بەیاننامەکەى مەسعود و تیرۆرکردنى مەلا هۆشیار
Friday, 25/11/2016, 4:12
ماوەیەکە مەسعود بارزانى تووشى شڵە ژانێکى دەروونى و سیاسى بووە،بۆخۆشى نازانێت چى دەڵێت و چى دەکات، هەر قسەیەک دەیکات پاش ماوەیەک لێى پەشیمان دەبێتەوە.جارێک دەڵێت پێشمەرگە لەناوچەکانى نەینەواو دەوروبەرى پاشەکشە ناکات،،جارێکى دیکە راگەیاندنى حزبەکەى سەدو هەشتا پلە پێچەوانەى ئەو وتەیە رونکردنەوە دەدەن. بە پاساوى ئەوەى لێدوانەکەى بەهەڵە شرۆڤە و وەرگێڕدراوە. لەلایەک گاڵتە بەهێز وئیرادەى میللەت دەکات و پێێان دەڵێت هەڵپەرن چ دەکەن بکەن. لەولاشەوە ستایشى مامۆستایان دەکات و، لەرێى وەزیر و دارو دەستەکەیەوە هەوڵى چارەسەر دەدات، گەر کەسێکى شارەزا و لێکۆڵەر لەکەسایەتی و مرۆڤەکان شیکردنەوە بۆئەم بارە ناجێگیرەى مەسعود بکات،ئەوە دەخاتە روو کە ئەو پیاوە جگە لەوەى نەخۆشى دەسەڵات و کورسی چۆتە خۆێنیەوە، خەریکە بۆ مانەوەو پاراستنى دەسەڵاتى دووچارى چەندین تەنگژە و بارى خراپ وتەنانەت تێکچوونى دەرونیش دەبێتەوە.
شتێکى بەڵگەنەویستە کە پارتى و دەسەڵات دوانەیەکى لێک دانەبڕاون،مەسعود و بنەماڵەش هەموو کارێکى قێزەون و نامرۆڤانە ئەنجام ئەدەن بۆ مانەوەیان لەدەسەڵات، بەڵام ئەوەى کە لەمرۆژانەدا گوێمان لێبوو شتێکى سەیر و عەنتیکەیە،کەسێک کە دەیان شەڕى براکوژى و، ناپاکى وخیانەت بکات بۆ پاراستنى دەسەڵات،کەسێک نزیکترین کەس براى خۆى(ئیدریس) لەناو بەرێت بۆ ئەوەى خۆى بچێتە سەر عەرشى دەسەڵات، کەچى ئێستا داوا لەخەڵک ولایەنەکان دەکات تا کاتى هەڵبژاردن سەرۆکێک دەستنیشان بکەن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە تا ئێستاش هیچ یەک لەلایەنەکان زاتى ئەوە ناکەن دەم لەپرسى وا بدەن، ئەوەشى کە مەسعود دەیکات و دەری دەبڕێت،جگە لەموزایدەیەکى سیاسى و، خۆ گەورەکردن کەسى دیکە نى یە، لەبەر ئەوەى تا نها هیچ کەسێکمان نەبینیوە ونەدیتوە کە بخوازێت خۆى بەبەدیلى ئەو پیاوە بزانێت و، جورئەتى ئەوە بکات بڵێت پاش نەمان و تەواوبوونى رۆلى مەسعود من ئەچمە شوێنى.
ئەوەى تۆزێک شارەزاى سیاسەتى پارتى و باشوور بێت ،چاک ئەزانێت کە ئەو پۆستە دوابڕیارى لێدراوە و، لەنێوان پارتى و یەکێتیدا بەشکراوە،بەغدا بۆ یەکێتى و کوردستان بۆپارتى، پارتیش مەعلومە کە جگە لەبنەماڵە کەسى دیکە بوونى نى یە. ئەوەشى بیەوێت پرس گەلێکى وەها بوروژێنێت یان خۆى لە باسێکى وەها بدات، جگە لەململانێیەکى دۆراو وملشکاندنێکى سیاسى هیچى دیکەى چنگ ناکەوێت، ئەوەى کە مەسعود دەیکات جگە لەگاڵتەو رابواردنێکى سیاسى بەکەسە لاوازز بێ دەسەڵات و دەستەمۆکانى باشوور هیچى دیکە نى یە، بەناڕاستەوخۆ دەڵێت فەرموو ئەوە گۆڕەپانم بۆچۆڵکردون،ئەوە پۆستەکەم ئەدەمەوە بەسەروچاوتانا،بەڵام ئایا کەسێک ،پیاوێک ،بوێرێکتان تیایە ،خۆى لەو مەسەلەیە بدات؟ بێگومان نەخێر، لەبەر ئەوەى ئەوکەسەى ئەچێتە ئەو شوێنە ئەبێت کەسێکى بوێر، ئازا، لیهاتوو ،گوێڕایەل بۆ دوژمنان،خاوەن داهات و سەروەت و نفوس و عەشیرەت، خاوەن پێگەو بنەماڵە و کرەوەیەک جەردە و پیاو کوژ، کەبڕواناکەم کەسێکى هاوشێوە هەبێت،گەر هەشبێت ،ناتوانێت بە دەریایەک قەیران و ژێرخانێکى داتەپاوەوە ئەو پۆستە بگرێتە دەست(ماڵى قەڵب سەرى ساحیبَى ئەگرێتەوە)
ئەوەى کە مەسعود پەیڕەوى دەکات نەرمى نواندن و خۆگونجاندنە لە گەڵ سیاسەتى پاش داعش،وەک دەبینین کە پێگەو نفوس و هێزى داعش خەریکە لەناوچەکە بەرەو نەمان دەچێت، کە داعشیش نەما ،چ بەغدا و چ وڵاتانى زالهێز وەک پێشترمەسعود ناکەنە داردەست و رۆبۆتى خۆیان،کارو فەرمانى بەرەو کۆتایى دەڕوات، گەر تادوێنى بێمنەت بوو بەخەڵک و پێ دەگوتن هەڵپەڕن ئەوا دەبێت بۆ لەمەولا سیاسەتێکى جیاوزاتر پەیڕەو بکات و، بەشێوازێکى دیکە و بەرەنگ و روخسارێکى جیاوازەوە بێتەوە مەیدان.
بەبۆچوونى من تیرۆکردنى ئەو مامۆستا ئاینیەش درێژە پێدەرى ئەو سیاسەتەیە و،مەسعود وپارتى دەخوازن لەمەولا پەیڕەوى بکەن و کورد واتەنى بەتیرێک چەندین ئەنجام بپێکن. لەلایەک هۆش بداتەوە بە ئیسلامى و نەیارەکان کە هەرچەندێک نەرمى بنوێنم، هەرچەندێک بەسەرزارەکى بڵێم لەپۆست وازدێنم،بەڵام بە روالەت و واقیع هەر خۆم فس فس پاڵەوانى گۆرەپانەکەم. لەئاشتى بێت یان شەڕ لەهەولێر یان هەر شوێنێکى دیکە بێت،ئەوەى بخوازێت ببێتە نەیارم ئەوە چارەنوسێتى، لەلایەکى دیکەش مەرام و مەبەستى تیرۆرکردنى ئەو پیاوە ئاینیە هاوشێوەى پیلان و تاوانکارییەکانى دیکە دێتە پێش چاو، کە خەڵکى بڵێن گوایە مەسعود ئاشتى خوازە وئەخوازێت دەرچە و رێگە چارەیەک بۆ کوردستان و قەیرانەکانى بدۆزێتەوە، ئەوەتا ئامادەیە واز لەکورسى و پۆست دێنێت،بەڵام نەیاران وناحەزانى ناوخۆ( کەپاشان پارتى ئەیکاتە تۆمەت ئەیبەخشێت بەسەر لایەنێکا) لێناگەڕێن، ئەوەتا هەر بۆ ئەوەى ئەو دەستپێشخەرى و هەنگاوەى مەسعود بێ کاریگەر بکەن، هەستاون بکوشتنى ئەو پیاوە ،تەنها بۆ خاترى ئەوەى ئەو کارە سەرنەگرێت،ئەگەر نا بەدیوەکەى دیکە لێکدانەوەو شرۆڤە بۆ مەسعود و تەواوى بەرپرسەکانى کوردستان و رۆژهەڵاتى ناوین بکەین و میژووش سەلماندویەتى کە هیچ کامێکیان ئامادەنین بۆ ساتێکیش دەسبەردارى پۆست و کورسیەکانیان بن،ئەوەى کەناچارى دەکات و بەبێ خواستى خۆى وایلێدەکات واز لە کورسى بێنێت یان مردنە یان کودەتایە. بەدەر لەو دووانە هەرچى دەوترێت هەرچى باسدەکرێت،بۆ خۆڵکردنە چاوى خەڵک و درێژدان ە بەمانەوەى لەپۆست و پلەدا.
-------------------------
بارزانی: شەهیدكردنی مامۆستا هوشیار شەهیدكردنی دەنگی میانڕۆیی و پێكەوەژیانە
مەسعود بارزانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان ئیدانەی روداوی تیرۆركردنی دكتۆر هوشیار ئیسماعیلی كرد.
ئاوێنە: ئەمڕۆ (چوارشەممە)، مەسعود بارزانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستاندا روداوی تیرۆركردنی دكتۆر هوشیار ئیسماعیلی ئیدانە كرد.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مەسعود بارزانی رایگەیاندوە”شەهیدكردنی مامۆستا هوشیار شەهیدكردنی دەنگی میانڕۆیی و پێكەوەژیانە”.
وێڕای دەربڕینی هاوسۆزیی خۆی، سەرەخۆشی لە ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی و خانەوادە و كەسوكاری دكتۆر هوشیار كرد.
هەروەها ئەوەیشی خستوەتەڕو كە ئەو كردە نامرۆڤانەیە دژی هەمو لایەك و “بە تایبەتی دژی خودی من ئەنجام دراوە”.
هەروەها بارزانی ئەمینداری گشتیی یەكگرتویشی لەوە ئاگادار كردەوە كە دەزگا پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردوە بە زوترین كات هۆكار و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزنەوە و ڕادەستی یاسای بكەن.
سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ هەر روداوێكی تیرۆركردندا مەسعود بارزانی داوای لە دەزگا پەیوەندیدارەكان كردوە كە “بەزوترین كات” ئەنجامدەران بدۆزرێنەوە و رادەستی یاسا بكرێن، بەڵام تاوەكو ئێستا زۆربەی ئەو روداوانەی تیرۆر كە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە هەرێم رویانداوە، ئەنجامدەرانیان نەدۆزراونەتەوەو رادەستی یاسا نەكراون.
شەوی رابردو چەند چەكدارێكی نەناسراو هێرشیان كردە سەر د.وشیار ئیسماعیل لەماڵەكەی خۆییو بەسەختی بریندارییان كردو پاش گەیاندنی بەنەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست