کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەکێتى بەرەو کوێ؟

Wednesday, 12/07/2017, 1:12


بڕواناکەم سەرانى یەکێتى خۆشیان سەر لەسیاسەتى چەند فاقى خۆیان دەربکەن، بۆخۆشیان نازانن زۆرینەى و بڕیارى یەکلا کەرەوە لاى کامیانە، هەر کەسەوە بۆخۆى کوێخایەکە و بڕیار دەدات(بەڵام کوێخاى نەفام و نەزان هیچ لەبارانەبوو)تۆ سەیرکە چۆن بۆتە مەخسەرە و قەشمەرى ، بۆخۆشى نازانێت بەکام ئاراستەیە سیاسەت بکات و کام رێگە بگرێتە بەر. لەلایەک ماستاو و کاسەلێسى بۆ مەسعود وپارتى ئەکات، ئەبێتە پشت و پەناى حکومەتە ماوە بەسەرچوو شکست خوادووەکەى .کەچى لەولاوە میدیا و راگەیاندنەکانى تانە و تەشەر و رەخنەو قسەى لابەلا بەپارتى ئەڵێن. لەسەرێک ئەنجومەنە بێ سەروبەرەکەى کۆدەبێتەوە بڕیار دەدات کە تا پەرلەمان کارا نەکرێتەوە، دەنگ بەریفراندۆم نادەن و پشتگیرى ناکەن،  لەسەرێک پیاوە قژ بۆیاغکراوەکانیان ئەڵێن  هیچ کەسێک بۆى نى یە بەشدارى کۆبونەوەى ریفراندۆم بکات،ئەوەى بەشدارە نوێنەرى خۆیەتى،کەچى لەولاوە نەجمەدین و قوباد زۆر چاو قایمانە بەبێ ئەوەى حساب بۆ سەروو خۆیان بکەن، ئەچنە کۆبونەوە و بڕیاردەدەن ،کەچى یەکێتى بێ چارەو دەستەوە ستانە، باشە گەر یەکێتى راست دەکات و ئەوە نیەت و مەبەستێتى،ئەى بۆچى لێپرسینەوە لەو دوو ئەندامەى ناکات، خۆ هەردووکیان  لەباڵى تاڵەبانین و ئەوان حەى عەلەل سەڵات لەدژى ریفراندۆم سەنگەریان گرتووە. دەى با یەکێتى هەڵوێستى خۆى بنوێێنت و ئەو دوو ئەندامە تەجمید بکات، نەجمەدین کەریم بەوەشەوە نەوەستاوەکە دوژمنى سەرسەخت و نەیارى رق ئەستورى بنەماڵەى بارزانى یە کەچى بۆتە ئەندامى شاندى ریفراندۆم شان بەشانى مەسعود بەرێکەوتوە بۆ ئەوروپا، باشە سەرانى یەکێتى ئەمە چ سیاسەت و چەواشە کاریەکە؟
لەسەرەوە لەگەڵ گۆڕاندا رێکە و باسى رێکەوتنى دەباشان ئەکات و بۆ کۆچى نەوشیروان فرمێسکى تیمساحى ئەڕێژێت و، بەروکەش وا خۆى دەر ئەخات کە ئیدى گۆڕان و یەکێتى موو بەنێوانیا ناچێت، کەچى لەژێرەوە ئەندامانى مەکتەبە سیاسیە ساختەکانى وەک شێخ جافر و کۆسرەت وکێ و کێ پێچەوانەى ئەوە قسە دەکەن و لێدوان دەدەن بەشان و باڵى پارتى و مەسعودا هەڵدەدەن. بەم رەفتارە سەریان لەخۆشیان و لەحیزبەکەشیان  لەپارتی و لە ئاغاکانیشیان شێواندوە، تەنانەت وڵاتانیش سەریان لەم پاشا گەردانى و فرە کەر بازاڕییەى ناو یەکێتى  شێواوە، نازانن شایەتومان بەکامیان بێنن، ئەوەتا چەورە و چەتەو کۆنە پیاوکوژێکى وەک عەتا سەراوى هەر دوو پێکى خواردەوە ئیدى مەست ئەبێت و خۆى لێ ئەبێت بەئەکبەر سیاسى وبەکەیفى خۆى ئەڕشێتەوە ،لەولاشەوە خولە سەنگاویش بەمیزاجى  خۆى ،کێ زیاتر گیرفانى پڕتربکات،کام تەکەتول بەڵێنى زیاترى بداتێ لەبەرژەوەندى ئەو قسە دەکات، ئەوە کۆسرەت هەرمەپرسە،وەک باس دەکەن ئەمجارەش  بەدانانى کچەکەى بە جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى  دەم کوتیان کرد و مارەیان کردووە،بۆیە وەک تێبینیتان کردووە ئێستا لەکایەى سیاسى و پرسە هەنوکەیەکانى ناو یەکێتى و ریفراندۆم قڕو قەپى پێکراوە، هەرچى شێخ جافر و عیماد و ئەرسەلانە،ئەوە دەمێکە  بەیعەتیان بەمەسعود داوە بوونە ئەندامى ئیحتیاتى مەکتەب سیاسیان.خۆ بەرهەم ساڵحیش ئەوا هەر مەپرسە، ترسنۆک تەسلیمکارێکە بۆخۆى،ناوێرێ زار هەڵبێنێت.
 هەر ئەو بێ سەروبەرى و کەربازاڕییەى یەکێتى وڵاتى ئێرانى ناچار کرد، کە یەکێتى بۆ پرسى ریفراندۆم کێشەکانى باشوور خۆى یەکلا بکاتەوە ، بڕیارى کۆتایى بدات، چیدى ئەوەى لێ قبوڵ ناکرێت بەکەیفى خۆى بەپێى بەرژەوەندى و سیاسەتى رۆژ  درێژە بە چەواشە کارى بدات، هەربۆیەش بەو نەخۆشیەو ناتەواوییەى تاڵەبانى داواى لێکرا کە بەزووترین کات  سەردانى ئێران بکات، تا بۆ ئەو مەبەستە تەمبێى بکەن و، پێى رابگەیەنن کە نزیک کەوتنەوە خۆ لەقەرەدانى پرسى ریفراندۆم شتێکى قبوڵ نەکراو و ئەستەمە،بەتایبەت بۆ یەکێتى کە پیاو و غولامى لەمێژینەى ئێرانە ، ئێرانیش زۆر لێزانانە ئەو بیرۆکەیەى بەمێشکدا هاتوو،کە گەرچى تاڵەبانى لەپەیکەرێک وجەنازەیەکى زیندو هیچى تر نى یە،بەڵام دیسان ئەوەى مەبەستە کە گەر بە ئاماژەو سەرلەقاندن و دەست راوەشاندیش بێت، ئەو بڕیارە بدات و دژایەتى خۆى و حزبەکەى بۆ ریفراندۆم پرسى سەربەخۆیى رابگەیەنێت، چونکە تا ئەمڕۆش راستە یەکێتى بێ خاوەن و گەورەیە ، بەڵام بۆ پرسێکى وا ناچارن دان بە دەسەڵات و  پێگەى تاڵەبانیدا بنێن.بەدڵنیاییەوە ئەم سیاسەتە چەند فاقى و بێ سەروبەرییەى یەکێتى سەرى خۆى دەخوات و،زیاتر دەیپوکێنێتەوە کەسەرەنجام نفوس و لایەنگرى وەک هەڵمى دەریایان لێدێت ،من مژدەى ئەوە دەدەم بە یەکێتى و هەوادارانى،ئەگەر هەڵبژاردنى پێشوو دەدوانزە کورسى یان هێناوە ئەمجارە دڵنیام  نیوەى ئەوەش ناهێنن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە