تانکەرە نەوت بەپێش چاوتا بەقاچاخ و نرخێکى کەم دەبرێت بۆ ئێران، تۆش سێ ساڵە چاو لەرێى یەک بەرمیل نەوتى. خۆ ئەزانیت خۆت یان برا و ناسیاوت، بەسێ مانگ جارێک چارەکێک موچەى پێدەدەن، لەولاشەوە بۆ یاد بۆنە و ئاهەنگى خۆیان ،بەملیۆنان دۆلار تەخشان وپەخشان دەکەن.هەرپەرلەمانتارێکى بەغدا مانگانە 12ملیۆن لەگەڵ دەرماڵەو چى و چى مووچەیەتى، کەستان بینیتان شەریفێکیان بێت ئاوڕ لەکەم ئەندام هەژار و نەدارێک بداتەوە؟ بێت پڕۆژەیەکى خێر خوازى مرۆڤایەتى بنیات بنێت؟نەخێر. ئەوە ئێستاش بەحساب قەیران و نەبونى و کێشەى دارایى هەیە،کەچى بەسەدان هەزار دۆلار بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن پۆستەر و لافیتەى جۆراو جۆر خەرجدەکرێت،کەچى لەولاشەوە پێشمەرگەیەک لەبەر نەبوونى و قەرزدارى کۆتایى بەژیانى خۆى دێنێت، بێوەژنێک بۆ بژێوى و خۆراکى هەتیوەکانى ناچار بەکارى خراپ دەکرێت.
دەنگ نەدانى تۆ بەوانە ئەرکە و باشترین سزا و تۆڵەلەسەندنەوەیە لەو هەموو رەزالەت و تاڵاوەى پێیان چێشتویت،ئایا دەزانى دەنگ دانى تۆ شەرعیەت دانە بەمانەوەى پیاو کوژ شەقوەشێنەکان،دەنگدانى تۆ درێژکردنەوەى تەمەنى دیکتاتۆر و زاڵمانە،گەر نەچیت بۆدەنگدان ودەنگیان پێ نەدەیت،کۆتاییان پێدێت،چونکە سەنگ قورسایى و کێش و حورمەتیان لەبەغدا بەندە بەژمارەى دەنگدەران کورسیەکانیان،گەرلەوێ شکستیان هێنا وریسوا بون،ئیدى لێرەش بێ ئەزرش ئەبن . وەک چۆن ئێستا بۆخاترى موڵک ومال َو دەسەڵات بونەتە هەزار پارچە،شەڕى پارەو سەروەت و موڵک ئەکەن،دڵنیابە ئەو دەمەش بۆخۆیان یان یەکتر قڕدەکەن یان موفلیس و نابوت دەبن و خەڵک لێیان دەتەکێتەوە و وەک بەفرى بەرهەتاو ئەتوێنەوە . با پاشە رۆژ ویژدانت ئاسودەبێت، کاتێک زوڵم ناهەقى و خراپە وتاوانێکیان باس کرد ،کاتێک ئەمان بوون بەرابردوو لەسەر تەخت نەمان وباسى کارە ناشیرین و تاوانکاریەکانیان بکرێت ،تۆ شەرم و خەجاڵەتى نەتگرێت ، رووزەردى میللەت و خاکت نەبیت .شانازى بگەیت بڵێت من لەگەڵیان نەبووم و دەنگم پێ نەداون و پشتگیریم نەکردون.پشتگیرى و دەنگدان پێیان،واتە هاوبەشى و رازى بوون بە چەوساندنەوە ناهەقى دەرهەق بەمیللەت، بۆیە هەر کەسێک بەدەستى ئەوان تیا بچێت، یان لەداخى ئەوان خۆى بکوژێت، یان لەپێناو بژێویدا پەنا بەرێتە بەر دزى و کارى خراپ.دڵنیابە تۆى داماو وگیرفان بەتاڵ کە هیچ سودێکت لەودەسەڵاتە نەبینیوە،بەپێى شەرع و یاسا و هەموو ئایدیاکان تۆش وەک ئەوان تاوانبار و بەرپرسیت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست