کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیدارى تەمەن یان سپیکردنەوەى پەرێز؟

Sunday, 07/05/2017, 20:30


بەندە ئەو کتێبەم نەخوێندۆتەوە بەنیازیش نیم بیخوێنمەوە و، لەسەر هیچ بەسەرهات و روداوێکى شتێک بڵێم،یان رەخنە بگرم. بەڵکو ئەوەى کەزیاتر مەبەستمەو ئەمەوێت بهێنمە زمان.ئەو دوو کەسەیە بوونەتە بەرهەم هێنەرو کاراکتەرى ئەو کتێبە، ئەوانیش  تاڵەبانى بەحساب خاوەنى ئەو کتێبەو هەروەها سەڵاح رەشید رێکخەرى ئەو دیدار وگفتو گۆیانەیە.
    سەرەتا پێم خۆشە ئەوەبڵێم، لەوەتەى چاومان کردۆتەوە ،راست و چەپى خۆمانمان ناسیوە، هەر بینیومانە تاڵەبانى و ئەو پێرە بەناو سیاسیە ى ئێستا ناویان دێت ،خۆیان  سەپاندوە بەسەر شۆڕش و کورد و خەباتەکەیدا. ئەوانیش خوا هەڵناگرێت هەتا ناپاکى و خیانەت و جاشایەتى وزوڵم زۆر و چەوساندنەوەى میللەت وەستابێت، بیریان لەهیچ شتێکى دیکە نەکردۆتەوە. بۆیە پێم سەیرە پاش ئەو مێژووە ناشیرین و پڕتاوان و تەمو مژاوییە ،تاڵەبانى لەرووى دێت ژیاننامەو بیرەوەرى خۆى بنووسێتەوە و، بیەوێت بەم کۆتایى تەمەنەى رابردوى خۆى بەجوان و گەشاوەى نیشان بدات و پەرێزى خۆى پاک بکاتەوە .لەتەواوى ئەو نیو سەدەیەى کە لەکایەى سیاسیدا بووە خۆى وەک فریشتەو پەپوولە و بەخشندە بناسێنێت و لەتەواوى ئەو تاوان خراپەکاریانەدا خۆى بدزێتەوە و نەکەوێتە بەر بەرپرسیاریەتى مێژوویى.
من تێناگەم تاڵەبانى بە چ روویەکى قایمەوە لەروى دێت و زاتى ئەوە دەکات خۆى لەبابەتێکى وا هەستیار و پڕلە کێشمەو جەنجاڵى بدات،!! کە تەواوى نەهامەتى و ماڵوێرانى یەکانى کورد و، مانەوەى کورد بەو رەوش و دۆخەى ئێستاى لە ئەستۆى ئەودایە.گەر سەرنج بدەن و تۆزێک بە مێژوودا شۆڕ بینەوە، ئەبینین کە تاڵەبانى بەدرێژایى ئەو ماوەیەى خۆى لە سیاسەت گلاندوە ،نوشست بەدواى نوشست ،تاوان لەدواى تاوان، نەهامەتى لەپاش نەهامەتى بۆ کردوینەتە دیاریى.ئەوەندەى ئەو زیانى لەکورد و شۆڕشەکەى داوە، ئەوەندەى بەدەستى ئەو و چەکدارەکانى خوێنى کورد رژاوە، هیچ کام لەدوژمنان ئەوەیان نەکردوە. تۆ تەماشا چوونە باوەشى رژێمى ئەوسەردەمەو جاشایەتى( 1966).دواتر لەسەرەتاى دروستبونى یەکێتى (کارەساتى هەکارى)خوڵقاند کەبەهۆیەوە سەدان پێشمەرگە و کەسایەتى تیا چوون، کە تا نهاش چ تاڵەبانى چ نەوشیروان، یان هەر بەرپرسێکى دیکە وەڵامى ئەوەیان پێ نییە کە چۆن بەچ عەقڵێکەوە تەواوى حیزبێک بەبێ ئەزموون و نابەڵەد ، بێ چەک وپشتیوان و لۆجستیک، لەسەرما و سۆڵەى زستانێکى سەخت، بەکوێستان و شاخەکاندا، بتەوێت سنورى چەندین وڵات ببڕێت،بچێتە ناو ناوچەیەکە کە هیچ شارەزاییت نەبێت،هەروەها دوژمنى سەرسەخت و تینوو بەخوێنى حزبەکەى لەو ناوچەیە باڵادەستن خۆیان بۆ لەبۆسەدا نابێت، ئەمە چى یە گوایە بۆ هێنانى چەکە لەسوریاوە،کە ئەم درۆیە هیچ لۆژیکێک قبوڵى ناکات.
  پاشان کەیەکێتى ئاهى بەبەردا هاتەوە، تۆزێک سەرپێکەوت،جارێکى دیکە کەوتە گیانى حزبەکانى دیکەو، چەندین قەسابخانەو کوشتارى لێکردن، کوشتنى دەیان پێشمەرگە  وکادیرى حزبى سۆسیالیست، و بەکوشتدانى چەندین بلیمەتى وەک(جەمالى عەلى باپیر و سەڵاحى موهەندیس،دڵشاد باقى بەنگینەو .. سەدانى دیکە)پاشان شەڕى لەناوبردنى لەشکرى ئیسلامى کوردستان(لاک)دواتر تەشەنەکردنى ئەو شەڕ وکوشتارە بۆ کارەساتى قڕناقەو پشت ئاشان، پاشان تەسلیم بونەوە بەرژێم و رێکەوتنى ساڵى (1984) ،کە هەر لەونێوەندەشدا دەیان کەسایەتى وەک مامە ریشە و مولازم سەید کەریم وچەندانى دیکە  لەسایەى ئەو بەناو گفتوگۆیەا(مفاوەزات)ە دا بەهۆى هەڵەو خۆش باوەڕى تاڵەبانى یەوە لەنێو چوون.
لە وەش زیاتر چونە پاڵ ئێران و بوونى یەکێتى بە بەشێک لەسوپاى پاسداران ، خۆشباوەڕیى ومتمانەیى تاڵەبانى بە ئێران و هاوکاریکردنى سوپاى پاسداران بۆ هاتنە ناو قوڵایى خاکى عێراق و، لێدانى بیرە نەوتەکانى کەرکوک، باشترین بەهانەبوون بۆ رژێمى سەدام کە دەستى واڵا بێت و کوردیش لەدوژمن خراپتر تەماشا بکات. کیمیا باران کردنى هەڵەبجە و سێوسێنان و بالیسان  زادەى ئەو دەست تێکەڵیەى تاڵەبانى و یەکێتى بوو لەگەڵ ئێران، کە ئەو کارەساتە تاڵ و ناخۆشەى بەسەر هات. دواتریش ئەنفال و سوتاندنى گوندەکان، کە ئەوانیش هەر لەسایەى هەڵەى سیاسى و کەمتەرخەمى وهەرزە بیرى تاڵەبانیەوە بوون.شەڕى ناوخۆى پاش راپەرین  لەدژى پارتى و بزوتنەوەى ئیسلامى وحزبى  شیوعى و کوشتنى کۆمۆنیستەکان و هێنانى سوپاى ئێران بۆ لێدانى بارەگاکانى حزبى دیموکرات  لە کۆیە، هەر زادەى بیرى شەرانگێزیەکەى تاڵەبانین.ئەمانەو زۆر شتى دیکەش کەرەنگە من زۆر  زانیاریم لەسەرى نەبێت ، یان دیزە بەدەرخۆنە کرابن،پوختەى ژیاننامەوە و ئاکارەکانى تاڵەبانین. ئایا کەس هەیە شانازى بە کوشتن و خیانەت و ناپاکى و وڵات فرۆشیەوە بکات؟! ئایا کەس هەیە شانازى بە جینۆ سایدى میللەتەکەى خۆیەوە بکات؟
  هەرچى تایبەتیشە بەسەڵاح رەشید ئامادەکار و سازدەرى ئەو چاوپێکەوتنە، ئەوەیە کە جەنابى ساڵانێک لەمەو پێش لە یەکێتى تۆرا و چووە ناو بزوتنەوەى گۆڕان،پاشان کە ئاشى نەگەڕا بایدایەوە.ئایاکەس هەیە رقى لەنەیارەکەى بێت و بەجێیبهێڵت و سەرزەنشتى بکات،کەچى دواتر بێت بەشان و باڵیا هەڵبدات و بڵێت ئەو دیدارە بەرهەمى 15 ساڵە؟ئایا لەو 15 ساڵەدا کە سەلاح رەشید پەت پەتێنى کردوە و زوو زوو تەکەتولەکانى گۆڕیوە،هیچ کاتێک دەستکارى ئەو دیدارەى نەکردوە؟ بۆ بەرژەوەندى خۆى یان دۆستەکانى کەم و زیادى نەکردوە؟ بەڵگە چى یە خۆ ئەوە تاڵەبانى لەپەل و پۆ کەوتوە ناتوانێت ئەلفێک بڵێت؟
شتێکى زۆر سەیر،کە هەمووان دەخاتە گومانەوە.ئەوەیە کە هەرکاتێک نووسەرێک شتێکى لەو چەشنە بڵاو دەکاتەوە ئەبێت وپێویستە کە تۆمارى دەنگیشى هەبێت، بۆ ئەوەی زیاتر ببێتە جێگەى متمانەى خەڵک،بەتایبەت ئەگەر کەسەکە نەمابێت یان تووشى بارێکى هاو شێوەى تاڵەیانى هاتبێت. کەچى ئەو شتە بوونى نى یە.بێجگە لەوەش هەموو دەزانین کە ئێستا تاڵەبانى لەگۆ کەوتوە ئومێدى چاکبونەوەشى زۆر ئەستەمە، بۆیە سەڵاح رەشید ئەوەى قۆستۆتەوە و کردویەتى بەچەکێک بۆ دژایەتى نەیاران و تەکەتولەکانىدژ بەرى لەژێر سایەى ئەو کتێبەدا،باشە ئەوا لێرەو لەوێ دەبیستین کە ناڕەزایى و وەڵام لەدژى ئەو کتێبە بڵاو بۆتەوە، زیاتریش بڵاودەبێتەوە، ئەى کێ ئەتوانێت وەڵام بداتەوە،؟؟تاڵەبانى ئەوە لێبۆتەوە و ئاگاى لەهیچ نەماوە ،بڕواناکەم ئاگادارى ئەوەش بێت یان شعورى پێبشکێت کە ئەو کتێبە لەبازاڕایە، خۆ ناکرێت ونابێت  سەڵاح رەشیدیش لەبرى ئەو وەڵام بداتەوە،گەر زۆریش ناچاربوو دەڵێت من وتە وقسەى ئەوم گواستۆتەوە بڕۆن یەخەى ئەو بگرن. 
کرۆکى پرسیارەکەى من ئەوەیە باشە بۆچى و لەبەرچى لەم کات و ساتەدا ئەو کتێبە بڵاوکرایەوە وەک سەڵاح دەڵێت  بەرهەمى پانزە ساڵە،بۆ پێش نەخۆش کەوتنى تاڵەبانى نەیخستە بازارٍەوە: تاڵەبانیش پێشەکى و سەرنجى خۆى بنووسیایە؟هەروەها ماناى چى یە و چى دەگەیەنێت لەکاتى  راگەیاندن و بڵاوکردنەوە و خستنە بازاڕى ئەو کتێبە ،کە رەنگبێت خەون و ئاواتى  لەمێژینەى بنەماڵە بێت، کەچى تاکە یەک ئەندامى بنەماڵەى تاڵەبانى ئامادەى رێو رەسمەکە نەبوون و، تا نهاش یەک وشەش چى یە لەسەر ئەو کتێبە نەیاندرکاندوە. بەبڕواى من خستنە بازاڕى ئەم کتێبە درێژکراوەى ململانێى و شەڕى تەکەتولەکانە بۆ سوککردن وشکاندنى لایەنەکانى ترە ،کە کاراکتەرى سەرەکى ئەمجارە خودى تاڵەبانى یە، بۆیە پەنا بۆ ئەوەش براوە تا کەس نەتوانێت هیچ بڵێت،گەر وتراش و رەخنە گیرا و بەدرۆ خرایەوە،ئەوە لایەنى بەرامبەر لاشەیەکى بێ گیانە و ،ناتوانێت زار هەڵبێنێت و تەنانەت مێشێکیش لەخۆى دەرکات .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە