سلێمانى بێ ساحێبە
Tuesday, 15/11/2016, 17:07
ئەمە قسەى سورەیەکی بێشەرمی پارتى(ئارى هەرسین)ە پێشتر زۆر بەو قسەیە سەغڵەت دەبووم و کۆمەڵێک جنێوى مز و خەستى سلێمانیانەم بۆنارد، لەسەر ئەوەى کە ئەو پیاوە سوکە، بێ رێزى بە شارى سلێمانى کردووە، بەڵام پاش ئەوەى کە سەردانى شارى هەولێرم کرد و بەراوردم کرد لەگەڵ سلێمانیدا،بەحەقەت قەناعەتم بەقسەکەى ئارى کرد.لەبەر ئەوەى لە هەولێر هەمووشتێک بەسروشتى و بێ کێشەوگرفت ئەڕوات، پڕۆژەى خزمەتگوزاریى نەوەستاوە، ئاوەدان کردنەوە و جوانکردنى سیماى شار بەردەوامە. ژیان و بژێوى خەڵک زۆر ئاسایى و بێ کێشەیە، قەیران و نەبوونى مووچە بەئەندازەى تاڵەموویەک کاری نەکردۆتە سەر دانیشتوانەکەى، ئەگەر کەسێک نەشارەزا بێت هەست ئەکات لە وڵاتێکى دیکەیە. لەولاشەوە وەرە تەماشاى سلێمانى بکە، چەندین مانگە تەواوى فەرمانگەکانى ئیش و کاریان وەستاوە، خوێندن و قوتابخانە راگیراون، تاکە یەک پرۆژە چى یە کارى تیا ناکرێت. بێکارى بێ بازاڕى بێ پارەیى بێ ئاویى ،بێکارەبایى، بێ نەوت و سوتەمەنى.بۆتە بەشێک لەژیانى رۆژانەى شار، کەچى تاکە یەک کەس، یەک خەمخۆرم نابینى، لەسەر ئەو هەزاران کێشە و گرفتە بێتە وەڵام و خەمێک بخوات.
من شارچێتى ناکەم، بەڵام کە ئەو جیاوازى و ناعەدالەتیە ئەبینم وەختە شێت بم.کە ئەو سەدان بەرپرسە گرنگن و ناپیاوانە دەبینم، کە لەسایەى سلێمانىیەوە بوون بەشت، کەچى زۆر بەد نمەک و خەمساردن. ئەوەتا کۆسرەت رەسوڵ بەناخێرى گیانی دوو پۆستى باڵا و هەستیارى هەیە ،خێر و بێرى سلێمانی بەسەردا باریوە، لەسایەى سلێمانیەوە ناسراو و دەرکەوت ،لەوێوە بوو بە بەرپرسى حکومى و خۆى گرت.ئەى لەهەمبەر ئەو غەدرەى لەسلێمانى دەکرێت بۆ ورتە ناکات و چۆتەتەوە قاڵبەکەى خۆى؟
جەنابى بەرهەم ساڵح بەخێرێ جەنابی ئەمیش خۆی بە کوڕى ئەمەکدارى شار ئەزانیت،کەچى دەنگی نووساوە ،کوا کوڕى شار ئەوها ترسنۆک و بێ غیرەت بووە؟ یان تۆش شار و خۆڵەکەیت کردە ساقە سەرى کۆمپانیاى قەیوان و پرۆژە هاوبەشەکانت لەگەڵ خاوەنى چاڤى لاندو، هەزاران دۆنمەکەى مێرگەپان و کارگە و کۆمپانیا گەورەکانت لاڵى کردویت؟
هێرۆى برایم ئەحمەد ،تۆ هەموو دەمو کاتێک لەهەمووان زیاتر بۆ یاد و بۆنەکانى سلێمانى خۆت سەغڵەت دەکەیت . بەتەنگ کەلەپور و فەرهەنگى شارەوەیت، بەڵام بۆچى و لەبەر چى لەئاست ئەو هەموو بێ رێزییەى بەرامبەر بە شار دەکرێت، هەڵوێستت نى یە؟! بۆ رێگەدەدەیت شارەکەى شێخى نەمر ببێتە کەلاوە و خەڵکەکەى بەو ژیانە کولە مەرگییە بژین؟بۆ کامیان زیاتر قوربانى و تاڵاویان چێشتووە، خەڵکى ئەم شارە یان گەجەر و گوجەرى بنەماڵەى بارزانى؟یان تۆش شیرینى نەوت شەکرەى بەرژەوەندیەکانتى بەرزکردۆتەوە و قڕ و قەپت لێ کردووە؟!
نەوشیروان مستەفا کوڕەکەى سەرشەقام،کوا دەنگت ؟کوا هەڵوێستت؟ خۆتۆ کە بزوتنەوەى گۆڕانت دروستکرد،ئامانجت ئەوە بوو رێزو شکۆ بۆ شار بگێڕیتەوە.ناحەزان و دزو زاڵمانى شار سزابدەیت. کەچى لەهەمووان خراپتریت،تۆش ژێربەژێر لەگەڵ سەرمایەدار و دەوڵەمەندانى شار رێک کەوتویت شێخ رەزا وتەنى (عیلاج کراویت بەمشتى پڕلەدینار).هەرکاتێک شارەکە ئەکەوێتە تەنگژە و قەیرانەوە پێویستى بەفریاد رەسە،جەنابت بەبیانوى چارەسەر و نەخۆشییەوە ئۆغر دەکەیت بۆ ئەوروپا.گوایە نەخۆشیت و پێویستت بەچارەسەرە،ئایا نەخۆشى و ئازارى تۆ بەسوێ ترە ،یان نەخۆشى و ئازارى شارەکەت؟
عەیب و شورەییە لەپاش هەڵۆ بەگ و بێکەسى نەمر و شەهید جمال عەلى باپیر و شەهید ئارام و هەزاران بوێر و نەبەردى تر،ئەم شارە بێ خاوەن بکەوێت، کەسێک نەبێت لەهەمبەر بێ رێز و سوکایەتى و گاڵتە کردن پێى بێدەنگ بێت. ریسوا و ناپیاوێکى وەک (ئەدهەم بارزانى) لەناوشارەکەى خۆتا لەو شارەى کە بەشارى شەهیدان وپایتەختى رۆشنبیرى ناسراوە. سوکایەتى بکات ولەسەر سەرەتاترین مافى خۆمان هەڕەشەمان لێبکات و پێمان بڵێت باربکەن.
ئەى ئەگەر ئەمە بێ ساحێبى نەبێت چى یە؟پارتى نفوس و جەماوەرێکى واى لە سلێمانى نى یە، بچوکترین پۆستى حکومى بەدەستەوە نى یە، کەچى وەک ئەوەى حاکم و گەورە و بەرپرسى یەکەمى شار بێت بەکەیفى خۆى سیاسەتى برسیکردن و پەراوێز خستن دەگرێتە بەر. شارى کردووە بەکلاەوە و وێرانە و، گەڕاندویەتیەوە بۆ سى چل ساڵ لەوە پێش.بەداخەوە هەمووتان بۆ دادۆشین و رەتاندنەوە دزینى سەروەت و سامانى شار خۆتان بەخاوەنى یەکەمى دەزانن. بەڵام بۆ گەڕانەوەى شکۆ و ریز و قودسیەتى سەرجەمتان بوونەتە گەڕەى شەربەت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست