کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سێبەرى شاخ وراستگۆیى ژنە پێشمەرگەیەك

Saturday, 26/08/2017, 22:07


نووسینەوەى یاداشت و بیرەوەرى كارێكى قورس و زەحمەت و پڕ كێشەیە.زۆركەس ناتوانێت توخنى بكەوێت و خۆى لەقەرەى بدات، لەبەر ئەوەى ئەبێت هەرچى ویژدان و راستگۆیى و بوێرى و بىَ لایەنى هەیە لەخامەتدا چڕى بكەیتەوە.واقیعى وراستى وبەسەرهات، نوشست وگڵان وبەزین و تەواویى روداوەكان وەك خۆى بگەیەنیت، جا رووداوەكان بەزیانى خۆت بوو،یان بەرژەوەندیت، پێت هەلَخزاوە، كەوتویتە هەلَەوە، یان هەرشتێكى دیكە؟!
-------------------
ئەبێت بوێرانەو بەئامانەتەوە بیخەیتە روو،بۆ ئەوەشى رەوایى و راستگۆیى بدەیت بەو یاداشتەت، پێویستە شاهید حالَ و بەلَگەنامە و دیكۆمێنتت لەبەردەستا بێت.
من بۆخۆم زۆر حەز وخولیا و تامەزرۆى بیرەوەرى و یاداشت و بەسەرهات و ژیاننامەى كەسایەتیەكانم،هەركتێب و باسێكم لەو جۆرە بەرچاو كەوتبێت ، دەمو دەست خوێندومەتەوە،بەتایبەت ئەو كتێب و یاداشتانەى لەناوخۆ لە كوردستان لەلایەن سیاسى و رۆشنفیكرانەوە بڵاو كراونەتەوە.پێت سەیر نەبێت ئەگەر بلَێم بەدەگمەن و ئەستەم یاداشتێكى وات دەست دەكەوێت كە نووسەرەكەى بە ئەمانەتەوە تەواوى رووداو و بەسەرهاتەكانى وەك خۆى گێرایِێتەوە. بەشى زۆرى ئەوانەى بەو كارە هەستاون خۆیان لەزۆر پرسى هەستیار و نوشست و هەلَەى خۆیان بواردووە، دیزە بەدەرەخۆنەیان كردوە. بەنموونەى یاداشتەكانى نەوشیروان مستەفا و، دیدارى تەمەنى تالَەبانى و، رۆژمێرى پێشمەرگەى حەمەى حاجى مەحمود و زۆرێكى دیكە كە ناكرێت لێرە ئاماژە بەهەموویان بدەم.
كاتێك بینیم كە كوردستانپۆستى ئازیز خەریكى بڵاوكردنەوەى یاداشت و بەسەرهاتى ژنە پێشمەرگە (ئاشتى برایم ئەفەندى)یە بەناوى لەسێبەرى شاخ. بەردەوام و بەبایەخەوە دەمخوێندەوە بە تامەزرۆییەوە چاوە‌ڕێى بەشى نوێم دەكرد كە بڵاویبكاتەوە. لێتان ناشارمەوە بۆ ئەوەى زیاتر و زۆرتر شارەزاى رووداوەكان ببم و تەواو لەمێژووى ئەوساڵانەى خەباتى شاخ بگەم و زۆرتر ئاشنا ببم، جار هەبووە بەشێك لەو یاداشتانە، چەندین جار بەوردى خوێندومەتەوە. لاى من ئەو یاداشت و گێڕانەوانە سەنگ و قورسایى وبایەخى خۆى هەیە. راستگۆیى و بىَ لایەنى و بوێرى تێدا بەدیدەكەم. لەبەر ئەوەى ئەو بە‌ڕێزە بۆخۆى لەنێو روداوەكاندا ژیاوە، بەچاوى خۆى دیتوونى،هەروەها شایەتحالَ و ئەو كەسانەى كە ناویان دێت بەشى زۆریان لە ژیاندان، ئەتوانن بۆ هەر نا‌ڕاستى و هەلَە و كەموكو‌ڕییەك بەرپەرچى بدەنەوە،(كە تەنها ئەوەم بەرچاو نەكەوتوە). بێجگە لەوەش نووسەرەكەى پێشمەرگەیەكى گوم ناو و قوربانیدەر و خەبات كار بووە، واتە پۆست و پلەى نەبووە، هەروەها سەر بەهیچ بالَێكیش نەبووە، تا بلَێن بۆخاترى ئەو تەكەتول شكۆى ئەوى ترى شكاندوە. نەخێر هەمووى بەیەك چاو تەماشاكردوون..ئەوەشى كە زیاتر لاى من گرنگى و بایەخى هەیە ئەوەیە كە گێڕەرەوەكەى ژنێكى نووسەرە، كە تا ئێستا زۆر بەدەگمەن بەرچاوم كەوتوە كە ژنان لەو بوارەدا شت بنووسن و كاتى خۆیانى بۆ تەرخان بكەن. كە ئەمەش بۆخۆى مانا و ماهیەتى خۆى هەیە، بەهەلَەدا ناچم ئەگەر بلَێم تاكە ژنە كارێكى وایكردبێت. لەو بوارەدا سەرمەشقە. و ئەو رۆژگار و بەسەرهاتانەى لە زهن و بیرى خۆیدا هەلَگرتوە و ئیمڕۆ دەیانخاتە بەرچاوان.
 وێراى دەستخۆشى بۆ ئاشتى خان، هیوادارم كە بە‌ڕێزى زیاتركاتى خۆى تەرخان بكات، تا ئەو بەسەرهات و رووداوانە لە دوو توێى كتێبێگى قەشەنگدا چاپ بكات. من وا بە باش دەزانم كە بە‌ڕێزى جارێكى دیكە گوزەرێك بەناو ئەو یاداشتانەدا بكات، پیاچوونەوەى بۆ بكات، چونكە زۆر رووداو و بەسەرهاتى گرنگ و هەستیار هەیە، كە بایەخى مێژوویان بۆ ئێستا و ئایندە دەبێت، پێویست دەكات بە وردى وچڕى فراوانى لەسەریان بدوێت, دووبارە دەستى خۆش بێت وخامەى هەر لەبرەودا بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە