با لەم دەنگدانە عەقڵ و هۆشمان حاکم بێت
Sunday, 18/02/2018, 22:07
ئیدى وادەى هەڵبژاردن و خۆ نواندنى کاندید و درۆزنە سیاسییەکانە، هەر حزبە و هەڵپە دەکات کە خزم و تەکەتول و لایەنگرانى خۆى بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات. ئەوەى زۆر هیچ و بێ نرخە، ئەوەى پاشەڵ پیس و بێزراو و گەندەڵە، ئەوەى دز وسوک و بێ نرخە، لێمان دەکەن بە ئیمامى زەمان و ئەسحابە. کەلەراستیدا سەر لەبەرى ئەو کاندیدانە پاشکۆ و وابەستەو ئەڵقە لەگوێى حزبەکانن، جا هەموو دەزانن کە تەواوى سەرانى حزبەکانى باشور هەر لەئەزەلەوە هیچیان لەبارانەبووە، هەمویان نەفام و هەرزە سیاسى و نەخوێنەوارن، جا ئەگەر ئەوان وابن ئەبێت ئەوکاندیدانە کەدەستە گوڵ دیارى دەستى ئەوان بن ئەبێت چیان لەهەگبەدا بێت؟ ئەرێ پێم ناڵێن بەدرێژایى ئەو هەموو ساڵەى کە درۆزن و ساختەچى و قومارباز و جامبازەکان چونەتە پەرلەمانەوە چ لێرە چ لەبەغدا چییان بۆ میللەت کردووە؟ چ پڕۆژە یاسا و بڕیار و دەستکەوتێکیان بۆ هێناوین؟! کامیان توانیوانە بەئەندازەى پەڕى مێشێک کێشە و گرفت وبارگرانى میللەت سوک بکات؟ کامیان لەسەر ئەو هەمو زوڵم ناهەقى و دزی یەى لێمان دەکرێت هاتۆتە وەڵام؟ کامیان لەسەر زەوتکردنى مافى ئەو خەڵکە رۆژێک پەناگیرى و مانى گرتوە؟ کامەیان لەسەر خوێنى بەناهەق رژاوى پێشمەرگەکان قسەیان کردوە؟ کامیان لەسەر ئەو هەموو خیانەت و ناپاکى و وڵات فرۆشیە هەڵوێستێکى نواندوە؟ کامەیان لەسەر دزینى نەوت و بەهەدەردانى داهاتى وڵات ئەلفێک لەزارى هاتۆَتە دەرەوە؟ کامیان لەسەر تەخشان و پەخشانکردنى مولک و پارە بۆ(سۆزانى و بەرەڵا و هەتیو باز و بەدرەوشتەکانى هەڵکەوت زاهیر) هاتونەتە زمان؟!یەک قسەیان کردوە ،کە ئەوەى دراوە بەو لۆتى و چاوەشانە بدرایە بەبنەماڵە و خانوادەى شەهیدان و هەژاران ئێستا رەوشى کوردستان بەجۆرێکى تر دەبوو. کام ئەندامەیان لەسەر بچوکترین داواى میللەت خۆى توڕەکردوە؟کام یاسا پارێزەیان لەسەر ئەوە دەریا ناهەقیەى لێمان دەکرێت شتێکیان وتوە؟. کام ئازا و بوێریان لەسەرپشتگوێ خستنى خواستى میللەت دەستى لەکار کێشاوەتەوە؟؟ئەوە تەماشاکەن لەسایەى سەرى ئەو دوو حزبە پەڕپوتەوە گەڕاوینەتەوە بۆ پەنجا ساڵ لەمەوپێش، لەهەموو پێشکەوتن و گۆڕانکارى و خۆشگوزەرانیەک مەحرومین، کەچى لەولاشەوە دزەکانى حزب، مافیا و تاوانکارەکان خەریکى لیست و دانانى کاندیدن، قیروسیا لەوە چونکە ئەوە پیشەى بێ عار و دز و ناپاکانەوە، لەسەر ئەوە ئەژین،من یەک زەڕِە خەم بۆ ئەوان ناخۆم ولام زۆر ئاساییە کە حزبەکان ئەو کارە بکەن، چونکە هەمویان زۆر باش دەزانن کە ئەندام و لایەنگر و باوەڕ پێکراویان رۆژانە وەک گەلاى دار هەڵدەوەرن، جا بۆ ئەوەى خۆڵ بکەنە چاومان و وەها پیشانى ئێمەو بەغدا بدەن کە ئەوەتا ئەوانیش ماون و خاوەن نفوس دەسەڵاتن و، ئەتوانن لەهەڵبژاردندا شتێک بکەن. خەمەکەى من زیاتر بۆ ئەو کەسە ساویلکەو خۆش باوەڕانەیە،کەپاش چەندان هەڵبژاردن و گەوجاندن ، دەبارە بەشوو دە درێنەوە ،جارێکى دیکە دەستیان بەزاخا دەکەن، درۆ لەسەر درۆ فریویان دەدەن، لەولاشەوە تا دێت و ساڵ بەساڵ رەوشى ژیان و گوزەرانیان لەسایەى ئەوانەوە بەرەو خراپ و نەمان دەچێت، کەچى زۆر گەمژانەو خۆشباوەڕانە دیسان باوەڕ ومتمانەیان پێدەکەن و، لێرە و لەوێ بەشان و باڵیاندا هەڵدەدەن و پێان خۆشە جارێکى تر ئەو بەڵا و موسبەتانە لەسەر سەرمان بن و قەت لەکۆڵمان نەبنەوە. کە بەدڵنیایەوە پێش ئەوەى لۆمەى ئەوە بکەین کە دەسەڵات دزە و گەندەڵەو زاڵم و هەق زەوت کەرە، با لۆمەى خۆمان بکەین،کە بۆیان بوینەتە کۆڵەکە و راگر و پشتیوان، گەر ئێمە نەبین ئاخر پێم ناڵێن چڵیت و گەلۆرێکى وەک قوباد تاڵەبانى چى یە؟؟.ئەگەر ساویلکەیى وپشتگیریى و لایەنگرى ئێمە نەبێت کێ چڵم بە نێچیر و مەسعود و هەتیو چەکانى کۆسرەت و جەبار فرمان و ئەوان ئەسرَێت؟؟
تکایە برام .. ئەى ئەو کەسەى هەمیشە داد و بێدادتە لەدەست ئەم دەسەڵاتە. ئەى ئەو پێشمەرگەیەى کە بۆ بژێوى ژیان و گوزەرانت هەموو شتێک قبوڵ دەکەیت، ئەى ئەو فەرمانبەرەى کە بە چەند مانگ چاوت بەچارەکە موچەیەک ناکەوێت، ئەى ئەو دەردەدارەى کە حکومەت پارەو کۆمەکى تۆشى دزى، ئەى ئەو کەم ئەندامەى دەسەڵات ماف و هەقى تۆش ئەخوات، ئەى ئەو ئاسایش وپۆلیسەى حزبەکان ئەتانکەن بە گورگى هار و بۆ بڕێک پارەو ئافەرینێک بەرتان ئەدەنە گیانى ئەو خەڵکەى داواى مافى خۆیان ئەکەن، ئەى ئەو هەژار و بێ دەرەتانەى لەناو دەریاى نەوتدایت کەچى سێ ساڵە چاوت بەقەترەیەک نەوت نەکەوتوە، ئەى ئەو بێ کارەى بۆ شیر و دایبى مناڵەکانت ناچار بەدزیکردن دەبیت ، ئەى ئەو میللەتەى کە لەتاو بێ ئاو وبێ کارەبا و بێ موچەو خزمەتگوزاریى هاتیتە سەر شەقام ،کەچى لەولاوە بەناو سەرۆکە گزگلەکە لەبرى ئەوەى وەڵامت بداتەوە گوێت لێ بگرێت و هاوخەمت بێت پێى وتیت (چدەکەن بکەن بلا هەڵپەڕن) لەملاشەوە دەسەڵاتى زۆنى سەوزیش لەسەر ئەو داواکاریانەت ، بە گوللەو هێزى دژە تیرۆر روبەرووت دەوەستایەوە. ئەى ئەو خەڵکەى کە لەسایەى سەرى ئەو دەسەڵاتەوە بەشت هەر ئاوارەبون و ماڵ وێرانى و راکردن وخانە خراپى بووە. ئەى ئەو دایکەى کە بەهۆى سیاسیە دۆڕاو شکست خواردوەکانى ئەم و ڵاتەوە هەمیشە بەرگى رەش و فرمێسک جوانترین دیاریت بووە. ئەمانەتان لەبیر نەچێت، بەقسەى باق و بریق و درۆى راگەیاندن و میدیاکان فریو مەخۆن، چیتر مەبنە پرد بۆیان، پێم وابێت هەموان لە ناخ و ناوەرۆک و مەبەست و نیەتى گشتیان گەیشتون، ئەزانین هەمویان چ ماڵێکن، شین و هاوار و واوەیلایان بۆ کورسى وپۆست و پارەیە نەک بۆ خەڵک و میللەت، بۆیە ئەگەر دوێنێ فریوت خواردوە و هەڵخەڵەتاویت، لەخشتەبراویت، درۆیان لەگەڵدا کردویت، ئەوا بۆ ئەمڕۆت بۆتە ئەزموون و وانە، عەیبە جارێکى تر هەمان کڵاو بکرێتەوە سەرت.
کورد ئەڵێت
بەکەسێک ئەڵێن ئاقڵ و هۆشیار
دووجار لەشوێنێ پێوەى نەدا مار
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست