کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جووتى پێلاو لە جووتە ئیدارەکەى هەرێم بەنرخترە

Monday, 10/10/2016, 21:03


لەوەتەى چاومان کردۆتەوە و خۆمان ناسیوە، بەهۆی ئەم بەرپرس و سەرکردە و حیزبە کوردیانەی باسورەوە، بەشی کورد هەر راکردن، ئاوارە بوون،زیندان، ئەشکەنجە، سێدارە، ئەنفال ،کیمیاباران و،ماڵ وێرانى و خانە روخان بووە.    
پێش ئەوەى ناوى دایە و بابە بزانم،، زمانم بەناوى ئەمن، بەعس، پێشمەرگە، مەنعەتەجەول، بژاوە. لەبیرمە لەوساتەوە تا ئێستاکە نزیکەى نیو سەدەیە هەر بنەماڵەى تاڵەبانى و بارزانى بەناوى شۆڕش و خەبات و کوردایەتیەوە، کوێخا و دەمڕاستى کوردن، جگە لەوان رێگا نەدراوە کەسی دیکە، جگە لە خۆیان کەس بوونى هەبیت.
ئێستا لەپاش نیو سەدە ملنان بەرەو پایزى تەمەن، کاتى ئەوەیە کە بڵێم و بپرسم: باوکم لەسەر چى شەهید کرا؟خوشکەکەم بەچ تاوانێک لەزیندان دەستدرێژى کرایە سەر؟ خانوەکەمان تاکە ماڵ و لانەمان بۆچى خاپوورکرا؟ خاڵۆژنم و مناڵەکانى بەچ تۆمەتێک ئەنفال کران؟ ماڵى پورم لەسەرچى و لەبەرچى کیمیاباارن کرا؟ ئامۆزاکانم لەسەر کام تاوان لەبەردەم ماڵى خۆیان گوللەباران کران؟ براکەم بۆچى و لەسەر چى ماڵیان تاڵان کراو و، کردیان بەبارەگاى بەعسییەکان؟ بۆچى و لەبەرچى پاش چەندین ساڵ خزمەت  داکیمیان لەسەرکارەکەى دەرکرد؟هەموو ئەمانەو زۆر تاوانى تریش کە دەرهەق  بەمن و هەرتاکێکى ئەم کوردستانە کراوە لەسەر یەک شت بوە، ئەویش ئەوە بووە کە کوردبوین و ملمان بۆ دوژمن وزاڵم نەداوە و نەچوینتە ژێر رێکێفى. ناپاکى و خیانەتمان لەگەل وڵات نەکردوە، نەبوینەتە کۆیلە و ژێر دەست و سیخوڕیمان بەسەر کەسەوە نەکردوە.
ئێستاش پاش  چارەکە سەدەیەک لەرزگاربون لەدەستى رژێمى بەعس، ئەپرسم کوا بەرهەم و رەنجى خوێنى  باوکم و بنەماڵەکەم؟ کوا مافى ئەو هەموو نەهامەتى و قوڕبەسەریەى کە بەهۆى ئێوەوە بەسەرمان هات؟ ئەوەى کەپێمانکراو قبوڵمان کرد بۆخاترى کوردایەتى و سەربەخۆیى  و ئازادى وڵات بوو، لەو پێناوەدا هەموو سوکایەتى  و بى َرێزى  و تاوانێکمان قبوڵ کرد.دەمانگوت بەرى تەنگانە کورتە، سبەى رۆژ کە کورد هاتە سەردەسەڵات،بەزیادەوە مافمان بۆدەگێڕێتەوە، قەرەبووى هەموو ئەو رۆژگارە تاڵانەمان بۆدەکاتەوە.
بەڵام سەد خۆزگەم هەر یەکەم رۆژى راپەڕین، شەهیدبوومایە، سەدخۆزگە کەڕ و کوێر و لاڵ بوومایە، هەروەک جاران دیل و ژێر دەست بوینایە. ئەوەى ئێستا دەیبینم و ئەوەى ئێستا دەیبیستم ،هزر و بیر و هۆش قبوڵى ناکات و بۆى هەرس ناکرێت،  کۆمەڵێک سیاسى درۆزن و بێ ئابڕوو، باندێک دز و مافیا،کۆمەڵێک وەچەو نەوەى بەعس، لەبەرگى کوردیدا بونەتە گەورە و دەمڕاست. ئەوەى کە بەعس پێى نەنگ بوو  نەیدەکردـ ،ئەوەى کە زاڵم لاى ناخۆش بوو بەرامبەرامان بیکات،ئەوان زۆر بە شانازى و  بێ سڵەمینەوە ئەنجامى ئەدەن.
جەرگى دەیان دایکتان سووتاند، سەروەت و ماڵتان تاڵان کردین،  تەماع و دزیتان گەیشتە ئەوەى کە موچەى پیرێژنێکى بێوەژن، کەمئەندامێکى ئیفلیج ببڕن.تەماعتان کردە قووتى رۆژانەى مناڵێکى ساوا، بۆئافەرین و دەستخۆشى دوژمنان ، شەڕ و دوژمنایەتى کوردانى پارچەکانى دیکەتان کرد، شۆڕشگێرانتان تەسلیم کردوە، دەنگى ئازادى و هەق بیَژانى وەک ویدات وسەردەشتان خنکاند. بۆخاترى قووتى رۆژانە ژنانى پێشمەرگەتان ناچار بەلەش فرۆشى کرد. دەستتان خستە بینەقاقاى  میللەت و ئەو موچە کەمەى کە بەرى رەنج و ماندوبونى خۆیەتى ئەوەشتان لێدزى، کەچى  بۆ  بەزم کەیف و سەفا و فیستیفاڵى فیلم ،بۆ بەرەڵاو  بێ ئابڕوەکانى مەلا بەختیار، بۆ چەتیوە بێ ناموس و سۆزانییەکانى  ژێردەسەڵاتى پارتى هەڵبژاردنى شاجوان، پارە و داهات هەیە و بەزیادیشەوە.لەو لاشەوە دایکى شەهید ،مناڵى پێشمەرگە شەو تابەیانى  خەو بە ژمێکى چەورە وە ببینێت.
ئێمە تا دوا هەنگاو پشتیوان و پشتگیرتان بوین، بەڵام ئێوە زۆر سپڵە و ناکەس بەچە و بێ ئابڕون، هەر زۆر بەزویى ئەو رابردوەتان بیر چووە، حاشاتان لە رەنج و قوربانى و زۆرو زەحمەتى میللەت کرد، هەمووتان کردە قوربانى ڤێلا و تانەکەرە نەوت و کورسى و کۆمپانیا. ئێوەبوون واتان لێکردین کە خۆزگەم بەسەردەمى سەدام و شەقى جەلادەکان بخوازین، ئێوەن کەوامان لێدەکەن کەعەبادى و مالیکى و هەموو ئەو عەرەبانە لە ئێوە بەپیاوتر بزانین، ئێوەن ناچارمان دەکەن کە هوتاف و پشتگیرى بۆ ئەوان بکێشین، پێان بڵێن وەرن فریامان کەون، میللەتى کورد ،خەریکە بەدەستى بەرپرسە کوردەکان تیا ئەچێت ونامێنێت. ئێوە بون کە واتان لێکردین رقمان لە شەهید و پێشمەرگە و کورد  ئازادى و سەربەخۆى بێت. ئێوە بون واتان لێکردین نەفرەت لەمێژووى کورد و کەلەپور و فۆلکلۆرمان بکەین.
من وەک خۆم بەڵنێکە و داومە، کردومە بەوەسیتەیش بۆ مناڵ ودۆستەکانم، کە هەتا ماون، هەتا ئەم دز ومافیایانە لەسەر دەسەڵات بن ، دوور و نزیک توخنى سیاسەت نەکەون. هەتا مافیاکانى تاڵەبانى و بارزانى لەم وڵاتەدا بن، خێر و خۆشى و ئاسودەیى  مەحاڵە. تا ئەوانە بونیان هەبێت، سیاسەست و کوردایەتى جگە لە درۆ هیچى تر نى یە. تا ئەوان لەگۆڕەپانەکەدا بن  فەرمانڕەواى و هەرێمى سەربەخۆ، نرخى یەک دایبى پیسى مناڵى نىیە. ئەوەى وتى کوردم و بۆ کورد خەبات ئەکەم، ئەوەى  وتى داکۆکى لە کورد و دۆزەکەى ئەکەم، ئەخوازم کیانێک ،حکومەتێک ،دەوڵەتۆکەیەک بۆکورد دروست بکەم، یەک تاکە پێڵاو بخەرە ناو دەمی ئەم بەرپرس و سەرکردانەوە و بێدەگیان بکە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە