ببە بەپارتى و یاسا لەپێ بکە
Saturday, 09/07/2016, 19:43
دزى بکە، بێ نامووسى بکە، پیاو بکوژە، خیانەت بکە، هەرچى تاوانى قێزەون هەیە ئەنجامى بدە، پیاو نى یە دەستگیرت بکات، نێر نییە، بڵێت پشتى چاوت برۆیە. بەس بەو مەرجەى پارتى بیت،یان بۆنى پارتیت لێ بێت. یان ئەتوانیت دواى ئەنجامدانى تاوانەکە سەنگەر بگوێزیتەوە خۆت لەزەرد هەڵبکێشیت. هەمووان تاوانە دڕندانەکەى نَیچیر ئاراس مان لەیادە، کە چەند ساڵێک لەمەوبەر زۆر دڕندانە، هەستا بەکوشتنى باوکى و دایک ى و خوشکى. کەچى بۆخاترى ئەوەى پیاو کوژى پارتى بوو، بەڵیبووردنى تایبەتى مەسعود ئازاد کرا. ئەو پاراستنەشى کە چەند مانگێک لەمەوبەر بەبەر چاوى خەڵکەوە تەنها لەسەر فول لایتێک گەنجێکى بێ تاوانى کوشت، لەبەر ئەوەى سەر بەپاراستنەو خزمى بەرپرسێکى پارتى یە، تائێستا نەگیراوە ،دڵنیاشم هەرگیز ناگیرێت.ئەو گروپەشى کە کچە پارێزەرەکەیان کوشت و وتویان بە هۆى سوتانى ئوتومبێلەکەیەوە بووە، ئەوانیش هەر مافیاکانى پاراستن بوون، یەکسەر دیزە بەدرەخۆنەى پێکرا، کەسو کاریش قڕو قەپیان لێکرد. بەرلەجەژنیش مەسعودى سەرۆکى ئێکسپایەر، بەمیزاجى تایبەتى خۆى لێبوردنێکى تایبەتى بۆ 67 کەس دەرکرد، بەڵاَم نەک بۆخەڵکى هەژار و تاوان بارى بچووک و بێ پشت و پەنا، بەڵکو بۆکۆمەڵێک هەوادارو لایەنگرى خۆى، بەنموونەى ئەوانەى هەر بۆخۆشى پاسەوانەکەى بەردەم مەڵبەندى کۆمەڵى ئیسلامیان کوشت، کە سەر بەپارتی بوون و شایەتومانیان بەدینى ئەوان هێناوە. یان کەسانێکن عەشیرەت و بنەماڵەیان گفتى ئەویان بەمەسعود وپارتى داوە کەبچنە ریزەکانیانەوە. ببنە پیاو وئەڵقە لە گوێیان.
دەزگا داپڵۆسێنەر و پیاو کوژەکانى پارتى، هێندە وریاو چاوکراوەن کە ئەگەر مرۆڤ بەخەیاڵیش بیر لەشتێک بکاتەوە، کە لە دژى پارتى بێت،یان شتێکى خراپ لەدژى پارتى بەمێشکیدا بێت،ئەوا زوو بەزوو هەستى پێدەکەن و، بەنوێژى نیوەڕۆ دێنەسەرى و قۆڵ بەستى دەکەن، کەچى چەندین ساڵە لەهەولێرى بەناو پایتەخت، لەو هەولێرەى کە بەدرۆى پارتى مەکۆى ئارامى وئاسایشە، سەردەشت عوسمان لەپێش چاوى خەڵک دەفڕێندرێت، بەکوژراوى دەدۆزرێتەوە، حەمە سیاسى ئەشکەنەیى، کە تا نها کەس نازانێت چارەنوسى چى لێهاتووە ماوە یان مردوە؟!کەچى پارتى و پاراستنەکەى خۆیانى لێ گێل دەکەن. بەڵام بۆهێرشێکى سەرکەناڵەکەى نێچیر، کە داکۆکى لەکۆمەڵ ناکەم ، زۆر زۆردڵنیام جگە لەخۆیان کەسى ترى لەپشتەوە نى یە.سیناریۆیەکى کۆن و سواوە، کەچى کەمتر لەرۆژێک تەواوى بکەران و ئەنجامدەرانى ئاشکرا دەکرێن و دەستگیر دەکرێن و مەلەفیان بۆدەکرێتەوە. ناچمە قوڵایى ئەو باسەوە،چونکە ئەوەى بۆ یەک رۆژ پارتى ناسیبێت ،دەزانێت کەلەتاوانبارکردنى خەڵکى و تۆمەت بەخشینەوە چەندە شارەزاو لێهاتووە. ئەوەى کە زیاتر جێگەى پرسیار و تێڕامانە، ئەوەیە کە سیناریۆکە هەموو پارتى تیایدا بەشدارن ،و هەموو لایەنەکانى پارتى بوونەتە ئاسایش و پاراستن، پارێزگار کە پیشەى ئەو نى یە، پەیامنێر کە ئەوکارە بۆ ئەو ناشێت، پێشکەشکارى بەرنامە، تەنانەت یاسا ناس و،پەرلەمانتارانى پارتى ، هەموویان بێ لایەنى و پیشەى سەرەکى خۆیان لەدەست داوە، بوونەتە پۆلیس و چەکدارى پاراستن. تەنها بۆئەوەى کۆمەڵى ئیسلامى تاوانبار بکەن و،پاشان بەیاسا و رێسایەکى پارتیانەى هاوشێوەى ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەى تورکیا ،کە مەسعود زۆر پەیڕەوى دەکات وپێى سەرسامە، حەسانە لەپەرلەمانتارانیان بسەننەوە،پاشانیش مۆڵەتى کارکردنیش لە کۆمەڵ وەربگرنەوە. لەبەرامبەر ئەوەى کە کۆمەڵ ناچێتە ژێر بارى داواکارى پارتى و، لەدژى ئەو کاردەکات.
جا بۆیەداواکارم لەسەرجەم حزبە بەناو سیاسیەکانى کوردستان، ئەوانەى کە لەبەرامبەر تاوان و قۆرخکارى و دزى و گەندەڵى پارتى بێدەنگن و، هەر ئەوانیشن بوونەتە هۆى ئەوەى کەپارتى شوڵى لێ هەڵبکێشێت و، ببێتە کوێخاو گوندە. نەکەن دژایەتى پارتى بکەن،قسەو باس لەسەر دیکتاتۆریەتى مەسعود و پاوانخوازى پارتى و دەسەڵاتى بەناو سەرۆکى هەرێم بکەن و،لەهەولێریش دابنیشن،هەروەها داواکارم لەهەریەک لە:
1- یەکێتى دزانى کوردستان
2- رێکخراوى لەشفرۆشانى بەردەم ترافیک و مەلهاى بەرپرسەکان
3- کۆمەڵەى تلیاک فرۆشان
4- سازمانى خیانەتکارانى نێو دەوڵەتى
بەرلەوەى هەرتاوانێک بکەن، یان بیر لەکارێکى نەخوازراو بکەنەوە، چاکترە و تادەرفەت ماوە، بچنە ژێر رکێفى پارتى و، بەلایەنگر یان ئەندام لە لق یان ناوچەیەک خۆتان ناونووس بکەن و، پێناسێکى ئەوان بخەنە باخەڵتانەوە، ئیدى بێ خەم بن، چى دەکەن بیکەن، کەس لێتان ناپرسێتەوە و زاتى ئەوە ناکات لێپیچینەوەتان لەگەڵدا بکات،بۆخۆتان هەزار یاسا و دادگا و دەستوربخەنە ژێر پێلاوەکانتان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست