چی بکەین بۆداهاتوو؟
Wednesday, 05/07/2017, 22:00
ماوەیەکە ماڵپەڕە بەرێزەکەى کوردستانپۆست لە تایتڵى سەرەوەدا ئەم دروشمەى بەرزکردۆتەوە
با تەنیا رەخنە نەگرین و قسە نەکەین خیانەتەکانیان، روماڵە و دزیەکانیان باس نەکەین ،
بیر لە رێگا چارەیەک بکەینەوە کە چۆن لەدەست ئەم دز و تاوانبارانە رزگارمان بێت
-------------------------------
پتر لەچارەکە سەدەیەکە هەردەنووسین، و رەخنە دەگرین و کەم وکوڕى و دزى و تاوان و ناپاکى سەرانى دەسەڵات ئاشکرا دەکەین،ئەوەى توانیومانە وتومانە، ئەوەى نهێنى شاراوە و نەزانراوە بەیانمان کردووە، پێم وابێت شتێک نەماوەتەوە لاى خەڵک و خوێنەر نهێنى و شاراوە بێت. جوداى ئەوەش ئەوەى بۆ تەنها مانگێک لە باشوور ژیابێت و سیستەمى دەسەڵات و فەرمانڕەوایى ئەو مافیا وچەتانەى بینیبێت ،ئەگاتە ئەو باوەڕەى کە ئەوەى وتراوە وباسکراوە تنۆکێکە لەزەریاى زوڵم وستەم وناهەقى ئەوان،. بەڵام باخۆمان هەڵ نەخەڵەتێنین،رق و قین و توڕەییمان لەچەند نوسینێک و شیعر و رەخنەیەکدا چڕ نەکەینەوە،بەوە سوکنایى بەدڵى خۆمان بدەین و خۆمان خاڵى بکەینەوە.با چیتر بەو شتە لاوەکییە کە لاى من (ئەزعەفول ئیمانە) خۆمان سەرقاڵ نەکەین ولە ئامانج و مەبەستى سەرەکى دورنەکەوینەوە.ئەگەر تادوێنى ئەو نووسین و نهێنى وزانیارى و بەڵگانە شتێکى باش و گرنگ بوو، ئەوا ئیمڕۆ هەر تاکێکى ئەم وڵاتە ئەگریت،زۆر لەوە زیاترى لایەو پەى بەهەموو شتێک دەبات،کورد واتەنى (کاغەزى سپى دەخوێنێتەوە)
دەبا ئیدى ئەو کارە وەلا بنێین و بیر لە کرۆکى مەبەست و ئامانجى سەرەکى بکەینەوە.لەخۆمان بپرسین کارو ئەرکى پاش رەخنەو دەرخستنى بەڵگەکان چى یە؟چى بکەین و چ رێگایەک بگرینە بەر؟چۆن وبەچ شێوازێک بتوانین کۆتایى بەناهەقى وزوڵمى ئەو دەسەڵاتە بێنین؟!ئەوە پرسە هەنووکەیى و بابەتە هەستیار و چارەنووسازەکەیە،گەر نا هەر قەوانە کۆنەکە لێ بدەینەوە بڵین فڵان بەرپرس لەو دزییە تێوە گلاوە، فیسار پاشەڵپیس تا سەرئێسقان خیانەتکارە، ئەوانە وتروان باسکروان و مەلەفى هەموویان خراونەتە روو،وادەو کاتیان تێپەڕى و بەسەرچوو.
ئەوەى کەپێویستە بۆ ئیمڕۆ بیکەین و قوڵى لێهەڵماڵین،بۆ ئەوەى دووبارە و چەند بارە دەستمان نەکەنەوە بەزاخا و،رێگرى لەتاوان و کارە ناشایستەکانیان بکەین.ئەوەیە کەچۆن بتوانین و رێگرى بکەین لەوەى کە هەمان نەهامەتى و هەمان مێژووى تاڵ و تاریکمان بەسەردا چەند بارە نەکەنەوە. ئەبێت چ رێگاو دەرچەیەک بگرینە بەر،بۆقووتار بوون لەم سەرگەردانى و نا عەدالەتیە؟!
بە بڕوا و بۆچوونى من لەمەولا ئەرک و رۆڵى کوردستان پۆست چەندین جار قورس و زەحمەت دەبێت، لەبەر ئەوەى ئەو ماڵپەرە ئازیزە سەرمەشق و پێشڕەوى دەنگى بوێر و دەرخەرى راستیەکان بووە،بۆ ئێستا و ئایندەش شوێن و مەکۆى قەڵەمە ئازاد و سەربەرزەکانە،هەمیشە وبەردەوام لەدژى تەواوى گەندەڵکاران سەنگەرى گرتووە،بۆتە ماڵ و لانەى هەموو هەق بێژەکان.ئەوەى توانیویەتى و کردویەتى لەخستنە رووى راستیەکان درێغى نەکردووە، بۆیە دەبێت ئەوەى کە پێشتر کردوویەتى بیخاتە بوارى پراکتیکیەوە،من واى بەباش دەزانم کەلەگەڵ نووسەران و دۆستان و کەسانى دڵسۆز راوێژ بکات و بیر ورا ئاڵوگۆڕ بکات،خۆى بۆهەنگاوى ئایندە ئامادە بکات، پاشان گەر بۆیکرا و رەخسا کۆنگرە یان کۆنفرانسێک سازبکات،بەوردى و چڕى ئەو باسە تاوتوێ بکات،پاشان لەسەر دەرئەنجامى ئەو جڤینە بڕیارو راسپاردە بدات،کە ئایا رەوشەکە پێویستى بەخەباتى سیاسى یە یان چەکدارى یان هەر کارێکى دیکە کە جێگە بگرێت،چۆن بتوانین خەڵک ساز وئامادە ى ئەو کارە بکەین و چۆن و لەکوێوە دەست پێبکەین؟ بۆ ئەوەش ئەو کارە هەرچى زووتر بکرێت باشترە، چونکە رق و توەڕیى میللەت گەیشتۆتە ترۆپک، خەڵک بەگشتى لە دەسەڵات ناڕازییە، بەڵام کاتێک دەبینێت بێ پشت و پەناو تاک باڵە و، نەیار و ئۆپۆزسێۆن یش لەقسە ودروشمى قەبە زیاتر چیان لەهەگبەدا نى یە.بێ چارە و دەستەوە ستان ماوە. میللەت چاوەڕێى رێکخراو یان پارت یان بزاڤێک ئەکات کە رێنوێنیان بکات ورێکیان بخات و بۆیان ببێت بەپشت و پەنا و هەرکا هەستیان کرد کە هێزێکى تۆکمە و خاوەن ئیرادە و چەکدار لەپشتیانە. ئومێدى سەرکەوتن زیاتر مسۆگەر ئەکات و زۆتر ترس ئەخاتە دڵى دەسەڵاتەوە و ملى پێ کەچ دەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست