ئەحمەد میرە بەخوێنى سۆرانى مامەحەمە ئەیەوێت رووى کێ سپى بکاتەوە؟
Monday, 24/07/2017, 21:00
گرفت و کێشەى ئێمە لەوەدا نىیە کە دەسەڵاتداران دز و گەندەڵ و پیاو کوژ و بێ ئابڕون، ئەوە شتێکە کۆتایى پێهاتووە، قابیلى قسە لەسەرکردن نى یە. رەخنەو خستنە رووى تاوانەکان و خراپە و بێ عارییەکانیان،جگە لەخۆماندووکردن و لێدانەوەى قەوانێکى سواو هیچى دیکە نى یە . چ بەرهەمێکى نابێت. ئەوەى کەزیاتر و پەست و نیگەران و دڵ تەنگمان دەکات،بێ ئابڕوویى و بێ هەڵوێستى و ناپاکى و و یژدان فرۆشى کۆمەڵێک کەسە کەبەناوى ئازادى رادەربڕین و میدیاى ئازاد، بەروکەش رەخنە و سەرزەنشتى حکومەت و دەسەڵات دەکەن و ،کارو ناڕەواییەکانیان دەردەخەن،کەچى بەدیوەکەى تردا خامەو ئاکار وهەڵوێستیان بەدەسەڵات فرۆشتووە، لەبازاڕى بێ حورمەتیدا هەراجیان کردوە. بەنموونەى ئەحمەد میرەى سەرنووسەرى گۆڤارى لڤین.
ئەحمەد میرەى پاڵەوانى 17 شوبات و نەیارى دەسەڵات، هەمیشە وبەردەوام لەسەرەوە وەها خۆى نیشانداوە کە سەنگەرى لە دەسەڵات گرتبوو، هانى گەنجان و خاوەن خامە کانى دەدا کە راستیەکان بخەنە روو، تاسەر ئەنجام سۆرانى مامە حەمە و دکتۆر عەبدول ستار تاهیری بەکوشت دا و، بۆ خۆى و گۆڤارەکەى بووبە خێر و بێر بەسەر یدا بارى،دەرووى خێرى لێکرایەوە.(پرسیارێک کە هەمیشە و بەردەوام لەهزرمدایە، ئەوەیە هۆیەکەى چى یە تا ئێستا ئەحمەد میرە نە ئەشکەنجە دراوە ،نە لەئاسایش بۆچەند چرکەیەک دەستگیرکراوە،نە لەسەر هیچ کێشەیەک بۆ ساتێک لەلاى پۆلیس راپێچ نەکراوە.،هەروەها سووکە هەڕەشەیەکیش چى یە لێى نەکراوە،کەچى سۆرانێکى داماو گوم ناو لەسەر نوسینێک تیرۆردەکرێت، ئەمە بۆخۆى جێگەى پرسیار و هەڵوەستەیە ،چونکە بەر لە سۆران و عبدالستار ،ئەبوایە ئەحمەد میرە گێچەڵى پێ بکرایە)
میرە لەمن تۆ باشتر دەزانێت کە کێ بکوژى رۆژنامەنووسانى ئازادیخوازە،باش دەزانێت کە بکوژانى کاوە گەرمیانى وسۆران و سەردەشت و ویدات و عەبدول ستار ،کێن و لەلایەن کێ وە تیرۆرکراون!؟ بەلام لەبەر خاترى دوکانى لڤینەکەى، لەبەر چەورى لەوەڕەکەى قرو قەپى لێکردووە و ورتە ناکات ،خۆى کردوە بەکەڕەى شەربەت. ئێستاش کەدەزانێت بازاڕى بەرەو کزى دەروات خەریکە مایە پووچ و ریسوا دەبێت و گیرفانى بەرەو خاڵى بوون دەچێت، بێ شەرمانە بایداوەتەوە بۆلاى یەکێتى و بووە بەکۆیلەو دەربارى شاناز، سەنگەرى لەپارتى گرتووە،بۆ ئەوەى لەورێگەیەوە شەرم شکۆ و بێ نرخى یەکێتى و شاناز سپى بکاتەوە ، تاوان وتۆمەتى پێشووترى بۆ بشواتەوە. کە لێرەدا ناخوازم داکۆکى لەپارتى بکەم، چونکە ئەوەى من بناسێت ئەزانێت من و پارتى نێوانمان چۆنە؟، ئەوەش دەڵێم کەلاى من جیاوازى نێوان یەکێتى و پارتى وەک جیاوازى نێوان دووتاکى یەک جۆر پێڵاون،تەنها راست و چەپیان جیاوازە دەنا وەک تر لەهەمووشتێکدا هاوشانى یەکن.
میرەى قەڵەم فرۆش و جاشى بنەماڵە لەساڵیادى شەهید کردنى سۆرانى مامە حەمەدا زیاتر و زۆرتر خۆى سووک و هەراج دەکات بەیعەت و کۆیلەیى خۆى بۆ یەکێتى دووپات دەکاتەوە و،بۆ ئەو مەراسیمە عەمید شاناز داوەت دەکات، ئەو شانازەى کە لەگەندەڵى و دزى و پاوانخوازى وێنەى نى یە،کە جگە لەکەسە قێزەون و دۆڕاو بێزراوەکان هیچ کەسى تر خۆشى لێنایەت،ئاخر میرەى پیاوى دەزگاى زانیارى و سیخوڕى لاهور، بۆ نازانیت کە شاناز لەباڵى دەست رۆیشتووى دەسەڵاتەو هێروى خوشکى و خوشکەزاو زاواکانى میللەتیان بەچ دەردى سەرىیەک بردووە؟ ئیدى حاڵى نابم ئەو پیاوە بەچ روویەکەوە رووى هاتووە ،لەبۆنەیەکى وادا بەو دەموچاوە ناشیرین وتاوانکارە برینى دەیان رۆژنامەنووسى شەهید وتیرۆرکراو دەکولێنێتەوە؟ بۆمەگەر هەر شاناز نەبوو سکاڵاى لەسەر ئێن ئارتى تۆمارکرد لەسەر ئەوەى دەیان گەندەڵی خۆى و مێردەکەیان خستە روو؟ ئەى بۆمەگەر میرە نازانێت کە بکوژانى کاوە گەرمیانى و بەکر عەلى لە باڵادەستانى یەکێتى و کەسە نزیکەکانى شانازن؟!ئەى بۆ ئەو کاتەو ئێستاش نەیوێرا ورتەیەک بکات و زارهەڵبێنێت؟بۆ داواى سزادانى تاوانبارانى نەکرد؟ بۆزانیاریشتان بکوژەکەى کاوە گەرمیانى کە چەتەو پیاوکوژى خولە سەنگاوى یە، ئێستا لەزیندانى سلێمانى یە و لەخۆشترین ژیان و گوزەراندایە،لەناوسجنیشدا بەئەندازەى خولە سەنگاوى دەستى ئەڕوات.لەوێوە خەریکى پەیداکردنى پیاو کوژ و تاوانبارە بۆ ناو پێرەکەى خولە سەنگاوى.
بەراستى من وەک خۆم لەبرى ئاغاى میرە لەبەرامبەر بێ حورمەتکردن و چروک کردنى دەنگى هەق و میدیاى ئازاد و خوێنى شەهیدانى قەڵەم. هەست بە شەرم و خەجاڵەتى وسوکایەتى ئەکەم....روو رەشى وخەجاڵەتى گەر رۆژنامەگەریى و ئازادى رادەبڕین بەو شێوەیە بێت،تف و نەفرەت لە خامەو بیرى ئازادو دەنگى راستى، کە وەک ئەوەى میرە بێت.بەراستى رووى شانازى بلەى ئەحە رەشتان سپیکردەوە. بەو کارەتان ئەو چەقەڵەتان لێکردین بەوەلى و ئەسحابە. یەکێتیشتان وەک ئاوى شەو پاک و خاوێن کردەوە.
بەبڕواى هەمووان رۆژنامەى ئەهلى وبێ لایەن لەم هەرێمەدا، چەشنى سەرابە و، تەنها هەر کەسە گەمژەو نەفام کۆیلەکان پێى خەنین و، خۆیانى پێ مەست دەکەن.لەسەر ئەو هەڵوێست و کارە قێزەونەى میرەى شکست خوارد و دۆڕاو ،گەیشتومەتە ئەو باوەڕە و، لام ئاساییە کە سبەى رۆژ لەساڵیادى شەهید کردنى کاوە گەرمیانیدا، جەمال مۆرتکەى پیاو کوژ و،تاوانبارى 16ى گوڵان کە تەواوى رۆژنامەنوسانى رۆژنامەى وڵاتى سەربە پەکەکە و دەیان کەسى دیکەى لەهەولێر شەهید کرد. بێتە گەرمیان و باسى میدیاى ئازاد بۆخەڵک بکات و ،خەڵاتى ئازادى رۆژنامە نووسى دابەش بکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست