بۆ یەکەمجار مەلا بەختیار قسەى راستى کرد
Wednesday, 17/01/2018, 0:11
مەلا بەختیارى درۆزن کە بە حساب گەورە و زمانحاڵی یەکێتىیە و بە کونەدرۆ ناسراوە. لەتازەترین رشانەوەیدا وتى( ئەگەر یەک کورسیش بهێنین دەسەڵات چۆڵ ناکەین و وازناهێنین) ئێمە دەمێکە لەسایەى سەرى ئەانەوە دیموکراسى و مافى مرۆڤ مان لە گۆڕناوە و فاتیحامان بۆگیانى پاکى خوێندوە. بەڵام مرۆڤ بەحەق بڵێت لەوەتەى مەلا بەختیار هەیە، چ لە سەردەمى شاخ و چ لەو کاتەى زەحمەتکێشان و چ ئەو هەموو ساڵەى بە درۆو فرت و فێڵ و سوکایەتى بەڕێکردوە. یەکەم جارمە کە قسەیەکى راست و راستگۆیى لێ ببیستم. بەدەر لەوە هیچ کات و ساتێک بۆ یەک چرکەش باوەڕم پێنەکردوە. بەڵام ئەو زۆر بەراستگۆیى و بێ پێچ و پەنا، ئامانج و بەرنامە و هەڵوێستى یەکێتى خستە روو. مەلا زۆر زۆر راست دەکات لەبەر ئەوەى لەم وڵاتەدا بنەماکانى دیموکراسى و مافى مرۆڤ و رێزگرتن لە ئیرادەى میللەت هەمووى تاکێک کەوشى دڕاو ناهێنێت، ئەوەشى پێى وایە یەکێتى سەکۆ و مینبەرى دەنگە ئازادەکانە. بۆ ئەو مەبەستە تێدەکوشێت، جگە لەچوار پێ و خڵەفاوێکى کەم عەقڵ هیچى تر نییە.تا یەکێتى خاوەنى دەزگاى دژە تیرۆر و دەزگاى زانیارى و ئاسایش هێزە رەشەکە بێت، ئەگەر یەکێتى سەنگ و پێگەى لەئێستاى حزبى سۆسیالیست و زەحمەتکێشان و شیوعىیش کەمتریش بێت، دیسان مل نادات و سەدان جاریش لەهەڵبژاردندا بدۆرێت و هیچ کورسیەکیش نەهێنێت، ئامادە نییە بۆ دەستا و دەستکردنى دەسەڵات (نمونەى سەرکەوتنى گۆڕان لە سلێمانى و تەسلیم نەکردنى پارێزگار و پێگە هەستیارەکان، باشترین بەڵگەن).
جا بۆیە هەرکەسێک لاى وابێت لەرێگەى هەڵبژاردن و پرۆسەى دیموکراسیەوە ئەتوانرێت بەسەر یەکێتیدا سەربکەوێت،چاکتر و باشترە بەر لەوەى خۆى گێل بکات و هەولى بەدەست هێنانى دەنگى زیاتر بدات و بانگەشە و ریکلام بۆحیزبەکەى بکات. ئەبێت خاوەنى هێز وچەک بێت و هەوڵى دروستکردنى شەڕکەر و پیاو کوژ بدات، من نە لەگەڵ هەڵبژاردنم و نە باوەڕیشم پێیەتى، هەروەها باوەڕیشم بە زەیر و زەنگ کوشتار نىیە، بەڵام وتەکەى مەلا مەسیجێکە و ئەوەى تۆزێک هۆش و هەستى هەبێت باش لێى تێدەگات وخوێندنەوەى واقیعى بۆ دەکات. بێ پەردە و بەراشکاویى پێمان دەڵێت دەنگدان و هەڵبژاردن و پەیڕەوکردنى دیموکراسى لێرە جگە لە فریودان و خۆڵکردنە چاوى خەڵک و هەڵخەلەَتاندنى دەنگدەرى خۆش باوەر شتێکى گاڵتە جاڕییە. لەلایەک دەخوازێت کە خەڵکى سارد بکاتەوە لەهەڵبژاردن و دەنگدان (کە وەک وتم خۆم گاڵتەم بەهەر هەڵبژاردنێکی باشوردێت) لەلایەکى ترەوە ورایبگەیەنێت کە خەڵک بڵێت خۆ بچم و نەچم هەروەک یەکە و یەکێتى بیباتە و بدۆڕێت دەستبەردارى کورسى نابێت.
لە ئێستاوە یەکێتى ئەو مەسەلەکەى یەکلا کردۆتەوە لاى مەعلومە کە ژمارەى کورسیەکانى ئەمجارەى نیوەى جارانى نابێت، چونکە هێندە ناپاکى و گەندەڵى و بێ سەروبەرى و وابەستەیى بۆ پارتى و ئێران کردوە، تەواو تەواو لە جاران سوک و بچوکتر بۆتەوە. بۆ ئەوەشى کە پۆست و پێگەى بپارێزێت، خەریکى پێکهێنانى هێزى چەکدارى زیاترە، بەتایبەت هێزى دژە تیرۆر و سەرکوتەکەرەکان. کە لە تازەترین چەواشەکاریدا ریکلامێکى بڵاوکردۆتەوە کە پێویستى بەنزیکەى پێنج سەد گەنج هەیە تا بچنە ناو ریزەکانى دژە تیرۆرەوە. بۆ ئەوەش زیاد لە دەیان هەزار گەنج و لاوى بێ ئیش مامەڵە و داوایان تەسلیم کردوە. پێشیان راگەیاندون کە خۆیان لە رێگەى مۆبایلەوە وەرگیراوەکان ئەگادار دەکەنەوە.کە ئەمەش بۆخۆى فێڵ و پلانێکى نوێى لاهور و یەکێتىیە ،تا گەنجانى وڵات ئەوانەى کە لەخۆپیشاندان وناڕەزاییەکاندا لە یەکێتى توڕەبوون سارد بکاتەوە، تا دواى هەڵبژاردنى داهاتوو کە یەکێتىی مسۆگەر ئەدۆڕێت سڕیانِ بکات و بە ئومێدى ئەوەى ئەوان دەنگ بەیەکێتى بدەن، لە بەرئەوەشى کە فۆڕمیان بۆ ئەو دەزگایە پڕکردۆتەوە ، ناتوانن نزیکى هیچ شوێنکى دیکەى هەڵخەڵەتێنەرى وەک (نەوەى نوێ و هاوپەیمانى یەکەى بەرهەم) بکەونەوە.ئەگەر نا کێ هەیە نەزانێت ئەو کەسەى دەبێت بە سیخور و پیاوکوژ و دژە تیرۆر وئاسایش لە یەکێتیدا، ئەبێت یەکەم کەسى نزیکى بنەماڵە بێت، زۆر متمانە پێکراو بێت، پێشتر تاقیکرابێتەوە تاوان وخراپەى بۆکردبن. بەدەر لەوە کەسى تر بە کەڵکیان نایەت.
جا سەیرەکەى لەوەدایە لەگەڵ ئەو هەموو درۆ و چەواشە و هەڵخەڵتاندنە، لەگەڵ ئەو هەموو تاوان و خراپە و ئازاردانەى دەزگا سەرکوتکەرەکانى یەکێتى، کەچى تا ئێستاش کۆمەڵێک بێ دەماغ و مێشک پووت هەر باوەڕو متمانەیان بەیەکێتى ماوە پێیان وایە دەتوانن لەژێر سایەى ئەواندا بە ئارامى دوور لەکێشە بژین، ئەو کۆمەڵە وەها گێل و هێربون، ئەگەر رۆژێک گوێیان لەدرۆى مەلا بەختیار و سەعدیى پیرەى فایلدار نەبێت، خەویان لێ ناکەوێت، هەست نا ئارامى ناکەن. تا میللەتیش خاوەنى ئەو خۆشباوەڕ و ساویلکانە بێت، ئەبێت لەجێى خۆمان هەر فەنتەڕناش بکەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست